تێپەڕاندنی قەیرانەكان و بووژانەوەی ئابووری و هەڵكشانی جووڵەی بازاڕ بەرهەمی سیاسەت و ستراتیژیەتی نەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە
May 19, 2018
راپۆرتەکان
لەناو ئەم قەیرانە ئابوورییە گەورەیەدا، چەندین رووداوی بەدوادا هاتن كە هێندەی دیكە قەیرانە ئابوورییەكەی گەورەتر كرد و باری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەو هەڵاوسانێكی گەورە برد، ئەو رووداوانەش بریتی بوون لە:
1- دابەزینی نرخی نەوت بە شێوەیەكی هێجگار گەورە كە بۆ یەكەمین جار بوو لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە ئەو دابەزینە گەورەیە بەخۆیەوە ببینێت و نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ نزیكەی 20 دۆلار بێتە خوارەوە.
2- داگیركردنی موسڵ لەلایەن تیرۆریستانی داعش و راگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و شام و، هاتنی ئاوارەیەكی زۆری ناوچەكانی ناوچەكانی عەرەبی سوننەی عێراق و كوردی سووریا بۆ هەرێمی كوردستان.
3- هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و ژینۆسایدكردنی كوردانی ئێزدی، بەمەش بەرەیەكی شەڕی سەربازی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش دروست بوو كە زیاتر لە 1000 كیلۆمەتر بوو، هاوكات لەگەڵ هێرشی تیرۆریستانی داعشیش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، ژمارەیەكی زۆر زیاتر ئاوارە روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، كە بەپێی ئاماری رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لەماوەی تەنیا دوو مانگدا هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نزیكەی دوو ملێون ئاوارە كردبوو، بەمەش رێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان لەماوەی دوومانگ و بە شێوەیەكی زۆر كتوپڕ بە رێژەی 30% زیادی كرد.
دیارە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە 29ی نیسانی 2014 یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی گرێدا و نێچیرڤان بارزانی وەك كاندیدی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان راسپارد، راستە ئەو كات كێشەی سەرەكیی كوردستان لەگەڵ بەغدا تەنیا كێشەی بڕینی پشكی هەرێمی كوردستان بوو لە بودجەی عێراق لەلایەن حكومەتی نوری مالیكییەوە، بەڵام هێشتا كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان متمانەی لەلایەن پەرلەمانەوە پێنەدرابوو كە موسڵ داگیركراو داعش خەلافەتی راگەیاندو شەڕێكی گەورە بەرۆكی كوردستانی گرت و ئاوارەیەكی زۆریش رووی لە هەرێمی كوردستان كرد.
دیارە فاكتەری سەرەكی كە بووە هۆكارێكی گرنگ بۆ ئەوەی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوسەنگیی تێكنەچێت و بتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخە سەختە بكات، رۆڵی سەرۆك مسعود بارزانی بوو، كە لەگەڵ دەستپێكی هێرشی تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان، كۆشكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی بەجێهێشت و جارێكی دیكە بە تەمەنی 70ساڵییەوە چووەوە سەنگەرەكانی پێشمەرگە و سەركردایەتی ئەو شەڕە گەورەیەی كرد، كە بێگومان ئەو شەڕە لە سەرەتادا بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان شەڕێكی تازە بوو، هێزی پێشمەرگە ئەزموونی شەڕی تیرۆریستانی نەبوو، بەڵام بە دروستكردنی هەماهەنگییەكی پتەو لە نێوان ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەدا، سەرۆك بارزانی توانی ئاراستەی شەڕەكە بەرەو سەركەوتنێكی گەورە بەرێت، ئەمەش نەك هەر لە بەرەكانی باشوری كوردستانەوە، بەڵكو بەناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ و ئازادكردنەوەی كۆبانێ، ئەفسانەی تیرۆریستانی داعشی لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان بەتاڵ كردەوە .
ئەم رۆڵەی سەرۆك بارزانی بۆ سەركردایەتیكردنی راستەوخۆی بەرەكانی شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، بووە كۆڵەگەیەكی سەرەكی بۆ ئەوەی نێچیرڤان بارزانی بتوانێت بە كارامەیی و لێهاتوویی بەشێوەیەكی ئەوتۆ كابینەی هەشتەم ئاراستە بكات كە ئیدارەی كۆی قەیران و كێشەكان بكات.
