حوكمڕانیی باش لە قۆناخی پۆست لیبڕاڵیزمدا بەهێزكردنی كەرتی تایبەت لە چوارچێوەی سیاسەتی ئابووریی نیشتمانیدا
July 2, 2019
راپۆرتەکان
عەبدولكەریم سرووش بیرمەندی ئێرانی و جیهانی، سەبارەت بەو زمانەی سیستمی دیموكراتی لە حوكمڕانیدا قسەی پێدەكات، دەڵێت: « لەلایەن زانكۆی هارڤاردەوە بانگهێشت كرام بۆ ئەوەی چەند وانەیەك سەبارەت بە نزیكیی دیموكراتی و ئیسلام بڵێمەوە، بەڵام من پێمگوتن هەرگیز ناتوانرێت لێكنزیكبوونەوە لە نێوان دیموكراتی و ئیسلام دروست بكرێت، لەبەر ئەوەی بە زمانی دیموكراتی ماف (Right)ـە و بە زمانی ئایینیش (هەر ئاینیێك بێت) پابەندبوون (Obligation)ـە..» ئەم قسەیەی سرووش ئەوەمان پێ دەڵێت، تاك (ئەوجا ئەو كەسە هاووڵاتی بێت، یان هاووڵاتی نەبێت) لە سیستمی دیموكراتیی رۆژئاوادا هەموو مافێكی وەك (مرۆڤ) هەیە، تەنیا مافی هاووڵاتیبوون نەبێت، بۆیە هەر تاكێك (هاونیشتمانی بێت، یا بیانی) هەتا رەگەزنامەی ئەو وڵاتەی نەبێت، مافی بەشداری لە هەڵبژاردندا نابێت، ئەمەش مانای ئەوەیە مافی ئەوەی نابێت بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی دەوڵەتدا بكات، هەر بۆیەشە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا حزبە سیاسییەكان بەرنامەی خۆیان بۆ هاووڵاتیان دادەڕێژن، نەك تاك. لەمەش زیاتر ئێستا هەوڵێكی چڕ لەئارادایە بۆ ئەوەی مافی خۆپاڵاوتن لەو هاووڵاتیانەش بسەننەوە كە بە رەگەز هاووڵاتیی رەسەنی ئەو وڵاتە نین، هەتا ئەگەر ئەو هاووڵاتییە نەوەی دووەم و سێیەمی نیشتەجێی ئەو وڵاتەش بێت، بەڵام دایك و باوكی نەتەوەی ئەو وڵاتە نەبووبێت.
جیاوازیی نێوان هەردوو چەمكی (هاووڵاتی و تاك) ئەوەیە، تاك مافی هەیە، بەڵام لە بەرامبەردا ئەركی پاراستنی وڵاتی ناكەوێتە سەرشان و هەتا نەبێت بە هاووڵاتی ناتوانێت ببێتە سەرباز و بچێتە ناو سوپاوە، بەڵام هاووڵاتی لە چوارچێوەی دەوڵەتی نیشتمانی، یان نەتەوەییدا، پاراستنی نیشتمانەكەی بە ئەركی سەرشانی خۆی دەزانێت، هەتا ئەگەر دەوڵەت هەموو مافەكانیشی بۆ دابین نەكردبێت، ئامادەیە ملكەچی یاسای زۆرەملێی سەربازی بێت، كە وەك پرانسیپ بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی دانراوە، بەڵام تاك، هەتا ئەگەر هەموو مافەكانی مرۆڤیشی بۆ دەستەبەر كرابێت، ئەوا ناچار نییە ئەو ئەركە قورسە بخاتە سەرشانی خۆی و پاراستنی دەوڵەتە نەتەوەییەكەی لا مەبەست نییە، هەر بۆیەشە وەك لەم چەند ساڵەی دواییش لە وڵاتی خۆشمان بینیومانە، بەپلەی یەكەم پاراستنی كوردستان لەسەر شانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە و خەڵكانێكی زۆریش كە وەك تاك لە كوردستان بوون، لەوانەیە لەكاتی شەڕی دژی داعش و گەمارۆكانی بەغدا بۆ سەر كوردستان ئەم وڵاتەیان بەجێهێشتبێت.
