رۆڵ و پێگەی كوردستان لەسەر نەخشەی ئاسایشی نێودەوڵەتی و پاراستنی سیستمی جیهانی
February 21, 2018
راپۆرتەکان
1- راپۆرتی یەكەم لەژێر ناونیشانی (لەبەریەكهەڵوەشانەوەی سیستمی جیهانی و دوو دڵی و خەمساردی پارێزەرانی?- Collapsing Order،Reluctant Guardians) – كۆنفڕانسی 51 ساڵی 2015.
2- راپۆرتی دووەم لەژێر ناونیشانی (كێشە بێ سنوورەكان، تێكدەرانی هەڵەشە، پارێزەرانی سیستمەكە دەستەپاچەن لە ئاست كێشەكاندا- Boundless Crises، Reckless Spoilers، Helpless Guardians) كۆنفڕانسی 52 ساڵی 2016.
3- راپۆرتی سێهەم لەژێر ناونیشانی (نەمانی متمانە لە سیاسەتدا، پۆست رۆژئاوا، پۆست سیستمی جیهانی . Post-Truth، Post-West، Post-Order?) كۆنفڕانسی 53 ساڵی 2017 .
4- راپۆرتی چوارەم لەژیر ناونیشانی (سیستمی جیهانی لەسەر لێواری هەڵدێر، گێڕانەوەی لەسەر ئەو لێوارە. Tothe Brink - and Back?) كۆنفڕانسی 54 ساڵی 2018.
ئەگەر هەڵوەستە لەسەر ناونیشانی ئەم چوار راپۆرتە بكەین، دەبینین هەر راپۆرتێكیان تەواوی سیمای رووداوەكانی جیهان و كاریگەرییەكانی لەسەر هەڵوەشانەوەی سیستمی جیهانی دەخەنەڕوو، بۆیە ئەگەر سەیری راپۆرتی ساڵی 2015 بكەین، راشكاوانە ئاماژە بەوە كراوە كە سیستمی جیهانی لەبەریەك هەڵوەشاوە و لە ئاستیدا پارێزەران و دامەزرێنەرانی ئەم سیستمە دوودڵ و دەستەوەسانن، بەڵام ئەوەی پێویستە لەسەر ئەم تایتڵە تێبینی بكرێت ئەوەیە كە لە ساڵی 2015 -2016، هەڕەشەكان زیاتر مەترسیدارتر بوون و كێشە و شەڕەكان هەموو سنوورەكانی گرتۆتەوە و دیسانیش پارێزەر و دامەزرێنەرانی سیستمەكە كە مەبەستی (ئەمریكا و ناتۆ و دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپایە) دەستەپاچەن و لەبەرامبەردا رووسیا و ئێران زیاتر لە شەڕی دژی داعشدا دەردەكەون و چینیش ئەزموونی خۆی لە تێكەڵكردنی حوكمڕانییەكی (ئۆتۆكراتی و سەرمایەداریدا) دەكاتە نموونەیەكی سەرنجڕاكێش و جێگرەوەی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی لە جیهاندا، هەربۆیە راپۆرتی ساڵی 2017 تایتڵێكی مەترسیدارتری هەڵگرتووە، كە پێكەوە سێ شكستی گەورە دەخاتەڕوو كە بریتین لە: (قۆناخی نەمانی راستگۆیی لە سیاسەتی حزبە سیاسییەكانی سیستمە لیبڕاڵ دیموكراتییەكان و باڵادەستبوونی پۆپۆلیستی، نەمانی رۆڵی رۆژئاوا لەچارەسەركردنی كێشەكانی جیهان بەگشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، دەركەوتنی تەواوی قۆناخی دوای سیستمی جیهانی) ئەم مەترسییانە هەر هەموویان پێش ئەوە بوون كە دۆناڵد ترەمپ بچێتە كۆشكی سپی و سیاسەتی ئەمریكا لەسەر بنەمای (ئەمریكا یەكەم و پێش هەر شتێكی دیكە) دابڕێژێتەوە، بۆیە ساڵی 2017 وەك ساڵی بەرەو لێواری هەڵدێری سیستمی جیهانی بردووە، هەر بۆیە تایتڵی راپۆرتی ئەمساڵی كۆنفڕانسی میونشن بووە بە (بەرەو لێواری هەڵدێر. بەڵام گەڕانەوە).
