دیدار و كۆبوونەوە هەمەلایەنەكانی شاندی كوردستان و هەڵماڵینی ماسكی فیدڕاڵی لە رووی عێراق

دیدار و كۆبوونەوە هەمەلایەنەكانی شاندی كوردستان و هەڵماڵینی ماسكی فیدڕاڵی لە رووی عێراق
ئەنتۆنی گۆترێس ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە وتەكەیدا كە لە كردنەوەی كۆنفڕانسی 54ی میونشن بۆ ئاسایش پێشكەشی كرد، ئاماژەی بەوە كرد، ئەو یەكدەنگییە نێودەوڵەتییەی سەبارەت بە داماڵینی چەكە ئەتۆمییەكانی كۆریای باكوور لە ئەنجومەنی ئاسایش بوونی نییە، هەمان ئیرادە و یەكدەنگیش سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونی نییە، بۆیە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەریان بۆ نادۆزرێتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر دەوڵەتانی ئەنجومەنی ئاسایش بەرژەوەندییەكی هاوبەش لە چوارچێوەی داماڵینی چەكە ئەتۆمییەكانی كۆریای باكوور كۆیان بكاتەوە، ئەوا بەرژەوەندییەكی هاوبەش لە چوارچێوەی چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆیان ناكاتەوە. بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا بەرامبەر قسەكانی گۆترێس ئەوەیە بۆچی دژایەتیكردنی ریفراندۆمی كوردستان بووە داماڵینی چەكە ئەتۆمییەكانی كۆریای باكوور و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دژی ئەنجامدانی ئەو ریفراندۆمە كۆكردەوە؟ ئەگەر بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دیسان لە قسەكانی گۆترێسەوە بگەڕێین، ئەوا دەگەینە ئەو راستییەی كە بێدەنگیی رووسیا و داكۆكیكردنی بەرژەوەندییە جیاوازە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان بۆ یەكپارچەیی عێراق و رێگرتن لە سەربەخۆیی كوردستان بۆ پارێزگاریكردن لە سیستمی جیهان، یان ئەوەی رۆژئاوا پێی دەڵێن: سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی نییە، بەڵكو هێشتنەوەی بارودۆخی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بۆ ململانێ و زۆرانبازیی سیستمە جیهانییەكان كە چاوەڕێ دەكرێت لە ئێستا بەدواوە جیهان بەرەو جیهانێكی فرەسیستمی هەنگاو هەڵبگرێت.

كۆماری ئیسلامیی ئێران و رووسیا زۆر بەباشی لە دژایەتیكردنی سیستمی ئێستای جیهان و هێشتنەوەی ئەسەد لەدەسەڵاتدا یەك دەگرنەوە، بەڵام توركیای ئەندامی ناتۆ لەبەر ئەوەی تێڕوانینەكانی بۆ بەرژەوەندییەكانی لە عێراق و سووریا لەگەڵ ئامانجەكانی ئەمریكا و ناتۆ یەك ناگرێتەوە، بە جۆرێكی دیكە خۆی لەگەڵ رووسیا و ئێران گونجاندووە، ئەوجا لەبەر ئەوەی پشتگیریكردن، یان چاوپۆشیكردن لە رەفتارەكانی توركیا لەناو سووریادا، دەبێتە دروستبوونی هاودژییەكی توند لەنێوان ئامانجەكانی توركیا و ئەمریكا و ناتۆدا، ئەوا بەرژەوەندیی رووسیا و ئێران لەم هاوكێشەیەدا بەو جۆرەیە كە زیاتر پشتگیری توركیا بكەن، بۆ ئەوەی باڵی رۆژهەڵاتی ناتۆ بشكێت و دەستی ناتۆ بە تەواوەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كورت بكەنەوە.

