كوردی رۆژئاوا دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا

كوردی رۆژئاوا دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا
كێشەی ئێستای رۆژئاوای كوردستان، هێندەی لەگەڵ دەوڵەتی توركیایە، هێندە لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد نییە، هەر بۆیە ئەگەر پەیەدە شێوازی سیاسەتی خۆی بگۆڕێت و بە فەرمی خۆی لە پەكەكە جیا بكاتەوە و شێوازی كاركردنی خۆی بگۆڕێت بۆ تایبەتمەندی و هەستیاریی رۆژئاوا لەناو سووریادا و پاشانیش وەك قەوارەیەكی سیاسی وەك دەوڵەتێكی دراوسێ مامەڵە لەگەڵ توركیا بكات، ئەوا دەوڵەتانی رۆژئاوا بەتایبەتی فەڕەنسا و ئەمریكا، توركیا دەخەنە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی وتووێژ لەنێوان توركیا و پەیەدە وەك حزبێكی سیاسیی سووریا دەست پێبكات، بەڵام ئەگەر پەیەدە هەر درێژە بە سیاسەتی ئێستایان بدەن و لەچوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی رۆژئاوای كوردستان سیاسەت نەكەن و خۆیان هەروەك پاشكۆی پەكەكە پیشان بدەن و ببنە كارتی گوشار بەدەستی ئێران و سووریاوە، ئەوا رۆژئاواش گوشارەكانی كاریگەری نابێت و داشی توركیا لە هاوكێشەكەدا سوار دەبێت، پاشانیش ئێران و سووریا بێجگە لە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان، هیچ بایەخێك بە بوونی كورد لە رۆژئاوا نادەن و سەرەنجامیش ئامانجیان ئەوە دەبێت كە كانتۆنەكانی رۆژئاوا داگیربكەنەوە و قەوارەیەك بەناو كوردەوە بوونی نەمێنێت.
لە ئێستادا كە ئەمریكا بڕیاریداوە هێزەكانی لە سووریا پاشەكشە پێ بكات، هەموو لایەك دەزانن، كە ئەمریكا هێزی سەربازیی شەڕكەری لە سووریا نییە، بەڵكو ئەو هێزەی ئەمریكا كە لە سووریا بوونیان هەیە، بەشی هەرە زۆریان ئەو راوێژكارە سەربازییانەن كە بۆ راهێنان و مەشق پێكردنی هێزەكانی سووریای دیموكراتی لەوێن، ئەمەش مانای ئەوەیە وەك هێزی زەمینی، هێزی كاریگەر لەسەر زەوی هێزەكانی كوردە لەناو سوپای سووریای دیموكراتیدا، ئەم سوپایەش وەك هێزێكی زەمینی بۆ شەڕی غەیرە نیزامی لەناو سووریا هەموو لایەك پێویستی بەوە هەیە كە هاوپەیمانی لەگەڵدا بكات، فەڕەنساش هەر لەسەر ئەم بنەمایە لەگەڵ سەركردایەتیی ئەم هێزە كۆدەبێتەوە و لە كۆشكی ئەلێزی پێشوازییان لێدەكات كە بەشێك لە سەركردایەتیی ئەو هێزەی چوونە فەڕەنسا، گەریلاكانی پەیەدەن لەناو سوپای سووریای دیموكراتیدا.
لەم چوارچێوەیەدا، كارتی كورد لە سووریا، كارتێكی سووتاو نییە، یان كارتێك نییە بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا گۆڕانكاری زۆر خراپی بەسەردا بێت، بەڵكو ئەوەی سەنگ و پێگەی كورد لەناو هاوكێشەی سووریا دیاری دەكات، خودی ئەو هێزەیە كە ئێستا لەرۆژئاوای كوردستان بوونی هەیە، دەبێت بزانێت چۆن لەم بارودۆخە هەستیارەدا سۆزی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دۆزی كورد لە سووریا رادەكێشێت و چۆن خۆی لە پاشكۆیەتی پەكەكە دێنێتە دەرەوە.


