پرۆسەی هەڵبژاردن و چەمكی دیموكراتی لای عەرەبی شیعەی عێراق چی دەگەیەنێت؟

پرۆسەی هەڵبژاردن و چەمكی دیموكراتی لای عەرەبی شیعەی عێراق چی دەگەیەنێت؟
عەبدولكەریم سرووش بیرمەندی گەورەی ئێرانی لە پەنێڵێكدا كە بۆ پێشكەشكردنی كتێبەكەی (ئەقڵ و ئازادی و دیموكراسی لە ئیسلامدا) بۆی سازكرابوو، لە قسەكانیدا باسی لەوە كرد كە لەلایەن زانكۆی هارڤاردەوە داوای لێكراوە، كۆرسێكی خوێندن سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان (ئیسلام و دیموكراسی) بۆ قوتابیانی ئەو زانكۆیە بڵێتەوە، سرووش دەڵێت: بە بەرپرسانی زانكۆی هارڤاردم گوت: پرسەكە پەیوەندیی نێوان ئیسلام و دیموكراسی نییە، بەڵكو پەیوەندیی نێوان (ئایین و دیموكراسییە)و هیچ ئایینێك لەگەڵ دیموكراسی یەك ناگرێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە زمانی ئایین، زمانی پابەندبوون (التزام)ـە، بەڵام زمانی دیموكراسی، زمانی (مافە)، ئەم دوو زمانەش ناتوانن پێكەوە دیالۆگ بكەن، یان لێكتێگەیشتن لەنێویاندا دروست بكەن.
ئەم بیركردنەوە وردەی (سرووش) بۆ هەموو ئایینە ئاسمانی و زەمینییەكانی دیكەش راستە، لەپێش هەموویانەوە بۆ هەردوو دەوڵەتی (ئیسرائیل و فاتیكان) لەبەر ئەوەی هیچكام لەم دوو دەوڵەتە بە زمانی دیموكراتی كە (مافە) قسە ناكەن، هەروەها جوانترین وشە كە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەكاتی قسەكردندا بە شانازییەوە دەریدەبڕێت، ئەوەیە كە دەڵێت: ( دەوڵەتی جوو - Jewishstate) لەبری دەوڵەتی ئیسرائیل، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش (جووەكان بە جیاوازی نەتەوەو دەوڵەتیان) كە كۆچ دەكەن بۆ ئیسرائیل و دەچنە ئەو وڵاتە، مافی هاووڵاتیبوونی (جوو) یەك، ئەوجا خەڵكی هەر شوێنێكی ئەم جیهانە بێت، لەمافی كریستیانێك، یان موسڵمانێكی ناو ئیسرائیل زیاترە. بۆیە لەئیسرائیل هەڵبژاردن بكرێت، یان نە، ئەوا هەرگیز زمانی دیموكراتی لە دەوڵەتی (جوو)دا بوونی نابێت.
ئەگەر لەم دەروازەیەوە بچینە سەر ئەو باسەی، ئایا لای عەرەبی شیعەی عێراق چەمكی دیموكراتی و پرۆسەی هەڵبژاردن مانای چییە؟ ئەوا لەمیانەی ئەزموونی كۆماری ئیسلامیی ئێران و حوكمڕانیی 15 ساڵی عەرەبی شیعەی عێراق، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە چەمكی هەڵبژاردن و پرۆسەی هەڵبژاردن لای ئەوان بریتییە لە بەدیهێنانی دوو ئامانجی سەرەكی:
1- لەبەر ئەوەی خۆیان زۆرینەن، ئەوا چەمكی دیموكراتی واتە (زۆرینە و كەمینە).
2- پرۆسەی هەڵبژاردن واتە شەرعیەتدان بە حوكمڕانیی شیعە و ملكەچوبوونی ئەوانی دیكە بۆ ئەو حوكمڕانییە.

