مەسرور بارزانی: دەبێ ئەوەتان بیربێتەوە کە کێ بــــوو بەرگری لە کەرامەت و مافی ئەم میللەتە کرد

مەسرور بارزانی: دەبێ ئەوەتان بیربێتەوە کە کێ بــــوو بەرگری لە کەرامەت و مافی ئەم میللەتە کرد
ڕۆژی پێنج شەممە، لە میانەی بەشداریکردنی لە کەمپەینی هەڵبژرادنی پەرلەمانی عێراق، لە شاری هەولێر و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە گەنج و لاوان و قوتابیان، مەسرور بارزانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، بیر بکەنەوە و بزانن پشتتان بە کێ قایمە و کێ بەرگریتان لێدەکات، ئەوکات بڕیار بدەن دەنگی پێبدەن، وە تیشکی خستە سەر گرنگی و چارەنوسسازی هەڵبژرادنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق و بە گرنگی زانی هەموو لایەک متمانە بە پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن لە پێناو بەدەستخستنی مافی زیاتر و تەواو کردنی پرۆژە نەتەوەییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.

دەقی وتاری مەسرور بارزانی :
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
خوشک و برایانی بەڕێز و خۆشەویست
پڕ بە دڵ بەخێرهاتنێکی گەرمی هەموو لایەکتان دەکەم
زۆر خۆشحاڵم کە ئیمڕۆ بەم بۆنەیەوە پێک دەگەین و لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست دام.
خوشک و برایان
هەروەک دەزانن ئێمە خەریکە بەرەو هەڵبژاردنێکی تر دەڕۆین، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە وابزانم ڕەنگە بۆ زۆر لە ئێوە ئەمە یەکەمجار بێت بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن. بەشداریکردنتان لەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە، چارەنووسسازە لەبەر ئەوەی دەنگی ئێوە، بڕیاری ئێوە، حوکمدانە بەسەر ڕابردوو و درووستکردنی ئایندەیە. ئێوەن کە دەتوانن بە هەموو لایەنەکان بڵێن ئایا ئێوە لە جۆری ئەدای ئەوان ڕازی بوون یان نا، وە متمانەتان بە کێیە بۆ ئەوەی لە داهاتوو سەرکردایەتیتان بکات.
خوشک و برایان
هەموو لایەک قسەی خۆیان کرد، ئەمە چەند ڕۆژە ئەوەی لە هەگبەیاندا بوو خاڵییان کرد. هاتن باسی چۆنیەتی بەرنامە و پرۆگرامی خۆیان کرد، بەڵام ئەوەی گرنگە، زۆربەی ئەو لایەنانە وا باسی ئەم هەڵبژاردنە دەکەن کە ئەمە هەڵبژاردنی کوردستانە، بەڵام ئەمە هەڵبژاردنی عێراقە و گرنگییەکەی لەوەدایە کە کێ دەتوانێ بە باشترین شێوە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان بکات لە بەغدا. بۆیە زۆر گرنگە ئێوە پێش هەموو کەس و هەموو شتێک، بیر بکەنەوە کە متمانەتان بە کێیە و پشتتان بە کێ قایمە، دەبێ دەنگ بەو لایەنە بدەن. ئێوە خۆتان خاوەنی هزر و بیری خۆتانن و هەر خۆتان دەتوانن هەموو شتەکان لێک بدەنەوە و بزانن چ شتێک باشە و کامەشی لەوانەیە بە زەرەری نەتەوە و نیشتمانەکەمان بگەڕێتەوە. بۆیە دەبێ زۆر وریا بن. پێش هەموو شتێک وەک کوردستانییەک بیر بکەنەوە و بیر لە بەرژەوەندیی خاک و نیشتمانەکەتان بکەنەوە و داهاتووی ئەم کوردستانە دەدەنە دەست کێ و کێ لە ئاستی دەنگەکانی ئێوە و ئەو بڕوایە دایە کە ئێوە دەنگی پێ دەدەن.