تێڕوانینی كوردانە بۆ رۆژئاوای كوردستان، گرنگە تێڕوانینێكی ئاقڵانە بێت و دووربێت لە هەست و سۆز بۆ لایەنێكی دیاریكراو، كێشەی كورد لە رۆژئاوا بەتایبەتی و لە رۆژئاوا و باكوور بەشێوەیەكی گشتی، پەیوەستە بەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چ لایەنێكی سیاسی نوێنەرایەتی دەكات، پەكەكە وەك لایەنێكی سیاسی لەبەر ئەوەی بە گوشاری توركیا خراوەتە لیستی تیرۆرەوە، كاریگەری نەرێنی لەسەر خەباتی رۆژئاوا و باكوور دروست كردووە، بۆیە ئەگەر ئامانجی هەموو لایەنە كوردستانیەكان لە هەر چوار پارچەی كوردستان ئەوەبێت، دۆزی كورد لە هەر چوارپارچە هەنگاوێك بچێتە پێشەوە، ئەوا دەبێت هەموو لایەك هاریكاری پەكەكە بكەن، پەكەكەش هاریكاری هەموو لایەنە كوردستانییەكان بكات كە لە لیستی تیرۆر بێتە دەرەوە و ببێتە نوینەری راستەقینەی گەلێكی ژێردەستەی بێ دەوڵەت لە باكووری كوردستاندا، بەڵام لە كاتێكدا كە پەكەكە لەبەر هەر هۆكارێك بێت، ناتوانێت بەو شێوەیە سیاسەت بكات كە جیهان ناچار بێت لە لیستی تیرۆر بیهێنێتە دەرەوە، ئەوا گرنگە رێگە بەوە نەدرێت كە رۆژئاوای كوردستانیش كە بارودۆخێكی تایبەتی بۆ هاتۆتە پێشەوە و مەزندەی ئەوەی لێدەكرێت قەوارەیەكی لۆكاڵی دیكەی كوردیش لە رۆژئاوا بێتە ئاراوە، بە ئاگری پەكەكە بسووتێت و دەوڵەتێكی وەك توركیا بە ئاشكرا هێرشیان بكاتە سەرو هەموو جیهانیش لەبەرامبەریدا بێدەنگی بنوێنێت.


كەواتە بارودۆخی سووریا چەند گۆڕانكاری بەسەردا بێت، یان ئەمریكا هێزەكانی لەوێ بهێڵێتەوە، یان پاشەكشەیان پێ بكات، بەندە بە شێوازی سیاسەتكردنی پەیەدە لەو ناوچانە و خوێندنەوەی هاوكێشە سیاسییەكان بە شێوەی لۆژیكانەی ئەوتۆ كە بەرژەوەندیی گەلی كورد لەناو ئەم هاوكێشە ئاڵۆزەدا لەبەرچاو بگرێت، لە سەرووی ئەمانەشەوە گرنگە پەیەدە خۆی وەك پارتێكی ناو دەوڵەتی سووریا پیشانی جیهان بدات و ئاراستەی كاركردنی خۆی تەنیا بۆ رۆژئاوا تەرخان بكات و هەر بەو زمانەش لەگەڵ دەوڵەتانی رژێمی بەشار ئەسەد و دەوڵەتانی دەوربەر و جیهانیش قسە بكات، لەوانەیە ئەگەر پەیەدە لەناو ئەم بارودۆخەی ئێستا بەشێوەیەك لە شێوەكان سیاسەتی خۆی لەگەڵ بەرژەوەندی رۆژئاوای كوردستان بگونجێنێت، جیا لەوەی سوودێكی زۆری بۆ خۆی دەبێت، لەوانەیە ببێتە هۆكارێكیش بۆ ئەوەی پەكەكە بەخۆیدا بچێتەوە و رەچاوی تایبەتمەندیی پارچەكانی كوردستان بەگشتی و تایبەتمەندیی باكووری كوردستانیش بكات.
Top