راستنەكردنەوەی هەڵەكانی مێژوو تاوانەكان دووبارە ناكاتەوە، بەڵكو خراپتر بەرهەم دێنێتەوە

راستنەكردنەوەی هەڵەكانی مێژوو  تاوانەكان دووبارە ناكاتەوە، بەڵكو خراپتر بەرهەم دێنێتەوە
هەروەك بیركردنەوەی ئازادانەی مرۆڤ بە بەردەوامی دەبێتە هۆكاری ئەوەی كۆی تواناكانی ئەقڵی مرۆڤ بكەوێتە كار و مەعریفەیەكی ئازادیخوازانەی ئەوتۆ بەرهەم بهێنێت كە خۆی لە شۆڕشی پیشەسازیدا بەرجەستە بكات و ئەم بیركردنەوە كۆتایی نەیەت و لە بەرگێكی تازە و جیاوازدا چەندین شۆڕشی دیكەی پیشەسازی بەرهەم بهێنێتەوە كە ئێستا لە قۆناخی شۆڕشی پیشەسازی چوارەمداین، بەهەمان شێوە بیركردنەوەی مەبەستداریش لە زانست بە بەردەوامی دیسان دەبێتە هۆكاری ئەوەی كۆی تواناكانی ئەقڵی مرۆڤ بكەوێتە كار و مەعریفەیەكی بەرژەوەندخوازی ئەوتۆ بەرهەم دەهێنێت كە دیسان ئەویش هەر خۆی لە شۆڕشەكانی پیشەسازیدا بەرجەستە دەكاتەوە، بەڵام هیچ مانا و بەهایەك بۆ مرۆڤایەتی و ئازادی ناهێڵێتەوە.

ئەگەر سەرنج لە مێژووی مودێرنە بدەین، دەبینین دەستكەوتەكان و بەرهەمی هەڵەكانی ناو ئەو مێژووە، بە هاوشانی یەكتری بەرهەمەكانیان هەڵدەكشێن و چەند ئاستی بیركردنەوەی ئازایخوازانە گەشە بكات، بە هەمان ئاستیش بیركردنەوەی بەرژەوەندخوازییانە گەشە دەكات، هەر بۆیە ئەگەر لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازیی یەكەمدا، ئامانجی بەرژەوەندخوازیی سەرمایەداری ئەوە بووبێت كە پیشەگەری دەستی بكاتە كرێكار لە كارگەی خۆیدا و رەنجی شانی بۆ بەرژەوەندیی خۆی هەراج بكات، ئەوا لە ئێستای شۆڕشی پیشەسازی چوارەمدا، ئامانجی سەرمایەداری بووەتە ئەوەی كە زانست بۆ ئەو مەبەستە بەكار بهێنێت كە سەرجەم كرێكاران لەكارگەكان بكاتە دەرەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە چەند بەرهەمی مۆدێرنە بە ئاراستە ئازادیخوازییەكەی بووەتە هۆكاری بەختەوەریی مرۆڤ، بەڵام بە دیوە بەرژەوەندیخوازییەكەی بووەتە هۆكاری ئەوەی بەختەوەریی مرۆڤ بخاتە دووڕیان و مەترسییەوە و ئازادی بێ مانا و بێ بەها بكات.

ئەوجا ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە، بێینەوە ناو مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان، ئەوا بەهەمان شێوە دەبینین چۆن هۆشیاریی سیاسی بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفەی ئازادیخوازی و بەرزڕاگرتنی مانای ئازادی رۆژ لە دوای رۆژ لە هەڵكشاندایە، هەروەها دروشمی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان لە لامەركەزییەوە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بڕیاری ریفراندۆمی سەربەخۆیی بدات و بڕیارەكەشی جێبەجێ بكات، ئەوا بەهەمان شێوەش بیركردنەوەی بەرژەوەندیخوازی حزبییانەش كە بووەتە بنەمای هەڵسووڕانی كاری حزبایەتی لە كوردستاندا، بە ئاستێك هەڵكشاوە كە ئامادەیە لە پێناوی بەرژەوەندیی حزبدا، هیچ مانا و بەهایەك بۆ كوردایەتی و ئازادی نەهیڵێتەوە.