عەرەبی شیعەی عێراق لەماوەی ساڵانی 2005-2012 تێگەیشتنی خۆی بۆ چەمكی دیموكراتی و پرۆسەی هەڵبژاردن چەسپاندووە، هەر بۆیە لە كابینەی دووەمی نوری مالیكییەوە، عەرەبی شیعەی عێراق داوای پیادەكردنی زۆرینە و كەمینە دەكەن، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی هەتا ئێستا بەشێوەیەكی فەرمی حكومەتی عێراق لەسەر بنەمای پشكی پێكهاتە جیاوازەكان بەردەوامە، بەڵام لەدوای ساڵی 2014 و دەستبەكاربوونی كابینەكەی د.حەیدەر عەبادی بنەمای زۆرینە و كەمینە بۆتە دیاردەی سەرەكیی حوكمڕانی لە عێراق و عەرەبی شیعەی عێراق هەر بڕیار و یاسایەك مەبەستیان بێت، لە ناو ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق تێی دەپەڕێنن، چەندین یاسای و بڕیاری گرنگیش وەك (یاسای حەشدی شەعبی، بڕیارەكانی دژی هەرێمی كوردستان دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، كەمكردنەوەی بەشە بودجەی كوردستان لە پڕۆژەیاسای ئەنجومەنی وەزیران و پێدەچێت لە پەرلەمانیش تێپەڕێندرێت، یاسای باری كەسێتی و.. هتد).
عەرەبی شیعە لێرە بەدواوە، جارێكی دیكە ناگەڕێتەوە بۆ دواوە بۆ ئەوەی دەستووری عێراق جێبەجێ بكات، بەڵكو لەبری ئەوە هەوڵیان بۆ ئەوەیە دەستوورەكە بەو جۆرە تەفسیر بكەن كە خواستی مەزهەبگەرایی شیعەی خۆیان پێ بهێننەدی، ئەمەش مانای ئەوەیە دەبێت بەدوای ئەوەدا بگەڕێن، ئایا شیعەی عێراق چیدیكەی مەبەستە كە هەتا ئێستا نەیتوانیوە جێبەجێی بكات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەچەند خاڵێك دەدەینەوە:
1- بۆ نەهێشتنی شێوازی حوكمڕانی لەسەر بنەمای بەشداریی پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق، عەرەبی شیعەی عێراق زۆر بەچاكی كاری لەسەر تێكدانی ریزەكانی هەردوو پێكهاتەی كوردستان و عەرەبی سوننەی عێراق كردووە. عەرەبی شیعە لەناو هەردوو پێكهاتەی كوردستانی و عەرەبی سوننەدا خەڵكێكی باشیان كڕیوە و لە ناو لیستەكانی خۆیان تۆماریان كردوون، بەم هەنگاوەشیان مەبەستیانە چەتری شیعەگەرایی بگۆڕن بۆ چەترێكی رووكەشی نیشتمانی كە بە حیساب هەموو پێكهاتەكان پێكەوە كۆدەكاتەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا كۆكردنەوەی بەشێكی پێكهاتەكانی دیكەشە لەژێر چەتری شیعەگەرایی بۆ ئەوەی بە بەرگێكی نیشتمانی حوكمڕانیی مەزهەبگەرای شیعە دابپۆشن.


2- لەناو بازنەی كۆمەڵگەی عەرەبی شیعەی عێراقدا، ئەو كاندیدانە شانسی دەرچوونیان بۆ خۆش دەكرێت كە بە فیلتەری قاسم سولەیمانی تێدەپەڕن. ئەم كەسایەتییە لەناو كۆمەڵگەی عەرەبی شیعەی عێراقدا، رۆڵی نوێنەری تایبەتیی عەلی خامنەئی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەگێڕێت، ئەوانەشی ئەو كاندیدیان دەكات، هەموویان بڕوایان بە سیستمی ویلایەتی فەقیهـ كۆماری ئیسلامی هەیە و دیموكراتی وەك داهێنراوێكی رۆژئاوا بەمانای وشە رەتدەكەنەوە، هەر بۆیە هەر كامێك لە كاندیدە دیارەكانی عەرەبی شیعە وەك (عەبادی، مالیكی، عامری، تەنانەت جەعفەرییش) هەر كام لەمانە لە هەڵبژاردن دەربچن، ئەوا ئەوانی دیكە ناچار دەبن هاوپەیمانی لەگەڵ بكەن و كوتلەی گەورە پێكدەهێنن بۆ ئەوەی حوكمڕانی لەدەستی شیعە دەرنەچێت.


