رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی لە كاری پزیشك و هونەرمەند دەچێت زانستییانە نەخۆشییەكە دەستنیشان دەكرێت و هونەرمەندانە چارەسەر دەكرێت
March 6, 2018
راپۆرتەکان
پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەناو واقیعی سیاسیی ئێستادا، بە كۆڵگەی پرۆسەكەو مانەوەی حوكمڕانی و یەكگرتوویی هەرێمی كوردستان لە قەڵەم دەدرێت، بەم شێوازەی لەم پێنج مانگەی دوای كارەساتەكە لە پرۆسەی سیاسیدا دەردەكەوێت، پێدەچێت گەیشتبێتە ئەو قەناعەتەی كە مێزێك نەتوانێت هەموو لایەنە سیاسییەكان پێكەوە كۆبكاتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر، هەر بۆیە وەك لە گوتاری فەرمیی پارتی گوێبیستی دەبین، لەسەر ئاستی رێكخستنەوەی كۆی پرۆسەی سیاسیی كوردستان جەخت لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكاتەوە، یان ئەو كاتەی كە حزبە سیاسییەكان لەماوەی ئەم دوو وەرزەی پەرلەماندا لە سەری رێكدەكەون، هەروەها لەسەر ئاستی خۆڕێكخستنەوە لەناو پارتیدا، باس لە گرێدانی كۆنگرەیەكی دیكە دەكرێت. هەردوو ئاراستەكە كە لە گوتاری فەرمیی پارتییەوە گوێبیستی دەبین، ئەوەمان پێ دەڵێن كە كۆی پرۆسەی سیاسیی كوردستان پێویستی بە رێكخستنەوە هەیە و هەروەها پارتی دیموكراتی كوردستانیش پێویستی بە خۆڕێكخستنەوە و پڕۆگرامێكی نوێ هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ واقیعی خراپی دوای 16ی ئۆكتۆبەر. بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن بەو جۆرە كۆی پرۆسەی سیاسی لە كوردستاندا رێكدەخاتەوە كە بتوانێت لەسەر ئاستی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی كوردستان مامەڵە لەگەڵ كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر و ئەنجامدەرانی بكات؟ هەروەها پرسیاری دیكە بۆ خودی پارتی ئەوەیە، ئایا گرێدانی كۆنگرە دەبێتە هۆكاری ئەوەی پارتی بتوانێت بەرەیەكی نیشتمانی بۆ پارێزگاری لە حوكمڕانی و یەكگرتوویی هەرێمی كوردستان دروست بكات؟
سەبارەت بە وەڵامی پرسیاری یەكەمیان، دیارە هۆكاری ئیفلیجبوون و شپرزەبوونی پرۆسەی سیاسی لە كوردستاندا، ئەوە نییە كە لە كوردستاندا فرەحزبی و قورسی لە پرۆسەی دروستكردنی بڕیاردا هەیە، بەڵكو هۆكارە سەرەكییەكە ئەوەیە لەناو پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا، خەڵكانێك و هەندێك لایەنی سیاسی هەن بە میتۆدی (سیاسەتی رق و كینە: بەشەیتانكردنی ئەوی دی) سیاسەت دەكەن و هەر بەم میتۆدەش دێنە ناو هەڵمەتەكان و پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، هەروەك چۆن لە ئێستادا بە ئاشكرا میتۆدی ئەم سیاسەتە لە گوتاری سیاسیی بەشێكی حزبە سیاسییەكاندا دەبینرێن و دەبیسترێن، كەواتە ئەگەر ململانێی هەڵبژاردن لەسەر ئەم بنەمایە بكرێت، ئەوا خودی هەڵبژاردن وەك پرۆسەیەكی دیموكراتی دەبێتە شەرعیەتدان بە (سیاسەتی رق و كینە: بە شەیتانكردنی ئەوی دی)، سەرەنجامیش ئاكامی هەڵبژاردنەكە لەبری ئەوەی ژینگەیەكی تازە بۆ حوكمڕانی دروست بكات، هەمان ژینگەی ئاڵۆز و ئیفلیجی پێشوو دووبارە دەكاتەوە، دروست تەواوی ژینگەی سیاسیی كوردستان وەك ژینگەی سیاسیی زۆنی سەوزی لێ دێت، واتە چۆن هەڵبژاردنی پارێزگاكان نەبووە هۆكاری سەقامگیری و بەڕێوەبردنی