سەبارەت بە عێراقیش، بێگومان كۆماری ئیسلامیی ئێران چۆن كۆنتڕۆڵی دیمەشقی كردووە لەژێر پەردەی بەرگریكردن لەمانەوەی رژێمی ئەسەد، بەهەمان شێوە كۆنتڕۆڵی بەغداشی كردووە لەژێر پەردەی ئەو دەستوورەی بە چاودێری ئەمریكا نووسراوەتەوە و گەلانی عێراق دەنگیان لەسەر داوە، بەڵام تاكتیكی كۆماری ئیسلامی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ سیاسەتەكانی ئەمریكا لە عێراقدا، لەپرۆسەی دووبارە بونیادنانەوەی سوپای عێراقدا چۆن بوو، لە پرۆسەی مامەڵەكردنی دەستووری عێراقیشدا بەهەمان شێوەیە، هەر بۆ نموونە ئەمریكا لە پرۆسەی بونیادنانەوەی سوپای عێراقدا پرۆسەی (DDR) پیادەكرد، بەمانای (چەك داماڵین، تەسریح كردن، دووبارە تێكەڵكردنەوە)، لەم پرۆسەیە ئەمریكا ئامانجی ئەوە بوو سوپای عێراق بەوجۆرە بونیاد بنرێتەوە كە ناسنامەیەكی نیشتمانی هەبێت، بەڵام كاتێك ئێران تاكتیكی خۆی تێكەڵی ئەم پرۆسەیە كرد، سوپای عێراقی گۆڕی بۆ سوپایەكی مەزهەبگەرای شیعە و سەرەنجامیش ئەو سوپایە لە بەردەم تیرۆریستانی داعش لەبەریەك هەڵوەشاوەو زەمینەی ئەوە بۆ ئێران دروست بوو كە ئەمریكا بەوە رازی بێت لەسەر مۆدێلی سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنانی، هێزی كاریگەر بەناوی حەشدی شەعبی دروست بێت، كە ئێستا بۆتە ئەمری واقیع و ماسكێكی یاسایی لەسەر كراوەو دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. سەبارەت بە پرۆسەی سیاسیی عێراقیش كە ئەمریكا خواستی ئەوەی هەیە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، نفووزی ئێرانی لە عێراق كەم بكاتەوە و دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی بونیاد بنرێتەوە، ئەوا چۆن كۆماری ئیسلامی لەگەڵ پرۆسەی (DDR) بۆ بونیادنەوەی سوپا مامەڵەی كرد و پاشان زەمینەی ئەوەی رەخساند ئەمریكا بە حەشدی شەعبی رازی بێت، ئێستاش بەهەمان شێوە بەشێوەیەكی تاكتیكی دەستووری عێراقی كردۆتە ئەو بازنەیەی كە سیستمی فیدڕاڵیی عێراق هیچ بەهایەكی نامێنێت و زەمینە بۆ سیستمی ویلایەتی فەقیهی دادەڕێژێت. هەر بۆ نموونە چۆن رابەری شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران چەند كاندیدێك بۆ سەركۆماری ئێران كاندید دەكات و هەر ئەو كاندیدەش كە رابەری كۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران مەبەستیانە هەڵبژاردنەكە دەباتەوە، ئیستا لەناو لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراقیشدا چەند كاندیدێك بە رەزامەندی سوپای پاسداران و كۆماری ئیسلامی دەستنیشان كراون، هەر كامیان هەڵبژاردنەكە بباتەوە، هەر هەمان ئەو سیاسەتە جێبەجێ دەكات كە كۆماری ئیسلامی تەبەنی دەكات. ئەم سیاسەتەش وەك لە هەڵبژاردنی دوو سێ مانگی داهاتوو ئاكامەكەی دەبینین، كۆپییەكی سیاسەتی هەڵبژاردنی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە و راستەوخۆ پێكهاتەكانی دیكەی عێراق بەتایبەتی كورد و عەرەبی سوننە دەخاتە پەراوێزەوە.


حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق، عەبای سیاسەتە تاكتیكییەكەی ئێرانی داوە بەشانیدا و ماسكێكی فیدڕاڵی لەسەر كردووە و دەیەوێت لەژێر ئەم ماسكە و بە عەبای دەستووری عێراقەوە، خۆی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵی لە بەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی و بەتایبەتی رۆژئاوا و دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش نمایش بكات. هەر لەبەر ئەم هۆكارەش بوو كە زۆر بە توندی پێی لەسەر گەمارۆی ئاسمانی و داخستنی فڕۆكەخانەكانی كوردستان داگرت، بۆ ئەوەی بوو كە نە شاندی كوردستان بتوانێت سەردانی دەرەوە بكات و نە شاندە نێودەوڵەتییەكانیش بتوانن سەردانی كوردستان بكەن، بەڵام هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پابەندبوونی بە ناوەڕۆك و گەوهەری دەستووری عێراقەوە، ماسكی فیدڕاڵی لە سەری دەوڵەتی عێراق لابردو، عەبای دەستووریشی لەسەر شانی عەبادی هێناوەتە خوارەوە. شاندی كوردستان وەك قۆناخی پێش 25ی ئەیلوولی 2017 سەردانی دەوڵەتان و كۆر و كۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەكان دەكات و بە دەیان كۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ سەرۆك و سەرۆك وەزیران و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدات. لەمەش گرنگتر دیدار و كۆبوونەوەكانی نێوان سەرۆك وەزیرانی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراق، روویەكی دیكەی ئەو ماسك هەڵماڵین و عەبا لەشان داگرتنەیە كە خەریكە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تەواوەتی دەگاتە ئەو قەناعەتەی كە ئەو دەستوور و دەوڵەتە فیدڕاڵییەی كوردستان باسی دەكات و ئەوەی حەیدەر عەبادی دەیەوێت جیهانی پێ هەڵخەڵەتێنێت، دوو شتی جیاوازن و هیچ خاڵێكی هاوبەش كۆیان ناكاتەوە.


