پێگەی كوردستان لەناو گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدا
April 18, 2018
راپۆرتەکان
لەدوای لابردنی ریكس تیلرسۆن كە لە ساڵی یەكەمی ئیدارەی ترەمپ وەزیری دەرەوە بووە، راشكاوانە ئەو راستییە دەركەوتووە كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ساڵی یەكەمی ئیدارەی ترەمپدا هەر بەناو وەزارەتێكی ناو ئیدارەكەی بووە، ئەگەرنا بێجگە لە ریكس تیلرسۆن تەواوی ستافی وەزارەت، هەمان ستافی وازەرەتەكەی ئیدارەی ئۆباما بوون، لەمەش سەیرتر ئەوەیە، ریكس تیلرسۆن بواری بە هیچ گۆڕانكارییەك نەداوە كە لە ستافی وزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بێتە ئەنجامدان. هەر ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی، ئەمریكا لە ساڵی یەكەمی ئیدارەی ترەمپدا، سەركەوتنی زۆر گەورە لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆ بەدەست بهێنێت، بەڵام لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە، نەك هەر هیچ بەرەوپێشچوونێك رووی نەدا، بەڵكو بووە هۆكاری ئەوەی هاوپەیمانەكانی ئەمریكا خۆیان دژی یەكتری رابوەستنەوە، وەك ئەو گەمارۆیەی لەلایەن سعودیە و هاوپەیمانەكانیەوە خرایە سەر قەتەر، تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان، سعودیە و توركیا، لەسەر ئاستی ناتۆ و یەكێتی ئەوروپاش، شتێكی ئەوتۆی نەمابوو دابەشبوون لە نێوان ئەوروپا و ئەمریكا بێتەئاراوە. بەڵام ترەمپ لەسەرەتای ئەمساڵەوە بڕیاری دا ئەم سیاسەتە گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا بێت، بۆ ئەمەش لە ستافی دروستكردنی سیاسەتی دەرەوە جارێ دوو كاراكتەری زۆر گرنگی گۆڕیوە كە یەكێكیان ریكس تیلرسۆنی وەزیری دەرەوە و ئەوەی دیكەیان ماكماستەری راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكایە. لە شوێنی ئەم دوو كەسە، مایك پۆمپیۆ بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە پاڵێوراوە كە هەتا ئێستا كۆنگرێس پەسەندی نەكردووە و بە یەكێك لە هەڵو توندەكانی دژی ئێران لەناو ستافی ئیدارەی ئەمریكا ناسراوە، ئەوی دیكەشیان جۆن بۆلتونە كە لە پۆستی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا دەست بەكار بووە، ئەمیشیان وەك نیكولاس كریستۆف ستووننووسی بەناوبانگی نیویۆرك تایمز وەسفی كردووە، بۆلتۆن تەنیا هەڵویەكی توندڕۆ نییە، بەڵكو تیراسۆرێكی توندڕۆیە (Pterosaurs)، واتە دایناسۆرێكی باڵدارە، دیارە هەڵبژاردنی ئەم كەسایەتییانە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، مانای ئەوەیە دەبێت سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بەو شێوەیە دابڕێژدرێتەوە كە ئاسەواری سەردەمی ئۆبامای پێوە نەمێنێت و ئەمریكا بەشێوەیەكی دیكە مامەڵە لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لە تەواوی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات.
لەم چوارچێوەیەدا لەمیانەی داڕشتنەوەی سیاسەتی ئیدارەی ترەمپدا، هەنگاوی داهاتووی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ كەمكردنەوەی نفووزی ئێران دەبێت لەناوچەكە، ئەمەش تا ئەو ئاستەی كۆماری ئیسلامیی ئێران وەك دەوڵەتێكی ئاسایی رەفتار بكات و دەست لەكاروباری هیچ دەوڵەتێكی دیكە وەرنەدات، ئەمەش هەرگیز روونادات، هەتا سەرچاوە داراییەكانی سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنانی نەخرێنە ژێر چاودێرییەكی توند و سزایان بەسەردا نەسپێندرێت، بە كورتكردنەوەی دەستی سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنانی و میلیشیا وەكیلەكانی دیكەی، تەواوی دەوڵەتانی ناوچەكە بە سووریا و عێراقیشەوە، دەكەونە بەردەم دووڕیانی ئەوەی، یان دەبێت بە كردەیی خۆیان بكەنە پاشكۆی كۆماری ئیسلامی، یاخود دەبێت واقیعییانە مامەڵە لەگەڵ كێشەكانی وڵاتانی خۆیان بكەن و بە شێوەیەكی لۆژیكانە كێشەكانی خۆیان چارەسەر بكەن.
