سەرەتای وەرگرتنەوەی دەستكەوتەكانی شەڕی دژی داعش و هەڵوەشانەوەی هیلالی شیعی

سەرەتای وەرگرتنەوەی دەستكەوتەكانی شەڕی دژی داعش و هەڵوەشانەوەی هیلالی شیعی
لە شەڕی دژی داعشدا، ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی شەڕی ئاسمانییان بۆ خۆیان هەڵبژاردو، شەڕی زەمینییان لە (سووریا) بۆ ئێران و رووسیا و لە (عێراق) بۆ ئێران و میلیشیا وەكیلەكانی حەشدی شەعبی بەجێهێشت. بەمەش هێزی ئاسمانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەتایبەتی هێزە ئاسمانییەكانی (ئەمریكا و فەڕەنسا) بوونە هێزی ئاسمانی بۆ ئامانجەكانی رووسیا بۆ مانەوەی رژێمی ئەسەد و هێزی ئاسمانی بۆ سوپای پاسداران و میلیشیا وەكیلەكانیان لە عێراق و سووریا و سەرەنجامیش بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان، رووسیا و ئێران بوونە براوەی كردەیی شەڕی دژی داعش و لەبەرامبەریشدا هاوپەیمانەكانی ئەمریكا و رۆژئاوا بوونە قوربانی، ئەمە لە كاتێكدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان یەكەم هێزی سەر زەوی بوو كە توانی ئەفسانەی داعش تێكبشكێنێت و، سعودیەش یەكەم وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی بوو كە لە دژی خواستی فراوانخوازی ئێران، بەرەیەكی فراوانی دژی حوسییەكانی یەمەن راگەیاند.
پێدەچێت لەدوای هێرشە سێ قۆڵییەكەی (بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەمریكا) لە بەرەبەیانی 14ی نیسانی 2018 كە هەموویان جەخت لەوە دەكەنەوە ئامانج لەم هێرشانە رووخانی رژێمی ئەسەد نییە، ئەوا مانای ئەوەیە جارێكی دیكە رۆژئاوا لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەكی تازەدا و لەم شەڕە تازەیەی كە لە دژی چەكە كیمیاییەكانی رژێمی ئەسەد رایانگەیاندووە، دیسان جارێكی دیكە ئاسمانیان بۆ خۆیان هەڵبژاردووە و، زەوییان بۆ رژێمی ئەسەد و هاوپەیمانەكانی كە رووسیا و ئێرانە بەجێهێشووە، بەڵام جیاوازیی جووڵەی ئەمجارەی هاوپەیمانان لە ئاسمان لەگەڵ جووڵەی هاوپەیمانان لە ئاسمانی شەڕی دژی داعشدا ئەوەیە، لەشەڕی دژی داعشدا، هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان چەترێك بوو بۆ پاراستنی رژێمی ئەسەد و میلیشیا شیعەكانی سەر بە سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنانی، بەڵام ئەمجارەیان هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان دەبێتە ئاگرباران بۆ رژێمی ئەسەد و میلیشیا شیعەكانی وەكیلی سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنانی.
دیارە لە هێرشە سێ قۆڵییەكەی چەند رۆژی رابردوو كە هاوپەیمانیی ناتۆ وەك هێرشی هاوپەیمانییەكە رایگەیاند، بەهیچ جۆرێك هێرش نەكراوەتە سەر ئەو ئامانجانەی كە رووسیا وەك بەرژەوەندی خۆی سەیریان دەكات، یەكەمیان رووسیا پێداگیری لەسەر مانەوەی رژێمی ئەسەد دەكات، دووەمیان ئەو شوێنانەی هێزی رووسی لێیە، نەكراونەتە ئامانج، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەمریكا و رۆژئاوا ئامانجیان ئەوەیە راستەوخۆ لەگەڵ رووسیا رووبەڕوو نەبنەوە، بەڵام رووسیا وەك ئەناتۆلی ئەنتۆنۆف باڵیۆزی رووسیا لە ئەمریكا رایگەیاندووە، ئەم هێرشە بۆ سەر رژێمی ئەسەد وەك ئەوە وایە سووكایەتی بە كەسی فلادیمر پوتین كرابێت، لەمەشدا مەبەستی ئەوەیە كە هیچ حیسابێك بۆ ڤیتۆكەی رووسیا نەكراوە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا و وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر ئەو بێ منەتییەی ناتۆ و رۆژئاوا بەرامبەر رووسیا، لەوانەیە پۆتین وەك تۆماس فریدمان ئاماژەی پێكردووە، ئەمجارەشیان (گۆشتێكی زۆری گۆلك بە چەند كڵۆ شەكرێك بگۆڕێتەوە)، واتە بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵات پیشانی بدات، پیاوێكی بەهێزی جیهانە، زیاتر خۆی لەشەڕی سووریا بگلێنێت. بۆ ئەمەش باجێكی قورس دەدات كە كاریگەری زۆر خراپی لەسەر ئابووریی رووسیا دەبێت.
