كابینەی نۆیەم و كاركردن وەك یەك تیم

كابینەی نۆیەم و كاركردن وەك یەك تیم
مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دوای سوێندخواردنی لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا، بەرنامەی كابینەكەی خوێندەوە و، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، دوای ئەوەی وەزیرەكانی ئەم كابینەیە سوێندی یاسایی دەخۆن، ئیدی وەزیری حزبەكانی خۆیان نین و وەزیری حكومەتی هەرێمی كوردستانن. جەختكردنەوەی سەرۆك وەزیران لەسەر ئەم خاڵە لەناو بەرنامەی كابینەكەیدا، مانای ئەوەیە هەرسێ لایەنی بەشدار (پارتی و یەكێتی و گۆڕان) كە سێ لایەنی سەرەكین لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە هەرسێ لایان لەناو كابینەی نۆیەمدا وەك یەك تیم پێكەوە كاربكەن و هەوڵبدەن پێكەوە بەرنامەی حكومەت جێبەجێ بكەن.
لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پەیامەكەی سەرۆك بارزانی كە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی دژی داعش لە كوردستان ئاماژەی پێكردبوو، راشكاوانە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، ئەگەر نییەتپاكی و پێكەوەكاركردن هاتەئاراوە، ئەوا كێشە ناوخۆییەكان و كێشەكانی حوكمڕانی بەو ئاستە قورس نین كە نەتوانرێت چارەسەر بكرێن، لەمەوە ئەگەر سەیری ئەو دەسپێكە بكەین كە كابینەی نۆیەم بۆ چارەسەكردنی كێشەكانی كوردستان دەستی پێكردووە، ئەوا هەر لەسەرەتاوە دەكرێت بە گەشبینییەكی زۆرەوە سەیری سەركەوتنەكانی كابینەی نۆیەم لەم قۆناخە تازەیەدا بكەین.
دیارە لای تێكڕای خەڵكی كوردستان، كێشەی گەورە و سەرەكی كە بۆتە ئاستەنگ لەناو پرۆسەی حوكمڕانی و رێگر بۆ حكومەت بۆ ئەوەی بەرنامەكانی خۆی جێبەجێ بكات، لە پێش هەموویانەوە، دیاردەی گەندەڵییە، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی هەموو هەوڵەكان هەتا ئێستا بەو ئاراستەیە بوون كە دیاردەی گەندەڵی وەك دیاردەیەكی تایبەت بە گەندەڵیی دارایی و دامەزراوەیی پێناسە بكەن، بەڵام لە بنەڕەتدا دیاردەی گەندەڵی لە كوردستاندا، پێش ئەوەی گەندەڵیی دارایی و دامەزراوەیی بێت، دیاردەی گەندەڵی سیاسییە و لە ناو ژینگەی فەوزای سیاسی و ئیرهابی فیكریدا خۆی پێناسە دەكاتەوە.
لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر چاوێك بە هۆكارەكانی لاوازیی كاری دامەزراوەیی و بەهەدەردانی سامانی نیشتمانی وەك دوو دیاردەی زەقی گەندەڵی لە كوردستاندا بخشێنینەوە، ئەوا زۆر ئاسانە كە ئەو راستییانە ئاشكرا بكەین، كە ژێرخانی لاوازیی كاری دامەزراوەیی و بەهەدەردانی سامانی نیشتمانی، رەگ و ریشەكەی پەیوەندی بەو سیستمی حزبایەتییەوە هەبووە كە هاتۆتە ناو پرۆسەی حوكمڕانی و ئاڵۆزییەكی گەورەی لەناو پرۆسەكە دروست كردووە، ئاستەنگێكی گەورەش بووە لە دروستبوونی هاوسەنگی و هەماهەنگی لەنێوان هەر چوار دەسەڵاتەكەی (سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان، حكومەت، دەسەڵاتی دادوەری) كە بتوانن پێكەوە وەك یەك تیم تەواوكاری یەكتری بن و پرۆسەی حوكمڕانی بە شێوەیەكی رێكوپێك هەڵبسووڕێنن.
