حزبی سیاسیی بەهێز رێساكانی گەمەی حوكمڕانی فەرز دەكات

حزبی سیاسیی بەهێز رێساكانی گەمەی حوكمڕانی فەرز دەكات
بەشێك لەو هێز و قەوارە سیاسییانەی زۆنی سەوز كە یەك دووانێكیان تازە دروست بوون و دەیانەوێت بەشداری لە پرۆسەكانی هەڵبژاردن بكەن، خۆیان لە میدیاكانەوە دەڵێن: «ئێمە حزبی سیاسی نین» یان «حزبی تەقلیدی نین»، بەكارهێنانی ئەم چەمكانە بۆ پڕوپاگەندەكردنی پێشوەختەی هەڵبژاردن هەروەك چۆن بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكانی 2009 و 2013 پەنای بۆ برد، بەكارهێنانێكی بێ ئاگایانە نییە، بەڵكو ئامانج لە بەركارهێنانی ئەم چەمكانە (ئێمە حزبی سیاسیی نین، یان حزبی تەقلیدی نین)، مانای ئەوەیە پابەندنەبوون بە یاسا و رێساكانی گەمەی حوكمڕانی لەناو سیستمی دیموكراتیدا بۆ ئەوانە كارێكی ئاساییە. لەمەش زیاتر ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ قسەكەی ماكس ڤێبەر كە گوتوویەتی: «حزبی سیاسی كۆرپەی دیموكراتییە»، ئەوا ئەمەش مانای ئەوەیە پرۆسەی حوكمڕانی لە سیستمی دیموكراتیدا حزبی سیاسی وەك پێویستیەك بۆ نوێنەرایەتیكردنی چین، یان توێژێكی دیاریكراو بەرهەم دەهێنێت كە لەناو پرۆسەی حوكمڕانیدا نوێنەرایەتییان نییە، یان پێویستە نوێنەرایەتیان هەبێت، لەم بازنەیەدا حزبی سیاسی بە پابەندبوونی بە یاسا و رێساكانی حوكمڕانی دێتەناو پرۆسەكە و ئەگەر لاسەنگییەك لە تەرازووی حوكمڕانیدا هەبێت، راستی دەكاتەوە، بەڵام لەسەر بۆچوونەكەی ماكس ڤیبەر و هەڵوەستەكردن لە دروستبوونی ئەو قەوارە و هێزانەی كە خۆیان بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن ئەوان (حزبی سیاسی) نین، پرسیارەكە ئەوەیە: ئەو شتە سەیرەی لە هەناوی لاسەنگیی تەرازووی پرۆسەی حوكمڕانی كوردستاندا لەدایك بوون، ئەگەر حزبی سیاسی نەبن، دەبێت چی بن؟ بە دیوێكی دیكەشدا لەناو مێژووی حوكمڕانیی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتەكانی جیهاندا (حزبی سیاسی تەقلیدی و مودێرن) بوونی نییە، بەڵكو حزبی سیاسی لەوانەیە ناوی دیكەی هەبێت وەك (چەپ، راست، پاریزگاران و.. هتد)، بەڵام بەهیچ كامیان نە دەگوترێت (تەقلیدی)، نە پێشیان دەگوترێت (مودێرن)، ئەمەش لەبەر ئەوەیە پێداویستی بەشێكی كۆمەڵگە، ئەوجا ئەو بەشە چینێك بێت وەك (چینی كریكاران، یان جووتیارا،ن یان چینی ناوەند) پێداویستیەكانیان (تەقلیدی و مۆدێرن) نین، هەتا بەشكێیان حزبی (تەقلیدی) پێویست بێت و بەشێكی دیكەشیان حزبی (مۆدێرن).