خوشک و برایان
بۆ ئێمە ئەم هەڵبژاردنە تەحەدایەکە، چونکە بەشداریمان لە ڕیفراندۆمێک کرد بۆ دەستنیشانکردنی مافی چارەنووسی نەتەوەکەمان، بەڵام زۆر بەداخەوە، بەهۆی خیانەتی چەند لایەنێک، بەهۆی خیانەتی ئەو چەند کەسە، ئەو ئەنجامەی چاوەڕێی بووین، تا ئێستا نەهاتۆتە دی. بەڵام مانای وانییە کە ڕیفراندۆم ڕێگەمان لێ دەگرێت بە هەموو شێوەیەک خەبات بۆ دەستەبەرکردنی ئەم مافە بکەین.
ئەو ڕۆژەی ڕیفراندۆمیشمان کرد، بۆ ئەوە بوو کە بڕیاری میللەتەکەمان بەدەستەوە بێت کە چۆن لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەین بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی ئاسایی و پێشکەوتوو لەگەڵ عێراق.
ئێمە نەمانویستووە شەڕ ببێ و ناخۆشی ڕووبدات و دوژمنکاری لە نێوان ئێمە و عێراق هەبێت. بەڵام بەپێچەوانەوە زۆر لایەن هەبوون کە ویستیان بە ئەنقەست نیەت و مەرامی میللەتمان لێک بدەنەوە و هێرشێکی ناڕەوایان کردە سەر کوردستان و بە هاوکاریی چەند لایەنێکی خۆفرۆش و خاک فرۆش، توانییان کێشەی گەورە بۆ وڵاتەکەمان دروست بکەن.
ڕیفراندۆممان بۆ ئەوە بووە کە ئەو مافە دەستەبەر بکەین، ئێستاش ئەگەر بتوانین بە ناردنی نوێنەری ڕاستەقینەی ئێوە بۆ بەغدا داکۆکی لە هەمان ماف بکەین، لەو ڕێچکەیە بەردەوام دەبین و دڵنیا بن ئەوانەی دژایەتیی ڕیفراندۆمیان کردووە، سبەی لە بەغداش پشتگیری لە مافەکانی ئێوە ناکەن.
خوشکان برایان
ئەوەی مێژووی خۆی نەزانێت، ناتوانێ بڕیارێکی دروستیش بۆ ئایندەی خۆی بدات، بۆیە حەز دەکەم هەندێک شتتان بیر بێنمەوە. ئەگەر سەیری مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەمان بکەین، هەرکاتێک دەستکەوتێک بەدەست هاتبێت، لەژێر سێبەر و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بووە. لە شۆڕشی گەورەی ئەیلوولەوە بگرە و دواتر گوڵان و ڕاپەڕین، دروستکردنی حکوومەت و پەرلەمان، دابینکردنی مافە دەستوورییەکان لە دەستووری عێراق و بەرگریکردن لە خاک و نەتەوە لە هێرشی داعش و دواجار بەرگریکردن لە خاکی نیشتمان لە پردێ و لە سحێلا، هەموویان شایەدیی گەورەیی و وەفاداریی پارتین بۆ ئێوە.
هەڤاڵان
من بە دڵنیاییەوە ئەوەتان پێ دەڵێم، کاتێک ڕیفراندۆم کرا، بینیمان هەموو لایەک بە پەرۆشەوە کە زانییان ناتوانن ڕێگری لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بکەن، هاتنە سەر سندووقی دەنگدان دەکرد و کێبڕکێیان بوو کە کێ زیاتر لە شاشەی تەلەڤزیۆن دەربچێت. ئێستاش ئەگەر ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم بە شێوازێکیتر بووایە، وەکوو ئەو مردارخۆرانەی دێنە سەر لاشەی مرداری دەستکەوتی خەڵکیتر، خۆیان دەکردە خاوەنی دەستکەوتەکانی ڕیفراندۆم. بەڵام کاتێک هەر خۆیان هۆکاری دواخستنی بەئەنجامگەیاندنی دەنگەکانی ئێوە بوون لە ڕیفراندۆم، هەر خۆیان دێنەوە و گلەیی دەکەن و دەڵێن ڕیفراندۆم تووشی شکەست بوو، بەهیچ شێوەیەک ڕیفراندۆم تووشی شکست نەبووە و مافی چارەنووسی ئێمەش بە ئەوان ناسڕێتەوە. شێواز و ڕێکاری خەباتکردن لە پێناو مافی چارەنووس دەکرێ لە قۆناغی جیاوازدا بە شێوازی جیاواز ئەنجام بدرێ، لەم قۆناغەدا بۆ ئەوەی پارێزگاری لە مافە چارەنووسسازەکانمان بکەین، دەتوانین دەنگ بەوانە بدەین کە لە ژێر سەرکردایەتیی جەنابی سەرۆک لە بەغدا پارێزگاری لە مافەکانتان دەکەن.
