گەمەكردن بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی سەرەتایەكی خراپ بۆ رۆڵ و پێگەی كوردستان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا

گەمەكردن بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی  سەرەتایەكی خراپ بۆ رۆڵ و پێگەی كوردستان  لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا
مانگی رابردوو كتێبێكی تازەی فرانسیس فۆكۆیاما بە ناونیشانی (ناسنامە: داواكردنی كەرامەت و سیاسەتی تووڕە و بێدەنگ نەبوون - Identity: The Demand for Dignity and the Politics of Resentment) بڵاوكرایەوە، پێش یەك دوو هەفتەش ئەنجومەنی كارینجی بۆ ئاكار لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا كۆڕێكیان بۆ رێكخستبوو بۆ ئەوەی قسە لەسەر كتێبەكەی بكات، لەم كۆڕەدا فۆكۆیاما ناوەڕۆكی كتێبەكەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، بێڕێزیكردن بە كەرامەتی تاك و نەتەوە دەبێتە هۆكاری دەربڕینی تووڕەیی، ئەمەش وەك لە ناونیشانی كتێبەكەیدا رەنگی داوەتەوە، داوای تاك بۆ گێڕانەوەی كەرامەت دەبێتە هۆكاری سەرهەڵدانی سیاسەتی تووڕەبوون و دەڕبرینی ئەو تووڕەییە.

فۆكۆیاما لەگەڵ ئەوەی فاكتەری گەوهەریی بۆ نووسینی ئەم كتێبە گرێ دەداتەوە بە هەردوو رووداوی گرنگ و گەورەوە، كە یەكەمیان راپرسییەكەی بەریتانیا بوو بۆ جیابوونەوە لە یەكێتی ئەوروپا و دووەمیان سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ بوو لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی ئەمریكادا، بەڵام لە كۆڕەكەیدا ئاماژەی بەوەكرد، نەتەوە كاتێك هەست دەكات لەو دەوڵەتەی تیایدا دەژی كەرامەتی نەتەوەیی پێشێل دەكرێت، بێدەنگ نابێت و بەرەو بڕیاری چارەنووس و دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی هەنگاو هەڵدەگرێت و دەیەوێت دەوڵەتەكەی بكاتە گەرەنتی بۆ پاراستنی كەرامەتی نەتەوەیی خۆی.
سەبارەت بە پێشێلكردنی كەرامەتی (تاك)یش لە سیستمە لیبڕاڵ دیموكراتە پێگەیشتووەكانی رۆژئاواش بەتایبەتی ئەمریكا و دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا، فۆكۆیاما دیسان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێشان ئەو چوارچێوەی دەبووە گەرەنتی بۆ پاراستنی كەرامەت، بریتی بوون لە دامەزراوەكانی سیستمە لیبڕاڵ دیموكراتییەكە كە بریتین لە: (دامەزراوەی بەهێز، سەروەریی یاسا، سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، پابەندبوون بە مافەكانی مرۆڤ، دووركەوتنەوە لە رەگەزپەرستی) بەڵام لەدوای هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ و سەركەوتنی حزبە پۆپۆلیستەكان لە هەڵبژاردنەكاندا بۆتە هۆكاری ئەوەی ئەو چوارچێوەیە نەمێنێت كە پێشتر گەرەنتی بوو بۆ پاراستنی كەرامەت، ئەم دیاردەیەش بەجۆرێك بڵاوبۆتەوە كە هەموو سیستمە دیموكراتییەكانی گرتۆتەوە و تەنانەت لە هەڵبژاردنەكانی مانگی رابردووی سویدیشدا حزبی دیموكراتی سویدییەكان كە حزبێكی راستڕەوی توندڕەوە و دژی پەنابەرانە، دوو هێندەی هەڵبژاردنەكانی پێشوو دەنگی هێناوە و بۆتە حزبی سێیەم لە ناو پەرلەمانی سویددا.

لێرەوە ئەگەر لەم دەروازەیەوە بگەڕێینەوە بۆ ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق لە دوای ساڵی 2003وە هەتا ئێستا، دیارە عێراقییەكان لە ساڵی 2005 كە بە رێژەی 80% زیاتر دەنگیان بە دەستووری عێراق دا، بەو ئامانجە دەنگیان پێدا كە ئەو دەستوورە ببێتە گەرەنتی بۆ رێزگرتن لە كەرامەتی نەتەوەیی پێكهاتە سەرەكییەكان و رێزگرتنی كەرامەتی هەر تاكێكی ئەم وڵاتە وەك هاووڵاتی پلەیەك لە عێراقدا. بەڵام وەك لە ماوەی 15 ساڵی رابردوو بینیمان، سیاسەتی ناسنامەی مەزهەبگەرایی شیعە بووە فاكتەری سەرەكی بۆ ئەوەی ئەو دەستوورە نەبێتە چوارچێوەیەك بۆ گەرەنتی كەرامەتی نەتەوەیی پێكهاتەكان و كەرامەتی تاك لە عێراقدا، تەنانەت تاكی عەرەبی شیعەش لە پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقدا، هەر بۆیە دەبینین ئەو خۆپیشاندانانەی لە بەسرە و شارەكانی دیكەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەكرێن، داواكردنی گێڕانەوەی كەرامەتە بۆ هەر تاكێكی عێراق و سووتاندنی بارەگای ئەو حزب و لایەنانەی شیعەیە كە بوونە هۆكاری ئەوەی كە تەنانەت عەرەبی شیعەش لە عێراقدا كەرامەتی پێشێل كراوە.