دیارە دەركەوتنی قەوارە و بزووتنەوەی پۆپۆلیستییانە لەناو ژینگەی لاسەنگیی پرۆسەی حوكمڕانیی سیستمی دیموكراتیدا، لەگەڵ ئەوەی دەرهاویشتە خراپەكانی زیاتر لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو رەنگدانەوەی هەیە، بەڵام لە ژینگەی لاسەنگیی پرۆسەی حوكمڕانیی دیموكراتییە پێگەیشتووەكانیشدا دیاردەیەكی نامۆ نییە، بەتایبەتی كە ئێستا كۆی پرۆسەی حوكمڕانی لە رۆژئاوای دیموكراتیدا جۆرێك لەو لاسەنگییەی تێكەوتووە، چەندین هێز و قەوارەی سیاسی دژ بە بەها و پرەنسیپەكانی حوكمڕانی لە سیستمی دیموكراتی سەریهەڵداوە و خەریكە دەگاتە ئەوەی بەتەواوەتی هەڕەشە لەو سیستمە بكەن كە هەموو رۆژئاوا ماوەی زیاتر لە 200 ساڵە شانازی پێوە دەكەن، هەربۆیە لەپێناوی راستكردنەوەی پرۆسەی حوكمڕانی لە رۆژئاوا، ئێستا ئەولەوییەتی ئەركی حزبە سیاسییە بەهێزەكان بۆتە ئەوەی كە رێگە نەدەن، ئەو قەوارە و هێزانەی لەناو ژینگەی دیموكراتی لە دژی پرۆسەی حوكمڕانییەكە سەرهەڵدەدەن، سیستمی حوكمڕانی بەلاڕیدا بەرن و بەهاو پرانسیپەكانی دیموكراتی بكەوێتە مەترسییەوە.

بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن بەتەنیا نابێتە دارێكی سیحری بۆ راستكردنەوەی لاسەنگیی تەرازووی پرۆسەی حوكمڕانی لە كوردستاندا، بەڵام بێجگە لە پەنابردن بۆ هەڵبژاردن رێگەیەكی دیكە نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە پرۆسەی سیاسی بەهۆی تای پێشوەختەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەوە بەجۆرێك ئاڵۆز بووە كە ناتوانرێت رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر و هەر دەبێت چاوەڕێی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بین، بۆ ئەمەش گرنگە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بكرێنە میكانیزمێكی گونجاو بۆ ئەوەی هاوسەنگی بۆ پرۆسەی حوكمڕانی بگێڕێتەوە.
بەپێی ئەزموونی حوكمڕانییەكانی دیموكراتی و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی لاسەنگیی پرۆسەی حوكمڕانی، ئەركی سەرەكیی رێكخستنەوە و راستكردنەوەی پرۆسەكە دەكەوێتە سەرشانی ئەو حزبە سیاسییەی كە سەنگ و پێگە جەماوەرییەكەی بە تەنیا نزیكەی سەنگ و پێگەی هەموو حزبەكانی دیكەیە لە ناو خەڵكی وڵاتەكەی خۆیدا.

ئەگەر ئەمە بكەینە پێوەر بۆ میكانیزمی راستكردنەوەی لاسەنگیی تەرازووی پرۆسەی حوكمڕانی لە كوردستاندا، دیارە پارتی دیموكراتی كوردستان، بێ ركابەر حزبی سیاسیی یەكەم و سەرەكییە لە پرۆسەكەدا و بەپێی ئاكامی هەڵبژاردنەكانی رابردوو نزیكەی 40%ی خەڵكی كوردستان دەنگی پێداوە و چاوەڕێ دەكرێت لەم هەڵبژاردنەشدا رێژەكەی هەندێكی دیكەش هەڵبكشێت، ئەوا ئەم رێژەیە بەسە بۆ ئەوەی لەدوای هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، دیسان پارتی دیموكراتی كوردستان لایەنی یەكەم دەبێت بۆ ئەوەی حكومەتی داهاتوو لەگەڵ ئەو لایەنانەی پابەند دەبن بە یاسا و رێساكانی حوكمڕانی و نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان حوكمڕانییەكی هاوسەنگ لە چوارچێوەی حكومەت و ئۆپۆزیسیۆن رێكبخاتەوە.

لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر شێوازی (فەرزكردنی یاسا و رێساكانی حوكمڕانی)، ئەوا یاسا و رێساكانی حوكمڕانی فەرزی دەكات كە هەرسێ دەسەڵاتی (یاسادانان، جێبەجێكردن و دادوەری) كە دەبنە سێ كۆڵگە سەرەكییەكەی پرۆسەی حوكمڕانی، دەبێت پێكەوە و هەر یەكەیان بەو شێوازەی یاسا بۆی دیاری كردوون، لەیەك كاتدا پێكەوە كار بكەن و ئامانجی هەر سێ دەسەڵاتەكەش هەماهەنگی بۆ هەڵسووڕاندنی حوكمڕانییەكی باش بێت، بۆ ئەمەش ئەگەر سەیری لاسەنگیی تەرازووی پرۆسەی حوكمڕانی لە ساڵانی رابردوو لە كورستان بكەین، دەبینین لاسەنگیی تەرازووی حوكمڕانی ئەوە بوو كە ئەم سێ دەسەڵاتە هەر سێكیان پێكەوەو بە هەماهەنگی بۆ راگرتنی هاوسەنگیی حوكمڕانی كاریان نەكردووە، بەڵكو زۆر جاران ئەم سێ دەسەڵاتە بە شێوازی جیاواز كێشە و ئاستەنگیان بۆ یەكتری دروست كردووە، بەتایبەتی پەرلەمان وەك لە كابینەكانی (شەشەم و حەوتەم و هەشتەم) بینیمان، ئامانجی سەرەكیی ئەوە بووە كە حكومەت لە كارەكانیدا سەركەوتوو نەبێت، لەبەرامبەریشدا كە بارودۆخە ئەم شێوازە ئاڵۆزەی تێكەوتووە، وەزیرەكانی حكومەتیش ئامادە نەبوون وەك پێویست وەڵامی پرسیارە بەمەبەستەكانی لیژنەكانی پەرلەمان بدەنەوە، ئەمەش ئەو لاسەنگییەی لە تەرازووی حوكمڕانیدا دروست كردووە، كە ئێستا پێویستە راست بكرێتەوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەر ئەوەی حزبی سەرەكی و یەكەمە لە كوردستان، هێندەی قەوارەی خۆی ئەركی راستكردنەوەی تەرازووی پرۆسەی حوكمڕانی دەكەوێتە سەرشانی، ئەوجا بە حوكمی ئەوەی لە دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانیش جارێكی دیكە هەر پارتی ئەو حزبە سیاسییە دەبێت كە بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەسێپردرێت، ئەوا گرنگە پارتی بنەمای دامەزراندنەوەی (حكومەت و پەرلەمان) گرێ بداتەوە بە فەرزكردنی یاسا و رێساكانی پرۆسەی حوكمڕانی، نەك چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەت و پەرلەمان. لەم حاڵەتەدا گرنگە پارتی داكۆكی لە شكۆی هەر سێ دامەزراوە گرنگەكەی پرۆسەی حوكمڕانی (حكومەت و پەرلەمان و دادەری) بكات، ئەمەش بەو مانایەی دەبێت سەرۆكایەتی (حكومەت و پەرلەمان) وەك بەرپرسیاریەتی بەرامبەر ئاكامی پرۆسەی حوكمڕانی لای پارتی بێت و گرنگە لەسەر ئەم پرسە سازشی سیاسی بۆ لایەنەكانی دیكە نەكات، دەسەڵاتی دادوەریش كە لە هەموو جیهاندا ناكەوێتە چوارچێوەی پشك پشكێنەی هەڵبژاردن و دامەزاروەیەكی سەربەخۆی پڕۆفیشناڵە، دەبێت پارێزگاری لە سەربەخۆیی ئەو دامەزراوەیە بكرێت و لەژێر چاودێری سەروەریی یاسا بێت و پارتی بەتەنیا هاوسەنگی و هەماهەنگیی نێوان حكومەت و پەرلەمان بپارێزت.

