خوێندنەوەیەك بۆ كتێبی (دەستكەوت) بیرۆكەی گەڕان بەدوای دۆزینەوەی نەوتدا بە سەرمایەی 526 دۆلار دەستی پێكرد

خوێندنەوەیەك بۆ كتێبی    (دەستكەوت)    بیرۆكەی گەڕان بەدوای دۆزینەوەی نەوتدا بە سەرمایەی 526 دۆلار دەستی پێكرد
لەساڵی ١٩٩١ پەرتووكێك بە ناوی دەستكەوت (The Prize) لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڵاوكرایەوە. كە لە لایەن دانیێڵ یێرگن ئامادە كرابوو، كە كەسایەتیەكی دیار و پسپۆڕی ئابوورییە بەتایبەتی لە بواری نەوتدا. من پوختەی نۆ بەشی ئەم پەرتووكەم وەرگێڕاوە بۆ كوردی كە لە ماڵپەڕی (Environmental Science) بڵاوكراوە. مەبەستمە لە رووی فەرهەنگی نەوتەوە خزمەت و دەوڵەمەندتری بكەم. دانیێڵ یێرگن بەشێوازێكی زۆر سادە دەیگێڕێتەوە كە لە سەرەتادا بیرۆكەی گەڕان بە دوای نەوت هەمووی بە ٥٢٦$ دەستی پێكرد، ئەو پارەیەش تەرخانكرابوو بۆ هەركەسێك كە توێژینەوەیەك ئەنجام بدات كە دواتر یەكێك لە گەورەترین پیشەسازییەكانی لێ كەوتەوە. «دەستكەوت» پەرت،وكێكە زۆر لە ئەزموونە تاڵ و ناخۆشەكانی تێدا جێ كراوەتەوە، بۆ ئەوەی سوودی لێ ببینین و هەڵەی پێشوو دووبارە نەكەینەوە. لەكاتێكدا كە كورد كەم ئەزموونە لە بواری نەوتدا، دەتوانین باش لە هەڵەكانیان فێربین و بارودۆخەكان بە قازانجی خۆمان بشكێنینەوە.

1

جۆرج بیسل بە باوكی پیشەسازیی نەوت دادەنرێت

دانیەل یێڕگن دەگێڕێتەوە كە لە بنەڕەتدا ئەم پیشەسازیە گەورەی نەوت تەنیا بە « 526$» دەستی پێكرد. ئەم بڕە پارەیە بۆ توێژینەوەیەك تەرخانكرابوو كە بێنجامین سیلیمان ئەنجامی دابوو بۆ باشتركردنی باری دارایی خۆی. سیلیمان داهاتی مانگانەی كەم بوو، لەو كاتەشدا بەدەستهێنانی پارەیەكی باش ئاسان نەبوو. مووچەی پڕۆفیسۆرییشی پێداویستیەكانی دابین نەدەكرد. بۆیە بۆ پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییە، توێژینەوەیەكی لەگەڵ تیمێكی وەبەرهێنان بە سەرۆكایەتی جۆڕج بیسڵ قبووڵ كرد، ئەو پیاوەی كە یێرگن بە باوكی پیشەسازیی نەوتی دادەنێت.

تیمە وەبەرهێنەرەكەی بیسڵ هەوڵی دەدا كە رێگایەك ببینێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن سەرچاوەیەكی سووتەمەنیی گونجاو بدۆزنەوە لە بەردی نەوتی(oily rock). كە ئەو ماددە نەوتییە رەشە كە لە كانیاوی گردەكانی پنسیلڤینیا دۆزرابوونەوە. بنجامین راسپاردرا كە ئەم ناوە بپشكنێ و روونی بكاتەوە كە ئایا ئەم ماددانە لە توانایاندایە شلەمەنی رووناككەرەوەیان لێ بەرهەم بهێنرێ؟ بێنجامین پشكنینی ئەنجامدا، بەڵام رازی نەبوو ئەنجامەكانی بڵاوبكاتەوە، تاوەكو بەلایەنی كەم ١٠٠$ پێشەكی نەدرێتێ.