لەناو ئەم بارودۆخە سیاسییە ئاڵۆزەی سیاسەتی شیعەگەرایی لە عێراقدا دروستی كردووە، بێگومان كوردستان وەك نیشتمانێكی فرە ئایین و نەتەوە و لكێنراو بە عێراقەوە، لەدوای ساڵی 2003 بەو ئامانجە بەشداری لە نووسینەوەی دەستووری عێراق كرد و بە رێژەی سەرووی 90% دەنگی بە دەستووری 2005ی عێراق دا، كە كوردستان بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە بەشێك بێت لە كۆماری عێراقی فیدڕاڵی و عێراق لەسەر بنەمای دەوڵەتێكی هاوچەرخی دیموكراتی و فرەیی و پەرلەمانی بونیاد بنرێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەمە دروست نەبوو، بەڵكو عێراق بووەوە بەو دەوڵەتەی پێشان كە جارێكی دیكە بێڕێزی بە كەرامەتی هەموو گەلی كوردستان كرد، بۆیە بۆ گێڕانەوەی كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ كورد و تەواوی نەتەوەو ئایینەكانی كوردستان، گەلی كوردستان بە جیاوازی نەتەوە و ئایینەوە لە 25ی ئەیلوولی 2017 لە پرۆسەی ریفراندۆمدا دەنگی بە «بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان»دا، ئەو «بەڵێ»یەی ریفراندۆم دەربڕینی تووڕەیی گەلێك بوو كە چیتر قبووڵ ناكات، بێڕێزی بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی بكرێت.

لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لەگەڵ ئەوەی پەرلەمانی عێراق كۆمەڵێك سزای زۆر قورسی بەسەر هەرێمی كوردستاندا سەپاند و، لەگەڵ ئەوەی دەوڵەتانی دەرودراوسێ هەڕەشەی زۆر گەورەیان لێكردین، بەڵام ئەم سزا و هەڕەشە و گوڕەشانە لە ئاستی ئیرادەی خەڵكی كوردستاندا هیچی پێ نەكرا، بۆیە پەنا برایە بەر پیلانێك لەگەڵ گرووپێكی دەستڕۆیشتووی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان و رازییان كردن كە لە خیانەتی 16ی ئۆكتبەردا گەمە بە كەرامەتی نەتەوەیی خۆیان بكەن و دەستی داگیركارانیان گرت بۆ ئەوەی نەك هەر بێڕێزی بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانییان بكەن، بەڵكو هەوڵیاندا كە گەلی كوردستان بە جیاوازی نەتەوە و ئایینەوە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی هەر نەمێنێت و جارێكی دیكە بیر لە گێڕانەوەی كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی نەكاتەوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان كە رێبەر و سەرقافڵەی گێڕانەوەی كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی گەلی كوردستان بوو لە ریفراندۆمی ئەیلوولی 2017، لەدوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەریش، پێشمەرگەی ناو سەنگەری بەرگریكردن بوو لە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی گەلی كوردستان و جارێكی دیكە پێگە و شكۆی كوردستانی لەسەر ئاستی پرۆسەی سیاسی عێراق و پەیوەندیەكانی حكومەتی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتانی دەرودراوسێ گەڕایەوە شوێنی خۆی، بەڵام بەداخەوە لە پرۆسەی بەشداریكردنی كوردستان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا و بەتایبەتیش لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار وەك پشكی گەلی كوردستان، جارێكی دیكە یەكێتی نیشتمانی كوردستان گەمەی بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی خەڵكی كوردستان كردو ئەم پرۆسەیەی لە نێوماڵی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بردە دەرەو و خستیەوە ناو پەرلەمانی عێراق، بەمەش چۆن لە پرۆسەی ریفراندۆم بە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر پێش لەشكریان كرد بۆ بێڕێزیكردن بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی هەموو گەلی كوردستان، جارێكی دیكە لە ئۆكتۆبەری ئەمساڵیش بەدەرهێنانی كاندیدی سەرۆك كۆمار لە ناو ماڵی فراكسیۆنە كوردستانییەكان، بوونە دەمڕاستی شۆڤینزمی عەرەبی و ناسنامەی پشكی كوردستانیان لە پۆستی سەرۆك كۆمار كردەوە و بەرگێكی عەرەبی عێراقییان بەبەردا كرد.


