ترەمپ دەیەوێت سووریا بكاتە ئەفغانستان بۆ رووسیا و هاوپەیمانەكانی

ترەمپ دەیەوێت سووریا بكاتە ئەفغانستان بۆ رووسیا و هاوپەیمانەكانی
هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە لێدوانێكی دیكەی سەبارەت بە كشانەوەی بەپەلەی ئەمریكا لە سوریا لە نزیكترین كاتدا، سەرنجی جیهان و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بۆ لای خۆی راكێشایەوە.
بێگومان قسەكردن لەسەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا وەك مەزندە و لێدوانی چاودێران و پسپۆڕان و دیپلۆماتكاران تازە نییە، زیاتر لە ساڵێكە باس لەوە دەكرێت ئەمریكا هێزەكانی لە سووریا بكشێنێتەوە باشترە، بەڵام بوونی ئەم مەزندە و قسانە بە سیاسەتی فەرمیی حكومەتی ئەمریكا لەسەر زاری سەرۆك ترەمپەوە، ئەمەیان شتێكی تازەیە و ئاماژەیەكی روون و ئاشكرایە بۆ سەرەتای پیادەكردنی سیاسەتێكی تازەی دەرەوە لە بەهاری ئەمساڵەوە، ئەو سیاسەتە تازەیەش كە لەگەڵ دەستبەكاربوونی مایك پۆمپیۆ دەست پێدەكات، بە تەواوەتی كۆتاییهاتنە بە شێوازی ئەو سیاسەتەی دەرەوە كە لە ماوەی هەشت ساڵی هەر دوو ئیدارەی باراك ئۆباما و لە ماوەی 14 مانگی (ریكس تیلرسۆن)دا دریژەی پێدراوە.

ساڵی پار هەر لە مانگی نیساندا، وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بە رژێمی ئەسەد لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دژی گەلەكەی، بە فەرمانی راستەوخۆی ترەمپ بە نزیكەی 30-40 رۆكێت هێرش كرایە سەر بنكەی ئاسمانیی شوعیرات، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو لەو فڕۆكەخانەیەوە، فڕۆكەكان هەستاون و (خان شەیخون)یان بە چەكی كیمیایی بۆمباران كردووە. ئەم بریارەی ترەمپ بە لێدانی رژێمی ئەسەد، چاوەڕێی ئەوەی لێدەكرا، هەر ساڵی پار گۆڕانكاری گەورە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بەرامبەر بە سووریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بكات، بەڵام سەرقاڵیی ترەمپ بە كێشە ناوخۆییەكانی ئەمریكا و سووربوونی وەزارەتی دەرەوە و ستافی دروستكردنی سیاسەتی دەرەوە لەسەر درێژەدان بە سیاسەتی دەرەوەی پێشووی سەردەمی ئیدارەی ئۆباما، بووە هۆكاری ئەوەی لە ساڵی یەكەمی سەرۆكایەتی ترەمپدا، گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە سیاسەتی دەرەوەو هەروەها لە هاتنە دەرەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی (5+1) لەگەڵ ئێران، روونەدات.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی لەماوەی دووساڵی رابردووی كۆنگرەی میونشن بۆ ئاسایشی جیهان ئامادە دەكرێن، ئاماژەیەكی راشكاوانە بەوە كراوە، لەدوای ئەوەی رووسیا لە ساڵی 2015 و بۆ بەرژەوەندیی مانەوەی رژێمی ئەسەد دەستتێوەردانی كرد، ئیدی نەك تەنیا بوونی ئەمریكا، بەڵكو رۆژئاواش بەشێوەیەكی گشتی لەناو هاوكێشەی شەڕی سووریادا رۆڵیان بووە بە لاوەكی و ناتوانن هیچ كاریگەریەكیان هەبێت، لەمەش زیاتر بارودۆخی سووریا بە جۆرێك ئاڵۆز بووە كە لەلایەك ناتوانرێت لەگەڵ مانەوەی رژێمی ئەسەد سەقامگیری و ئاشتی بۆ ئەو وڵاتە بگێڕێتەوە، لە لایەكی دیكەشەوە بە رۆیشتنی رژێمی ئەسەدیش ناتوانرێت لەگەڵ گرووپەكانی ئۆپۆزیسیۆن بگەنە رێككەوتنێكی ئەوتۆ كە بتوانرێت ئایندەیەكی باش بۆ سووریا دابین بكرێت، ئەمانە هەمووی لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە زیادبوونی نفووزی ئێرانی لەناو سووریا و تەراتێنی حزبوڵای لوبنانی لە نێوان سووریا و لوبنان، بۆتە هۆكاری ئەوەی زەمینەیەكی زۆر باش بۆ ئێران و حزبوڵای لوبنانی دروست بێت، كە لەلایەك لەژێر سایەی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان خۆیان وەك پاڵەوانی شەڕی دژی داعش پیشان بدەن و لەلایەكی دیكەش سووریا بكەنە شەڕێكی ئیستنزافی بۆ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لەو وڵاتەدا.