لایەنێكی دیكەی سەركەوتن و پاراستنی پرۆسەی حوكمڕانی لە هەر وڵاتێكدا، هاودەنگیی ناو پرۆسەی بڕیار دروستكردن و هاودەنگیی ناو پرۆسەی جێبەجێكردنی بڕیارەكانیشە، ئەگەر لەناو پرۆسەی بڕیار دروستكردن و جێبەجیكردندا، هاودەنگیی تەواو نەبێت، ئەوا ئەو بڕیارانەی لەناو پرۆسەی حوكمڕانی دروست دەكرێت، بێجگە لە مەرەكەبی سەركاغەز شتێكی دیكە نابن، بۆیە دەبێت حكومەتی داهاتووی كوردستان، حكومەتی ئەو هێز و لایەنە سیاسییانە بێت كە هاودەنگن لەسەر جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیەی حزبی براوەی یەكەم بۆ جێبەجێكردنی راسپێردراوە، دیارە بەپێی خوێندنەوەی واقیعی سیاسیی كوردستان، بیركردنەوەی پارتی وایە كە زیاتر مەبەستی راستكردنەوەی لاسەنگیی تەرازووی حوكمڕانییە، نەك پۆست و وەزارەتەكانی ناو حكومەتەكە، بۆ ئەوەی دروستكردنی زۆرینەیەكی پێویست بۆ پێكهێنانی حكومەت كارێكی زۆر قورس نەبێت، ئەگەر واقیعی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش وا پێویستی كرد كە گرنگە لەم قۆناخەدا پارتی و یەكێتی پێكەوە پرۆسەی حوكمڕانی بەتایبەتی (حكومەت) بەڕێوە بەرن، ئەوا لە چوارچێوەی ئەو میكانیزمەی بۆ راستكردنەوەی لاسەنگیی تەرازووی پرۆسە حوكمڕانی دەگیرێتە بەر، پارتی و یەكێتی دەتوانن مودێلی ئەو رێككەوتنە ستراتیژییە تێپەڕێنن كە هەتا ئێستاش ناوەرۆكەكەی پەرژینێكە بۆ پاراستنی (فیفتی - فیفتی) و پرۆسەی حوكمڕانی ئیفلیج كردووە، بگۆڕن بۆ رێككەوتنێكی دیكە لەسەر ئاستی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پارێزگاكان، نەك لەسەر ئاستی چۆنیەتی هەڵسووڕاندنی پرۆسەی حوكمڕانی لەكوردستاندا. ئەم شێوازە كە لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی باڵادەستی و نفووزی حزبە سیاسییەكان لە پارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەكی دیكە جیاوازی هەیە، شێوازێك لە تایبەتمەندی بۆ ئەو پارێزگایانە پیادە كراوە، هەر بۆ نموونە لە جوگرافیای هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا، بە ئاشكرا ئەو ویلایەتانە دیارن كە نفووزی دیموكراتەكان تێیدا باڵادەستەو ئەو ویلایەتانەش دیارن كە نفووزی كۆمارییەكان تێیدا باڵادەستە، لە نێوانیانیشدا هەندێك ویلایەتیش هەن كە پێیان دەگوترێت» (جۆلانە) واتە تا رادەیەك هەردوولا هاوسەنگن، بۆیە كۆمارییەكان لە دەسەڵات بن، یان دیموكراتییەكان، تایبەتمەندی ئەم جوگرافیایەی دەنگدان رەچاو دەكرێت، بۆ ئەوەی ناهاوسەنگی لە تەرازووی حوكمڕانیی ئەمریكادا دروست نەبێت.
Top