مەترسییەكانی گەمەكردن
بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی


دوومانگ دوای ئەنجامدانی خیانەتی ئۆكتۆبەری 2017، گۆڤاری فۆڕین ئەفێرز دۆسیەیەكی فراوانی بە ناونیشانی (هەڵە و تاوانی رابردوو نامرێت - The Undead Past)، لەم ژمارەیەدا چەند باسێكی جۆراوجۆری لەسەر هەڵەو خیانەتی مێژوویی نەتەوەكان تێدا بوو، وەك هەڵە و كەموكوڕییەكانی دەستووری ئەمریكا و راستكردنەوەی لەلایەن ئەبراهام لینكۆڵنەوە، هەڵە و تاوانەكانی هیتلەر لە ئەڵمانیا و خۆبەخاوەنكردن و راستكردنەوەی ئەو هەڵە و تاوانانە لەلایەن ئەڵمانیای رۆژئاواوە (ئەڵمانیا بە درێژایی شەڕی سارد لە 1945- تا رووخانی دیواری بەرلین، دوو دەوڵەت بووە)، ئەو توێژەر و ئەكادیمییانەی بەشداریی ئەو دۆسیە گرنگەیان كردبوو، هەموویان لەیەك خاڵدا كۆك بوون و جەختیان لەسەر ئەوە كردبۆوە، ئەگەر نەتەوە خۆی نەكات بە خاوەنی هەڵە و تاوانەكانی مێژوویی خۆی و هەوڵ نەدات ئەو هەڵە و تاوانانە راست بكاتەوە و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە، ئەوا ماكی ئەو هەڵە و تاوانانە نامرن و كارەساتی گەورە بەسەر نەتەوە دووبارە و سێ بارە دەكەنەوە.
ئەمە بۆ ئێمە بووە دەروازەیەك بۆ ئەوەی پرسیارێكی راشكاوانە رووبەڕووی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان لەماوەی شەش دەیەی رابردوو بكەینەوە و لە خۆمان بپرسین، بۆچی لەماوەی ئەم شەش دەیەیەی رابردوودا، بەردەوام لە ناو مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستاندا هەڵە و تاوانەكانی رابردوو كارەساتی گەورەتر بەسەر نەتەوەكەماندا دێنێتەوە؟
لە ئاكامی لێكۆڵینەوە و ئەنجامدانی چەند دیمانەیەك لەگەڵ پسپۆڕان و تایبەتمەندانی نێودەوڵەتی، گەیشتنە ئەو ئاكامەی ئەگەر ئێمەش وەك گەلی كوردستان خۆمان نەكەین بە خاوەنی هەڵە و تاوانەكانی ناو مێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان و رێگەیەكی راست نەدۆزینەوە بۆ ئەوەی ئەو هەڵە و تاوانانە لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان ریشەكێش بكەین، ئەوا دەبێت لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 چاوەڕێی خیانەت و كارەساتێكی گەورەتر بین، ئەوكات گەیشتینە ئەو قەناعەتەی ئەگەر ئەمڕۆ بەشێك لە سەركردایەتیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان خۆیان لە ئاستی گەمەكردن بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانییان تووڕە بن و خۆیانی لێ بێبەری بكەن و هەر بێدەنگ بن، ئەوا لە ئایندەیەكی نزیكدا گەمەكردن بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی دەبێتە جۆرێك لە سیاسەتی ئەو لایەنە و وەك سیاسەتێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بازرگانی پێوە دەكەن، هەروەك چۆن لە هەفتەی رابردوو لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا بینیمان و گەیشتە ئەو ئاستەی شۆڤینیزمی عەرەبی بە ئاشكرا و لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكانیان بڵێن: ئێمە بۆیە دەنگ دەدەین بە كاندیدەكەی یەكێتی نیشتمانی، لەبەر ئەوەی دژی ریفراندۆمی كوردستان بووەو پارێزگاری لە یەكێتی عێراق دەكات و، دەنگ نادەین بە كاندیدەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەر ئەوەی پارتی رێبەرایەتی پرۆسەی ریفراندۆمی كردووە، هەموو سەركردایەتیی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش شانازییان بە قسەی ئەو عەرەبە شۆڤێنییانە دەكرد و باشتر زەمینەی قسەكردنی دیكەشیان بۆ عەرەبەكان دروست دەكرد، تەنانەت خۆفرۆشێكی كۆنە بەعسی وەك (وەفیق سامەرایی)، ئەو رۆژەی پارتی دیموكراتی كوردستان، د.فوئاد حوسێنی كاندید كرد، لە تویتێكدا نووسیبووی: «نابێت رێگە بدرێت كاندیدی مسعود بارزانی ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق، لەبەر ئەوەی مسعود بارزانی هەڕەشەیە بۆ سەر یەكپارچەیی خاكی عێراق و ئەو سێ لێوایەی پاسەوانی كۆمار كە ئێستا لای یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، لەدەستێكی ئەمیندایە، ئەگەر كاندیدەكەی مسعود بارزانی ببێتە سەرۆك كۆمار، ئەو سێ لێوایەی پاسەوانی كۆمار دەكەوێتە دەستی مسعود بارزانی و دەبێتە مەترسییەكی گەورە بەسەر عێراقەوە». لەبەرامبەر ئەم قسانەی دوژمنانی كورد و كوردستاندا، كاندیدەكەی یەكێتی لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنە عەرەبیەكانی عێراق، گەمەی بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی گەلی كوردستان دەكردو وەك كەسێكی دژی ریفراندۆم و داكۆكیكار لە یەكپارچەیی گەل و خاكی عێراق خۆی بۆ شۆڤێنییە عەرەبەكان نمایش دەكرد، ئەمە لەكاتێكدا لە تێڕوانینی سەرۆك مسعود بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستاندا، كێشەیەك نەبووە بەناوی ململانێ لە نێوان كاندیدی پارتی و یەكێتیدا، بەڵكو كێشەكە بریتی بووە لەوەی، كە ئەم ئیستیحقاقەی گەلی كوردستان لەلایەن فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكلایی بكرێتەوە و نەخرێتە ناو پەرلەمانی عێراق و گەمە بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانیی خەڵكی كوردستان بكرێت.
داكۆكیكردن لە پۆستی سەرۆك كۆمار وەك پشكی گەلی كوردستان و بوونی كوردێك بە سەرۆك كۆماری عێراق لە چوارچێوەی بڕیار و ئیرادەی فراكسیۆنە كوردستانییەكاندا، هەر لە 2005 ەوە تا رۆژی 2ی ئۆكتۆبەری 2018 بڕیار و ستراتیژیەتی بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بووە و، لە ساڵی 2010 و لە دیمانەیەكی رۆژنامەنووسیشدا ئەم پرسیارەمان لە بارزانی كرد: بۆچی هێندە پێداگری لە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كورد دەكەن؟ ئایا گرنگیی ئەم پۆستە بۆ كوردستان چییە؟ لەوەڵامدا بارزانی پێی گوتین: «بۆ ئێمە وەكو كورد وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار لەم قۆناخە شتێكی مەعنەوییە زیاتر، ئەمە جوبرانێكە بۆ ئەو هەموو غەدرەی لە ساڵانی رابردوو لە كورد كراوە، ئەو لێدوانانەشی لەم دواییە هەندێك لایەن دایان بەو مانایەی كورد موستەهەقی ئەوە نییە، پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێتەوە، بە شێوەیەكی زۆر نادۆستانە ئەو مەسەلەیەیان خستەڕوو، بۆیە ئێمە بە مافی كوردی دەزانین و بۆ عێراقیش باشترە بۆ ئەوەی دڵنیاییەك بدەن بە كورد، ئێمە مانعمان نییە ئەم پۆستەمان بۆ بگۆڕنەوە بە پۆستی سەرۆك وەزیران، بێگومان ئەمە ناكرێت، بۆیە ئێمە پێمان باشە لەم قۆناخە سەرۆك كۆمار بۆ كورد بێت، بۆ عێراقیش باشترە، ئێمە سوورین لەسەر ئەو مەسەلەیە، بێگومان كە ئێمە داوای ئەو پۆستە بكەین، مام جەلال كاندیدی ئێمەیە لەبەر ئەوەی ئەو گونجاوە بۆ ئەو ئیشە.»

