كوردستان لەناو سێ گۆشەی بەرمۆدای پرۆسەی سیاسیی عێراقدا

كوردستان لەناو سێ گۆشەی بەرمۆدای پرۆسەی سیاسیی عێراقدا
بەكارهێنانی چەمكی (سێ گۆشەی بەرمودا) بۆ پرۆسەی سیاسیی ئیستای عێراق بۆ ئەو مەبەستەیە كە بڵێین: (پرۆسەی سیاسیی عێراق نەمردووە)، بەڵكو بۆتە كوژەری هەموو سیاسەتێك كە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بارودۆخی سیاسیی ئێستای عێراق دەگیرێتەبەر، ئەمەش نەك تەنیا لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق، بەڵكو لەسەر ئاستی ئیقلمی و نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكانیش.



لەماوەی 13 ساڵی هەر چوار ئێدارەی (جۆرج دەبلیو بوش و باراك ئۆباما) لە هەر ئیدارەیەكدا ساسەتێك هەبووە بە ناوی «سیاسەتی ئەمریكا لە عێراقدا»، هەروەها كاتێك كۆمارییەكان لە دەسەڵاتدا بوون، دیموكراتەكانیش سیاسەتێكیان بە ناوی سیاسەتی ئەمریكا لە عێراقدا هەبوو، كە ناویان نابوو (پلانی B)، بەڵام ئاكامی پیادەكردنی ئەو چوار سیاسەتە لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا ئەوە بوو كە لە حوزەیرانی 2014 داعش موسڵی داگیركردو خەلافەتی ئیسلامی راگەیاند، لەو كاتەوە هەتا ئێستا سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق بریتییە لە سیاسەتی دیفاكتۆ بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ شەڕی داعش، لەگەڵ ئەوەی لە سەرەتای ساڵی 2016وە چەند پرۆپۆزەڵێك بۆ سیاسەتی داهاتووی ئەمریكا لە عێراقدا ئامادە كراوە، بەڵام هێشتا ئەو پرۆپۆزەڵانە نەبوونەتە سیاسەتی فەرمیی ئەمریكا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرۆسەی سیاسیی عێراقدا.



دیارە دەوڵەتانی دەوربەری عێراقیش هەر یەكەیان بە قەوارەی نفووز و بەرژەوەندییەكانیان سیاسەتێكیان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرۆسەی سیاسیی عێراقدا هەیە و هەندێك چاودێر ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە دەوڵەتانی دراوسێی عێراق هەوڵدەدەن دەستێوەردان لە وردەكارییەكانی ناو پرۆسە سیاسییەكەش بكەن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو سیاسەتەی ئامانجیانە یەك بگرێتەوە، بەڵام چۆن پرۆسەی سیاسیی عێراق هەموو سیاسەتەكانی ئەمریكای هەڵلووشی و شكستی پێهێنا و لە ئێستاشدا ئیدارەی ترەمپ سیاسەتێكی فەرمی و پەسەندكراوی بە هاوشێوەی ئیدارەكانی پێش خۆی بەرامبەر عێراق رانەگەیاندووە و ئەوەی هەیە تەنیا مامەڵەكردنە لەگەڵ واقیعی رۆژانەی عێراقدا و شتێكی نەگۆڕ بوونی نییە، لەسەر ئاستی ئەو سیاسەتانەشی كە دەوڵەتانی دراوسێی عێراق بۆ پرۆسەی سیاسیی عێراق دایانڕشتووە، شكستیان پێ هێناوە، ئەم شكست پێهێنانە بەرەنجامی ئەوە نییە كە سیاسەت دروستكەرانی عێراق بەو ئاستە لێهاتوو و دەوڵەتمەدارن كە رێگە نەدەن دەست لە پرۆسەی سیاسیی عێراق وەربدرێت، نەخێر، مەسەلەكە پێچەوانەی هەموو مەزندە سیاسییەكانە و خودی پرۆسە سیاسییەكەیە كە بۆتە گێژاوێكی هاوشێوەی سێ گۆشەی بەرمۆدا و هەر شتێك بكەوێتە ناویەوە هەڵیدەلووشێت و بوونی نامێنێت، ئەمەش وایكردووە نە دەتوانرێت سیاسەتێك بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرۆسەی سیاسیی عێراق دابڕێژدرێت، نەخودی پرۆسە سیاسییەكەش بەو جۆرەیە كە بتوانێت وڵات بەڕێوە بەرێت.



