هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی پارتی و داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان

هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی پارتی و داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان
هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی عێراق، جیا لەوەی یەك دوو رۆژ لەدوای هەڵمەتی حزب و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان دەستی پێكرد، لە هەمانكاتدا لە هەفتەی یەكەمیشدا زۆر خۆی نەخزاندە ناو ئەو هەڵمەتەی كە بەشی زۆری لایەنەكان دەستیان پێ كردبوو، وەك ئەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بێت، نەك پەرلەمانی عێراق.
بەرنامە و پلانی پارتی بۆ هەڵمەتی ئەمجارەی هەڵبژاردن بە پلەی یەكەم لە پێناوی ئەوە بوو كە ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی بە دژایەتی پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵمەتەكانیان دەست پێدەكەن، تەواوی ماهییەتی خۆیان بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرا بكەن، بەپلەی دووەمیش خۆپاراستن بوو لەو هەڵمەتە ناشارستانییەی ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی كە دەیانویست پارتی بخزێتە ناوی و لە پاراستنی مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان دووری بخەنەوە.
سیماو مەغزای دروشم و بانگەشەی ئەو لایەنانەی بە دژایەتی پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستیان پێكردووە و هەتا ئێستاش لەسەری بەردەوامن، ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە ئەو حزب و لایەنە سیاسییانە زۆر باش لەو راستییە گەیشتبن، ئەگەر هەموو هەوڵەكانیان بۆ لاوازكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان نەخەنەگەڕ، ئەوا ئەو ئامانجەی بۆی راسپێردراون، بە بوونی پارتی بۆیان نایەتەدی، لایەنی بەرامبەریش كاتێك پارتی بە بەهێزی دەبینێت، ئەوان دەخاتە پەراوێزەوە و هیچ حیسابێكیان بۆ ناكات، بەڵام لەبەرامبەر مەرامی ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەدا، پرسیار ئەوەیە: ئایا خەڵكی كوردستان رێگە دەدەن پارتی لاواز بێت، یان بە لاوازی بچێتە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە وەك لە میانەی ئەم یەك دوو هەفتەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان هەستی پێكراوە، بەرەو ئەو ئاراستەیە دەچێت كە خەڵكی كوردستان باش لەو راستییە تێگەیشتوون، ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان بەهێز نەبوایەو قارەمانەتی پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەكانی پارتی نەبوایە كە لە بەرەكانی شەڕی (مەحموودیە و پردێ و سحێلا) لووتی هێزەكانی حەشدی شەعبییان شكاند، ئێستا بارودۆخی (هەولێر و سلێمانی و دهۆك)یش لە بارودۆخی كەركووك و دوز خورماتوو و تەواوی ئەو ناوچانەی دیكە باشتر نەدەبوو كە بە هۆی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە هێزەكانی حەشدی شەعبی داگیریان كردەوە.
لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستاندا، كەركووك تەنیا ناوچەی كوردستانی داگیركراو نەبووە لەلایەن رژێمەكانی عێراقەوە، بەڵام هەموو كات دانوستانەكانی نێوان شۆڕشی كوردستان و رژێمەكانی بەغدا لەسەر كەركووك شكستیان هێناوەو كەركووك هەموو رەمزی سەركەوتنی ئیرادەی گەلی كوردستان بووە، لەم چوارچێوەیەدا كاتێك دەستی خیانەت لە 16ی ئۆكتۆبەر كەركووكی تەسلیمی هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق كرد، پارتی دیموكراتی كوردستان تەنیا حزبی سیاسی كوردستان بوو كە ئەمری واقیعی داگیركردنی كەركووكی قبووڵ نەكرد و بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی كەركووكی كرد. ئەم هەڵوێستەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە بە باشی تەفەهوم دەكرێت، بەڵام زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان كە نەیانتوانی لە بازنەی بیركردنەوەی تەسكی حزبایەتی بێنەدەرەوەو بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی كەركووك بكەن، جیا لەوەی زۆر بێ شەرمانە لە تیڤییەكانەوە بەناوی ئەوەی با دەنگی كورد لە كەركووك كەم نەكات، داوا دەكەن هەوادار و لایەنگرانی پارتی لە كەركووك دەنگ بە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بدەن، لە هەمان كاتیشدا بۆ شاردنەوەی هەڵوێستە هەڵەكانیان باس لەوە دەكەن، پارتی بۆچی تەنیا لە كەركووك بایكۆتی راگەیاندووە و لە شوێنە داگیركراوەكانی دیكە بەشداری دەكات؟ دیارە لەم هەڵبژاردنەدا خەڵكی كوردستان وەڵامی بیركردنەوەی بچووكی ئەو هێز و لایەنانە دەداتەوە و پێیان دەڵێت: بەشداریكردنی پارتی لە كەركووك، واتە داننان بە تەسلیمبوونی كۆی ئیرادەی خەڵكی كوردستان و پشتكردنە كۆی خوێنی هەموو ئەو شەهیدانەی كە بە درێژایی مێژووی شۆڕشەكانی كوردستان گیانی خۆیان كردۆتە قوربانی. هەروەها سەبارەت بەوەشی كە داوا دەكەن، ئەندام و هەوادار و لایەنگرانی پارتی دەنگ بە لایەنەكانی دیكە بدەن، ئەوا دەبێت لەوەش دڵنیا بن ئەو خەڵكانەی ئەندام و لایەنگر و هەواداری پارتی دیموكراتی كوردستانن، باش لە هەڵوێستی پارتی خۆیان تێگەیشتوون و دەزانن دەنگدان لە كەركووكدا واتە سپیكردنەوەی رووی رەشی خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر و كەركووكییان هەر خۆیان لە بەرەبەیانی 16ی ئۆكتۆبەر رووی ئەو تاقمەیان رەشكرد و ناشیانەوێت ئەو رووڕەشییەشیان بەسەردا تێبپەڕێت.