ئەو پارەی كە سیلیمان بەڵینی پێدرابوو لە ساڵی 1991 بە 5000$ دەخەمڵێندرا، كە بەهاكەی زۆر زیاتر بوو لە بەهای زێڕ. بە كوڵاندنی بەردی نەوتی، دەتوانرێ بۆ چەند بەشێك جیا بكرێتەوە، یەكێك لەو بەشانە ناوی كیرۆسینە (kerosene) یاخود نەوتی سپی، دەكرێت بۆ رووناككردنەوە بەكار بهێنرێت. ئەوەی سیلیمان دۆزییەوە كرداری جیاكەرەوەیە (distillation) كە ئێستا بەكاردێ بۆ جیاكردنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی بەرهەمەكانی نەوت، وەك جۆرەكانی گازۆلین، كانزا نەوتییەكان و بەرهەمە نەوتیەكانی تر.

پرسیاری دواتر ئەوە بوو ئایا بەردی نەوتی دەتوانرێ بڕێكی باشی لە سەرچاوەكانیدا لێ كۆبكرێتەوە؟ ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە كۆمپانیاكان بە شێوازی نوێ بگەڕێن بەدوای نەوتدا، سەرئەنجام ئەو پشكنینانەی كۆمپانیاكان بۆ دۆزینەوەی سامان و دەرهێنانی نەوت لە زەویدا ئەنجامیان دەدا، بووە هۆی بەرەوپێشچوونی پیشەسازیی نەوت. بەڵام لە سەرەتادا هەڵكۆڵینی زەوی بە شێوازێكی زۆر سادە بووە. یێڕگن دەڵێت: «بە سوودوەگرتن لە تەكنیكی دەرهێنانی خوێ»، كە هەزار ساڵ پێش ئێستا لە چین داهێنرابوو. هەمان تەكنیكیان بۆ دەرهێنانی نەوت بەكارهێنا.

2

قۆرخكردنی زانیارییەكانی دۆزینەوەی نەوت لە ئەمریكا دەستی پێكردووە

(سوپڕایز) نییە كە قۆرخكردنی زانیارییەكانیی نەوت لە سەرەتای دیتنەوەی نەوتدا لە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەستی پێ كردووە، واتا دوای كۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆ كە بە پاڵپشتی خاوەنكار و رۆشنبیرەكانی تا دەهات بە شێوەیەكی زۆر خێرا دەبووە هێزێكی گەورەی پیشەسازی. بەشی دووەم لە چۆنیەتی دەستبەسەردا گرتنی نەوت لە هەموو جیهان لەلایەن جۆن دی رۆكەفێلەر دەكۆڵێتەوە. رۆكەفیلەر هاوبەش بوو لەگەڵ كلیڤلاند، پاڵاوگەی نەوتی ئۆهایۆی بە هاوبەشی لەگەڵ ماوریس كڵاڕك هەبوو، دوای چەندین كۆبوونەوە رێك نەكەوتن و رۆكەفێلەر و كڵارك هەردوولا بڕیاریان دا كە جیاببنەوە و مەزادێك رێكبخەن لە نێوان خۆیان بۆ پڕۆژە و كارە بازرگانییەكانیان، مەزادەكە لە ٥٠٠$ دەستپێكرد و زۆر خێرا بەرزبۆوە. ماوریس كلاڕك گەیاندیە 72000$. رۆكەفێلەر گەیاندی بە 72500$.

دوای ماوەیەكی كورت، رۆكەفێلەر دەستی كرد بە گەورەكردنی پاڵاوگەكەی بە خێراییەكی زۆر، بەڵام پیشەسازیی نەوت كێشەی خۆی هەبوو، لەوانە: زۆربوونی بیرلێدان لەلایەن خەڵكەوە بە مەبەستی دەوڵەمەند بوون. ئەم كەوانەی خواستن و خستنەڕوو (supply and demand curve) كە لە ئابووریدا خوێندوومە لە قۆناغی ناوەندی، لە جیاتی ئەم كەوانەیە، بیر بكەوە بۆ خستنەڕوو (supply) كە زۆر ئاڵۆزە، یان وێنەیەكی جێگیرنەكراوی دڵ لە ئامێری خوێندنەوەی ترپەEKG.

بۆ رزگاركردنی پیشەسازیی نەوت لەم كێشەیە بە شێوەیەكی بنەڕتی رۆكەفێلەر بەرپرس بوو لە گۆریینی ئەم ماددەیە بۆ زێڕی رەش، بە تێكەڵكردنی بەرهەمهێنان (ئەپستریم) و بەبازاڕكردن و دابەشكردن (داونستریم) بازرگانیی نەوتی قۆرخكرد، رۆكەفێلەر پیشەسازی نەوتی جێگیركرد و ئەو توانایەی پێ بەخشی كە بە شێوازێكی جێگیرانە نەوت بەرهەم بهێنرێت.