ئێستا دوو بەرە دروست بووە،بەرەی پارێزگاریکردن لە شکۆ و ڕەمزی خەبات و نەتەوەیی کوردستان و بەرگریکردن لە خوێنی شەهیدەکانمان، لایەنێکیتریش هەموو هەوڵێک دەدات تاوەکوو ئەو شکۆیە بشکێنێت و تەسلیمی لایەنێکی تر بێت، هەموو مەبەستیان شکاندنی ئیرادەی میللەتەکەمانە، بە دڵنیاییەوە پارتی لە بەرەی بەرگریکردن لە شکۆی کوردستان دایە.
هەڤاڵان
هەر کەسێک ئازادە کە چۆن باسی کەمپەینی هەڵبژاردن دەکات و چ جۆرە بەڵێنێک دەدات، بەڵام ئەوەی گرنگە و لەبیرتان بێت و خۆشتان شاهێندن، دەبێ تۆ کیانێکت هەبێ، وجودت هەبێ و کەرامەتت هەبێ و خۆت هەبیت، تاوەکوو بتوانیت بەرگری لە بەرژەوەندییەکانت بکەیت. هەموو باسی ئەوە دەکەن کە لە ناو خاکی کوردستاندا دەتوانن چیتان بۆ بکەن، ئەوەی ناتوانن ململانێی پارتی بکەن، ئەوەیە کە پارتی ئەم کیانەی دروست کردووە. پارتی داهێنەری ئازادی و دیموکراسی بووە لەم وڵاتە و بەرگری لەم کیانە کردووە، ئەوانەی ئێستا دەڵێن ناوماڵی ئەم کیانە والێدەکەین، دەبێ بزانن کە ئەوان باسی دەستکەوتی پارتی و ڕەنج و خەباتی ئێوەی خۆشەویست دەکەن.
ئێمە ناڵێین پارتی ناتوانێ خۆشگوزەرانی بۆ ئێوە بەدەست بێنێت، بەڵێ پارتی زیاتر لە هەموو کەسێک، پەرۆشی ئەوەیە ئایندەتان ڕووناک بێت و بەختەوەر و سەرکەوتوو بن و ئایندەتان ڕووناک بێت، لە پێناو بەرژەوەندیی ئێوە، پارتی لە هەموو لایەک زیاتر خەبات دەکات، بەڵام ئەوەی گرنگە، پارتی توانی ئەم کیانە دروست بکات، هەم لەم کیانەدا بە پشتیوانیی خوای گەورە و ئێوە، لە هەموو لایەنێک زیاتر خزمەت بە ئێوە بکات.
هەڤاڵان، لە کاتی هەڵبژاردندا هەموو کەسێک دەتوانێ قسە بکات، لە کاتی خۆشیدا هەموو کەسێک دەتوانێت بەڵێن بدات، بەڵام لە کاتی تەنگانە و ناخۆشیدا، ئێوە دەبێ ئەوەتان بیر بێتەوە کە کێ بوو بەرگری لە کەرامەت و مافی ئەم میللەتە کرد؟ کێ بوو لە سەنگەرەکانی پێشەوەدا بەرگرییان لە خاک و بەرژەوەندیی ئەم وڵاتە کرد؟ پارتی بوو.