كەواتە كاتێك لە دەستپێكی دەستبەكاربوونی ئەم كابینە تازەیەدا، هەست بەو هاوسەنگی و هەمانگییە لەنێوان هەر چوار دەسەڵاتە سەرەكییەكەی پرۆسەی حوكمڕانیی كوردستان دەكرێت، ئەمە مانای ئەوەیە لە پرۆسەی دووبارە رێكخستنەوەی كۆی پرۆسەی حوكمڕانیدا كە حكومەت رۆڵی جێبەجێكاری تێدا دەگێڕێت، ئاراستەیەكی جددی بۆ ریشەكێشكردنی گەندەڵی دێتەئاراوە.
ئەزموونی نەتەوەكانی جیهان بۆ ریشەكێشكردنی گەندەڵی لە یەكتری جیاوازن و هەر پرۆسەیەك خەسڵەتی نەتەوەیی خۆی هەڵدەگرێت، هەر بۆیە پرۆسەی هیچ نەتەوەیەك تەنانەت ئەگەر تا ئەوپەڕی لە وڵاتی خۆی سەركەوتوو بووبێت، ناكرێت و ناشێ ئەو پرۆسەیە بۆ نەتەوەیەكی دیكە و لە وڵاتێكی دیكە كۆپی بكرێتەوە. پسپۆڕان و ئەندامانی رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەوتی كە ساڵانە راپۆرتی خۆیان لەسەر ئاستی گەندەڵی لە كۆی وڵاتانی جیهان بڵاودەكەنەوە، لەم راپۆرتە ساڵانەیەدا، راستە ئەو سێكتەرانە زۆر بە وردی دەستنیشان دەكرێت كە لە هەر وڵاتێكدا گەندەڵی تێدایە، بەڵام كەموكورتیی راپۆرتی شەفافییەتی نێودەوڵەتی لەوەدایە كە زۆر بە وردی ئەو فاكتەرانە دەستنیشان ناكات، كە بوونەتە هۆكاری دروستبوونی گەندەڵی لە هەر سێكتەرێكی دەوڵەتدا، هەر بۆ نموونە: كاتێك زۆر بە توندی هەڵوەستە لەسەر گەندەڵیی ناو سێكتەری دەسەڵاتی دادوەری دەكات و بەشی زۆری هۆكارەكانی گەندەڵی دەگێڕێتەوە، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ نییە و سەروەریی یاسا پێشێل كراوە، لەم حاڵەتەدا راپۆرتەكان راشكاوانە ئەو فاكتەرانە دەستنیشان ناكەن كە بوونەتە هۆكاری ئەوەی دەسەڵاتی دادەوری لەو وڵاتە سەربەخۆ نییە، یان سەروەریی یاسا نەپارێزراوە.
لەسەر ئەم ئاراستەیە ئەگەر بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو فاكتەرانە بكەین كە لە وڵاتە جیاوازەكاندا بوونەتە هۆی دەركەوتنی دیاردەی گەندەڵی، ئەوا وێڕای ئەوەی شێواز و ئەو سێكتەرانەی گەندەڵییان تیادا بۆتە دیاردە جیاوازن، بەڵام خاڵێكی هاوبەش لە نێوان هەموو ئەو دەوڵەتانەدا هەیە كە فاكتەری سەرەكیی پشتی هەر دیاردەیەكی گەندەڵی، دیاردەی گەندەڵیی سیاسییە.