باشی پارێزگای سلێمانی و ناوچەكانی دیكەی سەوز، بەڵكو خراپتر و ئاڵۆزتری كرد، هەروەها چۆن بوونی ماكی (سیاسەتی رق و كینە: بەشەیتانكردنی ئەوی دی) لە پرۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆمدا، بووە هۆكاری ئەوەی دەستی هەموو دوژمنانی كورد بگرن، بۆ ئەوەی ئاكامی ریفراندۆم لەبار بەرن، ئەوا بەهەمان شێوە ئەگەر لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی كوردستاندا ئەو لایەنانە بەشداری بكەن كە بەوجۆرە سیاسەت دەكەن، ئەوا هەتا ئەگەر خەڵكی كوردستانیش متمانەیان پێنەدات، ئەوا هەر ئاستەنگ دەبن لەبەردەم حوكمڕانیی كوردستان و ئاستەنگی زیاتر بۆ یەكگرتوویی قەوارەی هەرێمی كوردستان دروست دەكەن.
جەختكردنەوە لەسەر ئەم پەتایەی لەناو پرۆسەی كوردستاندا بە كردەیی بوونی هەیە، رەتكردنەوەی گرنگی و بایەخی پرۆسەی هەڵبژاردن نییە، هەروەها هەوڵێكیش نییە بۆ ساردكردنەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە تەنیا لایەنە زۆر بە جددی پێداگیری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن دەكاتەوە، بەڵكو دەستنیشانكردنی زانستییانە و لۆژیكییانەی ئەو پەتایەیە كە لەناو پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا و لە ژێر پەردەی فرەیی و ئازادی رادەربڕین بۆ هەڵوەشانەوەی ئازادی و حوكمڕانی لە كوردستاندا خۆی مەڵاس داوە، لەم بازنەیەدا گرنگە ئەو حزبە سیاسییانەی بە فەرمی هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر یەكلایی كردۆتەوە و هەموو ئەو سەركردە و پەرلەمانتارانەی ناو حزبەكانی دیكەش كە هەڵوێستی نیشتمانییان هەیە و لە ناخەوە دژی ئەو خیانەتەن، ئەوا دەبێت پێش پرۆسەی هەڵبژاردن پێكەوە كۆببنەوە و بنەمایەكی تازە لەسەر بنەمای هەڵوێست وەرگرتن لەسەر خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دابڕێژرێت و بكرێتە پڕۆژەیەك و بدرێتە سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت و كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، بۆ ئەوەی چەند رێسا و رێنماییەك بۆ بەشداریی لایەنەكان و قەوارەكان دابنێن و رێگە نەدەن ئەو كەس و لایەنانەی پشتگیری لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دەكەن، بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستاندا بكەن.
لەوانەیە خەڵكانێك هەبن كە ئەم دێڕانە دەخوێننەوە، وەك هەوڵێك بۆ بەرتەسك كردنەوەی ئازادییەكان لە كوردستان سەیری بكەن، بەڵام لە راستیدا ئەم رۆچوونە بۆ رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی، پێشنیارێكە بۆ بچووككردنەوە، یان نەهێشتی بازنەی خیانەتكردن لە كوردستاندا. هەروەها دەبێت چاو لەو راستییانە نەپۆشین كە ئەزموونەكانی جیهان فێری كردووین و پێمان دەڵێن: هەڵبژاردن راستە پرۆسەیەكی دیموكراتییە، بەڵام لەهەموو ژینگەیەكی سیاسیدا دیموكراتی بەرهەم ناهێنێت، ئەگەر زەمینە سیاسییەكە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن لەبار نەبێت، ئەوا لەبری یەكڕیزی، پەرتەوازەیی بەرهەم دەهێنێت، لەبری ئاشتی، ئاژاوەو پاشاگەردانی دروست دەكات، لەبری فەراهەمكردنی ژینگەیەك بۆ ئازادی رادەربڕین، ژینگەیەك بۆ نەهێشتنی ئازادی و بڵاوكردنەوەی ئەنتی دیموكراتی دروست دەكات.