دیارە ئەزموونی نێچیرڤان بارزانی وەك دەوڵەتمەدارێكی لێهاتوو بۆ كاری پێكەوەیی لەنێوان حزبە سیاسییەكان و درووستكردنی ژینگەیەكی لەبار بۆ هەڵسووڕاندنی كۆی دامەزراوەكانی حكومەت پێكەوە، پێشینەیەكی سەركەوتووی هەیە. نێچیرڤان بارزانی یەكەمین سەركردە و دەوڵەتمەداری كوردستانە كە توانی بۆ یەكەمین جار سەرۆكایەتی حكومەتێكی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بە سەركەوتوویی لە كابینەی پێنجەمدا بكات، ئەم سەركەوتنەی نێچیرڤان بارزانی لە كابینەی پێنجەمدا، جیا لەوەی بووە بەردی بناخەی كاری هاوبەشی پارتی و یەكێتی و حزبەكانی دیكەش لەناو یەك حكومەتدا، لەهەمان كاتدا بووە جێگەی سەرنج و سەرسوڕمانی تەواوی ناوەندەكانی جیهان و، هەرێمی كوردستان بووژانەوەیەكی ئەوتۆی بەخۆیەوە بینی كە لە هەموو جیهاندا بە «عێراقەكەی دیكە» ناویان دەبرد، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوە بوو كە لە ساڵی 2007 زانكۆی واشنتۆن جیفرسۆن دكتۆرای فەخری بە نێچیرڤان بارزانی بەخشی و، جێگەی ئاماژە پێكردنە لە مێژووی ئەم زانكۆیەدا ئەوە یەكەمین جار بوو كە ئەو دكتۆرا فەخرییە بدرێتە كەسێك كە هاونیشتمانی ئەمریكا نەبێت.
بێگومان سەرۆكایەتیكردنی كابینەی هەشتەمی حكومەت، ئەزموونێكی قورستر بوو لە كابینەی پێنجەم بۆ نێچیرڤان بارزانی، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو جیا لەوەی كابینەی هەشتەم لە پێنج حزبی سەرەكیی ناتەبا (گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو و پارتی) پێكهاتبوو، لە هەمانكاتدا لە كابینەی پێنجەمدا هیچ كام لە قەیرانەكانی ئابووری و شەڕێكی گەورەی وەك شەڕی دژی داعش بوونی نەبوو، بەڵام ئەمجارەشیان نێچیرڤان بارزانی لە ژێر چەتری سەرۆك مسعود بارزانی، توانی بەشێوەیەك سەرۆكایەتی كابینەی هەشتەم بكات كە هێزێكی سەرسووڕهێنەری ئەوتۆ لەو پێنج حزبە ناتەبایە دروست بكات كە نەك هەر توانی ئیدارەی هەموو قەیرانەكان بكات و خەرجییەكانی شەڕێكی گەورەی جیهانی وەك شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دابین بكات، لە هەمانكاتدا وێنەیەكی بۆ كوردستانێكی فرە ئایین و نەتەوە و ئایدیۆلۆژیەتی جیاواز، دروستكرد، كە هەموو جیهان كوردستان وەك نیشتمانی حوكمڕانیی باش و پێكەوەژیان و لێبووردەیی سەیر بكەن و، بە شانازییەوە گوێ لە شاندەكانی كوردستان بگرن كە پێكەوە بە یەكگرتوویی باسیان لە مافی بڕیاردانی چارەنووس دەكرد.
لێرەوە ئەگەر سەیری سەرۆكایەتیی نیچیرڤان بارزانی لە كابینەی هەشتەمدا بكەین، دەبینین لە ماوەی 22ی حوزەیرانی 2014 هەتا سەرەتای حوزەیرانی 2015، كوردستان توانیویەتی ئەم دەستكەوتە سەرسووڕهێنەرانە بەدەست بهێنێت:
1- كابینەی هەشتەم یەكەمین حكومەت بووە لە مێژووی عێراق و كوردستاندا كە بێ بوونی بودجە كارەكانی خۆی لەناو قەیرانی شەڕ و دارایی بە سەركەوتوویی بەڕێوەبردووە.
2- لەگەڵ ئەوەی كابینەی هەشتەم، حكومەتی هەرێمێك بوو لەناو دەوڵەتێكی بەناو فیدڕاڵی و مامەڵەی حكومەتی دەوڵەتێكی سەربەخۆی لەگەڵ نەدەكرا، بەڵام لۆژیك و لێهاتوویی و دەوڵەتمەداریی نێچیرڤان بارزانی بووە هۆكاری ئەوەی نەوتی كوردستان بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا بە رێگەی بۆری هەناردەی دەرەوە بكرێت و بە كۆمپانیاكانی جیهان بفرۆشرێت، ئەم هەنگاوەش بینیمان چۆن لەلایەن بەغداوە رێگری لێدەكرا و ئاستەنگی بۆ دروست دەكرا.
3- لە ماوەی ساڵی (2014-2015) راستە دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش لە رووی چەك و مەشق و راهێنانەوە هاوكاریی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كردووە، بەڵام هیچ كام لەو دەوڵەتانە بە ئەمریكاشەوە، بە یەك دۆلار بۆ مووچەی پێشمەرگە هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان نەكردووە، بەڵام شێوازی هەڵسووڕاندنی حكومەت لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، توانی لە ماوەی ئەو یەك ساڵەدا 10 مووچەی تەواو (بەبێ پاشەكەوت) بۆ هەموو هێزی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی كوردستان دابین بكات، كە بەشێكی زۆری ئەم مووچەیە بە رێگەی پێدانی قەرز بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دابینكرابوو.
4- هەر لەماوەی ئەو ساڵەدا سەرۆك بارزانی داوای لە ئیدارەی ئۆباما كرد، هەتا پارتی و یەكێتی لە لیستی رەشی حكومەتی ئەمریكا دەرنەهێنرێن، سەردانی ئەمریكا ناكات، لەسەر ئەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی ئەمریكا پارتی و یەكێتی لە لیستی رەش دەرهێنا.