3- لەئاكامی هەڵبژاردنەكانی ئایاری داهاتوو، حەشدی شەعبی دەبێتە بەشێك لە پرۆسەی سیاسیی عێراق، هەروەها دەبێتە زۆرینە لەناو هاوپەیمانیی شیعەدا، ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی لە پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا، یاساكان بەو شێوە دەربچن كە كۆپیكراوی كۆماری ئیسلامی ئێران بن، یان هیچ هاودژییەك لەگەڵ یاساكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دروست نەكەن.
4- بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو لە عێراقدا، عەرەبی شیعەی عێراق، لەبری بەشداریی پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق وەك (پێكهاتەی كوردستانی و عەرەبی سوننە)، لەگەڵ چەند لایەنێكی لاوازی هەردوو پێكهاتەكە هاوپەیمانی دەكەن و بەچەند وەزارەت و پۆستێك رازییان دەكەن، ئەم بەشدارییە جیا لەوەی بەشدارییەكی كارتۆنیی كورد و عەرەبی سوننە دەبێت، بەڵام پرانسیپی زۆرینە و كەمینە بۆ حوكمڕانیی شیعە لەعێراقدا بە تەواوەتی دەكاتە دیاردەیەكی چەسپاو لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا.
5- لایەنێكی دیكە كە جادەكەی بۆ عەرەبی شیعەی عێراق خۆش كردووە بۆ ئەوەی غروورانە هەنگاو هەڵبگرێت، ئەوەیە ئەوان بە دیدی دۆڕاوی شەڕ سەیری هەر دوو پێكهاتەی كوردستان و عەرەبی سوننەی عێراق دەكەن، راستە لە گوتاری ئاشكرای حوكمڕانی شیعەدا، ئەوە دەشارنەوە كە هەموو عەرەبی سوننەی عێراق وەك داعش سەیر دەكەن، بەڵام بە كردەیی لەدوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لە كۆتایی 2011، هەر عەرەبێكی سوننە حوكمڕانیی مەزهەبگەرای حكومەتی بەغدای قبووڵ نەبووبێت و رەتی كردبێتەوە، ئەوا عەرەبی شیعە وەك تیرۆریست مامەڵەی لەگەڵ ئەو كەسانە كردووە و لەدادگاكانیشدا بە یاسای تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵ كراوە.
ئەوەی لێرەدا دەبێتە جێگەی پرسیارێكی هەستیار ئەوەیە، ئەگەر عەرەبی شیعەی عێراق، ئەم هەنگاوانەی دیكەشیان بۆ بچێتەسەر، ئایا ئایندەی سیاسیی عێراق چ شێوەیەك دەگرێت؟ لەوانەیە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە زۆر ئاڵۆز نەبێت، لەبەر ئەوەی بە درێژایی نزیكەی 40 ساڵی رابردوو لە دامەزراندنی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، هیچ كاتێك كۆماری ئیسلامیی ئێران وەك ساڵی 2018 پێگەی بەهێز نەبووە و هیچ كاتێكیش بە درێژایی 40 ساڵی رابردوو، تەواوی دەوڵەتانی رۆژئاوا بە ئەمریكاشەوە، هێندە پێگەیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاواز نەبووە، كە بارودۆخەكە گەیشتۆتە ئەوەی زۆر جاران بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دوای قۆناخی رۆژئاوا پێناسە دەكرێت، هەر بۆیە لەناو ئەم هەلومەرجە رەخساوەدا، ئاراستەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بەو جۆرە هەنگاو بۆ پێشەوە هەڵدەگرێت كە كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاراستەی دەكات و بەو جۆرەی ئەو مەبەستیەتی، دیارە ئەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا مەبەستیەتی بۆی بێتەدی، ئەوەیە دیموكراتی كۆتایی بێت و سیستمی ویلایەتی فەقیهـ جێگەی بگرێتەوە .