دەوڵەتانی رۆژئاوا بەتایبەتی (ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا) ساڵانێكی زۆر هەموو هەوڵەكانی خۆیان بۆ دووبارە بونیادنانەوەی دەوڵەت و بونیادنانی دامەزراوەی بەهێز لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو تەرخان كرد، بەڵام پاشان دەركەوت بە كۆپیكردنەوەی ئەزموونی رۆژئاوا نە دەوڵەتی بەهێز و نە دامەزراوەی بەهێز دروست نابێت، بەڵكو وەك فرانسیس فۆكۆیاما لە كتێبی (لەبەر یەكهەڵوەشانی سیاسی) ئاماژەی پێكردووەو نووسیوویەتی: (پرۆسەی پەرەپێدان لە دەوڵەتدا، هاوشێوەی پرۆسەی پەرەپێدانی شانەكانی ناو جەستەی كۆرپەلەیە، ئەوجا چۆن (كۆدی جینی) ئاراستەی شێوە و روخساری كۆرپەلە دیاری دەكات، بەهەمان شێوە كۆدی سیاسیی دەوڵەتیش ئاراستەی پەرەپێدان لە ناو دەوڵەتدا دیاری دەكات)، ئەم دەستنیشانكردنە وردە لە نێوان پەرەپێدانی دەوڵەت و پەرەپێدانی بایۆلۆژی، ئەوەمان پێ دەڵێت: كۆدی سیاسی لە ناو پرۆسەی سیاسی هێندەی (كۆدی جینی) لە پرۆسەی پەرەپێدانی بایۆلۆژی گرنگە، ئەوجا ئەگەر بۆ ئەو كۆدە سیاسییەی ناو پرۆسەی سیاسیی كوردستان بگەڕێین كە دەبێتە فاكتەرێك بۆ ئاراستەكردنی ریشەكێشكردنی گەندەڵی و بەردەوامی پرۆسەی پەرەپێدان، ئەوا بێگومان وەك سەرۆك بارزانی زۆر لۆژیكانە ئاماژەی پێ كردووە، دروستكردنی سەقامگیریی سیاسییە لەناو پرۆسەی سیاسی و یەكخستنی هەوڵەكانە بۆ نەهێشتنی فەوزای سیاسی و ئیرهابی فیكری.
سەبارەت بە نهێنیی دۆزینەوەی كۆدی سیاسی بۆ سەركەوتنی پرۆسەی حوكمڕانی، ئاشكرایە كە گەندەڵیی سیاسی لە هەموو دەوڵەتێكدا سەرچاوەی سەرەكییە بۆ ناسەقامگیریی سیاسی، لەناو ژینگەی ناسەقامگیری سیاسیشدا، توانای كاری پێكەوەی وەك یەك تیم دابەش دەبێت و دژایەتی و ئاستەنگ دروستكردن لە پرۆسەی جێبەجێكردنی بەرنامەكانی حكومەتدا بەدەر دەكەوێت، بەڵام بەپێچەوانەوە لە پرۆسەیەكی سیاسیی سەقامگیریدا، توانا جیاوازەكان لە دەوری یەك ئیرادە كۆدەبنەوە، كە ئەویش ئیرادەی حوكمڕانییە، لەم حاڵەتەدا كێشە و ئاستەنگەكان چەند زۆر و قورسیش بن، بەڵام لە بەردەم ئەو ئیرادەیە خۆی ناگرێت كە دڵسۆزی بۆ پیادەكردنی حوكمڕانییەكی باش هەموو لایەنە جیاوازەكان پێكەوە كۆدەكاتەوە.
مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەسەر بنەمای ئەو ژینگە سیاسییە تازەیەی لە كوردستان هاتۆتەئاراوە لە وتارەكەیدا كە رۆژی 18ی تەمموزی 2019 لە واشنتۆن پۆست بڵاوكراوەتەوە، زۆر بە ئومێدەوە هەنگاو هەڵگرتنەكانی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی كابینەكەی ئاماژە پێ كردووەو، پشتئەستوریی خۆی لە سەركەوتنی لە شەڕی دژی گەندەڵی راگەیاندووە، ئەم پەیامە ئەوەمان پێ دەڵێت كە سەرۆك وەزیرانی كوردستان كۆی بەرنامەی حكومەتەكەی وەك یەك پاكێج سەیردەكات و هەوڵی هەمەلایەنە دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی هەموو سێكتەرەكان پێكەوە رێكبخاتەوە، ئەم پێكەوە گرێدانەوەیە كە لە رووی تیۆرییەوە لەوانەیە هەندێك بە قورس ئاڵۆز سەیر بكرێت، بەڵام ئەگەر كابینەی حكومەت هەموو پێكەوە وەك یەك تیم بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت كاربكەن، ئەوا ئەو هەماهەنگی و هاوكارییەی لەنێوان سێكتەرە جیاوازەكان دروست دەبێت، خۆی لە خۆیدا دەبێتە فاكتەرێك بۆ سەركەوتنی كۆی بەرنامەكە وەك پاكێجێك لە هەموو بوارە جیاوازەكاندا.
Top