هەڤاڵان
ئەو کاتەی کە کوردستان کەوتە بەر شاڵاوی هێرشی دڕندەی تیرۆریستانی داعش، ڕۆڵەکانی ئێوە، خوشک و براکانی ئێوە، پێشمەرگە سەربەرزەکانی پارتی و بارزانی، پێش هەموو کەسێک، لە هێڵی پێشەوەی بەرەدا بوون و بەهاوکاریی تێکۆشەرانی تری ئەم وڵاتە و هەموو ئەو لایەنانەی بەشدارییان لە بەرگریکردن لە کەرامەتی وڵاتەکەیاندا کرد، پارتی سەرکێشی ئەم جەبهەیە و ئەم بەرگرییە بوو کە توانی نەک تەنیا تیرۆریستانی داعش تێکبشکێنێت، بەڵکوو شکۆی هەرێمی کوردستان بە هەموو وڵاتانی دونیا بناسێنێت.
خوشک و برایان
خوێنی ئێمە لە خوێنی ئەو شەهیدانە ئاڵتر نییە کە بۆ ئەم وڵاتە ڕشتوویانە، ئێمە هەموومان قەرزاری ئەو شەهیدانەین، قەرزاری خەباتی ئەو پێشمەرگانەین کە تائێستاش لە سەنگەری بەرگری داین، ناکرێ لەسەر حیسابی خوێنی شەهیدان و زەحمەتیی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلەکەمان، خەڵکێکی دیکە بێن خۆیان بکەن بە خاوەنی ئێوە.
خوشک و برایان
ئەو کاتەی کە پێشمەرگەکانی پارتی و ڕێبازی بارزانی و تێکۆشەرانی کوردستان لە سەنگەری خەبات و بەرگری دا بوون، لایەن هەبووە لێرە کە ئەندامەکانی ئەو لایەنە هانی خەڵکی داوە بچێت پەیوەندی بە داعشەوە بکات، ئێستاش داوای دەنگی ئێوە دەکەن. بە بەڵگە هەیە کە چۆن یارمەتیی خەڵکیان داوە و پشتیوانیی خەڵکیان کردووە و هانیان داون، بچن بۆ دژایەتیکردنی کوردستان پەیوەندی بە داعشەوە بکەن، ئێستا باشترین وەڵام کە ئێوە دەتوانن پێیان بدەنەوە، پێیان بڵێن ئێوە خۆشەویست نین و ناتوانن یەک دەنگی ئێمەش ببەن.
ئەوەی ڕۆژێک ئامادە نەبووبێت سەردانی پێشمەرگە بکات و لە سەنگەردا بەرگری بکات و تەنانەت سەردانی ماڵە شەهیدێک و بریندارەکانیش بکات، شایستەی ئەوە نین کە ئێوە دەنگیان پێ بدەن.
ئێمە شانازی دەکەین، هەرچی کردوومانە شانازی پێوە دەکەین، لە سەرکەوتنەکاندا، لە نسکۆ و شکستەکانیشدا تەحەمولی هەموو بەرپرسیارێتییەکمان کردووە و تەحەمولی هەموو بەرپرسیارێتییەکیش دەکەین.
هەڤاڵان
بۆ ئەوەی بزانن ئێوە چەند سەربەرزن، ئێمە خاوەنی سەرۆکێکین کە چەندین شەو لەگەڵ پێشمەرگەدا لە جەبهەی پێشەوەدا بووە. ئێمە خاوەن سەرۆکێکین کە تەنیا و تەنیا کەرامەت و گەورەیی ئێوەی لا مەبەست بووە. ئێمە خاوەن ڕێباز و پارتییەکین کە لە تەمەنی دورستبوونیدا تا ئێستا، ئەوەی کردوویەتی لە پێناو خزمەتی گەل و خاکەکەیدا بووە و ڕۆژێکیش سەری بۆ دوژمن شۆڕ نەکردووە.