لەبەرامبەر ئەم قسانەی سەرۆك بارزانی و لە دیمانەیەكی دیكە و سەبارەت بە هەڵبژاردنەوەی بۆ خولی دووەمی سەرۆك كۆمار، ئەم پرسیارەمان لە خۆالێخۆشبوو مام جەلالیش كرد، ئەویش بەمجۆرە وەڵامی داینەوە: «باوەڕ بكەن من ئاگام لێ نەبووە كە كاك مسعود منی كاندید كردووە بۆ سەرۆكایەتی كۆمار، هەتا ئیلحاحی كرد، لێرەدا دەمەوێت نهێنییەكتان بۆ ئاشكرا بكەم، گیروگرفتێك هەبوو لەنێوانی پارتی و یەكێتیدا، كاك مسعود وتی: من هەقم بەسەر ئەو گیروگرفتەوە نییە و هەر مام جەلال كاندید دەكەم بۆ سەرۆكایەتی كۆماری عێراق و من هەر پشتیوانی ئەو دەكەم.»
لە ساڵی 2014ش، دیارە یەكێتی نیشتمانی كوردستان نەیتوانی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلایی بكاتەوە، دیسان سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە دەبێت ئەم پرسە لەناو ماڵی فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكلایی بكرێتەوە و ململانێكە نەچێتە ناو پەرلەمانی عێراقەوە و بەمەش توانرا رێز لە كەرامەتی نیشتمانی و نەتەوەیی خەڵكی كوردستان بگیرێت و ئەم مافە وەك ئیستحقاقی خەڵكی كوردستان لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بچەسپێنرێت، دیارە لەناو پەرلەمانی عێراقدا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە ساڵی 2014 شدا، حەنان فەتلاوی ویستی خۆی بكاتە ركابەری د.فوئاد مەعسوم، بەڵام لەبەر ئەوەی د.فوئاد مەعسوم بە ئیرادە و بڕیاری فراكسیۆنە كوردستانییەكان كاندید كرابوو، هاوپەیمانیی شیعە ناچار بوو داوا لە فەتلاوی بكات، بكشێتەوە.

