شۆڕشی ئەیلوول ئیرادەی نەتەوەیەكی تووڕە

شۆڕشی ئەیلوول ئیرادەی نەتەوەیەكی تووڕە
لە ساڵانی كۆتایی سەدەی رابردووداو لە دیمانەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە فرانسۆ زاڤی لۆڤا، رۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەری بەناوبانگی فەڕەنسیم پرسی: جیاوازیی نێوان شۆڕشی فەڕەنسا و شۆڕشی ئەیلوولی كوردستان چییە؟ لە وەڵامدا پێی گوتم: «شۆڕشی فەڕەنسا، شۆڕشێكی بۆرژوازی بوو، شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشێكی رزگاریخوازی بوو، ئامانجی رزگاركردنی نەتەوەیەك بوو لە كۆیلایەتی.»
بۆ ئەم رۆژنامەنووسە بەناوبانگە هەردوو شۆڕشی (فەڕەنسا و ئەیلوول) جێگەی شانازی بوون، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سەبارەت بە شۆڕشی فەڕەنسا ئەو خۆی فەڕەنسییە و شانازی بە شۆڕشی فەڕەنساوە دەكات، سەبارەت بە شۆڕشی ئەیلوولیش یەكێك بووە لەو رۆژنامەنووسانەی كە بە هاوێنەی كامێراكەی و بە پێنووسەكەی دەنگوباس و وێنەی ئەو شۆڕشەی بە رێگەی میدیاكانەوە بە جیهان ناساندووە.
زیرەكیی لۆڤا لە جیاكردنەوەی شۆڕشی ئەیلوول لە شۆڕشی فەڕەنسا لەو خاڵەدا خۆی بەرجەستە دەكات، كە شۆڕشی فەڕەنسا بۆ ئەوە هەڵنەگیرسا كە نەتەوەی فەڕەنسی لە چنگی نەتەوەیەكی دیكە، یان رژێمێكی دەرەكی رزگاربكات، بەڵكو ئامانجی شۆڕشەكە رووخاندنی سیستمێكی كۆن و دامەزراندنی سیستمێكی تازە بوو، بۆ ئەوەی بتوانێت ئازادییەكان رێكبخات و نەتەوەكان لە برسێتی رزگاربكات، هەر بۆیە هیگل شۆڕشی فەڕەنسای ناو لێنا: «كۆتایی مێژوو»، ئەمەش بەو مانایەی ئەو سیستمە تازەیەی دوای شۆڕشی فەڕەنسا لەسەر ئاسەواری رژێمە كۆنەكە دادەمەزرێت، ئەو توانایەی دەبێت كە بتوانێت ئازادییەكان رێكبخات، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لەو سەردەمە لە شۆڕشی فەڕەنسا چاوەڕێ دەكرا، ئاكامی بەوجۆرە نەبوو.

بەڵام سەبارەت بە شۆڕشی ئەیلوول كە دیسان لۆڤا لە نزیكەوە لەگەڵ سەركردایەتی و پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول پەیوەندی و تێكەڵاوی هەبووە، لەوە تێگەیشتووە ئەگەر رژێمی عەبدولكەریم قاسم لە دەستووری كاتی ساڵی 1958 پەشێمان نەبوایەتەوە كە دەستوورەكە راشكاوانە دەڵێت: (عێراق نیشتمانی هاوبەشی كوردو عەرەبە)، ئەوا گەلی كوردستان پێویستی بەوە نەدەبوو كە شۆڕش بەرپا بكات، ئەمەش دەقاودەق هاوتای ئەو بۆچوونەی هانا ئارنێتە كە لە كتێبی (لە شۆڕشدا) دەڵێت: «بەپێی تیۆری سیاسەت حكومەتی سەركوتكار ئەو حكومەتەیە كە دەستبەرداری دەستوور دەبێت بۆ هەڵسووڕاندنی كارەكانی بەمەش ئەو ئازادییانەی كە حكومەت لێی تێدەگات، شێوازێكی نەرێنی وەردەگرن و سەرەنجامیش شۆڕش بەرپا دەبێت.»
كەواتە ئەم بۆچوونە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت، كە شۆڕشی رزگاریخوازی ئەو كاتە هەڵدەگیرسێت كە حكومەتەكان خۆیان دەستبەرداری ئەو یاسا و دەستوورانە دەبن كە پێشتر خۆیان دایانڕشتووە و ئیمزایان لەسەر كردووە، هەر بۆیە ئەگەر هۆكاری سەرەكی بۆ شۆڕشی ئەمریكا، پێشێلكردن و رەتكردنەوەی ئەو یاسایە بێت لەلایەن حكومەتی بەریتانیاوە دژی ئەمریكییەكان كە دەڵێت: بەبێ نوێنەرایەتی باجدان بوونی نییە، ئەوا هۆكاری سەرەكیی شۆڕشی ئەیلوولی كوردستانیش، پێشێلكردن و رەتكردنەوەی ئەو ماددە دەستوورییە بووە كە لەلایەن حكومەتی عەبدولكەریم قاسمەوە كە خۆی پێشتر دانی بەو دەستوورەدا ناوە و دەڵێت: (عێراق نیشتمانی هاوبەشی كوردو عەرەبە).