هەڵبژاردنەكانی ئایاری داهاتووی عێراق بۆ كوردستان چ مانایەكی هەیە؟
بەپێی پۆڵینكردنەكانی فریدم هاوس، بێجگە لە شێوازی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی، چەند شێوازێكی دیكەی حوكمڕانی هەن كە هەڵبژاردنیان تێدا ئەنجام دەرێت لەوانە:
1- دیموكراتی هەڵبژاردن - Electoral Democracy
2- ململانێی نێوان خۆسەپێنەكان - Authoritarian Competitive
بێگومان بەپێی پۆڵینكردنەكانی فریدەم هاوس مۆدێلی حوكمڕانیی ئێرانی تێدا نییە، لەبەر ئەوەی چۆن كۆماری چینی میللی سیستمی كۆمۆنیستی پیادە دەكات و پەیوەندی بە دیموكراتییەوە نییە، بەهەمان شێوە ئێرانیش سیستمی ویلایەتی فەقیهـ پیادە دەكات و پەیوەندی بە دیموكراتییەوە نییە، بۆیە ئەگەر بەپێی پێوەرەكانی فریدەم هاوس بۆ شێوازی هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق بگەڕێین، ئەوا هەڵبژاردنەكانی عێراقیش شێوازێكی تایبەتی وەردەگرێت كە هەتا ئێستا لە هیچ دەوڵەتێك لەم جیهانە پیادە نەكراوەو دەكرێت ناوی بنێین: )ململانێی نێوان كۆمەڵێك حزبی مەزهەبگەرا – (Theocracy Competitive، جیاوازی ئەم سیستمە تازەیەی عێراق لەگەڵ ئەو سیستمی هەڵبژاردنەی لە كۆماری ئیسلامیی ئێران پیادە دەكرێت، ئەوەیە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران (ململانێی نێوان كاندیدە سیۆكراسیەكان ) ئەوجا چ بۆ سەرۆك كۆمار بێت، یان بۆ كاندیدی پەرلەمان، یەك بازنەیە و هەمووشیان خۆیان بە ملكەچی سیستمەكە دەزانن، بەڵام لە عێراقدا، بازنەی ململانێی نێوان كاندیدە سیۆكراتەكانی شیعە، تەنیا بەشێكی عێراق دەگرێتەوە و بازنەی دیكەش هەیە كە بڕوایان بەو سیستمە نییە كە شیعە هەوڵی بۆ دەدات و بەشداری هەڵبژاردنەكانیش دەكەن، بەڵام ئامانجیان لەململانێكە ئەوەیە كە سیستمێك بەسەر تەواوی ئەوانی دیكەشدا بسەپێنن.


كەواتە ئەو شێوازە تازەیەی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی عێراق پیشانی جیهانی دەدات، شێوازێكە بۆ كوشتن، یان مردنی دیموكراتی لە عێراق و گۆڕینی سیمای حكومەتێكی مەدەنییە بۆ حكومەتێكی سیۆكراسی. هەموو لایەنە سیاسیەكانی شیعەی عێراقیش ئەم راستیەیان نەشاردۆتەوە. گەورەترین جیاوازی لە نێوان ئەو لایەنە سیاسییە شیعانەی دەیانەوێت سیستمی ولایەتی فقیهی ئێرانی كۆپی بكەنەوە و ئەوانەشی لە بانگیەەكانیان رەتی دەكەنەوە، تەنیا ئەوەندەیە كە بڵێن ئەو سیستمە مەزهەبگەرایەی لە عێراقدا دادەمەزرێت، نموونەیەكی تازەیە و جیاوازە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمەش راشكاوانە مانای ئەوەیە ململانێكە لە نێوان دوو شێوازی جیاوازی حكومەتی سیۆكراسییە، نەك جیاوازییەكە لەنێوان حكومەتێكی مەدەنی و ئەوی دیكە سیۆكراسی بێت. هەروەك چۆن ئێستا ئەم دیاردەیە بەتەواوەتی لەناو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەبینرێت، بەشێكیان راشكاوانە عەلی خامەنەئی بە مەرجەعی خۆیان دەزانن و بەشێكیشیان عەلی سیستانی، بەڵام سەرەنجام پێناسەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، وەك هێزێكی مەزهەبگەرای ملكەچ بۆ مەرجەعییەت كارەكانی دەكات، نەك وەك هێزێكی دەوڵەتی.

