ئایندەی میلیشیاكان لە عێراقدا

ئایندەی میلیشیاكان لە عێراقدا
كاتێك دەزگای حەشدی شەعبی لە تەمووزی 2014داو لە نێو نووسینگەی سەرۆك وەزیراندا بە فەرمی دامەزرا، ئەوا بووە چەترێك بۆ ژمارەیەكی زۆر میلیشیا جۆراوجۆرەكان، لە نێویاندا (هێزەكانی حەشدی شەعبی) كە تا راددەیەكی گەورە هێزگەلێكی شیعەن و گرووپەكانی حەشدی عەشایەری كە زۆربەیان سوننەن، لەگەڵ حەشدی وەتەنی. لە «چوارچێوەی هێزە چەكدارەكاندا» دەزگای حەشدی شەعبی 150 هەزار میلیشيای خستۆتەسەر لیستی مووچەخۆرانی حكومەت و پێگەی یاساییشی پێداون، بەڵام لە هەمان كاتدا بە رواڵەت ملكەچی كردوون بۆ فەرماندەیی سەرۆك وەزیران و دیسپلینی سەربازی بەسەر هێزەكانیدا سەپاندووە. بە پێچەوانەوە پێشمەرگەكانی نێو بەتالیۆنەكانی پاسەوانی هەرێمی مووچەیان لەلایەن بەغداوە بۆ دەستەبەر نەكراوە، سەرەڕای ئەوەی بە ناو بەشێكن لە هێزە چەكدارەكان.
یەكێك لەو بژارانەی تاوتوێكراوە لە بەغدا بچووككردنەوەی دەزگای حەشدی شەعبییە بۆ كەمكردنەوەی بودجەكەی لە ساڵی 2019دا. (لە بودجەی ساڵی 2018دا 1.63 ملیار دۆلار بۆ ئەم دەزگایە تەرخان كراوە). بە گوێرەی ئەم پلانە، هێزەكانی سەر بە دەزگای حەشدی شەعبی هەنگاو بە هەنگاو دەكرێنە سەر گرووپی لاوەكی:


ئەو گرووپانەی ئاوێتەی هێزە چەكدارەكان دەكرێن. هەندێ لە میلیشیا چالاكەكانی دەزگای حەشدی شەعبی دەچنە نێو سوپا و بەشی پاسەوانی سنوور و پۆلیسی ئیتیحادی و هێزی پۆلیسی ناوخۆیی و هێزەكانی دیكەی دەوڵەت.
هێزی یەدەگی هەمیشەیی دەزگای حەشدی شەعبی. شەڕكەرە بە تواناكانی دیكە درێژە بە مانەوەیان دەدەن لە سایەی دەزگای حەشدی شەعبیدا، بەڵام هەوڵی ئەوە دەدرێت ببنە هێزێكی پڕۆفیشناڵی یەدەگ، كە ئەگەری ئەوە هەیە نیو دەوامیان پێبكرێت، یاخود تەنیا لە كاتی پێویستدا بەكار بهێنرێن.
میلیشیا سەربەخۆكان. ئەو میلیشیایانەی دیكەی سەر بە دەزگای حەشدی شەعبی لەسەر ئەم دەزگایە نامێنن و ناویشیان لە لیستی مووچەخۆرانی حكومەتدا دەسڕێتەوە، بەڵام رێگە بە مانەوەیان دەدرێت تا ئەو كاتەی چەكە قورسەكانیان لە بنكە دیاریكراوەكاندا دەپارێزن و دەست لە هەموو چالاكییەكی سەربازی هەڵدەگرن. ئەم میلیشایانەش رەنگە باشترین یەكە چەكدارەكانی رێكخراوی بەدر، «عصائب اهل الحق و كتائب حزب اللە» لەخۆ بگرن، كە پشتیوانی لە ئێرانەوە بەدەست دەهێنن. كە رەنگە ئەمە مایەی نیگەرانی بێت بۆ ئەمریكا. بەڵام هەرچۆنێك بێت رەنگە حكومەتی عێراقی بە چەشنی یەكە سەربەخۆكانی پێشمەرگە مامەڵەیان لەگەڵدا بكات، كە بەغدا هەوڵی جددی نادات بۆ هەڵوەشاندنەوەیان، بەڵام نە مووچەشیان بۆ دەستەبەر دەكات و نە راهێنانیان پێدەكات و نە كەلوپەلیشیان پێدەدات.
Top