كاتێك دەوڵەت لە دەستوور و یاساكانی خۆی یاخی دەبێت تەنیا بە شۆڕش دەتوانرێت وەڵام بدرێتەوە

فەڕەنسا و بەریتانیا وەك دوو دەوڵەتی براوەی شەڕی یەكەمی جیهانی، هەر خۆیان بەردی بناخەی كۆمەڵەی گەلانن و ئیمزایان لەسەر 14 خاڵەكەی وۆرد ویلسۆن كردووە كە لەسەر پەیماننامەی كۆمەڵەی گەلان و ئەو 14 خاڵەی ویلسۆن ئەو وڵاتانە لە چوارچێوەی حوكمڕانیی ماندێت بەڕێوەبەرن، كە لە ئاكامی شەڕەكە داگیریان كردوون. ئەمەش بەو مانایەی ئەو دەوڵەتانەی دروستیان كردوون، نابنە بەشێك لە خاكی فەڕەنسا یان بەریتانیا، بەڵكو فەڕەنسا و بەریتانیا بۆ ماوەیەك هاریكاریان دەبن، تا دەگەنە ئەو ئاستەی خۆیان حوكمڕانیی خۆیان بكەن، پاشان دەبنە ئەندامی كۆمەڵەی گەلان و وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.
بەریتانیا كاتێك باشووری كوردستانی بە عێراقەوە لكاند، لەسەر ئەو بنەمایە بوو، دوای ئەوەی حوكمڕانیی ماندێت كۆتایی دێت، راپرسی لەناو گەلی كوردستان ئەنجام بدرێت، بەوەی ئایا دەیانەوێت ببنە بەشێك لە عێراق، یان دەیانەوێت سەربەخۆ بن. بەڵام بەداخەوە بەریتانیا لە بەڵێنەكانی خۆی بەرامبەر گەلی كوردستان یاخی بوو، بە بێ راپرسی و رەزامەندیی خەڵكی كوردستان پشتگیری عێراقی بەم نەخشەیەی ئێستایەوە كرد، بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی كۆمەڵەی گەلان و هیچ حیسابێكی بۆ مافەكانی گەلی كوردستان نەكرد، هەر بۆیە لە 6ی ئەیلوولی 1930 خەڵكی قارەمانی شاری سلێمانی هەڵیان كوتایە سەر سەرای سلێمانی و لە ئاكامدا شەڕە بەناوبانگەكەی (بەردەركی سەرا) روویدا، كە تیایدا چەندین كەس شەهید بوون و چەندینی دیكەش بریندار كران.

لەدوای شەڕی بەردەركی سەرای سلێمانی لە 1930، دوو شۆڕشی دیكە دژی رژێمی پادشایەتی عێراق بەرپاكراون، كە ئەوانیش (شۆڕشەكانی یەكەم و دووەمی بارزان) بوون.
شۆڕشەكانی بارزان لەگەڵ ئەوەی لە ناوچەیەكی دیاریكراوی كوردستان بەرپاكراون، بەڵام شۆڕشی نیشتمانی و سەرتاسەری بوون، هۆكاری ئەمەش لەبەر ئەوە بووە كە بە نزیكەی 30 ساڵ پێش دەستپێكردنی شەڕی یەكەمی جیهانی، شێخەكانی بارزان كاراكتەری دیاری ناو شۆڕشەكانی كوردستان بوون و ئامانجیان دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بووەو هەر لەم پێناوەشدا شێخ عەبدولسەلامی بارزانی لەسێدارە دراوە.
لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر سەرنج لە تەواوی شۆڕشی نەتەوەكانی جیهان بدەین، دەبینین هەموو شۆڕشەكانی لە ئاكامی یاخیبوونی دەوڵەت، یان دەوڵەتی داگیركاری ئەو نەتەوەیە بووە، بە پلەی یەكەم لەو پەیماننامە نێودەوڵەتییانەی كە كۆمەڵەی گەلان و نەتەوەیەكگرتووەكانی لەسەر دامەزراوە، یان یاخیبوونی خودی دەوڵەتەكە بووە لەو یاساو دەستوورەی كە خۆی پەسەندی كردووە، لێرەوە وەك نموونە ئاماژە بە هەندێك لە شۆڕشی رزگاریخوازی نەتەوەكان دەكەین:


1- شۆڕشی ئەمریكا ساڵی 1776، هۆكاری سەرەكیی بەرپابوونی ئەم شۆڕشە یاخیبوونی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیایە لەو یاسا و پرانسیپانەی كە حكومەتی بەریتانیای لەسەر بەڕێوەدەچوو، ئەو پرانسیپەش ئەوەیە كە (باجدان بە بێ نوێنەرایەتی بوونی نییە)، هەر ئەمەش دروشمی شۆڕشی ئەمریكا بوو، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا حوكمڕانیی ئەمریكای بدایەتەوە بە دەستی ئەمریكییەكان و خۆیان خاوەنی پەرلەمانی خۆیان بوونایە، ئەوا ئەو شۆڕشە هەڵنەدەگیرسا.
2- شۆڕشی هیندستان، ئەم شۆڕشەش هەر لەدژی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا دەستی پێكرد، بەریتانیا لەبەرامبەر نیمچە كیشوەری هیندستاندا (هیندستان و بەنگلادیش و پاكستانی ئێستا)، تەنیا لە بنەماكانی حكومەتی مەدەنی یاخی نەببوو، بەڵكو لەیاسای مەگنەكارتاش یاخی بوو، كە تەواوی خەڵكی نیمچە كیشوەری هیندستانی وەك مرۆڤ و هاوشانی بەرتیانییەكان لە قەڵەم نەدەدا. مەهاتما گاندی باوكی رۆحیی هیندستانییەكان لە شەمەندەفەڕ فڕێ درایە خوارەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی لە فارگۆنی سپی پێستەكان دانیشتبوو، هەر بۆیە گاندی گەڕایەوە بۆ یاساكانی ئاسمان و بڕیاری دا، نەك هەر یاساكانی بەریتانیا رەتبكاتەوە، بەڵكو نابێت هیندستانییەكان هیچ كەلوپەلێكی بەریتانی بكڕن و وەك دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ بەریتانیا بكەن.