3

پیشەسازیی نەوت بیرۆكەی كردنەوەی رێڕەوێكی لە كەنداوی سویس هێنایەئاراوە

جیهان لە شەواندا پێویستییەكی بەرچاوی بە رووناككەرەوە هەبوو. سەرچاوەكانی پێش بەردی نەوتی جۆرێكی باش نەبوون بۆ مەبەستی رووناككردنەوە، سووتەمەنییەكانی دیكەش لەوانە ئەو غازەی لە گوندەكان بەكاردەهات، گران بوون و مەترسیی تەقینەوەشیان هەبوو. بەڵام نەوت لە توانایدا بوو كە رووناكییەكی باش ببەخشێ. ئەگەرچی فرۆشتنی بە شێوەیەكی جێگیر و قازانجبەخش هەندێك كاری زیاتری پێویست بوو.

كاتێ رۆكەفێلەر هەوڵیدەدا كە ئیمپڕاتۆریەتە نەوتییەكەی دروست بكات. پێشبڕكێ هەبوو لەنێوان دوو كۆمپانیای دیدا، كە لە رووسیا سەریان هەڵدابوو. رۆسچیلدی جوولەكەكان و نۆبل برایان، (یەكێك لەو برایانە ئەو كەسەیە كە دینامیتی داهێنا) رۆسچێڵدەكان ماركس ساموێڵیان ناسی لە لەندەن بە هۆیی فرێد لەی كەوا كاری دانوستاندن بوو لە نێوان خاوەن كەشتی و خاوەن بارەكان. ماركس ساموێڵ زنجیرەیەكی كەشتی باركردنی بۆ رۆسچیلد دروست كرد كە هەوڵی ستاندارد ئۆیلی بۆ دەستبەسەرداگرتنی نەوتی جیهانی پووچەڵ دەكردەوە.

ماركس ساموێل بۆ فرۆشتنی نەوتی سپی دەستی كرد بە دروستكردنی تانكیی نوێ بۆ رەوانەكردنی لە نۆكەندی سوێسەوە بۆ ئاسیا، هەروەها دانوستاندنی كرد بۆ كردنەوەی رێڕەوەك لە نۆكەندی سوێسەوە هەرچەندە چەندین هەوڵی ناڕاستەوخۆ درا لەلایەن ستاندارد ئۆیل بۆ رەتكردنەوەی، بەڵام ئەوان پارەیان دا بە كۆمپانیای بەرپرسیار بۆ ئەوەی بڕیارەكانیان لەسەر بابەتەكە بە قازانجی خۆیان تەواو بێ، شێوازێكیان بەكارهێنا كە باوە لەلایەن ئەمریكییەكانەوە.

لە خوارەوە كورتەیەك لە رو،داوەكانی نێوان ستاندارد و رۆسچیلد باسكراوە:

كودەتاكەی ساموێڵ سەركەوت و تۆماركرا لە مێژووی كاریدا. لە كۆتاییەكانی ساڵی ١٨٩٣، ساموێڵ زیاتر لە ١٠ كەشتی ناردبوو بۆ نۆكەندی سوێس. لە كۆتایی ١٨٩٥، لەو شەست و نۆ كەشتییە بارهەڵگرەی لە نۆكەندی سوێس تێپەڕ ببوون، تەنیا چواریان نەبێ ساموێڵ خاوەنداریەتی نەدەكرد. لە ١٩٠٢، هەموو ئەو نەوتانەی بە نۆكەندی سوێسدا رۆیشتن، لە سەدا نەوەت هی ساموێل و تیمەكەی بوون. دەبێت تێبینی ئەوەش بكرێت كە ساموێل هەموو كەشتییە بارهەڵگرەكانی لەدوای جۆرەكانی سەدەفی دەریا ناو ناوە.