خوشک و برایان
وەک دەزانن ئەم هەڵبژاردنانە دەنگی ئێوە بڕیاردەرە، ئێوە دەتوانن بڕیار بدەن کە کێ بچێتە بەغدا، من داوایەکی برایانەم لە ئێوە هەیە، پێش ئەوەی بکەونە ژێر کاریگەریی هیچ پەیامێکی هەڵبژاردن، یان هیچ دروشمێک، هەر یەکێک لە ئێوە، وەک خۆتان، ساتێک بوەستن و بیر بکەنەوە، ئایا ئێوە ئامادەن دەنگ بە لایەنێک بدەن کە سبەی خۆتان دڵنیان و دەشزانن ناتوانێت ساتێکیش بەرگری لە مافی ئەم وڵاتە و مافی ئێوە بکەن؟ خۆتان دەبێ ئەو بڕیارە بدەن و ئەو کەسە هەڵبژێرن، گوێ بە هیچ پەیامێکی حزبی و هەڵبژاردن نەدەن کە کەس پێتان دەڵێ، خۆتان بیر بکەنەوە و بزانن و سەیری مێژووی خۆتان بکەن، سەیری کردەوەی ئەم لایەنانە و مەوقیفیان بکەن، بزانن تەنیا بە قسە نا، بە کردەوە کێ لەگەڵ ئێوە بووە و کێ بەرگری لێتان کردووە و کێ دەتوانێ جێگەی متمانەی ئێوە بێت.
خوشک و برایان
ئێمە خاوەن حزبێکین کە تا بڵێی یەکگرتووە، یەک دەنگە، یەک هەڵوێستە، لە ژێر سەرکردایەتیی یەک سەرۆکە و خاوەنی یەک پەیامە. جیاوازیی پارتی لەمەدایە، ئەگەر سەیر بکەن، لایەنەکانی دیکە پەرتەوازە بوون و لەتلەت بوون و ئەزمەی سەرکردایەتیکردنیان هەیە، ئەوەی نەتوانێ نێوماڵی حزبەکەی خۆی ڕێک بخات، چۆن نێوماڵی کوردستان ڕێک دەخات؟
خوشک و برایان
من ئەو داوایەتان لێ دەکەم بۆ ئەوەی بەرپەرچی ئەو کەسە خائینانە بدەنەوە کە هەوڵی شکستپێهێنانی ڕیفراندۆمیان دا، کە کەرکووک و خاکیان فرۆشت، ئێستا ئێوە بە پشتگیریی خۆتان بۆ پارتی و بە دەنگدانتان بۆ کاندیدەکانی پارتی، وەڵامی هەموویان بدەنەوە کە ئێوە سوورن لەسەر بەدەستهێنانی ئەو مافە کە خۆتان خاوەنین.
خوشک و برایان
بینیمان لەو ماوەیەی ڕابردوودا بە حیساب خەڵکێک خەمخۆری چەند چین و توێژێکی ئەم کوردستانەیە، هانی مامۆستایان دەدا بایکۆت بکەن، هانی دکتۆریان دەدا نەچنە دەوام، بەڵام ئەمەتان لەبیر بێت، ئەو مامۆستایەی کە هانیان دەدا نەچێتە دەوام، بیرتان نەچێت کە ئەو مامۆستایە وانەی بە منداڵی شەهید دەدایەوە، ئەگەر خەمی مامۆستایان بووە، بۆ خەمی منداڵی شەهیدیان نەبوو کە وانەکەی دەڕۆشت؟ ئەگەر خەمی دکتۆریان بوو، بۆ خەمی ئەو هەژارەیان نەبوو کە لە نەخۆشخانە چاوەڕێی ئەو دکتۆرە بوو کە دکتۆری تێدا نەبوو؟ ئێمە پشتگیری لە مامۆستا و دکتۆر و هەموو توێژێکی ئەم وڵاتە دەکەین. پشتگیری لە مافی قوتابیان و ئێوە دەکەین، نەک لەسەر حیسابی ئەوە بێت کە خەڵکێکی دیکە بە بیانووی جیاواز لە مافەکەی بێبەش بێت، دەمانەوێ هەموو کوردستان پێکەوە مافی هەبێت و سەربەرز بێت و خاوەنی کوردستانێکی ئازاد و دڵگیر و خۆشگوزەران بێت.