3- شۆڕشی لیبیا دژی داگیركاری ئیتاڵیای سەردەمی فاشی، حكومەتی فاشیی ئیتاڵیا نەك هەر هەموو پرانسیپە نێودەوڵەتییەكانی لە پەیماننامەی پەنسلفانیاوە پێشێل كردبوو، بەڵكو دەیویست خۆی یاسایەك دابنێت و بەسەر تەواوی مرۆڤایەتیدا فەرزی بكات، هەر بۆیە حكومەتی فاشی رازی نەدەبوو خەڵكی لیبیا بە خۆیان بڵێن ئێمە خەڵكی ئەم خاكەین و ئیتاڵی نین، بۆیە عومەری موختار ناچار بوو بە یاسای ئاسمان مامەڵە لەگەڵ ئیتاڵیا بكات و شۆڕش لە دژی ئیتالیای فاشی بەرپا بكات، موختار لەگەڵ ئەوەی شۆڕشەكەی سەركەتوو نەبوو و سەرەنجام لە سێدارە درا، بەڵام بە یاسای ئاسمان وەڵامی ئیتاڵییەكانی دایەوە و پێی گوتن: «خوا ئێمەی بە ئیتاڵی دروست نەكردووە و ئێوەش ناتوانن ئێمە بكەن بە ئیتاڵی.»
4- شۆڕشی جەزائیر دژی فەڕەنسا، شۆڕشی جەزائیر لە ساڵی 1956 كە پێشی دەگوترێت شۆڕشی (یەك ملیۆن شەهید) لە دژی كۆماری چوارەمی فەڕەنسا بەرپا كرا، ئەوكات حزبە سیاسییەكانی فەڕەنسا خۆیان بە هەڵگری ئاڵای دیموكراتی و داكۆكیكار لە سیستمی پەرلەمانی پیشان دەدا، بەڵام لەبەرامبەر داخوازییەكانی خەڵكی جەزائیر بۆ كۆتاییهینان بە داگیركاریی فەڕەنسا، جەزائیریان خەڵتانی خوێن كرد، ئەم رەفتارانە لەسەر دەستی خەڵكانێك دژی جەزائیر ئەنجامدراوە كە خۆیان بە میراتگری شۆڕشی فەڕەنسا و میراتگری بەیاننامەی مافی هاووڵاتیبوون دەزانن و دەستوورەكەشیان بە دەستووری شۆڕشی فەڕەنسا دەزانن، بەڵام لە هەموو ئەمانە یاخیبوون، بۆیە جەزائیرییەكان بە یاساكانی ئاسمان مامەڵەیان لەگەڵ كۆماری چوارەمی فەڕەنسا كرد و پێیان گوتن: جەزائیر بەشێك نییە لە فەڕەنسا و سەرەنجامیش هەر ئەوان سەركەوتن.
5- شۆڕشەكانی كوردستان هەر لە سەردەمی شۆڕشەكانی دژی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی تا دەگاتە شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، هەر هەموویان شۆڕش بوون دژی ئەو دەسەڵاتانەی كە لە یاسا و دەستوورەكانی خۆیان یاخیبوون، بۆ نموونە عوسمانییەكان كە لەچوارچێوەی خەلافەتی ئیسلامیدا حوكمڕانی بەشێكی كوردستانیان كردووە، خۆیان لە بنەماكانی خەلافەتی راشد، یاخی بوون و وەك خەلافەتێكی راشد مامەڵەیان لەگەڵ گەلی كوردستان نەكردووە، بۆیە بەردەوام گەلی كوردستان ناچار بووە بە یاساكانی ئاسمان (كە قورئانیش هەر یاسای ئاسمانە) و بە رێگەی شێخانی تەریقەت و زانایانی ئیسلامی كوردستانەوە مامەڵە لەگەڵ خەلافەتی عوسمانی بكەن، باشە ئەگەر خەلافەتی عوسمانی بانگەشە بۆ خەلافەتێكی راشدی ئیسلامی دەكات و، وەك خەلافەتێكی راشد مامەڵەی لەگەڵ كوردستان بكردایە، بۆچی كورد ناچار دەبوو پەنا بۆ شۆڕش بەرێت؟ بەڵام لەبەر ئەوەی خەلافەتی عوسمانی خۆی پێش هەرلایەنێكی دیكە لەو یاسا و دەستوورە یاخی بوو كە خەلافەتی راشدی لەسەر بەڕێوەدەچێت، بۆیە كوردیش ناچار بوو بە یاسای ئاسمان و بە شۆڕش وەڵامی بداتەوە. دیارە ئەمە بۆ بەشەكەی دیكەی كوردستان لە ژێر حوكمڕانیی سەفەوییەكانیش راستە، لەبەر ئەوەی ئەوان جیا لەوەی خۆیان بە موسڵمان دەزانن، بەڵام بانگەشە بۆ (دادپەروەریی حوسێن)یش دەكەن، كە دادپەوەریی حوسێن دەبێت لە خەلافەتی راشدیش گەورەتر بێت، بەڵام ئەوان خۆیان پێش هەر لایەكی دیكە لە (دادپەروەری حوسێن ) یاخیبوون، بۆیە كوردی ئەو بەشەش بە یاسای ئاسمان و بە هەڵگیرسانی شۆڕش وەڵامی سەفەوییەكانیان داوەتەوە.
