هەڵبژاردنەكانی عێراق و ورووژاندنەوەی پرسیاری جددی لەسەر كێشە گەوهەرییەكان
April 28, 2018
راپۆرتەکان
دیارە ماوەی چوار ساڵە حكومەتی عێراق لەسەر راسپاردە و پێشنیاری چەند كەسانێكی كینە لەدڵ، دژی پارتی دیموكراتی كوردستان و قەوارەی هەرێمی كوردستان، بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان بخاتە ژێر ئەو گوشارەی كە لە پێناوی مووچەدا، كێشە گەوهەرییەكانی كوردستانی لەگەڵ عێراق لە بیر بچێتەوە.
لەبەرامبەر ئەو غەدرە گەورەیەی حكومەتی بەغدا لە خەڵكی كوردستانی كردووە، زۆربەی حزبە سیاسییەكان لەبری ئەوەی ئامرازێك بن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و چاككردنی بژێوی ژیانی فەرمانبەران و خەڵكی كوردستان، كەچی زۆر بەداخەوە، دەستخۆشی لە حكومەتی بەغدا دەكەن و بودجە و مووچەیان كردۆتە چەكێك دژی حكومەت و پارتی دیموكراتی كوردستان بەكاری دەهێنن، بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان لە پێناوی مووچەدا، ملكەچ و زەلیلی دەسەڵاتدارانی بەغدا بكەن.
پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر بەباشی لە نەهامەتی و خەمەكانی خەڵكی كوردستان تێدەگات و لەم پێناوەشدا هەموو هەوڵێكی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی هەر چۆنێك بێت بەپێی سیستمی پاشەكەوت بەشێك لە مووچە بۆ فەرمانبەرانی كوردستان دیاری بكات، هەروەها زۆر بە باشیش لە فیتنەی ئەو لایانانەش تێدەگات كە چۆن لە ناخی رق و كینەوە، ئەم نەهامەتییانە بۆ بەرژەوەندی حزبیی خۆیان بەكار دەهێنن.
حكومەتی عێراق بەگشتی و بەتایبەتی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی، لەمیانی پشتگوێخستنی داواكارییەكانی (فراكسیۆنی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵی ئیسلامی) لە ساڵانی رابردوو كە داوایان دەكرد، مووچەی پارێزگای سلێمانی بە تەنیا بنێرێت، یان مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی بە بەغداوە گرێ بداتەوە، وەڵامی تەواوی ئەو حزبانەی داوەتەوە كە ئەو داوایەیان لێكردووە، راشكاوانە پێی گوتوون: ئامانجی ئێمە لە بڕینی بەشە بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان، ئەوەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان ناچار بێت دەست لە كێشە گەوهەرییەكانی خەڵكی كوردستان لە عێراقدا هەڵبگرێت، بۆیە هەتا پارتی لە ژێر باری ئەو گوشارەی بەغدا خۆی بگرێت، ئەوا عەبادی راشكاوانە بە هەموو حزبەكانی سلێمانی وتووە، هەڵوێستەكانی ئێوە بۆ بەغدا هیچ نرخێكی نییە.
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لە 25ی ئەیلوولی رابردوو، حكومەتی عێراق بە هاوكاری سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی و چەكدارانی حزبوڵای لوبنانی، هەوڵیاندا بە رێگەی تاقمێكی خیانەتكار، پەلاماری كەركووك و ناوچە دابڕاوەكانی كوردستان بدەنەوە، بناخەی ئەم رێككەوتنەی سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنانی و هێزەكانی عێراق لەسەر ئەوە بووە كە ئەم پیلانە بكەنە كوتادەیەك و كۆتایی بە پارتی لەكوردستاندا بهێنن، پاشان لەبری پارتی مامەڵە لەگەڵ ئەو تاقمە خیانەتكارە بكەن، بەڵام كە پیلانەكەیان بە تەواوەتی سەری نەگرت و تەنیا توانییان كەركووك و ناوچەكەكانی دیكە داگیربكەنەوە و لە شوێنەكانی دیكەش پارتی جوامێرانە وەڵامی دانەوە و لووتی شكاندن، ئەوا وەك ئێستا دەیبینین ئەو تاقمە خیانەتكارە لەلایەن بەغداوە هیچ حیسابێكیان بۆ ناكرێت و ناچاربوون جارێكی دیكە بگەڕێنەوە و لەگەڵ پارتی وتووێژ و رێككەوتن بكەن. كەواتە ئەم رووداوانە پێمان دەڵێن، ناحەزانی كوردستان و دوژمنانی پارتی، تا ئەو كاتە لەلایەن دوژمنانی كوردستانەوە بایەخیان پێدەدرێت، كە سەرسەختانە دژایەتی پارتی بكەن، بۆ ئەوەی هەموو دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان بێ مانا بكەن، بەڵام كاتێك پارتی لە بەرامبەریان رادەوەستێتەوەو زیاتر داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان دەكات، ئەوا ئەو لایەنانە لەبەردەم گەورەیی پارتی چۆك دادەن و لەلای دوژمنانی كوردستانیش بێ بایەخ سەیر دەكرێن.