لەژێر ئەم تایتڵە فرەڕەهەند و فراوانەی كە پێناسەی ئاسایش و سەقامگیریی ئێستای نێودەوڵەتی و مەترسییەكانی سەر سیستمی جیهانی دەكات، پرسیار ئەوەیە ئایا بەشداریی كوردستان چۆن لەژێر ئەم تایتڵە فراوانە دەخوێندرێتەوە؟ دیارە پێش ئەوەی راستەوخۆ وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە، گرنگە ئاگاداری ئەوە بین كە گرنگیی كوردستان لەسەر نەخشەی ئاسایشی جیهان، تێكەڵاوی ئەو كێشە بەرچاوانە نەكرێت كە ئێستا بە شێوەیەكی گشتی دەبنە سەردێڕی هەواڵەكانی جیهان وەك: (هەوڵەكان بۆ داماڵینی چەكە ئەتۆمییەكانی كۆریای باكوور، دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، دەرچوونی ئەمریكا لە رێككەوتنی پاریس بۆ كەشوهەوا، باڵادەستیی رووسیا و پاشەكشەی ئەمریكا و ناتۆ لە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست). لەبری ئەمە گرنگە جەخت لەسەر ئەو فاكتەرە وردانە بكەینەوە كە بوونەتە ماكی هەڕەشەیەكی جددی لەسەر سیستمی جیهانی و سیستمی فرەكەلتووری و پێكەوەژیان لە رۆژئاوای دیموكراتیدا.
كەواتە كێشەی سەرەكیی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتیی رۆژئاوا، كێشەگەلێكن لە هەناوی كۆمەڵگەی رۆژئاوا دروست بوون و، دەرهاویشتەی ئەو كێشە ناوخۆییانەن كە بوونە هەڕەشە لەسەر سیستمی جیهانی، گرنگترین كێشەكانیش بریتین لە:
1- دروستبوون و گەشەكردنی فیكری توندڕۆیی و تیرۆر لە ژینگەی دەوڵەتانی لیبڕاڵ دیموكراتیی رۆژئاوا، گەڕانەوەی ئەم تیرۆریستانە بۆ وڵاتانی رۆژهەڵات و دووبارە گەڕانەوەیان بۆ ژینگەی دەوڵەتانی رۆژئاوا، ئەمە بۆتە هۆكاری ئەوەی فرەكەلتووری رەتبكرێتەوە و بنەماكانی سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی كە خۆی لە پاراستنی بەهاكانی ئازادی و مرۆڤایەتی دەبینێتەوە بەرەو پووكانەوە بچێت و، دیاردەی رەگەزپەرستی و رەتكردنەوەی تێكەوڵابوون و پێكەوەژیان، ببێتە دروشمی سەرەكیی هەڵبژاردنەكان. كەواتە ئەم دیاردەیە لەناوەوە بەها و كۆڵگەكانی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی لەبەر یەك هەڵوەشاندۆتەوە.
2- لەسەر ئاستی دەوڵەتانی رۆژئاوا كە خاوەنی چەكی مۆدێرن و تەكنەلۆژیای سەربازی و شۆڕشی چوارەمی پیشەسازین، نە دەتوانن لەدەرەوەی سنوورەكانی خۆیان و لەسەر زەوی تیرۆریستان تێك بشكێنن و ئاشتی سەقامگیری بۆ ئەو ناوچانە بگێڕنەوە كە بوونەتە نەوای ئارام بۆ تیرۆریستان، نە لەسەر ئاستی ناوخۆش ئەو توانایەیان هەیە كە ژینگەی دروستبوونی توندڕەوی ریشە كێش بكەن و پایەكانی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی راست بكەنەوە و سەقامگیری وڵاتەكانی خۆیان بپارێزن.
ئەگەر لەم دوو خاڵەوە سەیری پێگەی كوردستان لەسەر نەخشەی ئاسایشی جیهان بكەین، ئەوا ئەو سیاسەت و حوكمڕانییەی لە كوردستان پیادە كراوە، توانیویەتی ئەم دوو كێشە گرنگە چارەسەر بكات، هەر بۆ نموونە گەلی كوردستان بەشی زۆری موسڵمانە، بەڵام بەشێكی بەرچاویشی نەتەوە و ئایین و جیاوازی دیكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەی دامەزراوەكانی كوردستان هێندەی دامەزراوەكانی رۆژئاوا ئیمكانیەتیان لەبەردەست نییە و لەگەڵ ئەوەی هەیكەلەی دامەزراوەكانی كوردستان وەك هەیكەلەی دامەزراوەكانی رۆژئاوا ریشەیان داكوتراو نییە، بەڵام ژینگەیەك دروست بووە كە توندوتیژی و تیرۆری تیا دروست نابێت، لێبووردەیی و پێكەوەژیانی تێدا رەتناكرێتەوە، بەپێچەوانەوە رۆژ لەدوای رۆژ گیانی لێبووردەیی و پێكەوەژیان و یەكتری قبووڵكردنی تێدا قووڵتر دەبێتەوە. سەبارەت بە كێشەی دووەمی دەوڵەتانی رۆژئاوا كە بریتییە لە دەستەوەستان بوونی سوپا و دەزگاكانی هەواڵگرییان لە تێكشكاندنی تیرۆریستان لەسەر زەوی و دروستكردنی سەقامگیرییەكی كۆمەڵایەتی كە بتوانرێت رێگە لە ژینگەی سەرهەڵدانی فیكری توندوتیژی بگرێت، ئەوا كوردستان جیا لەوەی خاوەنی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە و بەكردەوە سەلماندوویەتی خاوەنی ئەو هێزە قارەمانەیە كە دەتوانێت لەسەر زەوی تیرۆریستان بشكێنێت، ئەوا لەسەر ئاستی دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش و هەواڵگرییش، ئەو راستییەی پیشانی جیهان داوە كە توانای پاراستنی سەقامگیری و ئاشتیی كۆمەڵایەتی هەیە و توانیویەتی ژینگەیەكی وا بخوڵقێنێت، كە رێگە لە دروستبوونی فیكری تیرۆر و توندوتیژی بگرێت.