6- جیاوازیی شۆڕشی ئەیلوولی كوردستان لە ساڵی 1961 لەگەڵ تەواوی شۆڕشی نەتەوەكانی جیهان ئەوەیە، كە ئەم شۆڕشە لەدوای ئەوە هەڵگیرسا كە حكومەتی عەبدولكەریم قاسم لە دەستوورە كاتییەكەی ساڵی1958دا دانی بەوەدا نا، كە خاكی كوردستان خاكی گەلی كوردستانەو راستە بەشێكە لە عێراق، بەڵام عێراق نیشتمانێكی هاوبەشە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا گەلی كوردستان چۆن پێشوازی لەم هەنگاوە كردووە و چۆن پشتگیری حكومەتەكەی قاسمی لە ساڵانی 1958 و 1959 كردووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەدەینەوە و دەڵێین: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئاماری تۆماری لەدایكبوون لە ساڵی 1958 تا ئێستا، دەبینین زۆرترین ناوی (كەریم یان عەبدولكەریم) ناوی ئەو هاووڵاتییانەی كوردستانە كە لە ساڵانی 1958- 1959 لەدایك بوون، ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستان لە خۆشەویستیی عەبدولكەریم قاسم ناوی (كەریم یان عەبدولكەریم)یان بۆ منداڵە كورەكانیان هەڵدەبژارد. ئەمە جوانترین وەڵامە بۆ پێشوازی و پشتگیری خەڵكی كوردستان لە حكومەتی عەبدولكەریم قاسم، بەڵام كاتێك قاسم خۆی لە دەستوورەكەی خۆی یاخی دەبێت و ئەو دەستوورە نامێنێت كە كورد بتوانێت مامەڵە لەگەڵ حكومەتی عەبدولكەریم قاسم بكات، ئەوا لە 11ی ئەیلوولی 1961 كورد ناچار بوو بە یاسای ئاسمان مامەڵە لەگەڵ حكومەتی قاسم بكات و پێی راگەیاند، كوردستان نابێتە بەشێك لە عێراقی عرووبە، بەڵام دەكرێت عێراق نیشمانی هاوبەشی كورد و عەرەب بێت.


شۆڕشی ئەیلوول لە نێوان
خەباتی چەكداری و ئامانجە سیاسییە نیشتمانییەكاندا



گەورەیی شۆڕشی ئەیلوول ئەوەیە، ئەم شۆڕشە چوارچێوەیەكی بۆ ئامانجە سیاسیەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان لە هەر چوار پارچەی كوردستان دروستكرد، بۆیە وێڕای ئەوەی ئەم شۆڕشە لە چوارچێوەی پیلانێكی نێودەوڵەتی نسكۆی بەسەردا هات و، دوای ئەویش شێوازی خەباتی چەكداریی شاخ گۆڕانكاری بەسەردا هات و، چەند ناوێكی دیكە لە بری شۆڕشی ئەیلوول بۆ خەباتی چەكداری دوای ساڵی 1975 داتاشران، وەك (شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز و شۆڕشی نوێ و شۆڕشی عێراق و.. هتد)، بەڵام ناوەڕۆكی داواكاری لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان بە هەموو لایەنە سیاسییەكانی ناو بەرەی نیشتمانیی دیموكراتی (بەرەی جود)، هەروەها بەرەی نیشتمانی دیموكراتی عێراقی (جوقد) و هەروەها دواتریش بە هەموو لایەنە سیاسییەكانی ناو (بەرەی كوردستانی) نەیانتوانیوە لەچوارچێوەی ئەو ئامانجە سیاسییە نیشتمانییانە بێنە دەرەوە كە شۆڕشی ئەیلوول بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانی دروستی كردبوو.

لە ماوەی ساڵانی 1976- 1986، حكومەتی بەعس هەوڵی لەگەڵ بەشی هەرە زۆری لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دابوو، بەتایبەتیش (یەكێتی نیشتمانی كوردستان، سۆشیالیست، پارتی دیموكراتی كوردستان) بۆ ئەوەی لە دەرەوەی رێككەوتنامەی ئاداری ساڵی 1970 وتووێژ دەست پێ بكەنەوە، یان لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژە ئۆتۆنۆمییە وتووێژ بكەن كە ساڵی 1974 یەكلایەنە حكومەتی بەعس رایگەیاند، بەڵام هیچ لایەنێكی سیاسیی كوردستانی نەیتوانی لە دەرەوەی رێككەوتننامەی ئادار وتووێژ لەگەڵ حكومەتی بەعس بكات، تەنانەت لە ساڵانی 1983-1984 یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لەگەڵ حكومەتی بەعس وتووێژی دەست پێ كرد، ئەگەر سەیری بەرنامە و داواكارییەكانی یەكێتی لەو ساڵانە بكەین، دەبینین لە ئامانجە سیاسییە نیشتمانییەكاندا كۆپییەكی رێككەوتننامەی ئاداری ساڵی 1970 بووە، لە دوای راپەڕین و كۆڕەویش ساڵی 1991 كە شاندی بەرەی كوردستانی دووبارە لەگەڵ حكومەتی بەعس دەستی كردەوە بە گفتوگۆ، دیسان بەرنامەی بەرەی كوردستانی كۆپییەكی رێككەوتننامەی ئاداری ساڵی 1970 بوو، لە دوای ساڵی 2003یش كە كورد بووەوە بە بەشێكی سەرەكی لە نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی ساڵی 2005ی عێراق، ئەوا ئەگەر سەیری هەموو ئەو ماددە دەستوورییانە بكەین، كە پەیوەندی بە مافە سیاسییە نیشتمانییەكانی خەڵكی كوردستانەوە هەیە، ئەوا جیا لە گۆڕینی ناوی ئۆتۆنۆمی بۆ فیدڕاڵی، دەبینین تەواوی ئەو ماددە دەستوورییانە داوای دەكەین، ئامانجە سیاسییە نیشتمانییەكانمان گەرەنتی بكات، كۆپییەكی تەواوی بڕگەكانی رێككەوتننامەی ئاداری ساڵی 1970ی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە.