دیارە بۆ ئێستای سیستمی جیهانی كە ئەوروپا و ناتۆ خەریكە ناچار دەبن بە بێ پشت بەستن بە ئەمریكا، سیاسەتێكی بەرگری بۆ خۆپاراستن لە ئەوروپا و جیهان دابڕێژنەوە، تێڕوانینی ئەوروپا و ناتۆ بەرامبەر بە عێراق، بە جۆرێك لە جۆرەكان لە تێڕوانینی ئەمریكا بۆ عێراق جیاوازە، ئەم جیاوازییەش لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت كە چیدیكە ئەمریكا لەو روانگەیەوە سیاسەتی خۆی بەرامبەر بە عێراق پیادە ناكات، كە عێراق مەرجە ببێتە دەوڵەتێكی دیموكراتی، بەڵكو لەو راستەوە سەیری عێراق دەكات كە عێراق دەوڵەتێك بێت، وەك خۆیان پێناسەی دەكەن هاوپەیمان و هاوبەشێكی راستەقینەی ئەمریكا بێت، بەڵام تێڕوانینی ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا بۆ عێراق لەو روانگەیەوە كە عێراق ببێتە دەوڵەتێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی و هاوپەیمانێكی كاریگەر بۆ پاراستنی سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی.


ئەم دوو روانگەیە لەگەڵ ئەوەی لە رووی سیاسی و ستراتیژییەوە دوو تێڕوانینی جیاوازن و دوو شێوازی دەوڵەت پێناسە دەكەن، بەڵام هەردووكیان لە بەرژەوەندیی سیاسەتەكانی ئێران و توركیا و شیعەی عێراق تەواو نابن، بەپێچەوانەوە وێڕای جیاوازی نێوانیشیان هەردوو تێڕوانینەكە لە بەرژەوەندیی ئایندەی كوردستاندا بەرجەستە دەبن، لەمەش زیاتر تێڕوانینی كوردستان بۆ ئایندەی عێراق، هەردوو جیاوازی ئەمریكا و ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا لە بازنەیەكدا پێكەوە كۆدەكاتەوە، هەر بۆیە وەك سەرنج دەدرێت، لە هەر كۆبوونەوە و كۆڕ و كۆنفڕانسێكدا كە شاندی كوردستان و عێراق پێكەوە بەشداری دەكەن، دەبینین ئاستی پێشوازی لە دیدار و كۆبوونەوەكانی شاندی كوردستان رووی لە هەڵكشانێكی بەرچاوە و ئاستی پێشوازیی دیدار و كۆبوونەوەكانی شاندی عێراقی لە داكشانێكی تەواودایە، یان لەهەموو دیدار و كۆبوونەوەیەكدا شاندی عێراقی بە سەرۆكایەتی د.حەیدەر عەبادی دەخرێتە بەردەم كۆمەڵێك داواكاری گوشارەوە، هۆكاری ئەمەش ئەوەیە كە خواستە شاراوەكانی شاندی عێراقی نە لەگەڵ تێڕوانینی ئەمریكا بۆ ئایندەی عێراق و نە لەگەڵ تێڕوانینی ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا یەك دەگرێتەوە.


سەركەوتنی دیدار و كۆبوونەوەكانی شاندی كوردستان لە كۆڕبەندی داڤوس لە مانگی رابردوو، شكاندنی گەمارۆی دیپلۆماتی بەدوای خۆیدا هێنا و، بە پێچەوانەی ئارەزووی حكومەتەكەی عەبادییەوە، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەردانی كوردستانیان كرد، ئاكامی دیدار و كۆبوونەوە سەركەوتووەكانی ئەمجارەی شاندی كوردستانیش لە كۆنفڕانسی میونشنی 2018، پێگەی كوردستان دەباتە ئاستێكی دیكە و لە ئایندەیەكی نزیكدا ئاكامی ئەمیشیان دەبینین.
Top