بوونی سەقامگیرییەكی رێژەیی لەناو پرۆسەی سیاسیدا لێكتێگەیشتی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدای فراوان كردووە
July 30, 2019
راپۆرتەکان
لەماوەی 10 مانگی رابردوو گەلێك لە هێزەكانی شیعە و سوننە و بەشێك لە هێزە كوردییەكانیش هەوڵیاندا، كودەتایەكی سپی دژی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی ئەنجام بدەن، بەڵام لەبەر ئەوەی هێزە سەرەكییەكانی شیعە و كورد و سوننە، هاوهەڵوێست دژی ئەو هەوڵانە راوەستانەوە، بەرەی پۆپۆلیستی بۆ دروستكردنی ناسەقامگیری لە پرۆسەی سیاسیدا نەیانتوانی سەركەوتوو بن.
لەسەر ئاستی پرۆسەی سیاسی لە كوردستانیشدا، دیسان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار و دوای راگەیاندنی ئاكامەكانی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی 2018، بە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تا ئاستێكی باش سەقامگیری لەناو پرۆسەی سیاسیی كوردستانیشدا دروست بووە، لەمەش زیاتر ئەمە یەكەمین جارە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان راشكاوانە و بەبێ سڵەمینەوە، پرسی دانوستاندن و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدای تایبەت كردووە بە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە حزبە سیاسییەكانی وەرگرتۆتەوە. ئەم وەرچەرخانە لە شێوازی دانوستاندن و دروستكردنی لیژنە تەكنیكییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، شێوازێكی تازەی لە تێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا دروست كردووە.
دیارە بە هاوشێوەی هێزە سیاسییەكانی عێراق، لە هەرێمی كوردستانیشدا بەشێك لە هێزە سیاسییەكان خوازیاری ئەوە نەبوون كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پرۆسەیەكی سیاسیی سەقامگیر و وەك كابینەیەكی بەهێز دەست بەكار بێت، بەڵام نەفەسدرێژیی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئاستی دانوستانەكانی بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی هاوسەنگ لەگەڵ هێزە سەرەكییەكاندا، ژینگەیەكی ئەوتۆی دروست كرد كە بتوانرێت هەم سەقامگیرییەكی رێژەیی و هەمیش زەمینە بۆ دەركەوتنی كابینەی نۆیەم وەك حكومەتێكی بەهێز بێتە ئاراوە .
نەخشە رێگەیەكی دروست بۆ چارەسەركردنی كێشەكان
ئەو نەخشە رێگەیەی ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق لە هەوڵدان كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدای پێ چارەسەر بكەن، راستە دەستووری عێراق كراوەتە مەرجەع بۆ هەردوولا و بەپێی ئەو دەستوورە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان دەدەن، بەڵام فاكتەری سەرەكی بۆ قەناعەت پێهێنانی حكومەتی عێراق بۆ ئەوەی بەپێی دەستوور كێشەكان یەكلایی بكرێنەوە، ئەو لۆژیكەیە كە سەرۆك بارزانی ساڵی پار لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەكەی د.عادل عەبدولمەهدی پێداگری لەسەر كرد و، مەرجی سەرەكی و پێشوەختەی بۆ بەشداریكردنی پارتی لە حكومەتی تازەی عێراقدا گرێ دایەوە بە بەرنامەی حكومەتەكەی د.عادل عەبدولمەهدی، نەك شەڕكردن لە سەر پشك و پۆست لە بەغدا.
ئەوانەی ساڵی پار چاودێریی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی تازەكەی حكومەتی عێراقیان دەكرد، باش دەزانن ئەو حكومەتە لە چ بارودۆخێكی هەستیار و ئاڵۆز و پڕ لە كێشمەكێشی سیاسیی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەدایك بوو، پرۆسەكە لە سەرەتاوە بە ئاستێك ئاڵۆز كرابوو، كە تەنانەت لایەنە سیاسییەكانی شیعە نەیاندەتوانی كوتلەیەكی گەورە پێكبهێنن و سەرۆك وەزیرانێك كاندید بكەن، لەمەش زیاتر دواجاریش كە د.عادل عەبدولمەهدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید كرا، كاندیدی لایەنێكی سیاسی، یان كوتلەیەكی سیاسیی دیاریكراو نەبوو، بەڵكو وەك كاندیدی میانگیر و چارەسەر هەڵبژێردرا، بەڵام ئەو هێزە سەرەكییەی (هاوپەیمانی بینا) كە لە پرۆسەكەدا رۆڵی سەرەكی دەگێڕا، ئامانجی ئەوە بوو كێشەكان ئیحتوا بكات و رێگەیەك بۆ چارەسەركردنیان بدۆزێتەوە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی چارەسەركردنی كێشەكانی ناو پرۆسە سیاسییەكە و كێشەكانی حوكمڕانی لە عێراقدا، ئێستاشی لەگەڵدا بێت، كارێكی ئاسان نییە، بەڵام هەوڵەكان بۆ دروستكردنی سەقامگیرییەكی رێژەیی لەناو پرۆسە سیاسییەكە و رێگرتن لەو هەوڵانەی بەنیاز بوون پرۆسە سیاسییەكە تێك بدەن، وایكردووە حكومەتی ئێستای عێراق بە دیدێكی فراوانتر مامەڵە لەگەڵ سەرجەم كێشەكان بكات، بە كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستانیشەوە.