5- هەر لەماوەی ئەو ساڵەدا پەرلەمانی ئەوروپا بە فەرمی داوەتی مسرور بارزانی راوێژكاری ئاسایشی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەوەی لەسەر شێوازی تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان باسێك پێشكەش بكات، پاشانیش پێشوازیان لە شاندی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد و لەمەش زیاتر بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا سەرۆكی فەرەنسا خۆی هاتە كوردستان و دواتریش لە كۆشكی ئەلێزی پێشوازی لە شاندی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد.
6- هەر لەماوەی ئەو ساڵەدا شاندی كوردستان بەسەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی و ئەندامیەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت لە لیستی یەكێتی و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ وەزیری ئاوەدانكردنەوە لە لیستی یەكێتی و مستەفا سەید قادر لە لیستی گۆڕان، سەردانی (كۆشكی سپی)یان كرد و لەلایەن سەرۆك ئۆباما و جوزیف بایدن-ی جێگری سەرۆك و بەشی زۆری ستافی ئیدارەی ئۆباما كۆبوونەوە و بە راشكاوی باسیان لە زەروورەتی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان كردووە، بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا ئیدارەی ئەمریكا بە شاندی كوردستانیان راگەیاندووە كە ئێمە دژی سەربەخۆیی كوردستان نین، بەڵام لەكوردستان با حزبە سیاسییەكان ژوورێكی عەمەلیات بۆ ئەم پرۆسەیە دروست بكەن و نەخشە رێگە بۆ هەنگاوەكانی داهاتووتان دابڕێژن.
بەڵام مخابن گەیشتن بەم لوتكەی سەركەوتنانە لەناو ئەو هەموو قەیرانە ئابوورییە و ئەو شەڕە گەورە خوێناوییەی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش ئەنجامیدا. هەوڵێكی زۆر خراپ خرایەگەڕ بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی لە كوردستان پەكی بخرێت و كابینەی هەشتەم لە سەركەوتنەكانی رابگرن، بەڵام وێڕای ئەوەی لەدوای ئەم بەروارەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین كێشەی ناوخۆیی ترسناكی بۆ دروستكرا، هێشتا لەسەر پێی خۆی راوەستاوە و لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی وەك نوێنەری شەرعیی هەرێمی كوردستان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
كابینەی هەشتەم وەك ئەسپە شێ لەگەڵ كێشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان جەنگاوە و بازی بەسەردا داون
دوای بەڕێكردنی ساڵێكی زۆر سەركەوتووی كابینەی هەشتەم بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی و دەركەوتنی ئاسۆیەكی گەش بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و خۆئامادەكردن بۆ دانانی پلانێكی گەورە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئابووری و هەنگاوهەڵگرتن بۆ چۆنیەتی پێكەوە كاركردن بە ئامانجی دەستكردن بە وتووێژێكی راشكاوانەی ئاشتییانە لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی ئەگەر كرا كێشەكانی نێوان كوردستان و عێراق بە دیالۆگ چارەسەر بكرێت و، ئەگەر نەكرا، بیر لەوە بكرێتەوە كوردستان و عێراق ببنە دوو دراوسێی باشی یەكتری. لەم ساتەوەختە مێژووییە گرنگە چارەنووسسازەی بۆ كوردستان هاتبووە پێشەوە، خوالێخۆشبوو نەوشێروان مستەفا رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان پیلانی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان داڕشت و هەموو هەوڵی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دەستكەوتە سیاسی و دیپلۆماتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ریشەوە هەڵبكێشێت، ئەوجا بۆ ئەوەی پیلانەكەشی بە سەركەوتوویی جێبەجێ بكات، بە ئاشكرا رایدەگەیاند بۆ ئەم پرسە (واتە گۆڕینی هەڵبژاردنی سەرۆك راستەوخۆ لەناو خەڵكەوە بۆ هەڵبژاردنی لەناو پەرلەماندا) هیچ دیالۆگێكی سیاسی لەسەر ناكرێت و دەبێت لەناو پەرلەماندا بە یاسا یەكلایی بكرێتەوە. راشكاوانەتر پیلانەكە ئاشكرا بوو كە ئامانج لێی كودەتایەكە و دەیەوێت بەسەر پارتی و كابینەی هەشتەمدا بیكات، ئەگەرنا لەناو چ هاوپەیمانییەكی سیاسی كە پێكەوە حكومەتێك بەڕێوەبەرن، دەرگای دیالۆگی سیاسی دادەخرێت؟!
خوالێخۆشبوو نەوشێروان مستەفا، غیابی مام جەلالی بە هۆی نەخۆشییەوە لە یەكێتی بە فرسەت وەرگرتبوو، توانیبووی جڵەوگیریی هەموو پەرلەمانتارەكانی یەكێتی لەناو پەرلەمانی كوردستان بكات، هەروەها كۆمەڵی ئیسلامیشی هێنابووە ژێر بار و بەشێكی پەرلەمانتارەكانی (سلێمانی) یەكگرتووی ئیسلامیشی قەناعەت پێكردبوو كە لە رێگەی ئەوانەوە تەواوی پەرلەمانتارەكانی یەكگرتووش لە پەرلەماندا پشتگیری ئەم كودەتایەی بكەن.