ئەوجا ئەگەر سەیری شێوازی وتووێژی لایەنە كوردستانییەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش بكەین لە باكوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا، دەبینین بۆ ئەوانیش بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی ئەو بەشانەشەوە، دەبینین رێككەوتنی ئاداری 1970 نەخشەی رێگەیە بۆ داواكارییەكانیان لەگەڵ حكومەتە جیاوازەكانی خۆیاندا.
هەر بۆیە ئەگەر لەم روانگەیەوە سەیری ئامانجە سیاسییە نیشتمانییەكان لەناو رێككەوتنی ئاداردا بكەین، دەبینین، ئەم رێككەوتنە، رێككەوتن نییە بۆ دابینكردنی مافی ئۆتۆنۆمی (حوكمی زاتی) بۆ گەلێك، یان نەتەوەیەك، هەروەها ئەمە رێككەوتنێك نییە بۆ ئەوەی حكومەتی ناوەندی چەند مافێك بە نەتەوەیەك، یان گەلێك بدات، بەڵكو ناوەڕۆكی رێككەوتنی ئاداری 1970 پڕۆژەیەكی هاوبەشی نێوان شۆڕشی كوردستان و حكومەتی دەسەڵاتداری عێراقە، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنە نیشتمانێكی هاوبەش بۆ دوو نەتەوەی سەرەكی كە ( كوردو عەرەبە) سەرلەنوێ بونیاد بنرێتەوە. رێككەوتنی ئاداری ساڵی 1970، پڕۆژەیەكە كە سنووری جوگرافی و مێژوویی كوردستان دیاری دەكات، ئەم بڕگەیە بە دەق بڕگەی ( 58)ی یاسای كاتی بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراقە لەماوەی ساڵی 2004-2005و بە دەق ماددەی 140ی دەستووری عێراقە كە دەبوو لە كۆتایی ساڵی 2007 جێبەجێ بكرایە.
بێگومان رێككەوتنی ئادار تەنیا رێككەوتنی نێوان سەركردایەتیی شۆڕش و حزبی بەعس نییە، بەڵكو بەرهەمی هەموو ئەو رێككەوتن و دانوستاندنانەیە كە شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵانی 1964 – 1970 لەگەڵ حكومەتە جیاوازەكانی عێراق كردوویەتی، بۆیە ئەگەر لەماوەی ئەو شەش ساڵەی پێش ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە، حكومەتەكانی عێراق هەنگاوێكی بچووكیشیان بەرامبەر كوردستان هەڵگرتبێت، ئەوانەش هەمووی بەرهەمی ئەو دانوستاندن و وتووێژانە بوون، كە بەردەوام لەنێوان سەركردایەتیی شۆڕش و حكومەتە جیاوازەكان هەبوون، هەر بۆ نموونە: دامەزراندنی زانكۆی سلێمانی یەكێكە لە داواكارییەكانی دانوستاندنی شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ حكومەتەكانی عێراقدا، هەروەها كردنی دهۆك بە لیوا، داواكارییەكی دیكەی دانوستاندنەكانی شۆڕشی ئەیلوولە، لەمەش زیاتر بایەخدان بە مێژوو و زمان و كەلتوورە جیاوازەكانی كوردستان و زیندووكردنەوەی هەستی نەتەوەیی نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان، بەرهەمی شۆڕشی ئەیلوولەو لە رێككەوتنی ئاداری ساڵی 1970دا بە دیكۆمێنت كراوە.

سەبارەت بە خەباتكردن بۆ ئاشتیی كۆمەڵایەتی و بایەخدان بە ناوی كوردی بۆ ئەو منداڵانەی لەدوای دەستپێكردنی شۆڕشی ئەیلوول لەدایكبوون، دەبینین لە قۆناخی پێش دەستپێكردنی شۆڕشی ئەیلوولدا، بەشی هەرە زۆری ناوەكانی خەڵكی كوردستان كوردی، یان كوردستانی نین، بەڵام لەگەڵ لەگەڵ دەستپێكردنی شۆڕشی ئەیلوول دەبینین نەك هەر نەتەوەی كورد ناوی كۆرپەكانی بەناوی كوردی، یان كوردستانی ناو ناوە، دەبینین نەتەوەكانی دیكەش كۆرپەكانیان بە ناوی كوردستانی ناوناوە.
