گەشتە مەكوكییەكانی واشنتۆن و ئەگەری هەڵوەشانەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا

گەشتە مەكوكییەكانی واشنتۆن و ئەگەری هەڵوەشانەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا
دوای دەست بە كاربوونی جۆن بۆڵتۆن لە جێگەی ماكماستەر لە پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا و دەست بە كاربوونی مایك پۆمپیۆ لە جێگەی ریكس تیلرسۆن لە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، پێدەچێت دەوڵەتانی ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا گەیشتبێتنە ئەو قەناعەتەی كە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا 180 پلە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و چیدیكە بواری ئەوە نەمابێت كە دۆناڵد ترەمپ پابەندبوونی خۆی بە رێككەوتنی ئەتۆمی (5+1) لەگەڵ ئێران درێژە پێبدات. هەربۆیە ترەمپ تۆپەكەی فڕیداوەتە گۆڕەپانی ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا.
سەردانی هەفتەی رابردووی ئەمانوئیل ماكرۆن (سەرۆكی فەرەنسا) بۆ واشنتۆن و گوتارەكەی لەبەردەم كۆنگرێس، ئاماژەیەكی روون بوو بۆ ئەوەی سەرۆك ماكرۆن لە قەناعەت پێ كردنی سەرۆك ترەمپ بۆ پابەندبوون بە رێككەوتنەكە سەركەوتوو نەبووە، هەر بۆیە لەگەڵ ئەوەی هیچ ئەلتەرناتیڤێكی بۆ رێككەوتنی (5+1) لەگەڵ ئێران نەخستەڕوو، بەڵام دوای كرد هەوڵەكان چربكرێنەوە بۆ ئەوەی ئەڵتەرناتیڤێك بۆ ئەو رێككەوتنە بدۆزرێتەوە.
هەر بۆ هەمان ئامانج دوای ماكرۆن، ئەنگیلا میركل (راوێژكاری ئەڵمانیا) سەردانی كۆشكی سپی كرد و لەگەڵ ترەمپ كۆبۆەوە، ئەویش جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە رێككەوتنی (5+1) لەگەڵ ئێران بەس نییە و دەبێت سنوورێك بۆ باڵادەستیی نفووزی ئێرانی دابنرێت.
بێگومان هەڵوێستی (فەرەنسا و ئەڵمانیا) وەك دوو دەوڵەتی سەرەكی لە رێككەوتنی (5+1) لەگەڵ ئێران، لە رادەبەدەر بۆ سیاسەتی داهاتووی ئەمریكا بەرامبەر ئێران بە گرنگ دادەنرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ترەمپ توانیویەتی كارێك بكات كە لە كۆی ئەو شەش دەوڵەتەی ئەو رێككەوتنەیان لەگەڵ ئێران ئیمزا كردووە، چواریان كە بریتین لە (فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئەمریكا) داوای هەڵوەشاندنەوە، یان هەمواركردنەوەی ئەو رێككەوتنە دەكەن، ئەوەی دەمێنێتەوە (رووسیا و چین)ـن، وەك دوو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش، كە ناتوانن پێچەوانەی ئەو چوار دەوڵەتە كە سێیان ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشن، هەڵوێستی توند وەربگرن، یان پەنا بۆ بەكارهێنانی ڤیتۆ بەرن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە رووسیا لە رۆژی 12ی نیسانی رابردوو لە بەرامبەر بڕیاری لێدانی رژێمی ئەسەد، ڤیتۆی بەكار هێنا، بەڵام لەلایەن (ئەمریكا و بەرتیانیا و فەرەنسا)وە، ڤیتۆكەی ژێرپێ خراو هیچ حیسابێكی بۆ نەكرا. بۆیە یەكگرتنی ئەم سێ دەوڵەتە ڤیتۆی رووسیای سڕكردووە و چینیش كە بەوە ناسراوە زۆر كەم پەنا بۆ بەكارهێنانی ڤیتۆ دەبات، ئەوا بە تەواوەتی هاوكێشە دژی ئێران دەگۆڕێت و بەناچاری دەیخەنە نێوان دوو بەرداشەوە كە هەمواركردنەوەی رێككەوتنی (5+1) لەخۆی دەگرێت و بریتی دەبن لە:
- كۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت پابەندی چاودێرییەكی وردی تیمەكانی پشكنینی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی بێت و بیسەلمێنێت كە بە هیچ شێوەیەك هەوڵ بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی نادات.
- كۆماری ئیسلامی دەبێت پابەندی یاسا نێودەوڵەتیەكان بێت و، لەژێر هیچ ناو و پەردەیەكدا دەستتێوەردان لەكاروباری دەوڵەتانی دراوسێی و ناوچەكەدا نەكات، ئەمەش مانای ئەوەیە، دەستتێوەردانەكانی سوپای پاسداران و میلیشیا وەكیلەكانی لە (عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن) هێندەی مەترسیی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی هەڕەشەی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە دروست كردووە و دەبێت ئەم دەستتێوەردانانە كۆتایی بێت.