كەواتە ئەگەر ئەمە ئەو ژینگە سیاسییە بێت كە هەڵبژاردنەكانی عێراقی تێدا بەڕێوە دەچێت، ئایا بەشداریی كوردستان لەم هەڵبژاردنە چی دەگەیەنێت؟ دیارە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە لق و پۆپی زۆری لێ دەبێتەوە، بەڵام واقیعەكە بەوجۆرەیە كە هەرێمی كوردستان وەك لیستێكی یەكگرتووی بەهێز بەشداری ئەم هەڵبژاردنانە ناكات و حزبە سیاسییەكان هەریەكەیان بە لیستی جیاواز بەشداری دەكەن، ئەمەش زیانێكی زۆر لە پێگەی كوردستان و ژمارەی كورسییەكانی دەدات. بەڵام لەلایەكی دیكەش سەنگ و پێگەی ئەو لایەنە سیاسییەش لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق بەدیار دەخات، كە ئێستا شانی داوەتە بەر ئەم بارودۆخە قورسە و بەرگری لەمانەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەكات.
لێرەوە دەكرێت هەڵوەستەیەك لەسەر هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین، بەو حیسابەی بە تەنیا نزیكەی نیوەی كورسییەكانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بەدەست دەهێنێت، ئاراستەی سیاسەتی كوردستان بەرامبەر بەغدا و بەپێچەوانەوەشە دیاری دەكات.


كەواتە دەكرێت ئاراستەی پرسیارەكان روو لە هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین و بپرسین: ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان بە چ ئامانجێك بەشداری ئەم هەڵبژاردنانە دەكات؟ یان ئایا هیچ هیوایەكی بەوە هەیە ئەم هەڵبژاردنانە بارودۆخێكی وا دروست بكات كە حكومەتێكی باشتر لەوەی ئێستا هەیە لە عێراقدا دابمەزرێت؟ دیارە وەڵامی ئەم پرسیارانە هەڵوێستی پێشتری پارتی دیموكراتی كوردستان و رۆڵی دیاری پارتی لە پڕۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی 25ی ئەیلوولی 2017 دەیداتەوە، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان باوەڕی بەوە بوایە كە بە هەڵبژاردن، یان بە رێگە چارەی ئاشتییانە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر دەكرێن و عێراق دەبێتە دەوڵەتێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی، ئەوا هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی ئەنجام نەدەدا، بەڵام كاتێك كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم پەیامە راشكاوانەی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان تێنەگەیشت و دوای ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلوولی 2017 تیشكی سەوزیان بۆ بەغدا هەڵكرد بۆ ئەوەی بە هاوكاری لەگەڵ سوپای پاسداران كوردستان داگیربكاتەوە، هەڵوێستەكەی كوردستان بەوجۆرە وەرگیرا بەوەی گوایە بەغدا ئامادەیە عێراق بكاتە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و دەستوور جێبەجێ بكات و ئەوە كوردستانە كە فیدڕاڵییەت رەتدەكاتەوە، ئەوا ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئەركی خۆی دەزانێت جارێكی دیكە پەیامی خۆی ئاراستەی جیهان بكاتەوە و پێیان بڵێت: دووبارە بونیادنانەوەی عێراق لەسەر بنەمای فیدڕاڵی و دیموكراتی لە دوای ساڵی 2003 نەك هەر تەنیا خواستی خەڵكی كوردستان بووە، بەڵكو بۆ ئەوەی عێراق ببێتە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی و لە دیكتاتۆریەت رزگاری ببێت، كوردستان بەشێك بووە لە هاوپەیمانیی پرۆسەی ئازادكردنی عێراق، لە ئێستاشدا كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جارێكی دیكە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، دەستووری عێراق جێبەجێ بكرێت و عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵی بمێنێتەوە، ئەوا ئەمجارەشیان پارتی دیموكراتی كوردستان هاوشانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵەكانی خۆی دەخاتە پاڵ ئەو هەوڵانە بۆ ئەوەی هەموو جیهان زۆر باش لەو پەیامە تێبگەن، كە ئەقڵییەتی حوكمڕانیی عەرەبی شیعەی عێراق، نە بڕوایان بە دیموكراتی و نە بڕوایان بە فیدڕاڵی هەیە، بەپێچەوانەوە ئەوان خۆیان دەیانەوێت رەگ و ریشەی فیدڕاڵی و دیموكراتی لە عێراق هەڵبكێشن و سیستمێكی سیۆكراتیی شیعەگەرا دابمەزرێنن.