لە ئەدەبیاتی سیاسیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بۆ پێناسەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، مانای پرۆسەكە تەنیا بریتییە لە رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی لە نێوان عەرەبی شیعە و سوننەدا، پاش ئەوەی ئەم پرۆسەیە رێكدەخرێتەوە لەچوارچێوەی پرۆسەیەكی سیاسیی گشتگیردا، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق دیاری دەكرێتەوە، ئەوجا ئەم پەیوەندییە شێوازی بەشداریی لایەنە كوردستانییەكان بێت لە پرۆسەی حوكمڕانیی عێراقدا، یاخود شێوازی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بێت.







دیارە هەرێمی كوردستانیش، وەك هەموو لایەنە پەیوەندیدارە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان، ئەویش سیاسەتێكی خۆی هەبووە بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردنی لەگەڵ پرۆسەی سیاسیی عێراق و بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتەدا، بەڵام بێگومان سیاسەتەكانی هەرێمی كوردستانیش، ئەوجا چ بەشداریی راستەوخۆ بووبێت بۆ رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی لە هەموو عێراقدا، یان سیاسەتێك بووبێت بۆ بەڕێوەبردنی تەنگژە و كێشەكانی هەرێم لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، بەڵام دیسان هەموو سیاسەتەكانی هەرێمی كوردستانیش لەناو گێژاوی سێ گۆشەی بەرمۆدای پرۆسەی سیاسی عێراقدا هەڵلووشراوە و شكستی هێناوە و لە ئێستاشدا تەنیا سیاسەتێك كە هەرێمی كوردستان بیەوێت مامەڵەی لەگەڵ پرۆسەی سیاسیی عێراقدا پێ بكات، تەنیا دەستووری عێراقە، كە دەستوورەكەش لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بە هاوشێوەی سیاسەتەكان بێجگە لەچەند دەقێكی نووسراو هیچ مانایەكی نەماوە.



سەركردایەتی سیاسیی هەرێمی كوردستان چەند ساڵێكە گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە هیچ سیاسەتێك لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا كارناكات، هەر بۆیە لەماوەی ساڵانی ( 2012-2017) بە هەموو جیهانی راگەیاند، بێجگە لە خۆقوتاركردن لەو گێژاوە هیچ رێگە چارەیەكی دیكە لەبەردەم پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغدا نەماوە، دیارە لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا بە گشتی و لە دوای هاتنی داعش لە ( 2014-2017) جۆرە تێگەیشتن و وەڵامدانەوەیەكی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە كوردستان دروست ببوو، كە چیدیكە كوردستان بەشێك نەبێت لە پرۆسەی سیاسیی عێراق، ئەم وەڵامدانەوەیەش لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و پەیوەندیی هێزی پێشمەرگە بە سیستمی بەرگریی عێراقەوە تەواو رەنگدانەوەی هەبوو و رەزامەندیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی لەسەر هەبووە، دیارە لەسەر ئەم بنەمایە ساڵی پار حزب و لایەنەكانی كوردستان (بێجگە لە گۆڕان و كۆمەڵ) بڕیاریان دا كە لە 25ی ئەیلوولی ساڵی پار ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، بەڵام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی غەدری لە كوردستان و خەڵكی كوردستان كرد و جارێكی دیكە كوردستانی خستەوە ناو سێ گۆشەی بەرمۆدای پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا و ئەمجارەیان ئەگەر قارەمانیەتی پێشمەرگە داستانەكانی پردێ و سحیلا و مەخموور و تەلسقۆفی تۆمار نەكردایە، ئەوا سێ گۆشەی بەرمۆدای پرۆسەی سیاسیی عێراق هەموو كوردستانی هەڵدەڵووشی و كوردستانی دەسڕییەوە.



