مه‌سروور بارزانی: خه‌باتی ئێمه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆییه‌

مه‌سروور بارزانی: خه‌باتی ئێمه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆییه‌
له‌كاتی به‌شداریكردنی له‌ كه‌رنه‌ڤاڵی لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ سۆران، مه‌سروور بارزانی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتارێكی پێشكه‌شكرد و تێیدا جه‌ختی كرده‌وه‌، خه‌باتی ئێمه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆییه‌ و داوایكرد، ده‌نگ به‌ كاندیده‌كانی پارتی بدرێت، تا ته‌حدای ئه‌و ده‌نگه‌ نه‌شازانه‌ بكه‌ن، كه‌ ویستییان گه‌لی كوردستان له‌ مافی چاره‌نووس بێبه‌ش بكه‌ن.

مه‌سروور بارزانی رایگه‌یاند، گه‌وره‌ترین هێز و پارتی كه‌ پارێزگاری مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانی ئێوه‌یه‌، كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستانن.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌ڵبژاردنێكی چاره‌نووسسازه‌ و ده‌نگ و بڕیاری ئێوه‌، له‌ داهاتوودا چاره‌نووستان دیاری ده‌كات، نوێنه‌رانی پارتی به‌رگری له‌ ئاوات و ئامانج و خوێنی شه‌هیدان و ره‌نج و خه‌باتی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، جه‌ماوه‌ر و ده‌نگده‌ری پارتی به‌ ده‌نگه‌كانییان ته‌حه‌دای ئه‌وانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌یانه‌وێ ماف و ئامانجه‌كانتان له‌بیر ببه‌نه‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، شۆڕشه‌كانی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ داوای پله‌ و پۆست و پایه‌ بكه‌ن، نه‌ له‌به‌غدا و نه‌ له‌ هیچ كه‌س، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ پارێزگاری له‌ مافه‌كانی خۆمان بكه‌ین، پێشمه‌رگه‌ش هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ درووست بووه‌. ئه‌وانه‌ی خوێنی خۆیان رشتووه‌، بۆ مووچه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵكو بۆ ئازادی و مافی چاره‌ی خۆنووسین بووه‌ و نابێت ره‌نجه‌كانییان له‌ بیر بكه‌ین.

دووپاتیشی كرده‌وه‌، تاوانه‌ ئه‌مڕۆ كێشه‌ی كوردستان له‌ ئیمتیاز و پله‌ و پایه‌ و مووچه‌ بچووك بكرێته‌وه‌، ئێمه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ترمان هه‌یه‌، ئێمه‌ داوای سه‌ربه‌خۆیی و مافی چاره‌ی خۆنووسین بۆ گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ین.

هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه‌، شانازی به‌ ره‌نج و خه‌باتی هه‌زاران شه‌هید و مێژووی پارتییه‌وه‌ ده‌كه‌ین و خاوه‌نی زۆرترین مێژوویین و، شانازی به‌ شۆڕشه‌كانی شێخ عه‌بدولسه‌لام و شێخ ئه‌حمه‌د ده‌كه‌ین، خاوه‌نی شۆڕشی بارزانیین، خاوه‌نی خه‌بات و تێكۆشانی سه‌ركرده‌ ئیدریس بارزانیین و خاوه‌ن ئه‌نفال و شه‌هیدانین.

ئێستاش خاوه‌نی سه‌رۆكێكین كه‌ "سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی"ـیه‌ كه‌ له‌ پێشه‌وه‌ی سه‌نگه‌ره‌كان بووه‌ و، فیدرالی كرده‌ ئه‌مری واقیع، له‌ جه‌نگیشدا له‌به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ بووه‌ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ و ئه‌فسانه‌ی داعشی شكاند.

هه‌روه‌ها روونی كرده‌وه‌، ئه‌و سه‌رۆكه‌ له‌ سحێلا و پردێ توانی دوژمنانی كورد تێك بشكێنێت، توانیمان خه‌ونی خۆفرۆشان له‌ بارببه‌ین كه‌ ده‌یانه‌ویست كوردستان راده‌ستی دوژمنان بكه‌ن و خاك و نیشتمان بفرۆشن.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، به‌ ده‌نگی خه‌ڵك له‌ ده‌سه‌ڵات بوونه‌ و به‌رپرسیارن به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له‌ رابردوودا هه‌بوون‌. روونیشی كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یری سه‌قامگیری بكه‌ین، كوردستان بووه‌ته‌ نموونه‌ی ئارامی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سوپاسی جه‌ماوه‌ر و ده‌نگده‌ری پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد.

مه‌سروور بارزانی باسی له‌وه‌ش كرد، پێویسته‌ ته‌نها له‌سه‌ر كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌نگ نه‌ده‌ن، به‌ڵكو هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ پێشووتریش بكه‌ن، سه‌یری هه‌ولێر و دهۆك بكه‌ن.