هەر بۆیە ئەگەر زیاتر هەڵكۆڵین لە بڕگەكانی رێككەوتنی ئاداری ساڵی 1970 بكەین، دەبینین پڕۆژەیەكە دوو ئاراستەی (كوردستانی و عێراقی) هەیە، سەبارەت بە ئاراستە كوردستانییەكەی دەبینین:
1- رێككەوتنی ئادار پڕۆژەیەكە بۆ هۆشیاری نەتەوەیی و دابینكردنی مافی نەتەوەیی، بەڵام بەتەنیا هۆشیاری و مافەكانی نەتەوەی كورد نا، بەڵكو هۆشیاری نەتەوەیی و دابینكردنی ماف بۆ كۆی نەتەوەو ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، بۆیە دەكرێت ئەمە ناوبنێین: دووبارە بونیادنانەوەی گەلی كوردستان، یان ئەو پڕۆژەیەی كە پێی دەڵێن: (بونیادنانەوەی نەتەوە) لە زانستی دەوڵەتسازیدا.
2- رێككەوتنی ئادار پڕۆژەیەو چوارچێوەیەكە بۆ پێناسەكردنەوەی بەشێك لە نیشتمانێكی گەورە، ئەویش ئەو بەشەیە كە (كوردستانە لەچوارچێوەی عێراقدا)، هەر بۆیە ئەگەر بە وردی لەسەر بندێڕەكانی بڕگەكانی رێككەوتنی ئادار هەڵوەستە بكەین، كە پێداگیری لەسەر سنووری جوگرافی و مێژوویی كوردستان دەكات، ئەوا بەدەق ئەوەمان پێدەڵێت: (ئەم بەشەی كوردستان نیشتمانێكی جیاوازە لەناو دەوڵەتی عێراقدا).
3- لە چوارچێوەی بڕگەكانی رێككەوتنی ئاداردا، زمانی كوردی هاوشانی زمانی عەرەبی زمانی فەرمییەو لە كوردستانیشدا زمانە جیاوازەكانی دیكە وەك توركمانی و سریانی زمانی فەرمیی ئەو نەتەوانەیە و بە زمانی خۆیان دەخوێنن، ئەگەر لێرەدا گریمانەی ئەوە بكەین كە رێككەوتنی ئاداری 1970 وەك ئەوەی لەنێوان سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول و حكومەتی بەعس ئیمزا كرا لە ماوەی ساڵانی 1970 – 1974 هەمووی جێبەجێ بكرایە، ئایا ئەو رێككەوتنە بۆ كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا هاوشێوەی كیوبیك نەدەبوو لە چوارچێوەی دەوڵەتی كەنەدادا؟
4- لە چوارچێوەی رێككەوتنی شۆڕشی ئەیلوولدا، بەوجۆرە پرسی پێشمەرگە چارەسەر كرابوو كە لە ژێر ناوی (پاسەوانی سنوور) هێزی پێشمەرگە وەك سوپای كوردستان بە هەموو پێكهاتە سەربازییەكانیەوە مابوونەوە، ئەم بڕگەیە دەقاودەق ئەو ماددە دەستوورییەیە كە پێشمەرگەی كردۆتە (پاسەوانی هەرێم) و مسعود بارزانی بەتەنیا داكۆكی لەسەر دەكات و هێندەی سەربەخۆیی كوردستان پێداگیری لەسەر دەكات.
ئەوجا لێرەوە ئەگەر سەیری رەهەندە عێراقییەكەی بكەین و وەك پڕۆژەیەك سەیری بكەین كە رەنگدانەوەی ئیجابییانەی لەسەر عێراق دەبوو، وەك نیشتمانێكی هاوبەش، ئەوا دەكرێت ئەم لایەنانە بخەینەڕوو:
1- حكومەتی عێراق لەماوەی ئەو چوارساڵەی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئادار دیاریكرابوو، توانی نەوتی عێراق خۆماڵی بكات و كۆتایی بە سیاسەتی دەستگرتنەوەی ئابوری (التقشف) بهێنێت، با وای دابنێین، حكومەتی عێراق لە بری شەڕكردنەوە لەگەڵ كورد، رێككەوتنەكەی جێبەجێ بكردایەو دەستی بكردایە بە ئاوەدانكردنەوەی عێراق، ئایا عێراق وەك كۆریای باشوور و سەنگافورە لە ماوەی تەنیا 10 ساڵدا لە دەوڵەتێكی جیهانی سێیەمەوە نەدەبووە دەوڵەتێك هاوشانی دەوڵەتانی جیهانی یەكەم؟
2- ئەگەر عێراق رێككەوتنەكەی جێبەجێ بكردایە، ناچار نەدەبوو تەنازول بۆ شای ئێران بكات و واز لە نیوەی شەتولعەرەب بۆ ئێران بهێنێت.
3- ئەگەر عێراق رێككەوتنەكەی جێبەجێ بكردایە و لەبری ئەوەی دیهاتەكانی كوردستان دابگرێت و لە ئۆردوگای زۆرەملێ نیشتەجێیان بكات، خەریكی ئاوەدانكردنەوەی بەشە عەرەبییەكەی عێراق بوایە، ئەوا لەگەڵ رووخانی شا و هاتنی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەوا نە لایەنە سیاسییەكانی شیعە بەو جۆرە دروست دەبوون كە هەڕەشە لە عێراق بكەن، نە دەبوونە هۆكارێكیش بۆ ئەوەی شەڕی 8ساڵەی عێراق- ئێرانیش هەڵبگیرسێت، دوای ئەویش عێراق نەدەكەوتە ئەو بارە ئابوورییە نالەبارەی كە بیر لە داگیركردنی كوەیت بكاتەوە .
