ئاكامەكانی میلیشیاكان بۆ سیاسەتی ئەمریكا
March 1, 2018
راپۆرتەکان
ئەمریكا وەك هاوپەیمانێكی سەرەكی و دەستەبەركاری هاوكاری و یارمەتی هەموو مافێكی هەیە بۆ ئەوەی بە ئاشكرا باس لەو فاكتەرانە بكات كە دەبنە هۆی ئاسانتركردنی هاوكاریی ئەمنی دووقۆڵی، یاخود بە پێچەوانەوە دەبنەهۆی ئەوەی درێژەدان بەو هاوكارییە دژوار بێت. لەبەر ئەوە پێویستە ئەم پرەنسیپانەی خوارەوە ببنە سەرمەشقی سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست میلیشیاكاندا:
مامەڵەكردنی پراگماتییانە. لە رووی مێژوییەوە، واشنتۆن كاری لەگەڵ میلیشیا عێراقییەكاندا كردووە، كاتێك ئەم هاوكاریكردنە لە بەرژەوەندی ئەمریكادا بووبێت و كاتێك ئەو گرووپانەش لە ژێر فەرماندەیی و كۆنتڕۆڵی حكومەتی عێراقدا بوبێت. كاتێكیش بە گونجاوی زانیبێت، ئەوا چاوپۆشی كردووە لە بوونی چەند میلیشیایەكی گەورەی دەرەوەی دەستوور، وەك یەكە سەربەخۆكانی پێشمەرگە، بە هەمان شێوە هاوكاری كردووە لەگەڵ ئەو میلیشیایانەی تاوانبارن بە هێرشەكردنەسەر هێزەكانی ئەمریكا لە رابردوودا، ئەمە ئەگەر هاتوو وا لێكدرایەوە كە هیچ هەڕەشەیەك دروست ناكەن لە ئایندەدا، هەروەها ئەوەی لە سەروەختی هەڵمەتەكانی سەحوەدا بینیمان، بە هەمان شێوە لە سەروەختی داگیركردنەكەدا لە ساڵانی (2003-2011) و لە میانەی هەڵمەتەكاندا دژی داعش لە ساڵانی 2014-2018 كاری لەگەڵ ئەو یەكانەی سوپای عێراقدا كرد كە پڕكرابوون لە میلیشیاكان. پێویستە ئەم پێوەرانە- ملكەچبوون بۆ فەرماندەیی حكومەت و دروستنەكردنی هەڕەشە لە ئایندەدا- بەردەوام ببنە سەرمەشقی مامەڵەكردنی ئەمریكا لەگەڵ میلیشياكانی عێراقدا.
دانانی هێڵی سوور. جگە لە مرونەت و پراگماتی بوون، هێشتا ئەمریكا پێویستی بەوەیە لە سنووری چەند هێڵێكی سووردا كاربكات، كە بە باشی داڕێژدرابێتن، ئەگەرنا كارێك دەكات كە ئەوەندەی دیكە ئەو میلیشیایانە بخزێنە نێو هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە كە ئێران پشتیوانییان لێدەكات. چونكە بە پێچەوانەی پێشمەرگە، یان هێزەكانی سەحوەوە هەندێ لەو گرووپانەی ئێران پشتیوانیان لێدەكات، وەك «عصائب اهل الحق و كتائب حزب الله» بە ئاشكرا هەڕەشە لە ئەمریكا دەكەن لە عێراقدا. بەو پێیە پێویستە «عصائب اهل الحق» و گرووپەكانی وەك «حركە النجباء» لە پاڵ «كتائب حزب الله» بخرێنە لیستی ئەو رێكخراوانەوە كە ئەمریكا بە تیرۆریستیان دەزانێت، هەروها پێویستە سەركردەكانیشیان بخرێنەی خانەی تیرۆریستانەوە. پێویستە هەر هێرشكردنێك بۆ سەر ئەمریكا هێڵی سوور بێت- كە ببێتەهۆی ئەوەی كاردانەوەیەكی تەواوی لێبكەوێتەوە كە بژارەی هێرشكردنەسەر بەرژەوەندییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ناو عێراق و دەرەوەی عێراق لەخۆ بگرێت. هەروەها دەبێت پاراستنی تەكنەلۆجیای هەستیاری ئەمریكی یەكێكی دیكە بێت لە هێڵە سوورەكان. ئەو هەواڵانەی ئەم دواییە كە باس لەوە دەكەن 9 تانكی M1 ئەبرامزی ئەمریكا دراونەتە دەست دەزگای حەشدی شەعبی، حاڵەتێكە كە پێشێلكردنێكی زەقی مەرجەكانی ئەمریكایە.
بچووككردنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی دەزگای حەشدی شەعبی. پێویستە ئەمریكا پشتیوانی لە هەوڵە لەسەرخۆ بەڵام جێگیرەكانی عێراق بكات بۆ هەڵوەشاندنەوە و چەكداماڵین و دووبارە ئاوێتەكردنەوە كە ئەمەیان زیاتر ئەگەری ئەوەی لێدەكرێت دەرئەنجامی هەبێت بە بەراورد بە ئەنجامدانی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی هاوشێوەی «صولة الفرسان»ی ساڵی 2008- كە زۆری نەمابوو شكست بهێنێت، تا ئەو كاتەی ئەمریكا پشتیوانییەكی سەربازی گەورەی لێكرد- هاوپەیمانان دەتوانن تەكنەلۆژیای تۆماری بایۆمەتری بۆ عێراق دەستەبەر بكەن بۆ باشتركردنی ئیدارەدانی كاروبار و مووچەكانی دەزگای حەشدی شەعبی. لەبەرامبەر ئارامگرتن و هەوڵی بەردەوامی عێراق بۆ ئاوێتەكردنی میلیشیا دڵسۆزەكان و گۆشەگیركردنی یاخیبووەكانیان، پێویستە واشنتۆن و هاوپەیمانەكانی بەغدا دڵنیا بكەنەوە كە ئەوان پلانیان هەیە بۆ پشتیوانیكردن و یارمەتیدانی هێزەكانی عێراق لە حاڵەتی روودانی شەڕێكی گەورە لەگەڵ میلیشیاكان لە پایتەخت، یان هەر شوێنێكی دیكە.
ئاگادار بوون لە رەوشەكە. دوای كشانەوەی سەربازیی ئەمریكا لە ساڵی 2011، ئەمریكا توانایەكی زۆری لەدەستدا بۆ تێگەیشتن لەوەی لە واقیعی عێراقدا چی دەگوزەرێت. بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، پێویستە ئەمریكا هەوڵێكی گەورەی هەواڵگری- مرۆیی و تەكنەلۆژی- بخاتەگەڕ بۆ تێگەیشتن لەوەی ئایا بە راستی میلیشیاكان سەرقاڵی چین لە بەغدا و بەسرەی دەوڵەمەند بە نەوت و لەسەر سنوورەكانی سووریا و ئێران. بەشێكی ئەم هەوڵە چاودێریكردن لەخۆدەگرێت بۆ هەر هەوڵێكی ئێرانی – یان لە رێی وەكیلەكانیەوە- بۆ دروستكردنی راڕەوێكی زەمینی لەسەر ئەو سنوورانە. هەروەها دەبێت ئەمریكا تەركیز لەسەر ئەوە بكات كە چۆن سەركردەكانی میلیشیاكان لە ساتەوەختە گرنگەكاندا بڕیاری عێراقی دادەڕێژن بە چەشنی بڕیاری پەیوەست بە رووبەڕووبوونەوەكانی ئۆكتۆبەری 2017 لەگەڵ كورددا لە كەركووك. لە كۆتاییدا، بوارێكی زۆر هەیە بۆ باشتركردنی توانای هەواڵگری عێراق بۆ ئەوەی بەدواداچوون بكات بۆ بارودۆخەكە تەكتیكییەكان لە نێویاندا كۆكردنەوەی زانیاری لەبارەی جموجووڵ و شوێنی چەكە قورسەكان، ناوەندی فەرماندەیی و كۆنتڕۆڵ، تەقەمەنی و شەڕكەرەكانی سەر بە میلیشیا سەرەكییەكان.