ئەگەر لێرە قۆناخبەندییەك بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بكەین، بەتایبەتی لەدوای راگەیاندنی كۆماری كوردستان و دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەتا ئێستا، ئەوا دەكرێت بەسەر چوار قۆناخدا دابەشیان بكەین، بەمجۆرە:

1- قۆناخی یەكەم 1946-1958 شێوازی هەڵسووڕانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە غیابی مستەفا بارزانی-دا.

2- قۆناخی دووەم 1958 قۆناخی گەڕانەوەی مستەفا بارزانی و دەستپێكی شۆڕشی ئەیلوول هەتا نسكۆی 1975.

3- قۆناخی سێیەم 1975 – 1991، قۆناخی فرەحزبی و شەڕی براكوژی و یەكتری سڕینەوە.

4- قۆناخی چوارەم لە راپەڕین و دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەتا ئێستا.

ئەگەر لەسەر ئەم چوار قۆناخە هەڵوەستە بكەین، دەبینین لەهەر چوار قۆناخەكەدا بیركردنەوەی بەرژەوەندخوازیی حزبی بوونی هەبووە، بەڵام لەهەر قۆناخیكدا ئەو هەڵە و تاوانانەی ئەو جۆرە بیركردنەوەیە لەناو ئەو مێژووەدا دروستی كردوون، دەبینین دووبارەبوونەوەی هەمان هەڵە و تاوان نییە، بەڵكو بەرهەمهێنانەوەی هەڵە و تاوانی ئەوتۆیە كە كۆی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان دەخاتە دووڕیانی لەناوچوون و نەمانەوە. هەر بۆ نموونە ئەگەر بیركردنەوەی بەرژەوەندیخوازیی حزبییانە لە ماوەی ساڵانی 1946-1958 و لە غیابی مستەفا بارزانی-دا، تەنیا بە ئامانجی ئەوە بووبێت كە ملی هەڤاڵێكی خۆی لەناو سەركردایەتی، یان مەكتەبی سیاسیی پارتی بشكێنێت و بەو مەبەستە بووبێت خۆی ببێتە سكرتێر، یان ئەندامی مەكتەبی سیاسی، ئەوا لە قۆناخی دووەمدا كە ماوەی ساڵانی 1958- 1975 دەگرێتەوە، دەبینین هەمان بیركردنەوەی بەرژەوەندیخوازیی حزبیانە كۆی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان كەرت دەكات، لەمەش خراپتر ئەم بیركردنەوەیە خۆی دەبێتە وتەبێژی داگیركەرانی كوردستان و لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیەتێك كە خۆیان ناویان لێنابوو (پێشكەوتنخواز) هەرچی ناشیرینە بە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانی دەكەن، بەڵام دیسان لە قۆناخی سێیەمدا ئەوەی قۆناخی دووەم دووبارە نابێتەوە، بەڵكو هەڵە و تاوانی خراپتر لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان دروست دەكاتەوە و، بە حیساب لە دوای ساڵی 1975-1991 قۆناخی فرەحزبی و خەباتی بەرەیی حزبەكانی كوردستانە، بەڵام بە كردەیی دەبێتە قۆناخی شەڕی براكوژی و یەكتری سڕینەوە، لەمەش زیاتر پاوانكردنی ناوچەكانی كوردستان و دووبارە زیندووكردنەوەی ناوچەگەری، لە قۆناخی چوارەمیشدا كە قۆناخی دوای راپەڕین و دامەزراندنی حكومەت و پەرلەمانی كوردستانە، دەبینین بیركردنەوەی بەرژەوەندخوازیی حزبی ئەمجارەیان دەگاتە ئەوەی هەڵە و تاوانێكی ئەوتۆ بكات، كە نەوەكانی ئێستا و داهاتووش بەدەستیەوە بناڵێنن، لە ساڵی 1992 خەڵكی كوردستان بەو هێوایەوە رووی كردە سندوقەكانی دەنگدان، بۆ ئەوەی قۆناخێكی نوێ لە ئامانجە گەورەكەی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان نزیك ببێتەوە، بەڵام بیركردنەوەی بەرژەوەندخوازیی حزبییانە، ئاكامی ئەم هەڵبژاردنە پێرۆزەی خستە دووڕیانی ئەوەی یان دەبێت (كەس دۆراو نەبێت و كەس براوە نەبێت) یان ئەوەتە (دووبارە شەڕی ناوخۆ دەست پێدەكاتەوە)، لەوانەیە لە ترسی روونەدانی شەڕی ناوخۆ ئەزموونی (پەنجا بە پەنجا) بە باشتر زانرابێت، بەڵام (پەنجا بە پەنجا) شەڕێكی ناوخۆی خوێناویتری دروستكرد و سەرەنجامیش كوردستانی بۆ هەر دوو ئیدارەی (هەولێر و سلێمانی) دابەشكرد. هەر لەم قۆناخەدا لەبەر ئەوەی بیركردنەوەی بەرژەوەندخوازیی حزبی لە گەشەی بەردەوامدا بوو، لەگەڵ ئەوەی پارتی و یەكێتی رێككەوتنی ستراتیژییان لە نێوان خۆیان ئیمزا كردبوو، بۆیە دەبینین باڵێك لە ناو یەكێتی جیا دەبێتەوە و كۆمپانیای وشە دادەمەزرێنێت و پاشان ئەم كۆمپانیا خۆی دەكاتە بزووتنەوەیەكی سیاسی بە ناوی (بزوتنەوەی گۆڕان)، ئەم بزووتنەوەیە لە ماوەی ساڵانی 2005-2017 تەنیا یەك ئامانجی هەبووە، ئەویش ئەوە بووە كە دەسەڵات و سیستمی سیاسیی كوردستان ناشیرین بكات و تێكی بشكێنێت، ئەمەشی نەك نەشاردۆتەوە، بەڵكو ئەندام و هەڵسووڕاوەكانیان شانازیشی پێوە دەكەن، هەر بۆیە گەشەی بیركردنەوەی بەرژەوەندیی حزبی، بە جیاوازیی ئایدیۆلۆژیەتی سیاسی و جیاوازیی ناوی حزبە سیاسییەكانەوە، لەناو ئەم ژینگە سیاسییە ئاڵۆزەدا گەیشتە ئەوەی كە بەهاكانی (نیشتمان، ئازادی، سەربەخۆیی) لەناو بەها بەرزەكانی خۆی بێنێتە دەرێ و لەناو پانتایەكی بێ مانادا پێناسەیان بكاتەوە، ئەمەش وابكات ژینگەی سیاسی ببێتە ئەو ژینگەیەی كە خیانەتكردن لە (نیشتمان و ئازادی و سەربەخۆیی) وەك دەستكەوتێكی حزبی سەیر بكرێت و شانازی پێوە بكەن.