ئەمانە هەمووی دەرهاویشتە خراپەكانی جێبەجێ نەكردنی رێككەوتنی ئادار بوون، بەڵام هەمووشیان ئەو فاكتانەن كە ئێستا عێراق بەدەستیانەوە دەناڵێنێت.
وانەكانی شۆڕشی ئەیلوول بۆ ئێستامان و بۆ شێوازی مامەڵەمان لەگەڵ حكومەتی عێراق
لە زانستی سیاسەتدا چەمكێك هەیە دەڵێت: جەنگ و شەڕ (الحرب و المعركة) دوو پرسی لێك جیاوازن، شەڕ پرسێكی سیاسییە و دەبێت دەوڵەتمەدار بڕیاری لەسەر بدات، بەڵام جەنگ، ژەنڕاڵە سەربازییەكان نەخشەی بۆ دادەنێن و هەر خۆشیان جێبەجێی دەكەن. لەمەش زیاتر جەنگ، بەبێ بڕیار، یان راگەیاندنی شەڕ بوونی نییە، بەڵام بەبێ جەنگیش شەڕ بەمانا سیاسییەكەی بوونی هەیە. لەم چوارچێوەیەدا زۆر جار لەدوای كۆتاییهاتنی جەنگەكان لە سەركردەكان گوێمان لێ بووە كە دەڵێن: جەنگەكە كۆتایی هاتووە، بەڵام شەڕەكە كۆتایی نەهاتووە.

ئەوجا ئەگەر لەم چوارچێوەیەدا رێبەرایەتیكردنی شۆڕش لەلایەن مەلا مستەفا بارزانی-یەوە بە بڕیاری راگەیاندنی شەڕ بۆ مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان و دیاریكردنی سنووری كوردستان لە رووی مێژوویی و جوگرافییەوە لەناو دەوڵەتی عێراقدا لە قەڵەم بدەین، ئەوا هەر لەگەڵ دەستپێكی شۆڕشەكەوە، ئەم بڕیارەی مستەفا بارزانی، هەردوو رەهەندەكەی شەڕ (سیاسی و سەربازی) هەبووەو لەهەردوو رەهەندەكەشەوە كاری جددی لەسەر كردووە.
لەدوای نسكۆی ساڵی 1975یشەوە لەگەڵ ئەوەی لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان، بەناوی دیكە جیا لەناوی شۆڕشی ئەیلوول دەستیان بە خەباتی چەكداری كردەووەو، لەگەڵ ئەوەی لە رووی خەباتی چەكدارییەوە جیاواز بوون لە خەباتی چەكداریی شۆڕشی ئەیلوول، بەڵام لە رووی سیاسییەوە درێژەپێدەری هەمان شەڕ بوون، كە مستەفا بارزانی لە شۆڕشی ئەیلوولدا رایگەیاندبوو، ئەمە بەو لایەنە سیاسییانەشی كە بۆ مەبەستی حزبایەتیی تەسك لە ئەدەبیاتی حزبیی خۆیاندا دژایەتی شۆڕشی ئەیلوولیان كردووە، بەڵام وەك كردەیی و بەناچاری لە ناو بازنەی رەهەندە سیاسییەكەی شۆڕشی ئەیلوولدا ماونەتەوە، ئەم مانەوەیەش لەبەر ئەوەیە، ئەگەر هەر حزب و سەركردەیەك لە بازنەی رەهەندە سیاسییەكەی شۆڕشی ئەیلوول بێتەدەرەوە، خەڵكی كوردستان وەك خۆفرۆش و خائین سەیری دەكەن، هەر بۆیە چۆن بیرمەندی گەورەی كورد خوالێخۆشبوو مسعود محەمەد لە دیمانەیەكی رۆژنامەی برایەتی پێی گوتین: مەلا مستەفا بارزانی بۆ گەلی كوردستان قەدەرە و دەبێت ئەو قەدەرەمان قبووڵ بێت، ئەوا بەهەمان پێوانەی مامۆستا مسعود محەمەد، رەهەندە سیاسیەكەی شۆڕشی ئەیلولیش قەدەرە بۆ هەموو حزبە سیاسیەكانی كوردستان و دەبێت بە خۆشی بێت، یان بە ناچاری، ئەو قەدەرە قبووڵ بكەن.