لەسەرەتای جێبەجێكردنی ئەم پیلانەوە، سەركردایەتیی پارتی لە ئامانج و مەبەستی پشت ئەم پیلانە تێگەیشتبوون، بۆیە شەخسی نێچیرڤان بارزانی خۆی سەردانی خوالێخۆشبوو نەوشێروان مستەفای كرد، ئەمەش بەو ئامانجەی دەرگای دیالۆگی سیاسی بكاتەوە و چەند ئۆبشنێك دروست بكرێت و پاشان لەسەر ئۆپشنە جیاوازەكان بە جۆرێك بژار بكرێت كە هەموو لایەك خۆی بە براوە بزانێت و ئەم ژینگە لەبارەی بۆ كوردستان هاتۆتەپێشەوە لەبار نەبرێت، بەڵام بەداخەوە ئەو هەوڵەی نێچیرڤان بارزانی لە بەرامبەر عینادیی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان سەركەتوو نەبوو، بە كردەیش لە 23ی حوزەیرانی 2015 یوسف محەمەد كە سەرۆكی پەرلەمان بوو لەسەر لیستی گۆڕان لە چوارچێوەی زۆرینە و كەمینەدا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ ئەو پیلانە كرد كە رێكخەری گۆڕان وەك پڕۆژە یاسا ئامادەی كردبوو.
لەماوەی 23ی حوزەیرانی 2015 تا شەوی 19ی ئابی 2015، پارتی دیموكراتی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حزبە سیاسییەكانی كوردستان و بە هاوكاریی بەریتانیا و ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەوڵی ئەوەدا بوو كە ئەم پیلانەی خرابووە چوارچێوەی پڕۆژەی یاسایەكەوە بە كردنەوەی دیالۆگی سیاسی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبوەشێتەوە، بەڵام وێڕای ئەوەی لە بەرەبەیانی 19ی ئابی 2015 بە ناوبژیوانی بەریتانیا و ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان توانرا نوێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان بگەیەندرێتە قەناعەت كە بۆ ماوەی 72 كاتژمێر كۆبوونەوەی رۆژی 19ی ئاب دوابخرێت بۆ ئەوەی لەماوەی ئەو سێ رۆژەدا رێگەچارەیەكی مامناوەندی بدۆزرێتەوە و ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت، بەڵام تەنیا چەند كاتژمێرێك دوای واژووكردنی ئەو رێككەوتنە، یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان لە سەر لیستی گۆڕان، ئەو رێككەوتنە مەزنەی ژێرپێ خست و پێداگری كرد كە دەبێت كۆبوونەوەكە هەر گرێ بدرێت، لەم حاڵەتەشدا كۆمەڵێك پەرلەمانتاری نیشتمانپەروەر كە تێگەیشتن ئامانج لەو كۆبوونەوەیە دروستكردنی فیتنەو ئاژاوەیە لە كوردستان، بەشێكیان هەر لەناو هۆڵی پەرلەمان دەست لەكاركێشانەوەی خۆیان لە پەرلەمان راگەیاند و بەشێكی دیكەشیان لە فراكسیۆنەكانی (یەكگرتوو، شیوعی، سۆشیالیست و كۆتاكان) دەنگیان خستەپاڵ دەنگی فراكسیۆنی پارتی و بەشداری كۆبوونەوەكەیان نەكرد، بەمەش نیسابی یاسایی بۆ كۆبوونەوەكە دروست نەبوو، پەرلەمانیش نەیتوانی كۆبوونەوە بكات.
پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەشی كە پیلانەكەی رێكخەری گۆڕان بە تەواوەتی بۆ هەموو لایەك ئاشكرابوو، نەیتوانی بەرگێكی یاسایی بە بەری كودەتاكەیدا بكات، دووبارە دەستپێشخەری كردەوە كە پارتی ئامادەیە درێژە بە كۆبوونەوە سیاسییەكان بدات، بۆ ئەوەی ئەم كێشەیە بە دیالۆگی سیاسی چارەسەر بكرێت، بەڵام دیار بوو، بزووتنەوەی گۆڕان و رێكخەرەكەی، ئەم سیاسەت و ستراتیژە نەرمەی پارتی وەك جۆرێك لە لاوازیی پارتی خوێندەوە و لەسەر ئەم خوێندنەوەیە كۆمەڵێك حیسابی غەڵەتی كرد، ئەمەش ئەوە بوو لە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری 2015 لەو كاتەی نوێنەرانی هەر پێنج حزبەكە (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتوو) لە هۆتێلی شاری جوان لە سلێمانی لە كۆبوونەوەدا بوون، بزووتنەوەی گۆڕان كۆمەڵێك هەرزەكار و مێرمنداڵی هان دا، بچنە سەر ئەو كۆبوونەوەیە و تێكی بدەن، لەدوای ئەمەش بە ناوی خۆپیشاندانەوە هەڵیان كوتایە سەر بارەگاكانی پارتی و لە قەڵادزێ هەتا گەرمیان هەموو بارەگاكانی پارتییان سووتاند و ژمارەیەك كادری پارتییان شەهید و بریندار كرد، لەم حاڵەتەدا ئیدی پارتی گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە بە دەنگی بەرز بە بزووتنەوەی گۆڕانی راگەیاند (ئیتر دەبێت بەس بێت)، بەمەش رێككەوتنی سیاسی خۆی بۆ پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ گۆڕان هەڵوەشاندەوە و وەزیر و سەرۆكی پەرلەمانی لیستی گۆڕانی رەوانەی ماڵەوە كردەوە.
بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەو بنەمایە پیلانی بۆ ئاژاوەگێڕی دانابوو، ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان پەنا بۆ بڕیارێكی یەكلاكەرەوەی لەو جۆرە ببات، ئەوا حزبەكانی دیكەش لە حكومەت دەكشێنەوە و كابینەی هەشتەمی حكومەتی كوردستان دەڕووخێت و ئیدی ئەو دەستكەوتانەش نامێنن كە كابینەی هەشتەم شانازی پێوە دەكات، بەڵام ئەمجارەشیان حیساباتەكانیان هەڵە دەرچوو، نە هیچ حزبێك لە دوای ناردنەوەی وەزیر و سەرۆكی پەرلەمانەكەی گۆڕان كشانەوە، نە هیچ ناوەندێكی نێودەوڵەتییش حیسابی لایەنێكی سیاسی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان كرد. دوای هەموو ئەمانەش وێڕای ئەوەی ماوەی نزیكەی دووساڵ هەوڵ لەگەڵ گۆڕان درا كە بەخۆیدا بچێتەوە و لەسەر بنەمای رێككەوتنێكی تازە بگەڕێتەوە ناو حكومەت، بەڵام گۆڕان جارێكی دیكە دەستی دایە عینادی و لەبری ئەوەی كێشەكانی كوردستان بە دیالۆگ چارەسەر بكات، هەوڵیدا لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەگەڵ یەكێتی بەو ئامانجەی بە حیساب باڵانسی هێز لە كوردستان دەگۆڕێت و ئەمجارەیان بە چەك كێشەكانی لەگەڵ پارتی یەكلایی دەكاتەوە، بەڵام چونكە بەشێكی سەركردایەتی یەكێتی لە نییەت و مەرامی رێكخەری گشتی گۆڕان تێگەیشتبوون، ئەوە بوو لێكترازانێك لە ناو یەكێتی بەناو (باڵی ناوەندی بڕیار) روویدا و رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان كاری پێنەكرا، لەدوای ئەمەش رێكخەری گشتی چووە هەندەران و بەداخەوە ئەوە دوایین سەفەری بوو، كۆچی دوایی كرد. دوای ئەوەش كە پیلانەكەی دیكەشی لەژێر ناوی (گۆڕینی باڵانسی هێز لە كوردستان) شكستی هێنا، ئیدی حزبە سیاسییەكانی كوردستان گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە چیدیكە ناكرێت بە هۆی عینادیی بزووتنەوەی گۆڕان پەرلەمان پەكی بخرێت، ئەوە بوو لە ئەیلوولی 2017 پەرلەمان كاراكرایەوە و ئێستاش پەرلەمان بە شێوەیەكی ئاسایی كۆبوونەوەكانی خۆی بەڕێوە دەبات.
لەماوەی ئەو دوو ساڵەی نێوان ئۆكتۆبەری 2015 هەتا ئۆكتۆبەری 2017، كابینەی هەشتەم بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی توانی كۆمەڵێك سەركەوتنی دیكە لە كارنامەی خۆیدا تۆمار بكات كە بریتی بوون لە :
1- دوای هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم لە نێوان پارتی و گۆڕان، نێچیرڤان بارزانی بە زمانێكی بەرز مامەڵەی لەگەڵ وەزیرەكانی گۆڕان كرد و بەشێوازێكی ئاست بەرز تێیگەیاندن كە بەم شێوازە حوكمڕانی لە وڵاتدا ناكرێت، هەروەها پێی راگەیاندن كە وەك حكومەت ئێمە هیچ گلەییمان لە وەزیرەكانی گۆڕان نییە، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان رێز لەو رێككەوتنە ناگرێت كە بەشداری كابینەی هەشتەمی پێكردووە، هەروەها بە زمانیكی بەرز مامەڵەی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی دیكەی حكومەت كردو درێژەی بە بەرنامە چاكسازییەكەی خۆی و چارەسەركردنی قەیرانی ئابووری دا، توانی لە مانگەكانی ئاب و ئەیلوولی 2017 لیژنەیەك بۆ پێداچوونەوەی مووچە دابمەزرێنێت و بە سیستمێكی تازە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت، بەڵام بەداخەوە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، ئەم پرۆسەی دواخست بۆ كۆتایی مانگی ئاداری 2018.
2- لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا، كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانی ژینگەیەكی ئەوتۆی سیاسی دروست بكات، كە بەشێكی زۆری حزبە سیاسییەكان بتوانن لەیەكتری بگەن و بتوانن پێكەوە بڕیار بدەن، ئەوجا وێڕای ئەوەی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان و عێراق و فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان و عێراق، هەروەها بەشێك لە پەرلەمانتارانی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان و عێراق، هەموو هەوڵی خۆیان بۆ دژایەتی هەرێمی كوردستان و كارەكانی كابینەی هەشتەم خستبووەگەڕ، بەڵام نەیانتوانی كاریگەریان هەبێت و توانرا پرۆسەی ریفراندۆم سەركەوتووانە ئەنجام بدرێت و خەڵكی كوردستانیش بە رێژەی 92،7% دەنگیان بە بەڵێ بۆ ریفراندۆمەكە دا.
3- لەماوەی ئەو دوو ساڵەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حكومەت دوور خرایەوە، كابینەی هەشتەم توانی لەگەڵ بەغدا رێككەوتن لەسەر هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بە رێگەی بۆرییە نەوتییەكانی كوردستان بكات و پارەی پترۆدۆلاری پارێزگای كەركووكیش بدات، هەروەها توانی بە هاوكاری بانكی نێودەوڵەتی ژێرخانی ئابووریی كوردستان رێكبخاتەوە، بەرواری هەڵبژاردنەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دیاری بكات.
4- سیستمی بایۆمەتری بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی كوردستان و هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆ بە سەركەوتوویی ئەنجامدارا، ئەم پڕۆژەیە بۆتە بناخەی پڕۆژەیەكی گەورەتری چاكسازی كە سەرلەنوێ سیستمی خانەنشینی نایاسایی و مووچەخۆری بن دیوار چارەسەر دەكات و توانی مووچەی كۆی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە رێكبخاتەوە و ئێستا حكومەت ئەم پڕۆژەیەی رەوانەی پەرلەمانی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی پەرلەمان یاسای بۆ دەربكات.
ئەم ئاراستەیەی كە كابینەی هەشتەمی حكومەتی كوردستان لەماوەی ئەو دوو ساڵەی گۆڕان لە حكومەت دوور خرابووە، سەرلەنوێ بنەمای دامەزراوەكانی دەوڵەتی بەو جۆرە رێكخستبۆوە كە جارێكی دیكە هەرێمی كوردستان بەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیشەوە پشت بە خۆی ببەستێت و خۆی لەو گوشارانە رزگار بكات كە هەر جارەی بە بیانوویەك حكومەتی بەغدا هەوڵیدەدا بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان ببڕێت، بەڵام بەداخەوە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لە ئاكامی ئەو خیانەتەی تاقمێك لەناو یەكێتی كردیان و كەركووكیان تەسلیمی هێزەكانی حەشدی شەعبی كرد، هەوڵیاندا نەك هەر تەنیا كابینەی هەشتەم بڕووخێنن بەڵكو هەوڵیاندا قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان بسڕنەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەگەڵ ئەوەشی دوو حزبی دیكە (كۆمەڵ و یەكگرتوو) لە حكومەت كشانەوە و یەكێتی نیشتمانی-یش نەیدەتوانی وەك قەبارەی خۆی پشتگیری حكومەت بكات، بەڵام دیسان لۆژیك و لێهاتوویی نێچیرڤان بارزانی وەك دەوڵەتمەدارێكی بەئەزموون ئەو بارە سەخت و دژوارەی راست كردەوە و گەیاندوویەتە ئەو ئاستەی كە خەڵكی كوردستان بە ئومێدەوە سەیری ئایندەی وڵاتەكەیان بكەن.
كابینەی هەشتەم و تێپەڕاندنی
كارەساتی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر
ئەگەر تاقمی خیانەتكاری 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لەو ژینگە ئاڵۆزەی سلێمانی دڵنیا نەبوونایە كە خیانەتەكەیان بە جۆرێك لە جۆرەكان لەلایەن كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕانەوە پەسەند دەكرێت، نەیاندەتوانی ئەوا بێ باكانە پەنا بۆ خیانەتێكی لەوجۆرە بەرن و بەو ساناییە ئەو خیانەتە گەورەیە بكەن و كەركووك تەسلیمی حەشدی شەعبی و فەیلەقی قودس بكەن.
ئامانجی ئەم خیانەتە لەگەڵ ئەوەی پشكی شێری بە زیان بۆ یەكێتی شكایەوە و گەورەترین گورزی گورجكبڕی لە یەكێتی دا، لە بنەڕەتدا بە ئەقڵێكی هەرزەكارانەی ئەوتۆ هەنگاوی بۆ هەڵگیرابوو، هەتا ئەگەر حزبەكەی خۆشیان لەبەریەك هەڵبوەشێتەوە، ئەوا نابێت پارتی دیموكراتی كوردستان شانازیی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستانی پێ ببڕدرێت. هەر بۆیە ئەم خیانەتە بەرهەمی ئەو سیاسەتی رق و كینە و یەكتری رەتكردنەوەیە كە ماوەی زیاتر لە 50 ساڵە سەرانی گۆڕان و ئەو تاقمە خیانەتكارەی ناو یەكێتی دژایەتی پارتی پێدەكەن.