سەبارەت بە رووسیاش كە ئێستا رۆڵی سەرەكی و یەكلاكەرەوە بۆ مانەوەی رژێمی ئەسەد دەگێڕێت، هەتا ئێستا بە هۆی بوونی هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانان و ئەمریكا لە شەڕی دژی داعش، خەرجییەكی كەمی لە شەڕەكە بەركەوتووە و لە هەمانكاتیشدا خۆی بە خاوەنی گۆڕەپانی شەڕی سووریا دەزانێت و لەسەر ئاستی سیاسیش لەمیانەی كۆنگرەكانی سوچی و ئەستانە بۆتە چاودێری پرۆسەی سیاسی و ئەمریكا و رۆژئاوا هیچ رۆڵێكی ئەوتۆیان نییە.
كەواتە وەك سەرۆك ترەمپ لە لێدوانەكەیدا راشكاوانە رایگەیاند، لە ماوەی ساڵانی رابردوو چەندین ترلیۆن دۆلاریان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەرج كردووە، لەئاكامیشدا هیچیان بەدەست نەهێناوە، ئەمە مانای ئەوەیە هەموو هەوڵەكانی ئەمریكا لە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و سووریا بەتایبەتی بێ ئاكام بووە و ئێستا پێویستی بە پێداچوونەوە و گۆڕانكاری هەیە.

بەپێی بۆچوونی پسپۆڕان و دیپلۆماتكارانی چاودێری بارودۆخی سووریا، هۆكاری دروستبوونی ناسەقامگیری و ئاژاوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و لەسووریا و عێراق بەتایبەتی، مەسەلەكە سەرهەڵدانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش نییە، بەڵكو سەرهەڵدانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش دەرهاویشتەی ئەو سیاسەتە مەزهەبگەراییە توندەیە كە بە پشتگیری ئێران لە دیمەشق و بەغداوە لە ساڵانی رابردوو پیادە كراوە، كە هەر ئەو سیاسەتەش ئیدارەی ئۆبامای ناچار كرد لە كۆتایی 2011 هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە.
لە خوێندنەوەی بندێڕی ئەم بۆچوونانەی پسپۆڕان دەگەینە ئەو دەرەنجامەی ئەوانەی پشتگیری مانەوەی رژێمی ئەسەد دەكەن، بەتایبەتی (رووسیا و ئێران)، ئەم ئامانجەیان بۆ هاتۆتەدی و رژێمی ئەسەد لە دەسەڵات ماوەتەوە و بە پشتیوانی هاوپەیمانانی رۆژئاوا و ئەمریكاش هەم خەلافەتەكەی داعش لە رەققە رووخێنراوە و هەمیش ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە ئاستێك لاواز بووە كە رژێمی ئەسەد بە ئارەزووی خۆی دەتوانێت لێیان بدات، یان ناوچەكانیان لێ بسەنێتەوە، ئەمەش وەك سەركەوتنی رژێمی ئەسەد و رووسیا و ئێران لە قەڵەم دراوە و هەر ئەوانیش خۆیان بە خاوەنی ئەو دەسكەوتە دەزانن.

