كردنەوەی پەنجەرەی ئومێد لەناو رۆژگارە سەختەكانی قەیران و تەنگژەدا

كردنەوەی پەنجەرەی ئومێد لەناو رۆژگارە سەختەكانی قەیران و تەنگژەدا
كاتێك یادی رۆژی لەدایكبوونی مستەفا بارزانی دەكەینەوە، مێژوو پێمان دەڵێت، ئەم سیمبولەی نەتەوەكەمان لە 14ی ئاداری 1903 لەناو بەندیخانە لەدایكبووە، ئەمەش مانای ئەوەیە لەناو ژینگەی كارەسات و نائومێدیدا چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، بەڵام كە بە دیوێكی دیكە دەگەڕێینەوە ناو مێژووی ژیانی ئەم كاریزمایە، ئەوە دەبینین، لەگەڵ ئەوەی لەدوای تەمەنی 16ساڵییەوە، هەموو وێستگەكانی ژیانی كارەسات و نائومێدی بووە، بەڵام هەرگیز تەسلیمی ئەو واقیعە نەبووە و نائومێدی بەسەریدا زاڵ نەبووە، بەپێچەوانەوە، هەموو كارەسات و تەنگژەیەك، وانەیەكی تازەی فێركردووە و جار لەدوای جاریش بەهێزتر لە پێشتر رووبەڕووی كارەسات و نائومێدییەكان بۆتەوە و لە هەناوی نائومێدیدا، پەنجەرەی ئومێدی بۆ نەتەوەكەی كردۆتەوە.
مێژووی نەتەوەكانی جیهان پێوەرێكی لە رادەبەدەر گرنگی كردۆتە پێوانە بۆ رێبەرە كاریزماكان لەجیهاندا، بەپێی ئەم پێوەرەش، ئەو سەركردانە دەبنە رێبەری كاریزمای نەتەوە، یان باوكی نەتەوە، كە توانای ئەوەیان پیشانداوە كە لە ئاسمانی تەم و مژاوی و تاریكیدا جارێكی دیكە رووناكی و ئومێد بۆ نەتەوەكەیان بگێڕنەوە. باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمریكا كە سەر بە پارتی دیموكراتی ئەمریكا بوو، لە ساڵی 2009 و لە 200ـەمین ساڵیادی ئەبراهام لینكۆڵن دامەزرێنەری پارتی كۆماری ئەمریكادا، لەبەردەم پەیكەرەكەی لە كابتۆڵ هۆڵ گوتی: «ئەمڕۆ كە لە 200ـەمین ساڵیادی لەدایكبوونی ئەبراهام لینكۆڵن كە یەكێك لە باوكانی دامەزرێنەرانی ئەمریكایە كۆ بووینەتەوە، دەبێت گیانی لینكۆڵن ئەو ئیلهامەمان پی ببەخشێت، كە ئێمەش بتوانین وەك ئەوان لە رۆژگاری سەخت و ئاسمانی تەم و مژاوی و تاریكیدا، بڕیاری بوێرانە بدەین و جارێكی دیكە رووناكی بگێرینەوە بۆ گەلی ئەمریكا.» ئەگەر سەرنج لە قسەكانی ساڵی 2009 ی باراك ئۆباما بدەین، دەبینین، ئەو لەبەرامبەر دامەزرێنەری پارتی كۆماری ئەمریكا ئەم قسانە دەكات، نەك تۆماس جیفرسۆن كە وەك سیمبولی پارتی دیموكراتی شانازی پێوە دەكەن، ئۆباما دەیەوێت ئیلهامی كردنەوەی پەنجەرەی ئومێد لە رۆژگارە تاریكەكان و بڕیاری یەكلاكەرەوەی بوێرانە لە لینكۆڵن وەربگرێت، كە بڕیاریدا (نابێت كۆیلایەتی لە كۆماری ئەمریكای ئازاددا بوونی هەبێت.) بەم بڕیارەشی توانی كۆتایی بە كۆیلایەتی بهێنێت و هەڵە گەورەكانی ناو دەستووری ئەمریكاش راست بكاتەوە.

