ئەزموونێكی گەورەی كابینەی هەشتەم و ئەركە سەختەكەی بەردەم كابینەی نۆیەم

ئەزموونێكی گەورەی كابینەی هەشتەم و ئەركە سەختەكەی بەردەم كابینەی نۆیەم
لەناو مێژووی 27 ساڵەی حوكمڕانیی كوردستاندا ئەزموونی هەرە گەورەی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دروستبوونی ئەو قەناعەتە بوو كە چیدیكە لەناو فەوزا و پەرتەوازەیی سیاسیدا حوكمڕانی سەركەوتوو نابێت و ناتوانرێت وەڵامی خواست و داواكاریی خەڵكی كوردستان بدرێتەوە، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش پارتی دیموكراتی كوردستان داوای كرد پێش هەڵبژاردنەكانی ئایاری 2018ی پەرلەمانی عێراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام بە هۆكاری و تەكنیكی و سیاسی، ئەم هەڵبژاردنە دواكەوت بۆ 30ی ئەیلوولی 2018 و، پارتی دیموكراتی كوردستانیش بە دروشمی (بەرەو كوردستانێكی بەهێز) بەشداری كردو، لە ئاكامی ئەم هەڵبژاردنەش پارتی بووە خاوەنی 45 كورسی لە كۆی ئەو 100 كورسییەی كە هێزە سیاسییەكانی كوردستان (بێجگە لە پێكهاتەكان) ململانێیان لەسەر كردبوو.
لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر دەنگدەرانی كوردستان لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، پارتی دیموكراتی كوردستانیان خەڵات كردبێت بەوەی كوردستانی پاراست و نەیهێشت قەوارەی سیاسیی كوردستان لەبار بچێت، ئەوا لە لایەكی دیكەوە بەرپرسیاریەتییەكی گەورەیان خستۆتە سەر شانی پارتی دیموكراتی كوردستان كە دەبێت دروشمی هەڵبژاردنەكەی بكاتە واقیع و سەقامگیریی سیاسی بە پلەی یەكەم لە كوردستاندا دابین بكات و كۆتایی بە فەوزای سیاسی بهێنێت.
سەرۆك مسعود بارزانی كە وەك مەرجەعێك خۆی ئەندازیاری پاراستنی كوردستان و دابیكردنی سەقامگیریی سیاسی و ئاسایشی كوردستانە، بۆ بە پراكتیزەكردنی دروشمی (بەرەو كوردستانێكی بەهێز)، جیا لەوەی میتۆدێكی تازەی بۆ حوكمڕانی هێناوەتە ئاراوە، بەوەی دەبێت بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و نەتەوەیی كوردستان لە سەرووی هەموو ئیعتوبارێكی دیكەوە بێت، لەلایەكی دیكەشەوە لەناو ئەو تیمەی (وەك بەشی پارتی لە حوكمڕانیی كوردستاندا) حوكمڕانیی كوردستانیشیان دەكەوێتە ئەستۆ، بە جۆرێكی ئەوتۆ ئەو تیمەی رێكخستۆتەوە كە لە ئاستی بەرپرسیاریەتی ئەم قۆناخە تازەیەدا بن، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش ئەندامانی فراكسیۆنی پەرلەمانی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردراون، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش سەرلەنوێ هەیكەلی تیمی پارتی لە حوكمڕانیی كوردستاندا رێكخراوەتەوە.
لەم قۆناخە تازەیەدا هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە كوردستاندا، مانای ئەوەیە نێچیرڤان بارزانی ئەو كەسەیە كە دەتوانێت جڵەوی سەركردایەتیی حوكمڕانیی كوردستان لەم قۆناخە لەئەستۆ بگرێت و بە كردەوەش سەلماندوویەتی ئەو دەوڵەتمەدارەیە كە توانی لە دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كوردستان لە لێواری هەڵدێر دوور بخاتەوە، سەركەوتنی نێچیرڤان بارزانی لەو قۆناخە سەختە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەرنامەیەی كە توانی لە ناو فەوزا و پاشاگەردانیی سیاسیدا، جۆرێك لە سەقامگیریی سیاسی بۆ كوردستان بگێڕێتەوە. هەروەها هەڵبژاردنی مسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی كوردستان و جێبەجێكاری ئەو بەرنامە خزمەتگوزارییەی كە خەڵكی كوردستان ئومێدی لەسەر هەڵچنیوە، ئەمیشیان دەگەڕێتەوە بۆ سەركەوتنەكانی پێشتری لە پاراستنی كوردستان لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و هەروەها پاراستنی سەقامگیری و تەناهیی كوردستان لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا، كەواتە ئەم كەسایەتییە بەهێزەش توانای ئەوەی هەیە كە لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەی لە حكومەتەكەیدا جێبەجێی دەكات، جۆرێكی باش لە سەقامگیریی سیاسی دابین بكات، بۆ ئەوەی حكومەت بەرنامە سیاسییەكەی بە سەركەوتوویی جێبەجێ بكات.
مسرور بارزانی هەر لە رۆژی راسپاردنیەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەردانی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی كوردستان بۆ بەشداریكردنیان لە كابینەی داهاتوودا، سەلماندنی كە دەوڵەتمەدارێكی لێهاتوو و لێوەشاوەیە و توانای ئەوەی هەیە كە سەقامگیریی سیاسیی ناو حكومەت و ناو پرۆسەی حوكمڕانی لە كوردستاندا بپارێزێت و زەمینەیەك بێنێتە ئاراوە كە حكومەت باشتر بتوانێت بەرنامەكەی خۆی جێبەجێ بكات، ئەمە هەنگاوەشی لەو خاڵەوە دەركەوت كە رێگەی نەدا كێشمەكێشی سیاسیی نێوان حزبەكان ببنە بەشێك لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت و زۆر لێهاتووانە هەر لەسەرەتاوە پرۆسەی حوكمڕانی و كێشمەكێشی لایەنە سیاسییەكانی لە یەكتری جیاكردەوە.
هەنگاوەكانی مسرور بارزانی بەم ئاراستەیە كە لە دەستپێكی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تێبینی دەكرێت، سەرەتایەكی موژدەبەخشە بۆ سەقامگیری سیاسی و حوكمڕانی لە كوردستاندا و ئەگەر كابینەی نۆیەم لەم ئەركە سەختەیدا سەركەوتوو بێت، ئەوا لە جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەتەكەشی دەبێتە وەڵامدەرەوەی ئەو خواست و ئومێدەی كە خەڵكی كوردستان لەسەر كابینەی نۆیەم هیوایان لەسەر هەڵچنیوە.
Top