ئەوجا بۆ ئەوەی ئەو هاوكێشەیە پێچەوانە بكرێتەوە و ئێران و رووسیا لەسەر حیسابی پشتیوانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و ئەمریكا نەبنە خاوەنی ئەو دەستكەوتە و درێژە بە هەڕەشەكانیان بدەن بۆ زیاتر دروستكردنی ئاژاوە و ناسەقامگیری لە سووریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوە لۆژێكی پشت كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا ئەوەیە، مادام فاكتەری سەرەكی دروستبوونی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، پیادەكردنی سیاسەتی توندی مەزهەبگەرایی شیعەیە لەلایەن دیمەشق و بەغداوە بە پشتیوانی ئێران و رووسیا، ئەوا دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بە فەرمی و نەمانی چەتری ئاسمانی لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە، جارێكی دیكە عەرەبی سوننە بە شێوازێكی دیكە خۆیان رێكدەخەنەوە و سیاسەتی مەزهەبگەرایی دیمەشق و بەغدا بە ئاسانی قبووڵ ناكەن، لە ئاكامیشدا شەڕێكی جیهادی (ئەوجا لەژێر هەر ناوێكدا بێت)، دژی رژێمی ئەسەد و هاوپەیمانەكانی لە سووریا و هەروەها دژی دەسەڵاتدارانی شیعە لە عێراقدا سەرهەڵدەداتەوە، لەم حاڵەتەشدا كە رووسیا و ئێران بە تەواوەتی لە شەڕی سووریا گلاون و راستەوخۆ بوونەتە بەشێك لە شەڕەكە، ئەمجارەیان بەبێ پشتیوانیی چەتری ئاسمانیی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، دەبێت خۆیان شان بدەنە ژێر ئەو بارە قورسە و تێچووی شەڕەكە لەسەر ئاستی ماددی و مرۆیی لە ئەستۆ بگرن.
لە ئێستادا كە سیستمی جیهانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆتە پاشاگەردانی و بوونی نەماوە، زۆر لە دەوڵەتانی ناوچەكە و جیهانیش لەگەڵ ئاراستەی سیاسەتی رووسیای سەردەمی پۆتین یەك دەگرێتەوە و لەناو هاوپەیمانییەكدا پێكەوە كۆیان دەكاتەوە، كە لەوانەیە هەندێك لەو دەوڵەتانە بۆ نموونە (توركیا) ئەندامی ناتۆش بێت و لەگەڵ رووسیاشدا لە هاوپەیمانییەكدا پێكەوە بن.
بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا، هەڵوێستی توركیاش لەناو سووریا گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا دێت، ئەم گۆڕانكارییەش بەشێك لە دەوڵەتانی عەرەبی وەك قەتەریش دەگرێتەوە كە بۆچوونیان سەبارەت بە ئایندەی سووریا و پشتگیریكردنیان لە عەرەبی سوننەی سووریا هاوشێوەیە. هەر بۆیە كاتێك عەرەبی سوننەی سووریا و عێراقیش بە شێوەیەك لە شێوەكان لەدژی هەردوو رژێمی دیمەشق و بەغدا خۆیان رێكدەخەنەوە و ناچار دەبن پەنا بۆ شەڕی چەكداری ببەن، ئەگەر هۆكاری سەرەكیی دووبارە پەنابردنی عەرەبی سوننە بۆ شەڕ، كاردانەوەی ئەو سیاسەتە مەزهەبگەراییە شیعەیە بێت كە بە پشتگیری ئێران لە عێراق و سووریا دژی عەرەبی سوننە پیادە دەكرێت، ئەوا ئەمجارەیان هەڵوێستی توركیا و قەتەر و لەوانەیە دەوڵەتانی دیكەی كەنداو و سعودیە و میسریش وەك هەڵوێستی پێشوویان نەبێت، بەرامبەر بە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش و وەك موجاهید مامەڵەیان لەگەڵ بكەن، نەك وەك تیرۆریست.



زۆنگاوی سووریا و دووبارەبوونەوەی
ئەفغانستانێكی دیكە بۆ رووسیا
هۆكاری سەرەكی بۆ سەركەوتنی رووسیا لە شەڕی سووریادا، دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئەو میلیشیا شیعەیانەی كە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دروستكراون و لەلایەن میلیشیاكانی حزبوڵای لوبنانییەوە مەشق و راهێنانیان پێكراوە و بۆ شەڕی غەیرەدەوڵەتی ئامادە كراون، ئەوجا بوونی ئەو میلیشیا وەكیلانەی ئێران بە حزبوڵای لوبنانیشەوە لەناو شەڕی سووریا و دروستكردنی چەترێكی ئاسمانی لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش، بەرەی شەڕەكەی بە ئاستێك بۆ رووسیا بچووك كردبۆەوە كە بە ئاسانی بتوانێت ئەو لایەنە ئۆپۆزیسیۆنانەی لە دیمەشق نزیك بوونەوە، سەركوت بكات.
لەدوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، لەلایەك ئامانج و بەرژەوەندییەكانی رووسیا و ئێران لەناو سووریادا گۆڕانكاری بەسەردا دێت، هەروەها لەلایەكی دیكەوە ئامانج و بەرژەوەندییەكانی توركیاش لەگەڵ هەریەكە لە ئێران و رووسیا گۆڕانكاری بەسەردا دێت، سەبارەت بە هەڵوێستی رووسیا بەرامبەر ئێران و میلیشیا وەكیلەكانی، دیارە رووسیا بەرژەوەندییەكی گەورەی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، حزبوڵا و میلیشیا شیعەكانی وەكیلی سوپای پاسدارانیش بە حیساب خۆیان بە دوژمنی سەرسەختی ئیسرائیل دەزانن و وەك خۆیان بانگەشەی بۆ دەكەن، ئامانجیان ئەوەیە ئیسرائیل لەسەر نەخشەی سیاسی بسڕنەوە، بۆیە كاتێك پۆتین و نەتانیاهۆ لەیەك بازنەدا یەكدەگرنەوە، ئەوا دەبێت ئێرانیش وەك هاوپەیمانی رووسیا لە سووریادا چاوێك بە رەفتاری میلیشیا وەكیلەكانیدا بخشێنێتەوە، سەبارەت هەڵوێستی توركیاش بەرامبەر بە رووسیا و ئێران، دیارە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا و خۆڕێكخستنەوەی عەرەبی سوننەی دژی رژێمی دیمەشق، ئەوا توركیا دەبێتە خاوەنی هێزێكی زەمینیی كاریگەر لەناو سووریا و دەتوانێت هاوكێشەكەی بۆ بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێت و بە ئاشكرا پشتگیری ئەو هێزەی عەرەبی سوننە دەكات، بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ نفووز و دەستڕۆیشتوویی ئێران لە سووریا و عێراق دابنێت، لەم حاڵەتەشدا رووسیا ناچار دەبێت بۆ پارێزگاریكردنی لە بەرژەوەندییەكانی لەسووریادا، لەگەڵ توركیا لاپەڕەیەكی تازە بكاتەوە، ئەم لاپەڕە تازەیەش، لەلایەك دەبێتە هەوڵێك بۆ سنوورداركردنی نفووزی ئێران لە سووریا، لەلایەكی دیكەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی ئێرانیش بۆ پارێزگاریكردن لە نفووز و دەستڕۆیشتوویی خۆی لەسووریادا، خەرجییەكی زیاتر بۆ شەڕی میلیشیا وەكیلەكانی تەرخان بكات، ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ناوخۆی ئێران دەبێت.
رووسیا ئەزموونی تاڵی داگیركردنی ئەفغانستانی لە هەشتاكانی سەدەی رابردووی لەلایەن یەكێتی سۆڤێتەوە هەیە و دەزانێت خۆتێوەگلاندن لەشەڕی پارتیزانی موجاهیدەكانی ئەفغانستان چ باج و قوربانییەكی دەوێت و سەرەنجامیش چۆن لە ئەفغانستان بە دۆڕاندنی سۆڤیەت كۆتایی هات، ئەوا ئەگەر خۆی لە شەڕی ناوخۆی سووریاشەوە بگلێنێت، سەرەنجام هەر دەبێت دوای دانی باجێكی قورس سووریا بە جێ بهێڵێت، ئەمریكاش كە میانەی گۆڕانكارییەكانی لە سیاسەتی دەرەوەی بەرامبەر بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تەواوەتی رەچاوی پێشنیار و راسپاردەكانی هاوپەیمانە نزیكەكانی خۆی بەتایبەتی (سعودیە و ئیسرائیل)ی كردووە، كاتێك بڕیاری داوە لە سووریا بكشێتەوە، ئەوا هیچ گومانی تێدا نییە بەهەمان میتۆدی ئێران كە میلیشیای وەكیلی دروستكردووە و لەو دیو سنوورەكانی خۆیەوە شەڕێكی بەربڵاو بەڕێوە دەبات، بەهەمان شێوە ئەمریكاش میلیشیای وەكیلی خۆی لە عەرەبی سوننە لە قۆناخی یەكەمدا لە سووریا بەناوی موجاهیدانەوە دروست دەكات و لەوانەیە بە ئاشكراش پشتیگیرییان بكات، ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەیە كە شەڕی كاراكتەری غەیرەدەوڵەتی پێویستی بەوەیە هێزی غەیرەدەوڵەتی بۆ دروست بكرێت.