خاڵی دروست لە دەستپێكی كابینە تازەكەی حكومەتی عێراقدا، ئەو لێكتێگەیشتنە بوو كە لایەنە شیعەكان لەگەڵ سەرۆك بارزانی بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر دروستیان كرد. سەرۆك بارزانی كە خۆی بە شەخسی سەرپەرشتیی دانوستاندنەكانی نێوان هەولێر و بەغدای دەكرد بۆ پێكهینانی كابینەی تازەی حكومەتی عێراق، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان چووە ناو پرۆسەكە و گەلی كوردستانی لەو كێشمەكێشە رزگاركرد كە لایەنە سیاسییەكان بۆ شەڕی پلە و پۆست خۆیان بە هاوپەیمانی و ئەوی دیكەدا هەڵدەواسی، هەر بۆیەشە كاتێك ئەمریكییەكان، یان ئێرانییەكان پێشنیاری ئەوەیان دەخستە بەردەستی سەرۆك بارزانی بۆ ئەوەی پشتگیری ئەم هاوپەیمانییە، یان ئەو هاوپەیمانییەی دیكە بكات، سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە، با ئەو هاوپەیمانییەی ئێوە پێتان باشە، كوتلەی گەورەی خۆی پێكبهێنێت و حكومەت دروست بكات، ئەگەر بینیمان بەرنامەی حكومەتەكەی خزمەتی بەرژەوەندییەكانی كوردستان دەكات، ئەوا ئێمەش هاوكاری دەبین و پشتگیری لەو حكومەتە دەكەین، بەڵام ئەگەر بەرنامەكەی خزمەتی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان نەكات، ئەوا ئەو هاوپەیمانییە هەر لایەك بێت، ئەوا ئێمە بەشداری حكومەتەكەی ناكەین.
ئەم گوتارە راشكاوە نیشتمانییەی سەرۆك بارزانی بۆ هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق، ژینگەیەكی لێكتێگەیشتنی تازەی لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست كردو، بەغدا گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە هیچ رێگەیەكی لەبەردەمدا نییە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی سەقامگیر، بێجگە لە رێككەوتن لەگەڵ دیدوبۆچوونەكانی سەرۆك بارزانی، بە گەیشتن بە رێككەوتنیش لەگەڵ سەرۆك بارزانی، ئیدی حكومەتی عێراق خۆی لە كێشمەكێشی ئەو هێزە سیاسییە كوردییانە رزگاركرد كە بۆ بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی خۆیان هەوڵیان دەدا لە ژینگەی ئاڵۆزی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا مەلە بكەن.
دوای ئەم لێكتێگەیشتنە و ئیمزاكردنی رێككەوتن بۆ بەشداریی لایەنی كوردستانی لە حكومەتەكەی د.عادل عەبدولمەهدی، پەرلەمان و حكومەتی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانیی (بینا) و سەرۆكی هاوپەیمانیی (سائیرون) بە فەرمی داوایان لە سەرۆك بارزانی كرد، سەردانی بەغدا بكات، ئەمەش لە پێناوی ئەوە بوو پیشانی بدەن كە سەرۆك بارزانی پشتیوانی لەم حكومەتە تازەیەی عێراق دەكات و، هەروەها بۆ تواندنەوەی ئەو بەستەڵەكە بوو كە لە نێوان بەغدا و هەولێر دروست ببوو.
سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا، ژینگەی سیاسیی نێوان بەغدا و هەولێری بۆ ژینگەیەكی ئەرێنی وەرچەرخان و ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدای خستەوە سەر رێگە راستەكەی خۆی، بەڵام بە هۆی ئەوەی لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن ئەنجام درابوو، هەرێم سەرقاڵی پێكهێنانی كابینەیەكی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر ئەوە رێككەوتن كە دوای پێكهێنانی كابینەی تازە لە هەرێم، هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا پێكەوە دەست بە چارەسەری كێشەكان بكەن و لیژنە تایبەتەكان بۆ ئەو مەبەستە پێكبهێنن.
دیارە لە ماوەی ئەو چەند مانگەی پێش پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، هەندێك لە نوێنەرانی كورد لە بەغدا و بە هاوكاری و هەماهەنگیی هەندێك لەو پەرلەمانتارە شۆڤێنییانەی كە دەیانەوێت هەرگیز دەرگایەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و بەغدا نەكرێتەوە، زۆر هەوڵیاندا گوشار لەسەر د.عادل عەبدولمەهدی دروست بكەن، بۆ ئەوەی كێشە لە نێوان هەرێم و بەغدا دروست ببێتەوە، بەڵام بوونی ئیرادەیەكی هاوبەش بۆ رێگرتن لەو هەوڵانە بووە هۆكاری ئەوەی ئەو هەوڵانە شكست بهێنن، هەروەها نێچیرڤان بارزانی لەو ماوەیەدا جارێك وەك سەرۆك وەزیرانی كوردستان و جارێكی دیكە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردو زەمینەی ئەوەی رەخساندەوە كە لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، پرۆسەكە دەچێتە قۆناخێكی تازە و حكومەتی تازەی كوردستان ئەم دۆسێیە بەڕێوەدەبات.
لەم چوارچێوەیەدا و لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنەی بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی بۆ پێكهنانی كابینەكەی د.عادل عەبدولمەهدی ئیمزاكراوە، كابینەی نۆیەم هەر لە كۆبوونەوەی یەكەمی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتیی مسرور بارزانی بڕیاری دا پێش هەموو شتێك بە شاندێك سەردانی بەغدا بكات. شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بە سەرۆكایەتیی مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم سەردانی بەغدای كرد و لە میانەی سەردانەكەیدا زۆر راشكاوانە نییەتپاكیی حكومەتی كوردستانی بۆ هەر سێ سەرۆكایەتی (كۆمار و حكومەت و پەرلەمان) خستبووەڕوو، بەوەی حكومەتی كوردستان ئامادەیە لەبەر رۆشنایی ئەو رێككەوتنەی سەرۆك بارزانی سەرپەرشتی كردووە، دەرگا بۆ چارەسەری كۆی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای جێبەجێكردنی دەستووری عێراق بكاتەوە.