خاڵی گرنگ بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان، پشتگیریی نێودەوڵەتییە بۆ مانەوەی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی سیاسیی یەكگرتوو، ئەم پشتگیرییە نێودەوڵەتییە بۆ شەرعییەتی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، دەستی شیعەی عێراقی كورت كردۆتەوە كە بە رێگەی هەڵبژاردن گرەو لەسەر گۆڕینی قەوارەی سیاسیی كوردستان بكەنەوە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا پارتی دیموكراتی كوردستان كە بەشداری لە هەڵبژاردنی عێراق دەكات، سەركردایەتی ئەو رەوتە دەكات كە بەرگری لە مانەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بە یەكگرتوویی دەكات، ئەوجا ئەگەر ئەم فراكسیۆنە و ئەوانەشی دوای هەڵبژاردن لەگەڵی دەبنە هاوپەیمان، نوێنەرایەتی هەموو كورسییەكانی كوردستانیش لەپەرلەمانی عێراق نەكەن، بەڵام كە هاتە سەر پەیوەندیی نێوان هەرێم و عێراق، تەنیا ئەو رەوتە نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان دەكات و لایەنەكانی دیكە هەتا ئەگەر لەگەڵ بەغداش بە جۆرێكی دیكە رێكبكەون، ئەوا وەك نوێنەری هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی سیاسەتی عێراقی و سیاسەتی نێودەوڵەتی مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت.


كەواتە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەو لایەنە نیشتمانپەروەرانەش كە دوای هەڵبژاردنەكان لەگەڵ لیستی پارتی بۆ نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان لەناو پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانی دەكەن، هێندەی ئامانجیان ئەوەیە نوێنەرایەتی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بكەن، بۆ ئەوەی بە چاودێری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داكۆكی لە مافە دەستوورییەكانی كوردستان بكەن، هێندە ئامانجیان ئەوە نییە لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا چەند پۆستێك وەربگرن.
دیارە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لەم رەوتەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات و حكومەتی بەغدا لەوە تێگەیشتووە، بێجگە لەپارتی و هاوپەیمانەكانی، هیچ لایەكی دیكە بۆ نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان دانی پێدا نانرێت، بۆیە ئەویش كاتی خۆی لەگەڵ ئەو هێز و لایەنانەی ناو كوردستان بەفیڕۆ نادات كە لەسەر حیسابی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان سازشی گەورە بۆ حكومەتی بەغدا دەكەن.
ئەم هەڵبژاردنەی عێراق بۆ كوردستان تەنیا یەك مانای هەیە، ئەو مانەیەش ئەوەیە، ئایا دوای هەڵبژاردنەكانی ئایاری داهاتوو، حكومەتێك لە بەغدا پێكدێت كە وەڵامی داواكاری هەموو پێكهاتەكانی عێراق و گوشارە نێودەوڵەتییەكان بداتەوە؟ بێگومان هەموو بەڵگەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئەم هەڵبژاردنە كۆتایی بە دیموكراتی و فیدڕاڵی لە عێراقدا دەهێنێت، دوای ئەوەش ئەگەر كوردستان هەر هەنگاوێك هەڵبگرێت، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت چاو بە هەڵوێستی ئێستایدا بخشێنێتەوە، پێدەچێت هەر ئەمەش ئامانجی سەرەكی پارتی دیموكراتی كوردستان بێت لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق.
Top