لە مێژووی نەتەوەكانی جیهاندا، گەلێك نەتەوە لە قۆناخی رزگاریی نیشتمانیدا دوچاری ئەوە بوون كە بزاڤە رزگاریخوازییەكەیان هاوكات لەگەڵ بەرهەمهێنانی تاكی ئازادیخواز، كۆیلە و جاشیشی بەرهەم هێناوە، بەڵام ئەو نەتەوانەی بۆ راستكردنەوەی ئامانجە گەورەكەی بزووتنەوە رزگاریخوازییەكەیان بوێرانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ مێژووی خۆیان كردووە و لە ریشەوە هەڵەكانی مێژووی خۆیان راست كردووەتەوە، ئەوا توانیویانە مێژووی خۆیان لە مەعریفەی بەرژەوەندخوازیی حزبی پاك بكەنەوە و ئایندەیەكی رۆشن بۆ نەتەوەكەیان دەست پێ بكەنەوە، بەڵام هەر نەتەوەیەك نەیتوانیبێت بە راستگۆیی لێپرسینەوە لەگەڵ مێژووی خۆی بكات و چاپۆشی لە هەڵەكانی ناو مێژووی خۆی كردبێت، ئەوا ئایندەی ئەو نەتەوەیە هەر بەرەو هەڵدێر چووە و تاكەكانیشی شەرمیان لەوە نەكردووە كە شانازی بە كۆیلایەتی و پاشكۆبوونی داگیركەرانیان بكەن، هەروەك چۆن ئێستا لە كوردستان خەڵكانێكی بەرچاو هەن كە زۆر بە شانازییەوە مكیاژی جاشایەتی و پاشكۆبوون بۆ داگیركەرانی كوردستان دەكەن.
Share
Top