ئەم چەند دێڕەمان بۆ بەرچاوڕوونی خوێنەری ئەم باسە نووسی و بۆ ئەوەی راشكاوانە بڵێین: شۆڕشی ئەیلوول بە تەنیا شۆڕشی پارتی دیموكراتی كوردستان نەبووە، هەروەها مێژووەكەشی بەتەنیا مێژووی پارتی نییە، راشكاوانەتریش لەمە، پارتی دیموكراتی كوردستان راستە پارتی سەرەكیی ناو شۆڕشی ئەیلوول بووە، بەڵام شۆڕشەكە لەلایەن «بارەگای بارزانی»یەوە رێبەرایەتی كراوە و ئەم بارەگایەش بۆ پارتی چۆن بووە، بۆ لایەنە سیاسیەكانی دیكەی ناو شۆڕشی ئەیلوول و تەواوی رێكخراوە مەدەنیەكانی ناو شۆڕش وەك یەك بووە. هەموو ئەو لایەنە سیاسی و رێكخراوە مەدەنی و كەسایەتی و هونەرمەند و سەرۆك هۆز و پیاوماقووڵانەشی سەردانی بارەگای بارزانی-یان كردووە، وەك بارەگای بارزانی كە تایبەتمەندی خۆی هەبووە، سەردانی ئەو بارەگایان كردووە، نەك وەك بارەگایەكی تایبەتی و حزبی پارتی دیموكراتی كوردستان. هەر بۆ نموونە ئەگەر ئێستا كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد، یان حزبی شیوعی عێراق كە شانازی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە دەكەن، ئەگەر لێیان بپرسین: ئایا ئێوە لە ژێر رێبەرایەتی پارتی بەشێك بوون لە شۆڕشی ئەیلوول، یان رێبەرایەتی مستەفا بارزانی؟ بێگومان راشكاوانە دەڵێن: لەژیر رێبەرایەتی مستەفا بارزانی.
لەم بازنەیەدا، هەقە پارتی دیموكراتی كوردستان و تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان راشكاوانە رەهەندە سیاسییەكەی شۆڕشی ئەیلوول لەسەر ئاستی ناوخۆ و لەسەر ئاستی پەیوەندیی كوردستان و عێراق، دووبارە بكەنەوە بابەتی وتووێژێكی لەنێوان خۆیاندا بۆ ئەوەی بگەنە ئەم راستییانە:

1- لەسەر ئاستی پەیوەندیی كوردستان و بەغدا، هەموو لایەنە سیاسییەكان بەگشتی و پارتی و یەكێتی بەتایبەتی، زۆر باش دەزانن، لەو كاتانەشی كە شەڕی شوومی ناوخۆ لە نێوانیان هەبووە و سەنگەریان لەیەكتری دەگرت، كە دەهاتە سەر باسی وتووێژ و رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی بەعس، بێ ئەوەی پێكەوە كۆببنەوە، هیچ لایەكیان نەتاندەتوانی لە بازنەی رەهەندە سیاسییەكەی شۆڕشی ئەیلوول بێنە دەرێ، بۆیە بازنەی رەهەندە سیاسییەكەی شۆڕشی ئەیلوول نەك بە تەنیا بۆ پارتی، بەڵكو بۆ هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان بۆتە قەدەر و دەبێت ئەو قەدەرە قبووڵ بكرێت، ئەگەرنا لەسەر سازشكردن لە هەر خاڵێكی رەهەندە سیاسییەكەی شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ هەر حكومەتێكی عێراق، ئەوا میللەت بە خائین ناویان تۆمار دەكات، ئەوجا بۆ ئەوەی ئەمە روونەدات، باشترە بازنەی رەهەندە سیاسییەكەی شۆڕشی ئەیلوول هەموو لایەك كۆبكاتەوە.

2- سەبارەت بە رەهەندە سیاسییەكەی شۆڕشی ئەیلوولیش بۆ پەیوەندیی ناوخۆی نێوان حزبەكان، بێگومان هەموو لایەك دەزانن، یەكێك لە سیفەتە جوانەكانی مستەفا بارزانی بۆ لێبوردەیی نێوان پێكهاتەكان، یان لایەنە سیاسییەكانیش، ئەوە بووە كە لێبوردەیی لای مستەفا بارزانی یەك مانای هەبووە، ئەویش ئەوەیە «منیش بەشێكم لە هەڵەكە»، ئەمەش واتە ئەگەر هەڵەیەك روویدابێت، ئەوا لێبوردەیی ئەو كاتە دروست دەبێت كە كام لایەن پێشتر دەڵێت: «منیش بەشێك بووم لە هەڵەكە.» بۆیە بۆ ئێستای بارودۆخی كوردستان و دووبارە زیندووكردنەوەی رەهەندە سیاسییەكەی شۆڕشی ئەیلوول لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان، پێویستمان بەوەیە كام لایەن پێش هەر لایەنێكی دیكە دەڵێت: «منیش بەشێك بووم لە هەڵەكە.»

دیارە پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەمیشە لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆ و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، هەرگیز دەرگای دیالۆگ و وتووێژی رەتنەكردۆتەوە، لە بنەڕەتیشدا ئەم میتۆدەی پارتی دیموكراتی كوردستان هەر ئەو مانایەی رەهەندە سیاسیەكەی شۆڕشی ئەیلوول و هەمان تێگەیشتی مستەفا بارزانی هەیە بۆ لێبوردەیی كە وەك یەكەم لایەن بڵێت: «منیش بەشێك بووم لە هەڵەكە»، بۆ ئەوەی بەرامبەریش بڵێت: «منیش بەشێك بووم لە هەڵەكە» و كێشەكان چارەسەر بكرێت.
هەر بۆیە ئەگەر بمانەوێت پەندێك، یان وانەیەك لە رەهەندە سیاسییەكەی شۆڕشی ئەیلوول وەربگرین، ئەوا چ لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، هەروەها چ لە ئاستی پەیوەندیی نێوان كوردستان و عێراق، ئەوا بێجگە بە رازیبوون بەو قەدەرەی بازنەی رەهەندە سیاسییەكانی شۆڕشی ئەیلوول بۆ هەموو لایەك دروستی كردووە، رێگەی دیكە لە بەردەم لایەنە سیاسییەكاندا بوونی نییە.
Top