زۆنگاوی سووریا و دووبارەبوونەوەی ئەفغانستانێكی دیكە بۆ رووسیا
April 4, 2018
راپۆرتەکان
لەدوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، لەلایەك ئامانج و بەرژەوەندییەكانی رووسیا و ئێران لەناو سووریادا گۆڕانكاری بەسەردا دێت، هەروەها لەلایەكی دیكەوە ئامانج و بەرژەوەندییەكانی توركیاش لەگەڵ هەریەكە لە ئێران و رووسیا گۆڕانكاری بەسەردا دێت، سەبارەت بە هەڵوێستی رووسیا بەرامبەر ئێران و میلیشیا وەكیلەكانی، دیارە رووسیا بەرژەوەندییەكی گەورەی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، حزبوڵا و میلیشیا شیعەكانی وەكیلی سوپای پاسدارانیش بە حیساب خۆیان بە دوژمنی سەرسەختی ئیسرائیل دەزانن و وەك خۆیان بانگەشەی بۆ دەكەن، ئامانجیان ئەوەیە ئیسرائیل لەسەر نەخشەی سیاسی بسڕنەوە، بۆیە كاتێك پۆتین و نەتانیاهۆ لەیەك بازنەدا یەكدەگرنەوە، ئەوا دەبێت ئێرانیش وەك هاوپەیمانی رووسیا لە سووریادا چاوێك بە رەفتاری میلیشیا وەكیلەكانیدا بخشێنێتەوە، سەبارەت هەڵوێستی توركیاش بەرامبەر بە رووسیا و ئێران، دیارە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا و خۆڕێكخستنەوەی عەرەبی سوننەی دژی رژێمی دیمەشق، ئەوا توركیا دەبێتە خاوەنی هێزێكی زەمینیی كاریگەر لەناو سووریا و دەتوانێت هاوكێشەكەی بۆ بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێت و بە ئاشكرا پشتگیری ئەو هێزەی عەرەبی سوننە دەكات، بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ نفووز و دەستڕۆیشتوویی ئێران لە سووریا و عێراق دابنێت، لەم حاڵەتەشدا رووسیا ناچار دەبێت بۆ پارێزگاریكردنی لە بەرژەوەندییەكانی لەسووریادا، لەگەڵ توركیا لاپەڕەیەكی تازە بكاتەوە، ئەم لاپەڕە تازەیەش، لەلایەك دەبێتە هەوڵێك بۆ سنوورداركردنی نفووزی ئێران لە سووریا، لەلایەكی دیكەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی ئێرانیش بۆ پارێزگاریكردن لە نفووز و دەستڕۆیشتوویی خۆی لەسووریادا، خەرجییەكی زیاتر بۆ شەڕی میلیشیا وەكیلەكانی تەرخان بكات، ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ناوخۆی ئێران دەبێت.
رووسیا ئەزموونی تاڵی داگیركردنی ئەفغانستانی لە هەشتاكانی سەدەی رابردووی لەلایەن یەكێتی سۆڤێتەوە هەیە و دەزانێت خۆتێوەگلاندن لەشەڕی پارتیزانی موجاهیدەكانی ئەفغانستان چ باج و قوربانییەكی دەوێت و سەرەنجامیش چۆن لە ئەفغانستان بە دۆڕاندنی سۆڤیەت كۆتایی هات، ئەوا ئەگەر خۆی لە شەڕی ناوخۆی سووریاشەوە بگلێنێت، سەرەنجام هەر دەبێت دوای دانی باجێكی قورس سووریا بە جێ بهێڵێت، ئەمریكاش كە میانەی گۆڕانكارییەكانی لە سیاسەتی دەرەوەی بەرامبەر بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تەواوەتی رەچاوی پێشنیار و راسپاردەكانی هاوپەیمانە نزیكەكانی خۆی بەتایبەتی (سعودیە و ئیسرائیل)ی كردووە، كاتێك بڕیاری داوە لە سووریا بكشێتەوە، ئەوا هیچ گومانی تێدا نییە بەهەمان میتۆدی ئێران كە میلیشیای وەكیلی دروستكردووە و لەو دیو سنوورەكانی خۆیەوە شەڕێكی بەربڵاو بەڕێوە دەبات، بەهەمان شێوە ئەمریكاش میلیشیای وەكیلی خۆی لە عەرەبی سوننە لە قۆناخی یەكەمدا لە سووریا بەناوی موجاهیدانەوە دروست دەكات و لەوانەیە بە ئاشكراش پشتیگیرییان بكات، ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەیە كە شەڕی كاراكتەری غەیرەدەوڵەتی پێویستی بەوەیە هێزی غەیرەدەوڵەتی بۆ دروست بكرێت.