هەڤاڵان
شتێکی دیکە هەیە حەز دەکەم پێتان بڵێم، لە ماوەی ڕابردوو ئەگەر سەیر بکەن، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانمان لەگەڵ بەغدا، جێبەجێنەکردنی دەستووری عێراق بووە، لە مادەی ١٤٠ەوە بگرە و مەسەلەی نەوت و غاز و بودجە، بەڵام خاڵێکی دیکە هەیە کە حەز دەکەم باسی بکەم، نەتەوەی ئێمە چەندین جار بووەتە قوربانیی جینۆساید و کیمیاباران و ئەنفال و ئەو هێرشە ناڕەوایانەی کراوەتە سەر خەڵکی کوردستان. مادەی ٣٢ی دەستووری عێراقی باسی ئەو شوێنانە دەکات کە خاپور کراون و دەبێ قەرەبووی ئەو زیانانە بکرێت، لە ڕێگەی نوێنەرانی هەڵبژاردنی ئێوە پرسیار لە بەغدا دەکەین کە ئێوە چیتان کرد بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی کیمیاباران و ئەنفالکراوان؟
لە ساڵی ١٩٦٣وە تا ١٩٨٣، ملیارەها دۆلار زیان بە کوردستان گەیشتووە، حکوومەتی عێراق لە جیاتی قەرەبووکردنەوەی، دەچێ بودجەی هەرێم دەبڕێت. تەنیا پارتی دەتوانێ بەرگری لە مافەکانتان بکات، چونکە لایەنی دیکە هەبووە کە چووە داوای بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستانی لە حکوومەتی عێراق کردووە، چووە داوای لە بەغدا کردووە فشار لەسەر کوردستان بکات تا هەرێم تووشی شکست بێت. هەموو ئەو نەهامەتییانەی تووشی ئێمە بووە، حکوومەتی عێراق دروستی کردووە تاوەکوو لە ڕێگەی بەکرێگیراوەکانیانەوە پەنجەی تۆمەت ڕووبەڕووی دەسەڵات بکەنەوە. بە هەموو شێوەیەک پەلاماری هەرێمی کوردستان دراوە و پارتییان کردووەتە ئامانج، چونکە دەزانن تەنیا بەرگریکار لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستانە.
خوشک و برایان
نامەوێ زیاتر لە کاتی ئێوە بگرم، تەنیا ئەوەیە وەکوو برایەک داواتان لێ دەکەم، پێش ئەوەی بڕیار بدەن، بیر بکەنەوە کە بڕواتان بە کێیە بتوانێت سەرکردایەتیی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستان بکات لە داهاتوودا؟ بێگومان پارتی.
هەڤاڵان
پەیام شتێکە و چوونە سەر سندووقی دەنگدان شتێکە کە بەقەد ئەوە گرنگە، لە هەمووتان داواکارین، ئەوەی پێتان بکرێ، خۆتان و هەرچی هاوڕێ و کەسوکاریشتان هەیە، بۆ ئەوەی پەیامەکەی ئێوە سەربکەوێت و ڕای ئێوە سەربکەوێت، بڕۆن بۆ سەر سندووقی دەندان و دەنگی خۆتان بە لیستی ١٨٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن.
زۆر گرنگە لە ڕۆژی دەنگداندا هەمووتان بڕۆن، ئەوەی پێتان بکرێ، یارمەتی خەڵکی دیکە بدەن و هانیان بدەن و باوەڕیان پێ بێنن، ئەگەر ئێوە دەنگ نەدەن، خەڵکی دیکە لە بری ئێوە دەنگ دەدەن کە لەوانەیە لە بەرژەوەندیی ئێوە نەبێت، بۆیە زۆر گرنگە هەموو تاکێکی ئێوە بەشداری لەو هەڵبژاردنە بکەن بۆ ئەوەی دووپاتی بکەنەوە کە سوورن لەسەر بەدیهێنانی مافی چارەنووسی ئەم وڵاتە و مافی چارەی خۆنووسینی ئێوە لە ڕیگەی نوێنەرانتان لە بەغدا بەرگری لێ بکرێ.
ئێوە داوا لەو نوێنەرانەتان بکەن کە دێنە سەر ئەم ستەیجە، تاوەکوو نوێنەری ڕاستەقینەتان بن و بەرگری لە مافەکانتان بکەن، دڵنیا بن ئەوەی پەروەردەی پارتی دیموکراتی کوردستانە، دڵنیابن لە هەموو کەسێک زیاتر لە خەمی کوردستان و مافەکانی ئێوە دایە.
جارێکی دیکە داواتان لێ دەکەم، دەنگ بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن، هەر سەرکەوتوو بن.
Top