ئەوجا لەبەر ئەوەی هاووڵاتی ئەركی پاراستنی دەوڵەتی نەتەوەیی و نیشتمانی بە ئەركی سەرشانی خۆی دەزانێت و ئامادەیە لە پێناوی مانەوەی شكۆی ئەو دەوەڵەتە قوربانی بە گیانی خۆی بدات و حكومەت و حوكمڕانییش هەر بەدەنگی ئەو دادەمەزرێت و دەبێت نوێنەرایەتی راستەقینەی هاووڵاتیانی بكات، ئەوا ئەم ئاراستەیە فەرزی دەكات كە دەبێت سیاسەتی حوكمڕانی (كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت)، سیاسەتێكی لۆكاڵی نەتەوەیی و نیشتمانی بێت و وەڵامدەرەوەی خواست و داواكاریی هاووڵاتیانی خۆی بێت.
گەورەترین كێشە كە ئێستا بەرگە گلۆباڵییەكەی لیبڕاڵیزم تووشی دیموكراتییەتی لیبڕاڵی كردووە، ئەوەیە كە بەها بەرزەكانی كەرتی تایبەتی لەسەر بنەمای ئابووریی نیشتمانی گۆڕیوە بۆ كەرتی تایبەت لەسەر بنەمای ئابووریی گلۆباڵی، ئەم وەرچەرخانە نەك هەر بۆتە هۆكاری ئەوەی كە سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی بەرگە نیشتمانی و نەتەوەیەكەی لێ بكرێتەوە، بەڵكو تەواوی ئەو بنەمایانەی گۆڕیوە كە كەرتی تایبەت دەكاتە بنەمای دەوڵەتی خۆشگوزەرانی (WelfareState) بۆ هاووڵاتیانی، فەلسەفەی دەوڵەتی خۆشگوزەران كە لە بنەڕەتدا بەرهەمی دەوڵەتی نەتەوەییە و لەسەر پێشنیاری (ئۆتۆن فون بسمارك) باوكی نەتەوەیی ئەڵمان هاتۆتە دامەزراندن، لەپێناوی ئەوە بووە كە هاووڵاتی هەست بە هاووڵاتیبوونی خۆی بكات و دووربكەوێتەوە لەو چەمكە گلۆباڵیەی كە ئەو كات فیكری كۆمۆنیستی بانگەشەی بۆ دەكرد و ئامانجی بوو لەژێر دروشمی (كریكارانی جیهان یەك بگرن) پێناسەی هاووڵاتیبوونی لە كرێكاران دەكردەوە و دەیكردنە تاكێك بەناوی (پرۆلیتاریا)، ئێستاش سیستمی لیبڕاڵی لە بەرگە گلۆباڵییەكەیدا تووشی هەمان نەخۆشیی كۆمۆنیستی جیهانی سەدەكانی رابردووە و ئاكامیشی وەك ئێستا سەرەتاكانی دەركەوتووە، هەر وەك یەكێتی سۆڤیەتی پێشان دەبێت و، سەرەنجام هەر دەبێت (حوكمڕانیی باش) بگەڕێتەوە بۆ چوارچێوەی دەوڵەتی نیشتمانی و نەتەوەیی.
لەم چوارچێوەیەدا حكومەت و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستانیشدا كە ئێستا بە دیفاكتۆ وەك دەوڵەتێكی بێدەنگ پێناسە دەكرێت، كەوتۆتە ژێر كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئاراستە گلۆباڵییەكەی (ئابووریی بازاڕ)، ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی كە نەتوانین ژێرخانێكی پتەو بۆ (ئابووریی بازاڕ) لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ خۆمان بونیادبنێن، هەر بۆیە وێڕای ئەوەی وەك حكومەت لەسەر ئاستی سیاسەتی ئابووری پەیڕەوی ئابووریی بازاڕ دەكەین و بوارێكی فراوان دراوەتە كەرتی تایبەت، بەڵام ئەم كەرتە تایبەتە نەیتوانیوە ئەركی سەرشانی حكومەت سووك بكات، بەڵكو لە زۆر حاڵەتدا كەرتی تایبەت ئەركی سەرشانی حكومەتی قورستر كردووە، لەم حاڵەتەشدا دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستانیش وەك تەواوی حكومەتەكانی وڵاتانی جیهان هەوڵی خۆی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی ئاستێك بۆ كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئاراستەی گلۆباڵی (ئابووڕیی بازاڕ) دابنێت و رێگە نەدات ئەو ئاراستە نەرێنییانە ژێرخانی ئابووریی نیشتمانی بپووكێنێتەوە.