كوردی رۆژئاوا
دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا

كێشەی ئێستای رۆژئاوای كوردستان، هێندەی لەگەڵ دەوڵەتی توركیایە، هێندە لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد نییە، هەر بۆیە ئەگەر پەیەدە شێوازی سیاسەتی خۆی بگۆڕێت و بە فەرمی خۆی لە پەكەكە جیا بكاتەوە و شێوازی كاركردنی خۆی بگۆڕێت بۆ تایبەتمەندی و هەستیاریی رۆژئاوا لەناو سووریادا و پاشانیش وەك قەوارەیەكی سیاسی وەك دەوڵەتێكی دراوسێ مامەڵە لەگەڵ توركیا بكات، ئەوا دەوڵەتانی رۆژئاوا بەتایبەتی فەڕەنسا و ئەمریكا، توركیا دەخەنە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی وتووێژ لەنێوان توركیا و پەیەدە وەك حزبێكی سیاسیی سووریا دەست پێبكات، بەڵام ئەگەر پەیەدە هەر درێژە بە سیاسەتی ئێستایان بدەن و لەچوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی رۆژئاوای كوردستان سیاسەت نەكەن و خۆیان هەروەك پاشكۆی پەكەكە پیشان بدەن و ببنە كارتی گوشار بەدەستی ئێران و سووریاوە، ئەوا رۆژئاواش گوشارەكانی كاریگەری نابێت و داشی توركیا لە هاوكێشەكەدا سوار دەبێت، پاشانیش ئێران و سووریا بێجگە لە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان، هیچ بایەخێك بە بوونی كورد لە رۆژئاوا نادەن و سەرەنجامیش ئامانجیان ئەوە دەبێت كە كانتۆنەكانی رۆژئاوا داگیربكەنەوە و قەوارەیەك بەناو كوردەوە بوونی نەمێنێت.
لە ئێستادا كە ئەمریكا بڕیاریداوە هێزەكانی لە سووریا پاشەكشە پێ بكات، هەموو لایەك دەزانن، كە ئەمریكا هێزی سەربازیی شەڕكەری لە سووریا نییە، بەڵكو ئەو هێزەی ئەمریكا كە لە سووریا بوونیان هەیە، بەشی هەرە زۆریان ئەو راوێژكارە سەربازییانەن كە بۆ راهێنان و مەشق پێكردنی هێزەكانی سووریای دیموكراتی لەوێن، ئەمەش مانای ئەوەیە وەك هێزی زەمینی، هێزی كاریگەر لەسەر زەوی هێزەكانی كوردە لەناو سوپای سووریای دیموكراتیدا، ئەم سوپایەش وەك هێزێكی زەمینی بۆ شەڕی غەیرە نیزامی لەناو سووریا هەموو لایەك پێویستی بەوە هەیە كە هاوپەیمانی لەگەڵدا بكات، فەڕەنساش هەر لەسەر ئەم بنەمایە لەگەڵ سەركردایەتیی ئەم هێزە كۆدەبێتەوە و لە كۆشكی ئەلێزی پێشوازییان لێدەكات كە بەشێك لە سەركردایەتیی ئەو هێزەی چوونە فەڕەنسا، گەریلاكانی پەیەدەن لەناو سوپای سووریای دیموكراتیدا.
لەم چوارچێوەیەدا، كارتی كورد لە سووریا، كارتێكی سووتاو نییە، یان كارتێك نییە بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا گۆڕانكاری زۆر خراپی بەسەردا بێت، بەڵكو ئەوەی سەنگ و پێگەی كورد لەناو هاوكێشەی سووریا دیاری دەكات، خودی ئەو هێزەیە كە ئێستا لەرۆژئاوای كوردستان بوونی هەیە، دەبێت بزانێت چۆن لەم بارودۆخە هەستیارەدا سۆزی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دۆزی كورد لە سووریا رادەكێشێت و چۆن خۆی لە پاشكۆیەتی پەكەكە دێنێتە دەرەوە.