ئامانجێكی دیكەی تاقمی خیانەتكاری 16ی ئۆكتۆبەر ئەوە بوو، ئەگەر پارتی نەیتوانی كۆنتڕۆڵی خۆی بكات و لە ئاكامی ئەو خیانەتە پەنای بۆ چەك برد دژی تاقمی خیانەتكار، ئەوا ئەو تاقمە وایان دانابوو بە هاوكاری فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بە پێش لەشكری بۆ حەشدی شەعبی شەڕێكی یەكلاكەرەوە لەگەڵ پارتی بكەن و بە حیسابی خۆیان پارتی لەناو بەرن و جادەكە بۆ خۆیان تەخت بێت.
بەڵام بە درێژایی مێژووی پارتی لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا، هەمیشە پارتی لە رووبەڕووبوونەوەی كێشە گەورە چارەنووسسازەكاندا، بە لوژیكی دووربینانە مامەڵەی كردووە و هەتا پێی كرابێت، رێگەی نەداوە خوێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێت، كە لەم هەنگاوەشدا سەركەوتوو بووبێت، ئەوجا زانیویەتی چۆن وەڵامی داگیركەرانی كوردستان دەداتەوە.
دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریش جارێكی دیكە پارتی لەسەر بنەمای ئەم لۆژیكە مامەڵەی لەگەڵ ئەو كارەساتە گەورەیە كرد و لەماوەی چەند رۆژیكدا مەترسیی شەڕی كوردكوژی دوورخستەوە و بە جۆرێكی دیكە بەرەی خۆی بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان رێكخستەوە و، تەنیا چوار رۆژ دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر توانی لە داستانی پردێ و سەحێلا و تەلسقۆف، بەو زمانە قسە لەگەڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی و راوێژكارە سەربازییەكانی فەیلەقی قودس و حزبوڵای لوبنانی بكات كە لێی تێدەگەن و بە دەیان سەدان تانك و زرێپۆش و هامەر و چەكی هەمەجۆری بە تێكشكاوی پێ بەجێهێشتن، ئەم داستانانە جیا لەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستانی پاراست، لە هەمانكاتدا بەغداشی ناچار كرد كە لەوە تێبگات بە هێرشی سەربازی ناتوانێت ئامانجەكانی بێنێتەدی.
هەتا ئێرە ئەمە بەشە سەربازییەكەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بوو، بەڵام كاتێك زانییان هێزەكانی پارتی پیلانە سەربازییەكەی تێكشكاندووەو رێگەنادات بە زەبری هێز هەرێمی كوردستان داگیر بكرێتەوە، ئیدی بەشە سیاسییەكەی ئەو پیلانە، لەلایەن گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و لیستە تازەكەی بەرهەم ساڵح-ـەوە بە ئاشكرا داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتی ئینقازی نیشتمانی دەكرا، لەمەش زیاتر بە شاندی هاوبەش دەچوونە خزمەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ حكومەتی شەرعیی هەرێمی كوردستان نەكات و خۆیان جێگەی بگرنەوە. لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستانیش بەتایبەتی لە زۆنی هەمەڕەنگ كەوتنە هاندانی فەرمانبەران و مامۆستایانی ئەو دەڤەرە بۆ ئەوەی بایكۆتی خوێندن بكەن و خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی پاشاگەردانی دروست بێت و سلێمانی بگێڕنەوە بۆ بەغدا و لە كوردستانی جیابكەنەوە.
لەمەش خراپتر بزووتنەوەی گۆران كە ماوەی دووساڵ بوو لە حكومەت دوورخرابۆەوە دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر بەفەرمی خۆی لە حكومەت كشاندەوە و دوابەدوای ئەویش كۆمەڵی ئیسلامی و مانگێك دوای ئەویش یەكگرتووی ئیسلامی لە حكومەت كشایەوە، مانەوەی یەكێتی نیشتمانیش تەنیا مانەوەی جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانیان بوو، بەبێ پشتیوانی راستەقینەی حزبەكەیان، هەر بۆیە ئەم بارودۆخە سەختە كەوتە سەرشانی پارتی دیموكراتی كوردستان و تێپەڕاندنی ئەم قەیران و كارەساتەش رووبەڕووی ئەزموون و لۆژیكی نێچیرڤان بارزانی كرایەوە.
لێرەوە ئەگەر وێنایەكی بارودۆخی ئەو كارەساتە بكەین كە رووبەڕووی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە و نێچیرڤان بارزانی توانی لەناو ئەو كارەساتە گەورەیەدا جارێكی دیكە كوردستان هەڵبستێنێتەوە و قەیرانی ئابووری تێپەڕێنێت و بارودۆخەكە بگێڕێتەوە بۆ پێش كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر، ئەوا دەبێت ئاماژە بەم خاڵانە بكەین:
1- بە داگیركردنەوەی كەركووك، حكومەتی عێراق نەوتی كەركووكی لە هەرێمی كورستان بڕی كە شادەماری ئابووری هەرێمی كوردستان بوو، ئەمەش واتە حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرچاوەیەكی زۆر كەمی داهاتی لەبەر دەست مایەوە بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابین بكات.