شین و هاواری هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەو لایەنانەی كە لە ئێستاوە خۆیان وەك دوژمنی رای ئازادی خەڵكی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاندووە، بە ئاشكرا دیارە و هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەم هەڵبژاردنە بەو ئاستە بەهێز نەبێت كە بوونی ئەوان لە پەرلەمانی عێراق بخاتە مەترسییەوە، ئەوان لەوە دەترسن لەم هەڵبژاردنەدا، پارتی دیموكراتی كوردستان و حزب و لایەنە نیشتمانییەكان و نوێنەرانی پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان، وەك هاوپەیمانییەكی بەهێز بۆ عێراق و هەموو جیهانی بسەلمێنن كە نوێنەری راستەقینەی خەڵكی كوردستان ئەم هاوپەیمانییەیە، نەك ئەو چەند حزبۆكە نانیشتمانییەی كە دەمێكە سەودا و مامەڵەیان لەسەر مافەكانی خەڵكی كوردستان لەگەڵ بەغدا دەستی پێكردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی پارتی بەهێزە و توانای ئەوی هەیە لەسەر ئاستی سیاسی و دیپلۆماتی و سەربازی بەرپەرچیان بداتەوە و زیاتر داكۆكی لەمافە رەواكانی خەڵكی كوردستان دەكات، ئەوا هەوڵەكانی ئەوانیش وەك بڵقی سەر ئاو بێ مانا دەرچووە.
لەدوای لووتشكاندنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە پردێ و سحێلا و مەحموودیە و پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، خەریكە كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە رێژەی زیاتر لە 80% چارەسەر دەكرێت و ئەم چارەسەرەش لەبەر ئەوەی لەسەر دەستی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە و حكومەتی عێراق ئامادە نەبوو هیچ دیالۆگ و رێككەوتنێك لەگەڵ (گۆڕان و كۆمەڵ و بەشێكی یەكێتی و هاوپەیمانی بەرهەم ساڵح) بكات، لەگەڵ ئەوەی بۆتە هۆكارێك بۆ بووژانەوەی خەڵكی كوردستان، بەڵام ئەو لایەنانە زۆر بە توندی دژایەتی دەكەن، ئەم دژایەتیكردنەی ئەوان، بێجگە لەوەی درێژەدانە بە سیاسەتی رق و كینە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام لە هەمانكاتیشدا، هەوڵی ئەو لایەنانە بۆ ئەوەیە كە كێشە گەوهەرییەكانی خەڵكی كوردستان لەگەڵ بەغدا، لە بازنەی بچووكی مووچەدا بهێڵنەوە و بوار نەدەن كە پارتی دیموكراتی كوردستان، پرسیاری جددی لەسەر ئەو پرسە گەوهەرییانە بورووژێنێتەوە.
كێشەی هەرە گەوهەری كە ئێستا بۆتە بەردی سەردڵی بەغدا، ئەوەیە كە بەتەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی كەركووكی كردووە و كەركووكی وەك شارێكی داگیركراو لە قەڵەم داوە، دیارە پێناسەكردنی كەركووك لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە وەك «شارێكی داگیركراو»، بەغدا باش لێی تێدەگات كە مانای چییە و دەزانێت ئەو هەڵوێستەی پارتی دیموكراتی كوردستان مانای دەستبەردارنەبوونە لە كەركووك و پەیامێكە كە بە دوژمنانی كوردستان دەڵێت: ئەگەر هەموو كوردستانیش نەمێنێت، دەست لەكەركووك هەڵناگرین و هەر دەبێت كەركووك بگەڕێتەوە بۆ باوەشی كوردستان، هەر بۆیە لەگەڵ ئەوەی تێكڕای حزبەكانی دیكەی كوردستان ئەمری واقیعی داگیركاری كەركووكیان قبووڵ كردووە و لەژێر پۆستاڵی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەشداری هەڵبژاردنەكانی كەركووك دەكەن، ئەوا لای بەغدا ئەو بەشدارییە هیچ بایەخێكی نییە و بایەخی گەورە بۆ ئەو بایكۆتەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان دژی داگیركردنی كەركووك رایگەیاندووە.
پارتی دیموكراتی كوردستان بە پشت بەستن بە خوا و ئیرادەی گەلی كوردستان، بە تەواوەتی لە خۆی دڵنیایە كە لەم هەڵبژاردنەدا هێزی سەرەكی دەبێت لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكە و لەگەڵ لایەنە نیشتمانییەكان و نوێنەرانی پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان، نوینەری سەرەكی و راستەقینەی خەڵكی كوردستان دەبن لە پەرلەمانی عێراقدا، ئەم نوێنەرایەتیكردنەش بەو مانایە نییە كە ئەم كوتلەیە دەتوانێت هەرچی دەیەوێت لە پەرلەمانی عێراق بەدەستی بهێنێت، بەڵكو بەو مانایەی ئەم كوتلەیە بە عێراق و جیهانی رادەگەیەنێت ئەوەی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی شیعە لەبەغداوە دەیانەوێت وەك ئەمری واقیع بەسەر كوردستاندا فەرزی بكات، بەشی هەرە زۆرەی خەڵك و تەواوی پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان رەتیدەكەنەوە و قبووڵی ناكەن، خۆ ئەگەر بەغداش لەبەرامبەر خواستی خەڵكی كوردستان ملهوڕی بكات و بیەوێت بە زەبری هێز ئەو واقیعە بهێڵێتەوە، ئەوا جیا لەوەی سەقامگیری لە تەواوی عێراق بوونی نامێنێت، دوور نییە دەوڵەتێكیش بە ناوی عێراق لەسەر نەخشەی سیاسی نەمێنێتەوە.