دیارە هەتا ئێستا وەڵامی كۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر هەڕەشەكانی ترەمپ بۆ كشانەوەی لە رێككەوتنەكە، ئەوە بووە كە ئەگەر ئەمریكا یەكلایەنە لە رێككەوتنەكە بكشێتەوە، ئەوا ئێرانیش لێی دەكشێتەوە، بەڵام دوای سەردانی ماكرۆن و مێركل لە چەند رۆژی رابردوو بۆ كۆشكی سپی، پێدەچێت ئەم وەڵامدانەوەی ئێران كاریگەری پێشانی نەمابێت و ئەگەر رۆژی 12ی ئایاری داهاتوو ترەمپ لەبەردەم كۆنگرێس پەسەندكردنەوەی رێككەوتنەكە رەتبكاتەوە، ئەوا ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەكەوێتە پێگەیەكەوە و دەبێت بەرگری لە دوو پڕۆگرام بكات، كە یەكێكیان پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی دەبێت و ئەوی دیكەشیان پڕۆگرامی سوپای پاسداران دەبێت كە ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لەو دیو سنوورەكانی ئێرانەوە پێناسە دەكات.
كەواتە كێشەی ئێران بۆ شەڕكردن لەسەر مانەوەی هیلال و بازنەی شیعی، تەنیا رووبەڕووبوونەوە نابێت لەگەڵ ئیسرائیل لەناو خاكی سووریا، بەڵكو ئەم بازنەیە فراوان دەبێت و ئێران بەتەنیا دەخاتە بەرەیەك و ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا بە یەكگرتوویی دەخاتە بەرەیەكی دیكە دژی ئێران، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە بەرگریكردن لە هیلال و بازنەی شیعی، ئەوا خۆی دەخاتەوە ژێر ئەو گەمارۆ نێودەوڵەتییانەی كە پێش رێككەوتنی (5+1) لەسەری بووە.
لەماوەی ساڵانی 2015-2018 كە گەمارۆكان لەسەر كۆماری ئیسلامی هەڵگیرابوون، ئێران جیا لەوەی بە سەدان ملیار دۆلاری بلۆك كراوی بۆ گەڕایەوە، لە هەمانكاتدا بووەوە بە یەكێك لە دەوڵەتە گەورەكانی هەناردەكردنی نەوت، ئەمەش راشكاوانە كاریگەری لەسەر جووڵە و چالاكییەكانی سوپای پاسداران و میلیشیا وەكیلەكانی لە یەمەنەوە تا باشووری لوبنان هەبووە، وەك ئێستاش لەسەر ئەرزی واقیع دەبینین بە درێژایی ئەو بەرەی شەڕەی كە بە سەرپەرشتی سوپای پاسداران لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەبرێت، ئێران بە پلەی یەكەم سەركەوتووی شەڕەكەیە و ئارامی و سەقامگیریش لەناوچەكە بوونی نەماوە.
لە روانگەی ئەمریكا و ناتۆ و یەكێتی ئەوروپاوە، ئێستا هاوكێشەكە بەوجۆرە دەخوێندرێتەوە، كە ئەوان بۆیە رێككەوتنی (5+1)یان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئیمزا كرد، بۆ ئەوەی ناوچەكە لە مەترسیی چەكی ئەتۆمی دووربخەنەوە و ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە، بەڵام ئاكامی خودی ئەم رێككەوتنە بۆتە هۆكاری ئەوەی كە مەترسییەكی گەورەتر لە چەكی ئەتۆمی لەسەر ناوچەكە دروست بێت، كە ئەویش باڵادەستیی سوپای پاسداران و میلیشیا وەكیلەكانیەتی لە سەرتاسەری ناوچەكەدا.
دیارە كۆماری ئیسلامیی ئێران دەیتوانی لە روانگەی ئەوەی كە بڕوای بە دروستكردنی چەكێك نییە كە تەڕ و وشك پێكەوە بسووتێنێت، دەست لە پڕۆگرامی چەكە ئەتۆمییەكەی هەڵبگرێت، بەڵام بە هیچ جۆرێك ناتوانێت دەست لە دەستتێوەردانەكانی سوپای پاسداران هەڵبگرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە بنەڕەتدا سوپای پاسداران بۆ هەناردەكردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی سنوورەكانی ئێران دروست كراوەو ناتوانێت دەستبەرداری دروشمی سەرەكی و بنەڕەتیی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بێت، كە هەناردەكردنی شۆڕشە بۆ دەرەوە، بۆیە ئەگەر رێككەوتنی (5+1) هەڵبوەشێتەوە، ئەوا دووبارە سزاكان بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێنەوە. بە سەپاندنەوەی سزاكانیش ئەوجا ئەگەر سزاكان نێودەوڵەتیش نەبن و تەنیا سزاكانی دەوڵەتانی ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا بێت، ئەوا باری سەرشانی حكومەتی ئێران بە رادەیەك قورس دەبێت كە نەتوانێت لە یەك كاتدا هاوسەنگی لە نێوان سیاسەتی ناوخۆ و سیاسەتی دەرەوە كە سوپای پاسداران پێناسەی دەكات رابگرێت، تێكچوونی هاوسەنگیش لەنێوان سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەشدا، لە باشترین حاڵەتدا دۆخی ساڵانی 1990-2003ی عێراق لە ناو ئێراندا دووبارە دەكاتەوە.
Top