لە پرۆسەی ئەمجارەشدا بۆ بەشداریی لایەنە كوردستانییەكان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر ئەو پرانسیپە رێككەتبوو كە كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار بە هاوبەشی هەڵبژێرن، هەتا ئەگەر ئەو كەسەی بۆ ئەو پۆستە شایستە بێت، دەكرێت لەدەرەوەی پارتی و یەكێتیش بێت، بەڵام یەكێتی نیشتمانی بە حیسابی خۆیان بۆ ئەوەی خۆیان لە شكستی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوول بپارێزن و دەنگەكانی حزبی هاوپەیمانی بۆ دادپەروەری بەرنەوە بۆ یەكێتی، د.بەرهەم ساڵحیان بە تەماعی كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار گەڕاندەوە ناو یەكێتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئامادە نەبوون لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببنەوە، بەمەش پارتی دیموكراتی كوردستان تێگەیشت كە مەسەلەكە ئەوە نییە كە فڵان بۆ ئەو پۆستە كاندید بێت و فڵان كاندید نەبێت، بەڵكو ئەم پرسە پەیوەندی بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی خەڵكی كوردستانەوە هەیە و ناكرێت لایەنێكی سیاسی گەمە بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی خەڵكی كوردستان بكات.

پێداگریی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر كاندیدێك بە تاكڕەوانە و پشتبەستن بە هەستی شۆڤێنیەتی عەرەبی دژی كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی گەلی كوردستان، گەمەیەكی ترسناكە بۆ ئایندەی كوردستان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا. هەروەك بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی شاندی پارتی لە بەغدا ئاماژەی پێكرد، بەچەند خولەكێك پێش كۆبوونەوەكەی پەرلەمان، پارتی و یەكێتی لەسەر ئەو پرسە رێككەوتبوون كە بە یەك كاندید وەك نوێنەری هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان بچنە ناو پەرلەمانەوە، هەر ئەم رێككەوتنەش بووە هۆكاری ئەوەی كە زیاتر لە 300 پەرلەمانتار لەو كۆبوونەوەیە بەشداری بكەن و ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ رۆژی پێشتر كە پارتی و یەكێتی نەگەیشتبوونە رێككەوتن، ئەوا بەهیچ جۆرێك نیسابی یاسایی دروست نەدەبوو كە پەرلەمان بتوانێت كۆبوونەوەی خۆی گرێبدات، هەربۆیەش كاتێك سەرۆك بارزانی زانی رێككەوتنەكە لەلایەن یەكێتییەوە پێشێل كراوە، پێش ئەوەی دەنگدانی خولی یەكەم ئاشكرا بكرێت، پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ئێمە لەگەڵ ئەم ئالیەتە نین بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و دەستبەجێ داوای كرد، د.فوئاد حوسێن بكشێتەوە و لەو پرۆسەیە بەشداری نەكات، بەڵام هەتا پەیامەكەی بارزانی گەیشتە بەغدا و فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرۆكایەتی پەرلەمانی لێ ئاگادار كردەوە، دەستكرابوو بە جیاكردنەوەی دەنگەكانی خولی یەكەم، بەڵام هێشتا دیار نەبوو كام كاندید لە پێش ئەوی دیكەوەیە، بەڵام سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە بیانووی ئەوەی دەبێت خودی كاندیدەكە داواكاری پێشكەش بكات، ئەوە بوو دەنگەكانی خولی یەكەم ئاشكرا كران، هەموو ئەمانەش لە ماوەیەكی كورتی كەمتر لە 10 خولەك روویاندا و لەبەر ئەوەی پرسەكە یەكگرتنەوەی خواستی یەكێتی نیشتمانی و كۆی بیركردنەوەی شۆڤێنی عەرەبی عێراقی بووە، ئەوە بوو پرسەكە بەو جۆرە رێچكەی گرت كە خۆیان ئامانجیان بوو، لە یەكەم كاردانەوەی شۆڤێنیزمی عەرەبیش بۆ ئەم گەمەكردنە بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی گەلی كوردستان، ئەو پەیامەی وەفیق سامەرایی كۆنە بەعسی بوو كە نووسیبووی: «پاڵەوانەكانی یەكێتی و لاوانی 16ی ئۆكتۆبەر، لە ئۆكتۆبەری ئەمساڵیشدا وەك ئۆكتۆبەری ساڵی پار توانییان یەكپارچەیی عێراق بپارێزن و سەركەوتوو بن.»
لێرەوە ئەگەر پرسەكە لە پۆستی سەرۆك كۆمار بهێنینە دەرەوە و ئەو پرسیارە بكەین، دوای ئەوەی یەكێتی نیشتمانی پەنای بۆ ئەم ئالیەتە برد، بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت، ئایا رۆڵ و پێگەی كوردستان لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقیدا بەرەو كوێ دەچێت؟ دیارە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە هەڵوەستەی جددی دەوێت و مەزندەی ئەوە دەكرێت لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا پرسی داكۆكیكردن لەمافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بگۆڕێت بۆ ململانێیەكی توند لە نێوان گوتارێكی عێراقییانە بەدڵی عەرەبە شۆڤێنییەكان كە یەكێتی نیشتمانی ئێستا بانگەشەی بۆ دەكات، هەروەها گوتارێكی كوردستانییانە بۆ بەرگری لە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی، كە ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان بانگەشەی بۆ دەكات و رێبەرایەتیشی دەكات. ئەگەر خوانەخواستە ئەمە رووبدات، ئەوا گەمەكردن بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانیمان دەبێتە ئەركێكی زۆر ئاسان و بەرگریكردن لە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەتایبەتی لە پەرلەمانی عێراقدا دەبێتە ئەركێكی زۆر قورس، ئەگەر نەڵێین دەگاتە ئاستی نیمچە مەحاڵ، لەبەر ئەم هۆكارانە:

1. تێڕوانینی شۆڤێنییانەی عەرەبی عێراق بەرامبەر ماف و كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی گەلی كوردستان، زۆر پێویستیان بە لایەنێكی سەرەكیی كوردستانی وەك یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەیە، بۆ ئەوەی خۆیان دەیڵێن و بایەخی نییە، ببێتە گوتاری سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ئەوانیش لەژێر گوتاری سیاسیی یەكێتیدا بێڕێزی بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی كوردستان بكەن.
2. پرسی چارەسەركردنی كێشەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كە دەبێت لە چوارچێوەی ماددەی 140ی دەستووری عێراقدا هەر سێ قۆناخی (ئاساییكردنەوە و ئامار و راپرسی) بگرێتەوە، بەناوی یەكپارچەیی عێراقەوە بگۆڕێت بۆ مەدەنیكردنەوەی ئەو ناوچانە كە یەكێتی نیشتمانی ئێستا بە ئاشكرا بانگەشەی بۆ دەكات، بۆیە لەم حاڵەتەدا مەترسی دەكەوێتە سەر چارەنووس و ئایندەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و نەك هەر ناگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، بەڵكو ئەگەر ئەم گوتارە سیاسییەی یەكێتی بەم ئاراستەیە بەردەوام بێت، ئەوا دوور نییە هەر لایەك باسی گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بكات، بە دژایەتی یەكپارچەیی عێراق تۆمەتباری بكەن.
3. ئاشكرایە شۆڤێنیزمی عەرەبی چەند رق و كینەی بەرامبەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەیە و چەند هەوڵ دراوە لەماوەی 15 ساڵی رابردوودا بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە وەك هێزێكی میلیشیا پێناسە بكەن و هەڵیبوەشێننەوە، هەربۆیە ئەگەر ئەم گوتارە سیاسییەی ئێستای یەكێتی بەردەوام بێت لەسەر گەمەكردن بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی گەلی كوردستان، ئەوا زەمینەیەكی لەبار دروست دەبێت بۆ لە ژێر ئەم گوتارە سیاسییەی یەكێتیدا پەڵپ و بیانووی تازە بە هێزی پێشمەرگە بگرن، یان لانیكەم هێزەكەی خۆیان بخەنەوە بەردەستی حكومەتی عێراق.
4. ئەگەر ئەم گوتارە سیاسییە عێراقییەی یەكێتی بەردەوام بێت، رق و كینەی یەكێتی بەرامبەر هەرێمی كوردستان لە ژێر پەردەی دژایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر هەڵدەكشێت و، بیركردنەوەی شۆڤێنیزمی عەرەبی عێراقیش دەمێكە چاوی بەو دەستكەوتانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵنایەت، كە بوونە فاكتەری ئەوەی هەرێمی كوردستان لە سزاكانی حكومەتی عێراق تا رادەیەكی زۆر پشت بەخۆبەستوو بێت. بۆیە لەوانەیە بەسوودوەرگرتن لە گوتاری سیاسیی عێراقییانەی یەكێتی و دژایەتیی یەكێتی بۆ گوتاری كوردستانییانەی پارتی، زەمینە دەرەخسێت بۆ ئەوەی گوشاری گەورە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكەن.
5. ئەم گوتارە سیاسییەی ئێستای یەكێتی كە داكۆكی لە عێراقیبوونی گەلی كوردستان دەكات و بەئاشكرا دژایەتی مافی چارەنووس دەكات، مەترسیی ئەوەی لێدەكرێت كە زەمینەیەكی سیاسیی ئەوتۆ لە ناو پەرلەمانی عێراق دروست بكات، كە تێڕوانینی شۆڤێنیزمی عەرەبی زەمینەیەكی لەباری ئەوتۆی بۆ دروست بێت كە داوای دووبارە هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق بكات و مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان لەناو دەستووردا بە ئاستێك سنووردار بكەن، كە هیچ بایەخیان بۆ نەمێنێتەوە، دروست وەك جیاوازیی ناوەڕۆكی رێككەوتنی 11ی ئاداری 1970 و یاسای ئۆتۆنومی كە ساڵی 1974 رژێمی بەعس تاكلایەنە دەریكرد.
ئەمانە تەنیا بەشێك لەو مەزندە خراپانەن كە لە وەرچەرخانی گوتاری سیاسیی یەكێتی پێشبینی دەكرێت، بۆیە گرنگە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، كێشە و ململانێی لاوەكیی خۆیان وەلانێن و لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا بەرنامەیەك بۆ رێگرتن لەم دەرهاویشتە خراپە مەزندەبۆكراوانە دابنێن.