دیارە لەناو ئەم گۆڕانكارییانەدا كە بەڕێوەن لە ئایندەیەكی نزیكدا رووبدەن، هەرێمی كوردستان رۆڵ و پێگەیەكی دیاریكراوی دەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سیاسەتی لۆژیكانەی سەرۆك مسعود بارزانی لە شەڕی دژی داعش و بۆ قۆناخی دوای داعش، لە هەردوو ئاستەكە تەواوكاری سیاسەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بووە، ئەمەش بەو مانایەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە شەڕەكەدا و لەسەر ئاستی سەربازی سەركەوتوو بێت، لەسەر ئاستی سیاسی پێكەوەژیان و لێبوردەیی هەبێت، لەسەر ئاستی دەوڵەتەكانی ناوچەكەش، ببنە ئەو دەوڵەتانەی كە سەقامگیرییان هەبێت و پێكهاتە جیاوازەكانی بتوانن لەناو یەك دەوڵەتدا پێكەوە بژین. لەسەر ئەم سێ ئاستە، سیاسەتی لۆژیكانەی بارزانی فاكتەرێكی گرنگ بووە بۆ هەر سێ ئامانجەكە، بەڵام دوای ئەوەی ستافی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا نەیانتوانی وەك خۆی مامەڵە لەگەڵ ئەم سیاسەتە لۆژیكانەیە بكەن و پرسەكەیان بچووك كردەوە بۆ سەركەوتنی كۆمارییەكان و شكستی دیموكراتەكان، ئەوا ئەگەر سەیری بارودۆخی ناوچەكە بكەین لەدوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، ئەوا ئەو سێ ئامانجەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشی لەسەر پێكهات، هیچیان بوونیان نەماوە، هەر بۆ نموونە:
1- هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش نەیتوانی ببێتە لایەنی سەركەوتووی براوە لەشەڕی دژی داعش و براوەی سەرەكیی شەڕەكە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و میلیشیاكانی حزبوڵای لوبنانی و كۆماری ئیسلامی ئێران بوون، بەمەش خەلافەتی ئیسلامی رووخێنرا و وەك خەڵات پێشكەشی كۆماری ئیسلامیی ئێران كرا.
2- لەدوای داگیركردنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی هەرێمی كوردستان، كە بەناوچەی فرە ئایین و نەتەوە ناسراون و پێشتر هەموو پێكەوە لە چوارچێوەی پێكەوەژیان و لێبوردەیی دەژیان، بەڵام ئێستا حەشدی شەعبی سووكایەتی بەتەواوی نەتەوە و ئایینەكان دەكات و لێبوردەیی و پێكەوە ژیان بوونی نەماوە.
3- لەسەر ئاستی رێكخستنەوەی دەوڵەتانی ناوچەكە بەتایبەتی سووریا و عێراق، دیارە ئەوە سووریا دەبینین چۆن یاری بە كەرامەتی هاووڵاتیانی خۆی دەكات و چەكی كیمیایی لە دژیان بەكار دەهێنێت، هەروەها حكومەتی عێراقیش دەبینین چۆن مامەڵە لەگەڵ عەرەبی سوننە و چۆنیش مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات.
بۆ گێڕانەوەی ئەم سێ ئامانجە بۆ سەر رێڕەوی راستەقینەی خۆیان، ئەوا لە قۆناخی داهاتوو، سیاسەتی ئەمریكا و رۆژئاوا پێویستیان بەوە دەبێت، رۆڵ و پێگەی كوردستان جارێكی دیكە بە هاوشێوەی پێشان و زیاتریش بگەڕێتەوە.
هەرێمی كوردستان بە شێوازێكی ئازادانە و دیموكراتییانە بڕیاری خۆی داوە بۆ چۆنیەتی پەیوەندیی ئایندەی نێوان كوردستان و عێراق، بەڵام ئەو سیاسەتە لۆژیكانەیەی بڕیاری ریفراندۆمی داوە بۆ ئەم ئامانجە، ئەوەی رەچاوكردووە كە دەبێت پەیوەندیی داهاتووی نێوان عێراق و كوردستان بە شێوەیەكی ئاشتییانە دابمەزرێت، ئەمەش واتە راستە كوردستان بڕیاری خۆی داوە، بەڵام ئەم بڕیارە بۆ ئەوەیە لەسەر مێزی دانوستاندن خاڵی هاوبەش لە نێوان هەردوولا بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی هەتا ئەگەر لەناو یەك دەوڵەتیشدا پێكەوە بمێننەوە، ئەم پێكەوەژیانە فاكتەرێك بۆ گەشەسەندن و پەرەپێدان و سەقامگیری، خۆ ئەگەر بوونە دوو دەوڵەتیش، ئەوا دیسان دوو دەوڵەتی دۆستی یەكتری بن و لە رووی ئابووری و سیاسەت و ستراتیژەوە تەواوكاری یەكتری بن.
ئەم ئیرادە و نییەتە ئێستاش لەلای سەركردایەتی سیاسیی كوردستان و شەخسی بارزانی بوونی هەیە و هەر ئەم بنەمایە بە رێگایەكی دروست دەزانرێت بۆ داهاتووی عێراق و كوردستان، بەشێكی زۆری دیپلۆمات و راوێژكارانی ئیدارەی ئەمریكا و دەوڵەتانی هاوپەیمانیش ئەو قەناعەتەیان هەیە كە هەردەبێت بەم شێوازە پەیوەندیی داهاتووی نێوان عێراق و كوردستان رێكبخرێتەوە.
لەم روانگەیەوە و لەگەڵ ئەوەی بۆ ماوەیەكی كاتی هەوڵیاندا، رۆڵ و پێگەی كوردستان و پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش و دووبارە رێكخستنەوەی قۆناخی دوای داعش نادیدە بگرن، بەڵام لە ئێستادا كە جارێكی دیكە ئەمریكا و رۆژئاوا پێویستیان بەوەیە سیاسەتی خۆیان بەرامبەر ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێكبخەنەوە، ئەوا بەبێ لەبەرچاوگرتنی رۆڵ و پێگەی كوردستان و سیاسەتی لۆژیكانەی بارزانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، زۆر زەحمەتە بتوانن هیچ گۆڕانكارییەك دروست بكەن، یان هەنگاوێك هەڵبگرن كە ئاكامێكی ئیجابییانەی هەبێت.