بەهەرحال ئێستا جارێكی دیكە كوردستان كەوتۆتەوە ناو ئەو سێ گۆشەیەی بەرمۆدای پرۆسەی سیاسیی عێراق و سەركردایەتی سیاسیی كوردستانیش بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەزموونی 70 ساڵی لەگەڵ كۆی پرۆسەی سیاسیی عێراق هەیە و ماوەی 70 ساڵە بەردەوام، یان شەڕی چەكداری، یان سیاسی لە پێناوی بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان كردووە، بۆیە ئەمجارەش ئەركی قورس دەكەوێتە سەرشانی پارتی بۆ ئەوەی مامەڵەیەكی ئەوتۆ لەگەڵ پرۆسەی سیاسیی عێراق بكات كە رێگە نەدات شكستەكانی رابردوو دووبارە ببێتەوە.











لایەنە كوردستانییەكان بەگشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی، دەبێت لەم قۆناخەدا راشكاوانە دان بەو راستییانەدا بنێن، كە دووبارە بونیادنانەوەی عێراق لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و فرەیی و پەرلەمانی و دیموكراتیدا، كاری كورد نییە و بە كوردیش ئەو ئامانجە نایەتەدی، بەڵكو تەنیا پاراستنی ماف و جوگرافیای كوردستانی عێراق ئەركی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە، ئەوجا لەو دیوی حەمرینەوە عەرەبی سوننە دەیەوێت ئیمارەتێكی ئیسلامی رابگەیەنێت و لە پارێزگاكانی باشووریش عەرەبی شیعە خوازیاری ئەوە بێت ویلایەتی فەقیهی دووبارە بكاتەوە، ئەوە هیچ پەیوەندییەكی بە كوردستانەوە نییە و ئەوانە وەك نەتەوە مافی خۆیانە چ جۆرە حوكمڕانییەك هەڵدەبژێرن و دەیانەوێت چۆن ژیانی خۆیان رێكبخەنەوە. دیارە لەسەر ئەم پرسەش لە ساڵانی 2006 و 2007، ئەوكات ئیدارەی كۆمارییەكان دەیانویست لەسەر بنەمای هەرێمی كوردستان و دروستكردنی چەند هەرێمێكی دیكە بۆ پارێزگاكانی شیعە و سوننە عێراق بونیاد بنێننەوە و ئەمەشیان ناو لێنابوو: (پلانی A)، لەبەرامبەردا دیموكراتەكان بەرنامەیەكی دیكەیان هەبوو بە ناوی دابەشكردنی نەرم (Soft Partition) واتە عێراق بكرێتە سێ هەرێمی فیدڕاڵی بۆ (كورد و شیعە و سوننە) ئەمەشیان ناو لێنابوو (پلانی B)، لەبەرامبەر ئەم دوو پلانەی (كۆماری و دیموكراتەكان)، ئەمیتا ئیتزایۆنی بیرمەندی گەورەی ئەمریكی (پلانی Z)ی راگەیاند، ئەم پلانە بە مانای كۆتاپلان بوو بۆ ئەمریكا لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا و تیایدا بە راشكاوانە رایگەیاندبوو، هیچ پێویست ناكات لە واشنتۆنەوە نەخشەی رێگە بۆ رێكخستنەوەی عێراق دابڕێژن، لێگەڕێن عەرەبی سوننە و شیعە خۆیان چۆنیان پێ خۆشە با بەوجۆرە خۆیان رێكبخەنەوە.



ئەمە پەندێكی بەسوودە بۆ لایەنە كوردستانییەكانیش كە خۆیان نەكەنە داكۆكیكاری سەرسەخت لە پرۆسەی فیدڕاڵی و دیموكراتیی عێراقدا، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر ئەمریكایەك كە ئەو كات زیاتر لە 140 هەزار سەربازی لەناو عێراقدا هەبوو و تەواوی پرۆسەی ئاسایش و سەربازی عێراق لە بەردەستی هێزەكانی ئەمریكادا و لەناو هەموو وەزارەتێكی عێراقدا راوێژكارێكی هەبووبێت و نەیتوانیبێت شیعە و سوننە بگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی بە عێراقێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی رازییان بكات، ئەوا هەر هەوڵێكی لایەنی كوردستانی بەو ئاراستەیە لە هەوڵەكانی ئەمریكا سەركەوتووتر نابێت.