رێگرتن لە گەمەكردن
بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی


مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی هەموو نەتەوەكانی جیهان و گەلی كوردستان، یەك راستی پێكەوە گرێیان دەداتەوە، ئەویش ئەوەیە كە بڕیاری مقاوەمەت و هەڵگیرسانی شۆڕش و، بوون بەچەكدار، یان پێشمەرگە لەناو ئەو شۆڕشەدا، لەژێر كاریگەریی هیچ حزبێكی سیاسی دروست نەبووە، ئەگەر پڕۆگرامی ئەو حزبە لەناو بەرگری لە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی مانیفیستۆ نەكرابێت، هەر بۆیە ئەگەر سەیری شۆڕشی هێندستان بكەین بە رێبەرایەتی ماهاتما گاندی، شۆڕش ئەوكاتە دەبێتە بەشێك لە بیركردنەوەی گاندی كە سەربازێكی بەریتانی سووكایەتی بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانیی گاندی وەك هیندستانییەك دەكات و لە شەمەندەفەڕەكە فڕێی دەداتە خوارەوە، شۆڕشی ئەفریقیای باشوور كاتێك بووە بەشێك لە بیركردنەوەی نیلسۆن ماندیلا كە لە قوتابخانە ناوە ئەسڵییەكەیان گۆڕی بۆ ماندیلا و رێگەیان نەدا بە ناوێكی ئەفریقی درێژە بە خوێندن بدات، شۆڕشی ئەمریكا ئەو كاتە بووە بەشێك لە بیركردنەوەی جۆرج واشنتۆن كە پەرلەمانی بەریتانیا بە دانانی باجێكی زۆر لەسەر ئەمریكییەكان، ئیهانەی كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانیی ئەمریكییەكانی دەكرد، بۆیە لە بەندەری بۆستن دەستیان بە سەر سێ پاپۆڕی چادا گرت و سندوقە چاكانیان فڕیدایە ناو ئاوەكەوە.


ئەم خاڵە هاوبەشانەی ناو مێژووی خەباتی هەموو نەتەوەكانی جیهان، ئەو راستییەمان پیشان دەدات، كە هیچ حزبێكی سیاسی ئایندەی نابێت، ئەگەر گوتاری سیاسیی خۆی، یان بەرنامەی خۆی لە چوارچێوەی كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی بهێنێتە دەرەوە، یان هەوڵیدابێت بە گەمەكردن بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی دەستكەوتی سیاسی بۆخۆی دەستەبەر بكات. بۆ ئەمەش نموونەگەلێك هەن و دەكرێت ئاماژە بە یەك دوویەكیان بكەین، هەر بۆ نموونە: ئەوكاتەی مەهاتما گاندی لەچوارچێوەی كەرامەتی نیشتمانی و نەتەوەیی گەلی هێندستاندا رێبەرایەتی دژایەتی بەریتانیای دەكرد، لەبەرامبەردا سبهاس چاندرا هەوڵیدەدا بە پشتگیری ئەڵمانیای نازی و ژاپۆن گرووپێكی چەكداری دژی شۆڕشەكەی گاندی لەژێر پەردەی دژایەتی بەریتانیا دروست بكات، بەڵام لەگەڵ كۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهان و دەركەوتنی ماهیەت و ئامانجەكانی چاندرا دژی شۆڕشی هێندستان بە سەرۆكایەتی گاندی، خۆی و هێزەكەی بزر بوون و داوتر لە ساڵی 1947 هێندستان سەربەخۆیی خۆی راگەیاند.
هەر لەكاتی شەڕی دووەمی جیهانی و دوای ئەوەی ئەڵمانیای نازی فەڕەنسای داگیركرد و حكومەتی فیشیی پاشكۆی لە فەرەنسا بە سەرۆكایەتی فیلیپ بیتان راگەیاند، ئەوكات دیگۆل لە بەریتانیاوە شۆڕشی دژی داگیركاری نازییەكان راگەیاند و بووە بەشێك لە هێزی هاوپەیمانان لە دژی نازیەت، دوای كۆتاییهاتنی جەنگ و ئازادكردنەوەی پاریس، نەك هەر فلیپ بیتان بووە هێمایەك بۆ خیانەت لە فەڕەنسا، بەڵكو هەتا ئێستاش هەر كەسێك كارێك لە دژی بەرژەوەندییەكانی فەڕەنسا بكات، بە ئەولادەكانی فیشی ناوی دەبەن.
دیارە لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستانیشدا، رووداوی لەمجۆرە زۆرە كە خەڵكی كوردستان، پێشمەرگایەتی بۆ كوردستان كردووە، نەك حزبێكی سیاسیی دیاریكراو، ئەگەر سەرنج لە حاڵەتی لێكترازانی ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوو بدەین و ئەو پێشمەرگانەی دوای بڕیاری سەرانی مەكتەبی سیاسی كەوتن و گەڕانەوە بۆ لای حكومەتی عێراق و، ئەوانەشی لە چوارچێوەی بەرگریكردن لە كەرامەتی نیشتمانی و نەتەوەیی لەژیر رابەرایەتی مستەفا بارزانی مانەوە، ئەوا خەڵكی كوردستان بەشێوەیەكی خۆڕسكانە تەنیا بەوانەی دەگوت پێشمەرگە كە لە چوارچێوەی بەرگری لە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی لەژێر رابەرایەتی بارزانی مابوونەوە، ئەوانەشی دوای بڕیاری سەرانی مەكتەبی سیاسی كەوتبوون و گەڕابوونەوە بۆ لای حكومەت، پێیان دەگوتن: « جاش»و، لەگەڵ ئەوەی كە ئەوانیش هەر بە خۆیان دەگوت «پێشمەرگە» بەڵام خەڵكی كوردستان ئەو ناوەی پێ رەوا نەدەبینین و وەك هێمای خیانەت سەیری دەكردن.