لەم روانگەیەوە ئەگەر سەیری قۆناخەكانی مێژووی ژیانی مستەفا بارزانی بكەین، دەبینین لە رۆژگاری زۆر سەخت و نائومێدیدا، پەنجەرەی ئومێدی جارێكی دیكە بە رووی نەتەوەكەیدا كردۆتەوە، مستەفا بارزانی دوای كپكردنەوەی شۆڕشی یەكەمی بارزان، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەوكاتی رژێمی پاشایەتی عێراقەوە، بۆ باشووری عێراق دوورخراوەتەوە و پاشان گواستراوەتەوە بۆ سلێمانی، بەڵام ئەم رەفتارەی رژێمی پاشایەتی عێراق نەك هەر مستەفا بارزانی نائومێد نەكردووە، بەڵكو مستەفا بارزانی چەمك و مانای شۆڕشی لە شۆڕشی ناوچەیەكی كوردستانەوە گۆڕی بۆ شۆڕشێكی سەرتاسەری كوردستانی و بە هەماهەنگی و هاریكاری شێخ لەتیفی حەفید و ئەندامانی حزبی هیوا و ئەفسەرانی ئازادیخوازی كورد لە ریزەكانی سوپای عێراق، لەساڵی 1943 لە سلێمانیەوە گەڕایەوە بارزان و لەوێ جارێكی دیكە شۆڕشی دووەمی بارزانی راگەیاند، ئەم شۆڕشە لەگەڵ ئەوەی بە ناوی شۆڕشی (بارزان) لە مێژوودا تۆمار كراوە، بەڵام شۆڕشێكی كوردستانی بووە و، لیژنەی ئازادی كە سەركردایەتی ئەو شۆڕشەی كردووە، نوێنەرانی ناوچە جیاجیاكانی كوردستانی لەخۆی گرتووە، لە ئامانجی شۆڕشەكەش داكۆكیكردن بووە لەتەواوی جوگرافیای باشووری كوردستان و گێڕانەوەی تەواوی مافەكانی خەڵكی كورستان، ئەمەش بە راشكاوی لە دانوستاندنی سەركردایەتیی شۆڕشی بارزان و حكومەتی پادشایی عێراق وەك دیكۆمێنت تۆمار كراوە.


مستەفا بارزانی رووخانی كۆماری كوردستانیش لە مەهاباد نائومێدی نەكرد، بەپێچەوانەوە سەختترین رێگەی هەڵبژارد و رێڕەوە مێژووییەكەی بۆ پەڕینەوە لە ئاوی ئاراس دەست پێكرد، پەڕینەوەی بارزانی مستەفا و هەڤاڵەكانی لە ئاوی ئاراس و چوونیان بۆ یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو، داستانێكە گێڕانەوەكەی لە جۆرێك ئەفسانە دەچێت، بەڵام وێڕای ئەمانەش وەك دیكۆمێنتەكانی مێژوو واقیعی ئەو رۆژگارە سەختانەمان بۆ دەگێڕێتەوە، مستەفا بارزانی لە كۆنگرەی باكۆ، لە هەموو كاتێكی دیكە بەئومێدتر بووە و لەوێوە بەرنامەی بۆ ئیعلانی جمهوورییەتی كوردستان داڕشتووە كە سنووری ئەو جمهوورییەتە كوردستانی باشوور و رۆژهەڵات پێكەوە كۆدەكاتەوە، لەماوەی ساڵانی ئاوارەییشدا لە یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو، نەك هەر نائومێد نەبوو، بەڵكو بە دوای رێگەیەكدا دەگەڕا چۆن دەوڵەت بۆ كوردستان دروست بكات، بۆ ئەمەش دروستكردنی دۆستایەتی لەلایەن مستەفا بارزانی لەگەڵ سەرۆكەكانی دەوڵەتانی بێلایەن، وەك جەمال عەبدولناسر و تیتۆ و چاوسیسكۆ و نەهرۆ شاهیدی ئەوەن كە مستەفا بارزانی بە ئومێدیكی زۆرەوە سەیری ئایندەی گەل و وڵاتەكەی خۆی و كوردستانی كردووە.