بێگومان ساڵی یەكەمی دەستبەكاربوونی ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ بە پێناسەكردنەوەی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا، ئەو راستییەی لەسەر زاری ماكماستەری راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بۆ هەموو جیهان ئاشكرا كرد، كاتێك راشكاوانە ئاماژەی بەوە كرد، ئەو سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانییەی بە درێژایی دەیەكانی رابردووی دوای كۆتاییهاتنی شەڕی دووەمی جیهانی لەلایەن هەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتییەوە لەسەر بنەمای پاراستنی بەهاكانی سیستمی لیبڕاڵی نێودەوڵەتی داڕێژدراوە، ئەوا چیدیكە نوسخەی ئەو سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانییە بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا ناگونجێت، لەمەش زیاتر وەك ریكس تیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: زۆر جار پابەندبوونی ئەمریكا بە پاراستنی بەهاكانی سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی گورزی گەورەی لە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا وەشاندووە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەمریكا چیدیكە خۆی پابەند ناكات بە بنەماكانی سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی و پاراستنی بەهاكانی ئازادی و مافەكانی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهان، ئەم هەڵوێستەی ئەمریكا سیستمی لیبڕاڵیی جیهانی بەرەو هەڵدێر بردووە، بەڵام دەوڵەتانی ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا كە خۆیان بە میراتگری سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی دەزانن، هەوڵەكانیان بۆ ئەوەیە، سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی لەسەر لێواری هەڵدێر بگێڕنەوە بۆ دواوە و جارێكی دیكە لە ناوەوە و بەپشت بەستن بە سیستمێكی بەرگری بەبێ پشت بەستن بە ئەمریكا، هەنگاو بۆ پابەندبوون بە بەهاكانی سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی و پاراستنی بەهاكانی ئازادی و مافەكانی هەڵبگرنەوە.
لەساڵی 2017 چەندە دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەك رەشبینییەك بۆ ئایندەی سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی سەیر كرا، لەوە زیاتر بە گەشبینییەوە سەیری دەستبەكاربوونی ئەمانوئیل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا كرا. لەو كاتەوە ماكرۆن بووە بە سەرۆكی فەرەنسا، تا رادەیەكی زۆر ئازارەكانی دەرچوونی بەریتانیای لە یەكێتی ئەوروپا سارێژ كردووە و جارێكی دیكە سەلماندیەوە كە ئەوروپا ئامادەباشی بۆ پارێزگاریكردن لە سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی و بەهاكانی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی هەیە، بەمەش هێز و ئیرادەیەكی نوێ لە دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتی بەرگریی ناتۆ و ئەوروپا دروست بووە.
لەم چوارچێوەیەدا كە ئێستا ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا دەیانەوێت سەرلەنوێ رۆڵی خۆیان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان پێناسە بكەنەوە و بە جددی لەهەوڵی ئەوەدان بەهاكانی لێبووردەیی و پێكەوەژیان و فرەكەلتووری بگێڕنەوە بۆ ژینگەی سیاسیی وڵاتەكەیان، كوردستان ئەو پێگە جوگرافییەیە كە دەكرێت وەك ئەزموونێك بۆ پێكەوەژیان و یەكتری قبووڵكردنی قۆناخی دوای تێكشكاندنی سەربازیی داعش سەیر بكرێت و بكرێتە نموونەیەك بۆ ئەوەی لە پرۆسەی سیاسی دوای تێكشكاندنی داعش، ئەزموونی كوردستان لەناوچەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە بكرێتەوە.