دروشمێكی دیكەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی هەندێك لایەنی سیاسی بەگشتی و لایەنەكانی (كۆمەڵی ئیسلامی و گۆڕان و بەشێكی یەكێتی) بەتایبەتی هێرشكردنە بۆ سەر ئەو ریفراندۆمەی كە 93%ی خەڵكی كوردستان و سەرۆكی ئەو حزبانەش بە (بەڵێ) دەنگیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان داوە، هەر بۆ نموونە عەلی باپیر بە «ریفراندۆمێكی شكست خواردوو» ناوی دەبات و یوسف محەمەد سەرۆكی لیستی گۆڕان داوا دەكات «ئەوەی دەنگی بە ریفراندۆم داوە، دەبێت دادگایی بكرێت»! ئەم حزبانە بە دژایەتیكردنی ریفراندۆم رووی راستەقینەی نانیشتمانیی خۆیان پیشانی خەڵكی كوردستان دەدەن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لەو وڵاتانەی كە فرەنەتەوەن و سیستمی فیدڕاڵی تیادا پیادە كراوە، حزبەكانی ئەو وڵاتانە كاتێك بەشداری لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فیدڕاڵی دەكەن، دروشمەكانیان رووی لە حكومەتی فیدڕاڵییە و داكۆكی لەسەر مافی گەلەكانیان دەكەن و بەدەنگی بەرز حكومەتی فیدڕاڵی ئاگادار دەكەنەوە، ئەگەر حكومەتی فیدڕاڵی ریز لە یەكێتی ئارەزوومەندانەی نەتەوەكان لە چوارچێوەی دەوڵەتە فیدڕاڵییەكە نەگرێت، ئەوا گەلەكەیان ناچار دەبێت پەنا بۆ ریفراندۆم بەرێت، بەڵام بەداخەوە ئەم حزبە نانیشتمانییانەی كوردستان لەگەڵ ئەوەی باش دەزانن دەوڵەتی عێراق نەیتوانیوە (تەنیا بە ناویش) بیسەلمێنێت كە دەوڵەتێكی فیدڕاڵییە، هەروەها باش دەزانن، هۆكاری سەرەكی و بنەڕەتی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم ئەوە بوو كە حكومەتی عێراق (55) ماددەی دەستووری دژی هەرێمی كوردستان پێشێل كردووە، كەچی ژماریەك حزب و لایەن بێ شەرمانە دێن و ئیرادەی گەلی خۆیان دەشكێنن و پاكانەی بەلاش بۆ پێشێلكارییە دەستوورییەكانی عێراق پێشكەشی عەرەبی شیعەو سوننەی عێراق دەكەن.
دوای ئەوەی لە هەفتەی یەكەم و دووەمی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن، بەرنامە و پلانی زۆربەی حزبەكان دژی پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەركەوت، ئێستا خەڵكی كوردستان دەزانێت بۆچی پارتی لەو حزبانە جیاوازە و بۆچی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی بە هێمنی و دوور لە دەمارگیری و هەڵچوون بەڕێوە برد و تێگەیشتوون كە پارتی لەم هەڵبژاردنە ئامانجی ئەوەیە بە بەهێزی نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان بكات و لەسەر بنەمای ئەو ئیرادەی كە بە رێژەی 93%ی دەنگی بۆ سەربەخۆیی كوردستان داوە، سەرلەنوێ دانوستاندن بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق دەست پێ بكاتەوە، بە مانایەكی دیكە پارتی بارودۆخی پرۆسەی سیاسیی عێراق دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی وەك ساڵی 2005 داكۆكی لە جێبەجێكردنی دەستوور بكات، وەك یەك پاكێج لە دیباجەكەیەوە تا دوایین ماددەو جارێكی دیكە دەیەوێت بە ئەقڵییەتی مەزهەبگەرای عێراق بڵێتەوە: ئەم دەستوورە رایەڵەی هەموو پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و عێراقە، ئەگەر ئەم دەستوورە پێشێل بكرێت، ئەوا ئەو رایەڵە بوونی نامێنێت و جارێكی دیكە گەلی كوردستان ئازادە چ بڕیارێك دەدات.
Top