لەدوای شۆڕشی چواردەی تەموزی 1958 و رووخانی رژێمی پادشایەتی و دانپێدانانی حكومەتی قاسم لە دەستووری كاتیی عێراقدا بەوەی (عێراق نیشتمانی هاوبەشی كورد و عەرەبە) مستەفا بارزانی گەڕایەوە بۆ عێراق بۆ ئەوەی سەردەمێكی تازە لە عێراقدا دەست پێبكات و كورد و عەرەب پێكەوە ئەو وڵاتە بونیاد بنێننەوە، بەڵام كاتێك قاسم لە بەڵێنەكانی خۆی پاشگەز بووەوە، ئەمجارەیان خەڵكی كوردستان بە رێبەرایەتی مستەفا بارزانی بە هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول وەڵامی قاسمیان دایەوە، سەرەنجامیش حكومەتەكانی دوای قاسم ناچار بوون یەك لەدوای یەك دانوستاندن لەگەڵ سەركردایەتی شۆڕش بكەن، هەتا لە ئاداری 1970 رێككەوتنی مێژووی ئادار ئیمزا كرا.
ئەوەی لەو مێژووەوە فێر دەبین، ئەوەیە لەناو هەر نائومێدییەك و رۆژگارێكی سەختدا كە رووبەڕووی رێبەرایەتی مستەفا بارزانی بووبێتەوە، ئەوا هەموو جارێك بەهێزتر لە پێشان لێی هاتۆتە دەرەوە و هەموو جارێكیش قۆناخێك دۆزی رەوای گەلەكەمانی بردۆتە پێشەوە.


سەرۆك مسعود بارزانی كە پەروەردەی بەردەستی مستەفا بارزانی-یە، لەماوەی نزیكەی 40 ساڵی سەركردایەتیكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا، چەندین جار بە هاوشێوەی مستەفا بارزانی لە رۆژگارە سەخت و ئاڵۆزەكاندا پەنجەرەی ئومێدی بە رووی نەتەوەكەیدا كردۆتەوە و قەیران و تەنگژەكانی كردۆتە دەرفەتێك و پرسی گەلی كوردستانی بەرەو قۆناخێكی پێشكەوتووتر بردووە.
لە ئێستاد كە كوردستان بە واقیعێكی تاڵی دوای كارەساتی خیانەتكاری 16ی ئۆكتۆبەری 2017 تێدەپەڕێت، خەڵكی كوردستان چاوەڕێی ئەوەن لەناو ئەم واقیعە تاڵەشدا، جارێكی دیكە سەرۆك مسعود بارزانی پەنجەرەیەكی ئومێد بە رووی نەتەوەو گەلی كوردستاندا بكاتەوەو دەرهاویشتە خراپەكانی ئەو كارەساتە تێپەڕێنێت، بەڵام ئەگەر لێرەوە بگەڕێینەوە بۆ ئەو قۆناخە سەختانەی مستەفا بارزانی تێیپەڕاندوون و پاشان سەرەتای قۆناخێكی نوێ لە بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستان هاتۆتە ئاراوە، ئەوا دەبێت بەهەمان پێوەر مامەڵە لەگەڵ هەڵوێستەكانی سەرۆك مسعود بارزانی بكەین و ئەوەمان لەبەر چاو بێت، كاتێك سەرۆك مسعود بارزانی لە 20ی ئۆكتۆبەری 2017 بڕیاری دا لە پردێ و سحێلا و مەحموودیە، لووتی هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەبێت بشكێندرێت، وەك جیهانیش بینی لووتیان شكا، مانای ئەوەیە سەرۆك مسعود بارزانی بە هاوشێوەی مستەفا بارزانی هەرگیز لە بارودۆخە سەختەكاندا نائومێدی باڵی بەسەردا ناكێشت و بەپێچەوانەوە، مسعود بارزانی پەروەردەی دەستی ئەو رێبەرەیە كە دەتوانێت لە رۆژگارە سەخت و تاریكەكاندا پەنجەرەی ئومێد و رووناكی بە رووی گەلەكەیدا بكاتەوە.
لە ئێستادا لۆژیكی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە لە گرنگیدانی بۆ هێشتنەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و پاراستنی ئەم قەوارەیە لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە دەست پێدەكات، سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەكانی كوردستان و بەغداش لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، جارێ سەرۆك بارزانی چاوەڕێی ئەوەیە حكومەتی بەغدا ناسنامەی راستەقینەی خۆی بۆ جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاشكرا بكات، ئەوكات ئەگەر بەغدا هەر نیازی ئەوە بوو بەو جۆرەی ئێستا لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات، ئەوا ئەو كات ئەو پەنجەرە رووناكییە دەبینین كە سەرۆك بارزانی بە رووی نەتەوەكەی و تەواوی گەلی كوردستاندا دەیكاتەوە.
Top