ئەم هەستە نەتەوەیی و نیشتمانییە خۆڕسكە لەناخی تاكی هیچ نەتەوەیەكدا ناسڕێتەوە، تەنانەت ئەوانەشی دەكەونە داوی چوونە دەرەوە لە بازنەی كەرامەتی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیان باش دەزانن چ كارێكی ناشیرین و خراپیان دەرهەق بە نەتەوە و نیشتمانی خۆیان كردووە، بۆیە پەنا بۆ هەموو شتێك دەبەن كە خۆیانی لێ دەرباز بكەن، هەروەك چۆن ئەم هەستە نەتەوەیی و نیشتمانییە دژی كارەساتی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر لە ناخی هەموو تاكێكی كوردستاندا لە هەردوو هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستاندا بە زیندوویی مابووەوە و ببووە دروشمی سەرەكیی تێكڕای لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بێجگە لەو لایەنەی كە خۆی كارەساتەكەی دروستكردبوو.
لەم چوارچێوەیەدا ئێستا سیاسەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەو جۆرەیە كە گەمەكردنی بە كەرامەتی نیشتمانی و نەتەوەیی گەلی كوردستان لە چوارچێوەی دژایەتی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بشارێتەوە، هەروەك چۆن سەرانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر هەوڵیاندا بیخەنە چوارچێوەی دژایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، بەڵام لەماوەی ئەم یەك ساڵەدا هەڵوێستی خەڵكی كوردستانمان بینی كە چۆن سزای ئەو لایەنەیان دا كە دەستیان لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر هەبووە و، خەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستانیان بە متمانە پێ بەخشینەوە كرد، كە بەرگری لە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانیی خەڵكی كوردستان كردووە.


رێگەی ئاسان بۆ رێگرتن لە گەمەكردن بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی خەڵكی كوردستان لەو خاڵەوە دەست پێدەكات، پارتی دیموكراتی كوردستان بەرنامە و پڕۆگرامی خۆی جارێكی دیكە بە هاوشێوەی دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر لە بازنەی بەرگری لە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی گەلی كوردستان فراوانتر مانیفیستۆ بكاتەوە، ئەمەش بەو مانایەی رێگە نەدات گوتاری عێراقییانەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە عەرەبە شۆڤێنییەكان سەری بۆ دەلەقێنن، بە تەنیا ببێتە دژی گوتاری كوردستانییانەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵكو پێویستە گوتاری كوردستانییانەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەرنامەی حكومەت و پەرلەمانی داهاتووی كوردستاندا رەنگدانەوەی هەبێت و ببێتە پرانسیپ و بنەما بۆ هاوپەیمانییەكی تازە لە كوردستاندا و ئەم هاوپەیمانییە تازەیەش هەڵوێستی پەرلەمان و حكومەت بەرامبەر ئەو گەمەكردنە بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی كوردستان دیاری بكات.
ئەوەی لێرەدا گرنگە هەڵوێستی جددی لەسەر وەربگیرێت، ئەوەیە بەشی هەرە زۆری هاووڵاتیانی سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و تەواوی ناوچەكانی گەرمیان، لە سیاسەتی گەمەكردن بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی تووڕەن و ئەم تووڕەییەشیان بە بەشدارینەكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا پیشانداوە، خۆ ئەوە لە خۆڕا نیبە خەڵكی پارێزگای سلێمانی هەتا كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ بە رێژەی 9% بەشداری هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلوولی كردووە، لە ئێستادا كە پرۆسەی هەڵبژاردنی كوردستان هاوكێشەی هێزی لە كوردستان گۆڕیوە، گرنگە پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو هەوڵی بۆ ئەوە بێت، كە خەڵكی ئەو ناوچانە بەشداریكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بەشداریكردنیان لە بەرگری لە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی رۆڵی خۆیان دیاری بكەن، ئەمەش كارێكی ئەستەم نییە و تەنیا پێویستی بەوەیە رێگە نەدەین گەمەكردن بە كەرامەتی نەتەوەیی و نیشمانی لەژێر پەردەی دژایەتی یەكێتی بۆ پارتی بشاردرێتەوە.
Top