لەوانەیە هەندێك لە خوێندنەوەی ئەم هاوكێشە تازەیەی هێرشەكانی چەند رۆژی رابردوو دروستی كردووە، ئەو پرسیارە بكەن، ئەگەر ئەمریكا و رۆژئاوا نەیانەوێت دەستتێوەردانی زەمینی بكەن و رژێمی ئەسەد بڕووخێنن، ئایا هێرشی ئاسمانی چ سوودێكی دەبێت؟ لەوانەیە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بۆ ئێمەی كورد كە خۆمان كارەساتی بەكارهێنانی چەكی كیمیاییمان چەندین جار بینیوە، قورس نەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر لە سەرەتای ساڵی 1987 كاتێك رژێمی بەعس بۆ سەركوتكردنی شۆڕشی كوردستان چەكی كیمیایی بەكارهێنا، هاوپەیمانییەكی لەمجۆرەی ئێستا دژی رژێمی سەدام حوسێن پێكبهاتایە بۆ ریگرتن لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی، ئایا رژێمی سەدام دەیتوانی هەموو كوردستان بە هەڵەبجەشەوە كیمیاباران بكات و تەواوی كوردستان ئەنفال بكات؟ با لە خۆمان بپرسین ئەگەر هەر لەسەرەتاوە هاوپەیمانییەكی وەك ئەوەی ئێستا لەئەنجامی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دژی رژێمی ئەسەد دروست بووە، دژی سەدام حوسێن دروست بووایە، ئایا وەرچەرخانی گەورە لەناو شۆڕشی كوردستان دروست نەدەبوو؟ ناوچە ئازادكراوەكان زیاتر نەدەبوو؟ رژێمی بەعس نەدەشكا؟

دیارە ئامانجی سەرەكی لە هێرشەكەی ئەمجارە بۆ راگرتنی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە، ئەوەیە كە جۆرێك لە مۆرال و ورە بۆ چەكدارەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە دژی ئەسەد دروست ببێتەوە كە لەساڵی 2016وە رژێمی ئەسەد بە پشتیوانیی رووسیا و ئێران توانیویەتی بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بەشێكی زۆری خاكەكەی كۆنتڕۆڵ بكاتەوە، بەڵام ئێستا كە دەوڵەتانی هاوپەیمانیی ناتۆ و هاوپەیمانەكانی دیكەی ئەمریكا لەناوچەكە هاتوونەتە سەر خەت كە نابێت جارێكی دیكە بواری ئەوە بدرێت چەكی كیمیایی لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە بەكار بهێنرێت، ئەوا لەبەر ئەوەی هێزی سەربازیی رژێمی ئەسەد لە رووی ژمارەوە بەو ئاستە نییە كە بتوانێت كۆنتڕۆڵی تەواوی خاكی سووریا بكات، لە رووی ئیمكانیەتیشەوە ئەو سوپا بەهێزە نییە كە خاوەنی چەك و تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی سەربازی بێت، هەروەها میلیشیا وەكیلەكانی ئێران بەتایبەتی لیواكانی زەینەب و فاتیمە كە هەموویان شیعەی ئەفغانی و پاكستانین و وەك كرێ گرتە بە ئامانجی پارە و وەرگرتنی ئیقامە لە ئێران بەشداریی ئەو شەڕە دەكەن، ئەوا ئەوانیش ئەگەر بە هاوشێوەی شەڕی دژی داعش لە ئاسمانەوە پشتیوانییەكی چڕ و پڕیان نەبێت، ناتوانن شەڕەكە بكەن، هەروەك چۆن لە ساڵی 2015 بە تەواوی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و راوێژكارانی سەربازی حزبوڵای لوبنانی و فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، تەنیا بە هۆكاری ئەوەی هێزەكانی ئەمریكا هێرشی سەربازییان بۆ سەر شاری تكریت راگرت، ماوەی 19 رۆژ، میلیشیكانی حەشدی شەعبی نەیانتوانی بچنە ناو شاری تكریتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر هێزێكی ئاسمانی كاریگەر بوونی نەبێت، میلیشیا وەكیلەكانی سوپای پاسداران ئەو شەڕكەرانە نەبوون كە بتوانن شەڕی داعش بكەن.