لایەنێكی دیكە كە گرنگە ئەویش راشكاوانە هەڵوەستەی لەسەر بكرێت، ئەوەیە كە لایەنی كوردستانی بە شێوەیەكی راستەوخۆ بەشێك نییە لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراق، بەڵكو بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دەبێتە بەشێك لە پرۆسەكە، سەركردایەتی سیاسیی كوردستان لە ماوەی ساڵانی شەڕی ناوخۆی نێوان عەرەبی سوننە و شیعە، هاوسەنگییەكی باشی راگرتبوو، راستەوخۆ نەدەبووە بەشێك لەو پرۆسە سیاسییە ئاڵۆزەی نێوان شیعە و سوننە، چاوەڕێی دەكرد، عەرەبی شیعە و سوننە خۆیان لەسەر بنەمایەك رێكبكەون، پاشان لایەنی كوردستانی خۆی تێكەڵاوی پرۆسەكە بكات، لە ئێستادا پرۆسەكە لەو كاتە زۆر ئاڵۆزترە، پرسەكە تەنیا ناكۆكییەكانی نێوان عەرەبی شیعە و سوننە نییە، بەڵكو ناكۆكی و ئاڵۆزییەكان لەنێوان خودی لایەنە شیعیەكانیش هەیە، هەر بۆ نموونە هەتا ئێستاش لیستەكەی سەدر ڤیتۆی لەسەر لیستەكەی مالیكی هەیە، لایەنەكانی حەشدی شەعبی لەناو لیستەكەی هادی عامریدا ڤیتۆیان لەسەر لیستەكەی حەیدەر عەبادی هەیە، لەناو سوننەش بە هەمان شێوە، ئەوجا لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە لەنێوان كۆی پێكهاتەی عەرەبی سوننە لەگەڵ كۆی پێكهاتەی عەرەبی شیعە كۆمەڵێك كێشەی ئاڵۆز و گەورە هەن و چارەسەكردنیان ئاسان نییە، هەر بۆیە ئەگەر پێشتر سەركردایەتی سیاسیی كوردستان بۆ ئەوەی لایەنی كوردستانی نەبێت بە بەشێك لە كێشەی عەرەبی سوننە و شیعە، هەنگاوێك لە پرۆسەی سیاسی دەهاتە دواوە و چاوەڕێی دەكرد، ئێستا دەبێت چەند هەنگاوێك بێتە دواوە و چاوەڕێی ئەوە بكات و بزانێت، ئاڵۆزی و ناكۆكییەكانی نێوان لایەنەكانی شیعە و شیعە، هەروەها لایەنەكانی سوننە و سوننە لە ناوخۆیاندا بە كوێ دەگات و دوای ئەویش ناكۆكی و كێشەكانی نێوان شیعە و سوننە بە كوێ دەگات.











بەپێی ئەو مەزەندانەی لەسەر ئایندەی پرۆسەی عێراق (نێوان شیعە و سوننە) دەكرێت، زۆر زەحمەتە كێشە و ئاڵۆزی ناوخۆی لایەنەكانی شیعە و شیعە، هەروەها سوننە و سوننە، بە ئاسانی چارەسەر بكرێن، نە پێشبینی ئەوەش دەكرێت، كۆی پێكهاتەی عەرەبی شیعە و سوننە لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی سیاسی رێكبخرێنەوە، هۆكاری سەرەكیش بۆ ئەم رەشبینییە ئەوەیە كە لەناو هەردوو پێكهاتەی عەرەبی سوننە و شیعەدا، پەرتەوازەیی سیاسی گەیشتۆتە ئەوەی كە فرەكوێخایی زۆر بێت و هیچ لایەك كاغەزی ئەوی دیكە نەخۆێنێتەوە، ئەمە وادەكات كە لایەنی كوردستانی بیر لە نێوماڵی كوردستان بكاتەوە و هەوڵبدات هەر چۆنێك بۆی دەكرێت رێگە نەدات ئەو پەرتەوازەییەی نێوماڵی شیعە و سوننە لە كوردستانیشدا رەنگ بداتەوە، راستە ئێستا جۆرێك لە پەرتەوازەیی سیاسی لە نێوماڵی كوردستاندا هەیە، بەڵام نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە لە نێوماڵی عەرەبی شیعە و سوننەدا هەیە، لە كوردستان پارتی و یەكێتی دەتوانن بە ئاسانی ئەو پەرتەوازەییە سیاسییە چارەسەر بكەن، بەڵام لەناو سوننە و شیعە دوو هێزی بەو شێوەیە نین كە بتوانن بارودۆخەكە راست بكەنەوە.
Top