2- گەمارۆی ئاسمانی خرابووە سەر فڕۆكەخانەكانی كوردستان و حكومەتی عێراق رێگەی نەدەدا هیچ شاندێكی دەوڵەتان سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.
3- هەردوو دەوڵەتی دراوسێ (ئێران و توركیا) گەمارۆی ئابوورییان خستبووە سەر هەرێمی كوردستان .
4- حكومەتی عێراق بە شێوەیەكی زۆر غروور مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكرد و هەرێمی كوردستانی بە «پارێزگاكانی باكووری عێراق» ناوی دەبرد.
5- بارودۆخی سیاسیی كوردستان بە جۆرێك ئاڵۆز بوو كە بواری بۆ دیالۆگی سیاسی نەهێشتبووەو، خۆپیشاندانی فەرمانبەران گۆڕابوو بۆ ئاژاوەگێڕی و بانگەشەكردن بۆ جیاكردنەوەی سلێمانی لە كوردستان.
6- باری ئابووریی كوردستان كەوتبووە حاڵەتێكی هەڵاوسانی ئەوتۆ كە لە هەموو بوارەكاندا جووڵەی بازاڕ وەستابوو، پڕۆژەكانیش هەموویان راگیرابوون.
7- بەهۆی ئەو كارەساتەی لە ئاكامی ئەو خیانەتە بەسەر هەرێمی كوردستان هاتبوو، خەڵك بەشێوەیەكی گشتی جۆرێك لە بێ ئومێدییان لا دروست بوو، سەرباری ئەمانەش میدیاكانی دەڤەری زۆنی هەمەڕەنگ هەر هەموویان بە میدیاكانی یەكێتی نیشتمانیشەوە وەك ماكینەیەك بۆ رووخاندن و هەڵوەشانەوەی هەرێمی كوردستان خرابوونەگەڕ .
لەناو ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا و تەنیا لە ماوەی 100 -150 رۆژدا، نێچیرڤان بارزانی توانی بارودۆخەكە بەم شێوەیە پێچەوانە بكاتەوە:
نێچیرڤان بارزانی پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە جێبەجێكردنی دەستووری عێراق راگەیاند و بەمەش توانی یەكەم دەرگای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بكاتەوە و لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆك ئەمانوئیل ماكرۆن لە كۆشكی ئەلێزی وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی لەلایەن سەرۆكی فەرەنساوە پێشوازی لێكرا.
نێچیرڤان بارزانی توانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەردوو دەوڵەتی (ئێران و توركیا) ئاسایی بكاتەوە و دوای ئەوەی لە توركیا سەردانی فەرەنسای كرد، ئەمجارەیان لەبەغداوە سەردانی تارانی كرد.
لەسەر ئاستی زیادكردنی داهاتی حكومەت، پڕۆژەیەكی گەورەی چاكسازی راگەیاند و ئاراستەی پەرلەمانی كوردستانی كرد بۆ ئەوەی بە یاسا ئەو پڕۆژە گەورەیەی چاكسازی جێبەجێ بكرێت.
لەماوەی ئەو چەند مانگەدا، توانی چەند جارێك مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان و هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆ دابین بكات، بەمەش نەیهێشت، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كارەكانی رابوەستێت.
لەسەر بنەمای سیاسەتیكی نەرم و ئارامگر، دەرگای دیالۆگ و لێكتێگەیشتنی لەگەڵ حكومەتی بەغدا كردەوە و توانی گەمارۆی ئاسمانی لەسەر فڕۆكەخانەكانی كوردستان هەڵبگرێت و جارێكی دیكە دەروازەی ئاسمانی بە رووی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكاتەوە و سەردانی شاندی دەوڵەتان بۆ كوردستان دەستی پێكردەوە.
نەخشەیەكی رێگەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغدا دروستكرد و هەتا كێشەكانی هەرێم و بەغداش بە تەواوەتی چارەسەر دەكرێن، لەگەڵ حكومەتی عەبادی رێككەوت كە مانگانە بڕێك پارە بنێرێتە هەرێم بۆ ئەوەی لەگەڵ داهاتی ناوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت.
سیستمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران پێداچوونەوەی پێداكرا و داهاتی فەرمانبەرانی كوردستان بە رێژەی 100% زیادی كرد، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی بووژانەوەیەكی ئابووری دروست بێت و جووڵەی بازاڕ دەست پێ بكاتەوە.
لەسەر ئەم ئاراستە سەركەوتووە بەردەوامە و ئێستا جیا لەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی هەرێمی پێگە و شكۆی گەڕاوەتەوە بۆ پێش كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر، لەهەمانكاتدا لەگەڵ حكومەتی عێراقیش هەنگاو بەهەنگاو بۆ چارەسەری كێشەكان دەچنە پێش و ئێستا باس لەوە دەكرێت باری ئابووری كوردستانیش بەرەو باشتر دەچێت و بە تەواوەتی سیستمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران كۆتایی دێت.