سەبارەت بە وەڵامی پرسیاری دووەمیشیان كە گرێدانی كۆنگرەیەكی دیكەی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بێگومان گرێدانی كۆنگرە هەم بۆ ئاستی سیاسەتی ناوخۆی پارتی گرنگە كە جارێكی بەو جۆرە خۆی رێكبخاتەوە كە بەرگەی ئەو بارەی سەرشانی بگرێت كە واقیعی تاڵی دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر خستوویەتە سەرشانی، هەم گوتاری فەرمیی پارتیش لەسەر مامەڵە و هاوپەیمانی لەگەڵ حزبەكانی دیكەی كوردستاندا روونتر و راشكاوانەتر بكات و هەوڵنەدات بە هەر نرخ و رێگەیەك بێت لە پێناوی یەكڕیزی و یەكدەنگیی لایەنەكاندا، هاوپەیمانییەك دروست بكات كە خۆی سەرەتا لە ئاكامەكەی بەگومان بێت، هەروەك چۆن پارتی هەموو هەوڵی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی بە هەر نرخێك بێت لە پێناوی چوارساڵی ئارامیدا، بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی قەناعەت پێبكات كە بەشداری كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن، بەڵام وەك بینیمان ئەو ئارامییە تەنیا یەك ساڵیش بەردەوام نەبوو، خۆ ئەگەر لەناو كابینەی هەشتەم نەبوونایە، ئەوا نەیاندەتوانی بەو جۆرە نائارامی لە كوردستان دروست بكەن، ئەمەش وایكردووە كە گوتاری پارتی لەسەر ئاستی ناوخۆی حزب و لەگەڵ حزبەكانی دیكەی كوردستان، بەپێی ئەو بارودۆخە خراپەی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر دروستی كردووە، دەبێت گۆڕانكاری بەسەردا بێت.
خاڵی گرنگ بۆ بەرژەوەندیی خەڵك و ئایندەی حوكمڕانی و یەكگرتوویی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، كە تاقمی خیانەتكاری 16ی ئۆكتۆبەر و ئەو لایەنانەشی پشتگیرییان كردووە و ئەوانەشی خۆیان بێدەنگ كردووە، كەمینەن و ژینگەی ئاڵۆزی كوردستان وایكردووە وەك قەوارەیەك دەربكەون، هەر بۆیە ئەگەر لە بنەڕەتدا هەوڵەكان بۆ خاوكردنەوەی ئەو ژینگە ئاڵۆزە بخرێتەگەڕ و بە تەواوەتی دەمامكی (سیاسەتی رق و كینە: بە شەیتانكردنی ئەوی دی) لە رووی ئەو تاقم و لایانە هەڵبماڵدرێت كە ئێستا سیاسەتی پێدەكەن، ئەوا بەرەی نیشتمانی (بازنەی حزب) تێدەپەڕێنێت و ئامانج لە هەڵبژاردن دەبێتە سەركەوتنی بەرەی نیشتمانی و شكاندنی بەرەی خیانەت و سیاسەتی رق و كینە، بەمەش ژینگەیەكی لەبار دروست دەبێت كە ئاكامی هەڵبژاردن لەبری ئەوەی ببێتە هۆكاری ئەوەی حزبێك، یان دوو حزب بیبەنەوە، ئەوا خەڵكی كوردستان هەموو پێكەوە هەڵبژاردن دەبەنەوە، بارودۆخی ئێستای كوردستانیش چەند خراپ، یان هەتا لەمەش خراپتر بێت، ئاسانتر لەوەی ئێستا هەیە تێدەپەڕێندرێت.