مه‌سرور بارزانی جه‌ختی كرده‌وه‌، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی له‌ زۆنی هه‌مه‌ڕه‌نگ نه‌یتوانیوه‌ خزمه‌ت بكات، ئێستا حه‌ق نییه‌ په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ پارتی درێژ بكه‌ن، هه‌ر كاتێك توانیان وه‌ك هه‌ولێر و دهۆك خزمه‌تی زۆنی هه‌مه‌ڕه‌نگ بكه‌ن، ئه‌وكات حه‌قی خۆیانه‌ گله‌یی بكه‌ن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌موومان له‌ بیرمانه‌ له‌ 1975 بارزانی نه‌مر، خۆی و شۆڕشه‌كه‌ی قوربانی كه‌ركووك كرد و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ی نه‌دا بستێك خاكی كوردستان بداته‌ ده‌ست دوژمنان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش قاره‌مانانی ئه‌و وڵاته‌ خۆیان كرده‌ قوربانی ئه‌و خاكه‌، هه‌موو ئه‌و سته‌م و زوڵمه‌ی به‌سه‌ر میلله‌ته‌كه‌ماندا هاتووه‌ له‌ بیرمانه‌، نه‌ك هه‌ر 1975 به‌ڵكو شه‌سته‌كانیشمان له‌ بیره‌، كه‌ چۆن كوردستان فرۆشرا.

هه‌روه‌ها گوتی: بیرمانه‌ كه‌ چۆن خیانه‌ت له‌ كه‌ركووك و كوردستان كرا و راده‌ستی دوژمنان و داگیركه‌ران كرد، بیرمانه‌ ئه‌وانه‌ی سه‌رقاڵی سازشكردن بوون، پێشمه‌رگه‌ سه‌رقاڵی خه‌بات و تێكشكاندنی دوژمنان بوو له‌ پردێ و سحێلا.

دووپاتیشی كرده‌وه‌، به‌و قیڕه‌قیڕه‌ خیانه‌ت له‌بیر ناكرێت.

مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: خه‌ڵك هه‌بووه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئێمه‌ پێشبینیمان نه‌كردووه‌ كه‌ركووك بگیرێت و گله‌یی ده‌كات، به‌ڵێ راسته‌، ئێمه‌ پیشبینیمان نه‌ده‌كرد ئێستا خه‌ڵكێك هه‌بێت خیانه‌ت له‌ كوردستان بكات.

رێزمان بۆ هه‌موو تێكۆشه‌ران هه‌یه‌ كه‌ به‌رگریان له‌ كه‌ركووك و كوردستان كرد، رێزمان بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ هه‌یه‌ كه‌ خزمه‌تیان به‌ گه‌لی كوردستان كردووه‌، رووی ئێمه‌ش له‌ خیانه‌تكارانه‌ نه‌ك له‌ هیچ لایه‌نێكی سیاسی دیاری كراو، به‌ڵكو ته‌نها ئه‌و خیانه‌تكارانه‌ی كاتێك باسی كه‌ركووك و 16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌كرێت دێنه‌ وه‌ڵام.

له‌ كاتی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان بیرتان بێت ده‌نگ به‌وانه‌ بده‌ن متمانه‌تان پێیان هه‌یه‌، رێگری له‌وانه‌ بكه‌ن كه‌ رێگرییان له‌ ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم كرد، ئه‌وانه‌ی ره‌نج و زه‌حمه‌تیان نه‌بینیوه‌ و رۆژێك له‌ رۆژان له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگریدا نه‌بوون له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ و سه‌ردانی سه‌نگه‌ر بكه‌ن، ناتوانن به‌رگری له‌ مافی ئێوه‌ش بكه‌ن، دونیا ته‌نها خۆشگوزه‌رانی نییه‌، به‌ڵكو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و به‌رگریكردنه‌ له‌ خاك.

روونیشی كرده‌وه‌، شه‌ڕێكی دیكه‌مان له‌ پێشه‌، به‌ڵام ئه‌م شه‌ڕه‌ ده‌بێت شه‌ڕی ده‌ستوور بێت و به‌ نوێنه‌ره‌ راسته‌قینه‌كانی ئێوه‌ بكرێت، ده‌نگ به‌و كه‌سانه‌ بده‌ن كه‌ بتوانن له‌ به‌غدا ئه‌و شه‌ڕه‌ی ده‌ستوور بكه‌ن و كه‌سی دیكه‌ بوێری ئه‌وه‌ی نه‌بێت هێز بنێرێته‌ سه‌ر خاكی كوردستان.

ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ به‌غدایه‌، ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌ڵبژێرن بتوانن رووبه‌ڕووی ئه‌وانه‌ ببنه‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت قه‌واره‌یه‌ك نه‌بێت به‌ناوی كوردستان، ئه‌گه‌ر پارتی و سه‌رۆك بارزانی نه‌بێت ئه‌و قه‌واره‌یه‌ نابێت.

دووپاتیشی كرده‌وه‌، به‌ یه‌كتر شكاندن ناتوانن له‌ به‌غدا به‌رگری له‌ مافه‌كان بكه‌ین، دوای هه‌ڵبژاردن داوا له‌ هه‌موو حزب و لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین، هاوپیه‌مانێتی پێكبهێنین به‌ هێزه‌وه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ به‌غدا.




K24
Top