تێڕوانینی كوردانە بۆ رۆژئاوای كوردستان، گرنگە تێڕوانینێكی ئاقڵانە بێت و دووربێت لە هەست و سۆز بۆ لایەنێكی دیاریكراو، كێشەی كورد لە رۆژئاوا بەتایبەتی و لە رۆژئاوا و باكوور بەشێوەیەكی گشتی، پەیوەستە بەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چ لایەنێكی سیاسی نوێنەرایەتی دەكات، پەكەكە وەك لایەنێكی سیاسی لەبەر ئەوەی بە گوشاری توركیا خراوەتە لیستی تیرۆرەوە، كاریگەری نەرێنی لەسەر خەباتی رۆژئاوا و باكوور دروست كردووە، بۆیە ئەگەر ئامانجی هەموو لایەنە كوردستانیەكان لە هەر چوار پارچەی كوردستان ئەوەبێت، دۆزی كورد لە هەر چوارپارچە هەنگاوێك بچێتە پێشەوە، ئەوا دەبێت هەموو لایەك هاریكاری پەكەكە بكەن، پەكەكەش هاریكاری هەموو لایەنە كوردستانییەكان بكات كە لە لیستی تیرۆر بێتە دەرەوە و ببێتە نوینەری راستەقینەی گەلێكی ژێردەستەی بێ دەوڵەت لە باكووری كوردستاندا، بەڵام لە كاتێكدا كە پەكەكە لەبەر هەر هۆكارێك بێت، ناتوانێت بەو شێوەیە سیاسەت بكات كە جیهان ناچار بێت لە لیستی تیرۆر بیهێنێتە دەرەوە، ئەوا گرنگە رێگە بەوە نەدرێت كە رۆژئاوای كوردستانیش كە بارودۆخێكی تایبەتی بۆ هاتۆتە پێشەوە و مەزندەی ئەوەی لێدەكرێت قەوارەیەكی لۆكاڵی دیكەی كوردیش لە رۆژئاوا بێتە ئاراوە، بە ئاگری پەكەكە بسووتێت و دەوڵەتێكی وەك توركیا بە ئاشكرا هێرشیان بكاتە سەرو هەموو جیهانیش لەبەرامبەریدا بێدەنگی بنوێنێت.


كەواتە بارودۆخی سووریا چەند گۆڕانكاری بەسەردا بێت، یان ئەمریكا هێزەكانی لەوێ بهێڵێتەوە، یان پاشەكشەیان پێ بكات، بەندە بە شێوازی سیاسەتكردنی پەیەدە لەو ناوچانە و خوێندنەوەی هاوكێشە سیاسییەكان بە شێوەی لۆژیكانەی ئەوتۆ كە بەرژەوەندیی گەلی كورد لەناو ئەم هاوكێشە ئاڵۆزەدا لەبەرچاو بگرێت، لە سەرووی ئەمانەشەوە گرنگە پەیەدە خۆی وەك پارتێكی ناو دەوڵەتی سووریا پیشانی جیهان بدات و ئاراستەی كاركردنی خۆی تەنیا بۆ رۆژئاوا تەرخان بكات و هەر بەو زمانەش لەگەڵ دەوڵەتانی رژێمی بەشار ئەسەد و دەوڵەتانی دەوربەر و جیهانیش قسە بكات، لەوانەیە ئەگەر پەیەدە لەناو ئەم بارودۆخەی ئێستا بەشێوەیەك لە شێوەكان سیاسەتی خۆی لەگەڵ بەرژەوەندی رۆژئاوای كوردستان بگونجێنێت، جیا لەوەی سوودێكی زۆری بۆ خۆی دەبێت، لەوانەیە ببێتە هۆكارێكیش بۆ ئەوەی پەكەكە بەخۆیدا بچێتەوە و رەچاوی تایبەتمەندیی پارچەكانی كوردستان بەگشتی و تایبەتمەندیی باكووری كوردستانیش بكات.
Top