پارتی وەك مێژوویەكی بەردەوام بۆ گرێدانەوەی رابردوو بە ئێستاوە

پارتی وەك مێژوویەكی بەردەوام بۆ گرێدانەوەی رابردوو بە ئێستاوە
وەك لە یار و یاوەرانی مستەفا بارزانی-یەوە گوێمان لێ بووە، لە سەردەمی رێبەرایەتی مستەفا بارزانی، پارتی هەر جێگەی رەخنە بووە و بەردەوامیش رەخنەی لێگیراوە، سەرچاوەی ئەم رەخنانەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، بەردەوام هەڵسەنگاندن لەسەر پارتی لەسەر دوو وێنە كراوە، وێنەی یەكەم چەمك و پێناسەی (پارتی)یە لە فیكر و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی، وێنەی دووەم شێوازی سیاسەتی پراكتیكی پارتییە كە كۆی ئەو بوارانە پڕناكاتەوە كە لە فیكری بارزانی-دا دەبێت پڕیان بكاتەوە.
مستەفا بارزانی بۆ ئەوەی باری لاسەنگی پارتی وەك كۆڵەگەی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان راست بكاتەوە و بۆ ئەوەی پارتی بتوانێت ئەو ئەركە مێژووییە سەختەی كە كەوتووەتە سەرشانی بە سەركەوتوویی بیگەیەنێتە مەنزڵ، بارەگای بارزانی دامەزراندبوو، بۆ ئەوەی ئەو بوارانەی كە پارتی ناتوانێت پڕیان بكاتەوە، ئەو دامەزراوەیە پڕیان بكاتەوە، یان ئەو هاودژییەی لە ئاكامی سیاسەتی پارتی لەگەڵ حزبە سیاسییەكانی دیكە، یان تەنانەت هۆزێك، یان گرووپێك، یان تاكێكیش دروستی دەكات، بارەگای بارزانی ئەو هاودژییانەی ئاشت دەكردەوە و ئەركی سەرشانی پارتی بۆ بەڕێوەبردنی شۆڕش ئاسان دەكرد و كۆی تواناكانیشی لەگەڵ تواناكانی پارتی بۆ بەردەوامیی شۆڕش پێكەوە كۆدەكردەوە.
جوانیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو خاڵەدا بەرجەستە دەبێت، كە چەند مەرجێكی فەرزكراوی فیكری مستەفا بارزانی لەسەر خۆی قبووڵ كردووە، هەرە گرنگەكەیان ئەوەیە، بە هەق و بە ناهەق رەخنە لە كۆی سیاسەتی پارتی بگیرێت، ئەوجا ئەوەی رەخنەكە دەگرێت، كادری حزب بێت، یان هاووڵاتیەك، ئەوا پارتی وەك دامەزراوەیەك ملكەچ دەبێت، گوێ لەو رەخنانە بگرێت و وەڵامدانەوەشی هەبێت و، نابێت لەسەر رەخنەگرتن ئەوجا رەخنەكە لەسەر هەر بوارێكی ژیانی كۆمەڵگە بێت، یان لە سەر ئۆرگانەكانی پارتی بێت، هیچ كەسێك سزا بدرێت، یان رەفتاری ناشیرین و ناجۆری لەگەڵدا بكرێت.
بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەم مەرجە فەرزكراوەی فیكری بارزانی لەسەر پارتی وەك دامەزراوەیەك لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟ یان ئایا پێش ئەوەی ئەم مەرجە لەسەر پارتی فەرز بكرێت، مستەفا بارزانی بەسەر نەفسی خۆیدا فەرزی كردووە؟ دیارە مێژوو وەك شاهید لە وەڵامی ئەم پرسیارەشدا پێمان دەڵێت: جیا لەوەی مستەفا بارزانی شێوازێكی بیركردنەوەی عارفانەی هەبووە كە هەموو كات هەوڵیداوە خۆی هەڵەكانی خۆی راست بكاتەوە و خێر و چاكە لە كۆمەڵگە بڵاوبكاتەوە، وەك رێبەر و كاریزمای نەتەوەیەكیش چەند تایبەتمەندییەكی دیاری هەبووە لە بریتی بوون لە: (راستكردنەوەی هەڵەكانی خۆی لەلایەن خۆیەوە، متمانە بە خۆبوون و متمانە بە ئیرادەی گەلەكەی، بڕوابوون بەوەی هەموو تاكەكانی نەتەوە بە جیاوازی ئایین و نەتەوە و بۆچوونی سیاسیشەوە، مرۆڤن و دەبێت رێز لە كەرامەتی مرۆڤ بگیرێت)، كەواتە نەك هەر مەرجی رەخنەگرتنی لەسەر نەفسی خۆی فەرز كردبوو، بەڵكو مستەفا بارزانی وەك رێبەر كۆمەڵێك مەرجی دیكەشی بەسەر نەفسی خۆیدا فەرز كردبوو، لەوانە:

- فەرزی كردبوو كە ژینگەی كوردستان مافی بە سەرمانەوە هەیە و دەبێت ژینگەیەكی پاك و جوانمان هەبێت و نابێت كەس دار ببڕێتەوە.
- فەرزی كردبوو ئەو ئاژەڵ و گیانەوەر و پەلەوەرانەی ژینگەی كوردستان جوان دەكەن، نابێت راو بكرێن و دەبێت پارێزگارییان لێ بكرێت.
- فەرزی كردبوو هەر كەسێك غەدر لە بەرامبەرەكەی بكات، ئەوجا باوك بێت لە كچەكەی، برا بێت لە خوشكەكەی، پێشمەرگە بێت لە هاووڵاتی، بەرپرس بێت لە كارمەندەكەی، غەدار هەر غەدارە و دەبێت وەك غەدار سەیر بكرێت و غەدرەكەش دەبێت لەسەر غەدر لێكراو هەڵبگیرێت.
- بارزانی رای وابوو دەبێت هەموو تاكێكی كۆمەڵگە ملكەچی یەك دەسەڵات بێت، ئەویش دەسەڵاتی یاسایە، بۆیە لە هەموو ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕشدا بێجگە لە یاسا و دادگا، كەسی دیكە دەسەڵاتی نەبوو.
ئەمانەو چەندین مەرجی فەرزكراوی دیكە كە مستەفا بارزانی پێش هەر كەسێك لەسەر نەفسی خۆی فەرزی كردبوو، لەلایەن پارتییەوە زۆر جاران وەك پێویست جێبەجێ نەدەكران، بۆیە رەخنە لە پارتی دەگیران.
بۆ ئێستای پارتی كە لە ژێر سایەی رێبەرایەتی مسعود بارزانی هەمان مێژوو و هەمان فیكری مستەفا بارزانی بەردەوامی هەیە، دەبینین ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر رەخنە لە پارتی دەگیرێت و، پارتییش لە ژێر زەبری مەرجە فەرزكراوەكانی فیكری مستەفا بارزانی-دا درێژەی بە نەفەسدرێژی و سینگفراوانیی خۆی داوە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی رەخنەكانی ئەم سەردەمە وەك رەخنەكانی سەردەمی مستەفا بارزانی نین و گەلێك جار غەدریش لە پارتی دەكرێت، بەڵام مسعود بارزانی نەك هەوڵیداوە كە بەرپەرچی رەخنەكان بداتەوە، بەڵكو بە هەمان شێوازی بیركردنەوەی مستەفا بارزانی بڕیاری داوە دووبارە بارەگای بارزانی دابمەزرێنێتەوە، بۆ ئەوەی ئەم بارەگایە نەك هەر ببێتە هێزێكی مەعنەوی بۆ ئەوەی ئەركی سەرشانی پارتی سووك بكات، بەڵكو بۆ ئەوەیە ئەم بارەگایە ببێتە هێزێكی مەعنەوی بۆ هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان و یەكە كەی تاكەكانی كوردستان و بۆ ئەوەیە جیاوازییەكان پێكەوە ئاشت بكاتەوە و پێكەوە هەڵەكانی خۆمان راست بكەینەوە و خۆشگوزەرانی و ئاشتی و ئاسایش بۆ گەلی كوردستان دابین بكرێت.
Top