بۆ بارودۆخی ئێستای رژێمی سووریا و هاوپەیمانەكانی (رووسیا و ئێران) كە ئامانجیان ئەوەیە بە هەر رێگەیەك و بە هەر نرخێك بێت، بە زووترین كات بارودۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكەن، لەبەرامبەریشدا ئەمریكا لەسەر زاری ترەمپەوە ئەوەی راگەیاندووە كە هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا دەكشێنەوە، ئەوا ئەگەر نەتوانن لە ماوەیەكی كورتدا بارودۆخەكە بە تەواوەتی كۆنتڕۆڵ بكەنەوە، ئەوا نە رژێمی سووریا بەتەنیا دەتوانێت بەرگەی تێچووی ئەو شەڕە بێ كۆتاییە بگرێت، نە كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دەتوانێت لە پارەی قووتی گەلانی ئێرانی بگێڕێتەوە و بۆ شەڕی ئەودیوی سنوورەكان خەرجی بكات، رووسیاش كە خۆی لە رووی ئابوورییەوە لە حاڵەتێكی باشدا نییە، ئەوا ئەگەر بەتەواوەتی لەشەڕی سووریاوە بگلێت، دەبێت باجێكی قورسی ئابووری بدات. بەڵام كاتێك ئەمریكا و رۆژئاوا دەیانەوێت ئەم هاوكێشەیە پێچەوانە بكەنەوە و، بە رێگەی دروستكردنی هاوسەنگی دژی رژێمی ئەسەد و قورسكردنی باری سەرشانی ئێران و رووسیا، شەڕێكی ئابووری لە دژی ئێران و رووسیا بەرپا بكەن، بارودۆخەكە گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا دێت و یان ئەوەیە دەبێت، رووسیا و ئێران باجێكی گەورە لەسەر ئاستی ناوخۆ بدەن بۆ مانەوەی رژێمی ئەسەد، یان دەبێت بۆ راستكردنەوەی باری ئابووریی ناوخۆیان لە سووریا بكشێنەوە.

لایەنێكی دیكە كە جێگەی هەڵوەستەكردنە، كاریگەری ئەم هێرشەیە لەسەر ئەو پڕۆژەیەی كە پێی دەڵێن: «هیلالی شیعی»، بێگومان لای هەموو لایەك ئاشكرایە كە سەركەوتنی پڕۆژەی هیلالی شیعی (واتە گرێدانەوەی تاران بە باشووری لوبنانەوە)، ئەوەش بەرهەمی سەركەوتنی شەڕی دژی داعشە كە بە بەلاش كۆماری ئیسلامی لە ژێر سایەی هێزی ئاسمانیی ئەمریكا و رۆژئاوا دەستی كەوتووە، لەم ناوچەیەشدا كە پێی دەگوترێت «هیلالی شیعی»، میلیشیا وەكیلەكانی سوپای پاسداران بە ئاستێك غروور بوون، كە نەك هەر سوپاسی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش ناكەن، بەڵكو ئاڵای ئەمریكا دەسووتێنن و دەیخەنە ژێر پێیانەوە، هەروەها مامەڵەشیان لەگەڵ عەرەبی سوننە لە هەر دوو دیوی سووریا و عێراق، بە هاوشێوەی مامەڵەكردنە لەگەڵ دیلی جەنگ و هیچ حیسابێك بۆ كەسایەتی و كەرامەتیان ناكەن، بۆیە هەمیشە مەزندەی ئەوە دەكرێت كە جارێكی دیكە رق و كینەی عەرەبی سوننە لە سووریا و عێراق دژی میلیشیاكانی شیعە بتەقێتەوە، ئەمەش هەر روودەدات، ئەگەر هێزی ئاسمانیی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی وەك پشتیوانییەكی بەهێز بۆ سوپاكەی ئەسەد و سیاسەتی شیعەگەرایی بەغدا و میلیشیا شیعەكانی سووریا و عێراق نەمێننەوە.
ئامانج لە دروستبوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، بە پلەی یەكەم بۆ مانەوەی سیستمی جیهانی بوو، لە ئێستا كە بە كردەیی سیستمی جیهانی نەماوە و ناوچەكە لە بابولمەندەبەوە تا كەنداوی عەقەبە، بۆتە ناوچەی باڵادەستیی و نفووزی میلیشیا شیعەكانی وەكیلی سوپای پاسداران، خۆی لە خۆیدا ئەم باڵادەستییەی میلیشیاكان لەناوچەكەدا، مانایەكی بۆ سیستمی جیهانی نەهێشتۆتەوە، بۆیە ئێستا ئەمریكا و هاوپەیمانیی ناتۆ، گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە شەڕی غەیرەدەوڵەتی بە كاراكتەری غەیرەدەوڵەتی دەكرێت، بۆ ئەمەش چۆن جۆرج دەبلیو بوش لە ساڵی 2007 بۆ تێكشكاندنی رێكخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە لقی عێراق، پەنای بۆ دروستكردنی هێزەكانی سەحوەی عەرەبی سوننە برد و پاشانیش توانی رێكخراوی قاعیدە لە عێراقدا تێكبشكێندرێت، بەڵام دواتر وەك دەرهاویشتەی سیاسەتی شیعەگەرایی لە دیمەشق و بەغدا، رێكخراوی تیرۆریستی داعش سەریهەڵدا، ئەوا بۆ ئەوەی رێگە لە دروستبوونەوەی رێكخراوێكی دیكە هاوشێوەی داعش بگیرێت و سیاسەتی شیعەگەرایی میلیشیا شیعەكانیش لە ریشەوە هەڵبكێشرێت، ئەوا ئەمریكا و رۆژئاوا بێجگە لە زەمینە رەخساندن بۆ عەرەبی سوننە هیچ رێگەیەكی دیكەیان نییە، ئەگەر عەرەبی سوننەش لەناوچەكانی خۆیان باڵادەست بن، ئەوا ئەمە مانای ئەوەیە پڕۆژەی هیلالی شیعی لە ریشە هەڵكێشراو كۆتایی دێت.
Top