4

ئۆتۆموبیل داهێنانێكی دیكەی پیشەسازیی نەوتە

لەم بەشەدا، باس لەو گۆڕانە گەورەیە دەكرێت كە لە بەرهەمهێنانی نەوت و بەكارهێنانیدا روویانداوە. یێرگن باس لە داهێنانە بەناوبانگەكەی (گڵۆپ)ی تۆماس ئەدیسۆن دەكات. كە توانی بە سەركەوتوویی ئامرازێكی كارەبایی دابهێنێ كە رووناكی دەبەخشییەوە لە ساڵی ١٨٧٩، لە ١٨٨٥، ٢٥٠،٠٠٠ گڵۆپ لە سەرتاسەری جیهان هەبوو، لە ١٩٠٢ گەیشتە ١٨ ملیۆن گڵۆپ، ئەو وەبەرهێنە مەزنەی ستانداردئۆیل لە دەرهێنان و پیشەسازی نەوتدا كە پارەیەكی زۆری لێ سەرف كرابوو، بە شێوەیەك كە ئەم پارە زۆرەش نەیدەهێشت پێشبڕكێ بكات لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی دیكەی دەرەوەی ئەمریكا، دواتر لە كاتێكی ناوازەدا بەرهەمێكی تری نەوت (گازۆلین) پەرەی بە بواری پیشەسازی نەوت دا، لێرەدا كورتەیەكی باس دەكەین:

لە سەروبەندی ئەگەری كۆتاییهاتنی ستاندارد ئۆیل، ئاسۆیەكیتر بەڕوویدا كرایەوە. عەرەبانەیەك كەوتە بازاڕ پێویستی نەبوو ئەسپ رایكێشێ، پێی دەگوترا ئۆتۆمبیل. كە بە مەكینەیەكی ناوخۆیی كاری دەكرد، كە بە تەقینەوەی گازۆلین لەناو كەناڵە بچووكەكانی دەبووە هۆی جوڵەی ئۆتۆمبیلەكە. دەنگێكی گەورەشی هەبوو، نەشدەكرا بۆ گواستنەوە پشتی پێ ببەسترێ. بەڵام مەكینەی ئۆتۆمبیل كە بە كرداری سووتان كاری دەكرد، پەرەی پێ درا و ئۆتۆمبیل ناوبانگی دەركرد. دوایی پێشبركێی خێرایی پاریس-بۆردوكس-پاریس، كە خێراییەكی ناوازەی هەبوو، ١٥میلی لە كاتژمێرێكدا دەبڕی. ساڵی دواتر یەكەم پێشبڕكێی تراكتۆر لە نیمچە دورگەی ناراگانسێت رۆد ئەنجام درا.

سەرباری نەمانی بازاڕی فرۆشتنی نەوتی سپی، كۆمپانیا گەورەكانی ئەمریكا لەبواری نەوت لەسەر كارەكەیان بەرداوام بوون و رێگەیەكی تریان بۆ بازاڕكردن دۆزییەوە. هێنری فۆرد بەڕێوەبەری ئەندازیارەكان بوو، دەستی لە كار كێشایەوە و دەستیكرد بە دروستكردن و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل.

5

قۆناخی ململانێی كۆمپانیا گەورەكانی نەوت

ئاشكرا بوو ستاندارد ئۆیل لە سەرەتاكانی سەدەی بیستدا لە دۆڕاندابوو. هەروەها خەڵكی ئەمریكا بە گیانێكی بازرگانی ئازاد، دژی قۆرخكاری رۆكەفێلەر هەستانەوە و داوای كۆتاییهێنانی زەبەلاحە گەورەكەیان كرد. بە هۆی چەندین دادگایی پەیوەست بە بازرگانیی نەوت و وەبەرهێنان و قۆرخكاریكردن كە لەلایەن ستانداردەوە ئەنجام درابوو، لێك هەڵوەشاندنەوەی كۆمپانیاكە زۆر روون بوو، رۆكەفێلەر جێگیربوونی ئابووری دەبینی، خەڵكی نابەرابەریان دەبینی لە پێشبڕكێ بازرگانییەكاندا. لەو كاتەدا كە ستاندارد ئۆیل قازانجیێكی زۆری دەكرد، خەڵكی ئەمریكا بەرامبەری هەستانەوە، سەڕەڕای ئەوەی ستاندارد ئۆیل بەرهەمەكانی خۆی بە نرخی كەمتر لە ركابەرەكانی پێیانی دەفرۆشتەوە.

سەرباری ئەو هەموو هەوڵانە بۆ لێكهەڵوەشانەوەی ستاندەرد ئۆیل، كۆمپانیاكە توانی وەك خۆی بمێنێتەوە و كۆمپانیایەكی نوێ بە نازناوی «ستاندارد ئۆیلی نیو جێرسی»دروست بكات، بەڵام كەسێك یارییەكەی لە ستاندارد ئۆیل تێك دا. خاتوو تاربێل، كە بە «سووتێنەری بەرمیلەكان» بەناوبانگە، رۆژنامەنووسێكی ئاواتەخواز و بە پەرۆش بوو. لەسەر گەندەڵیی سیاسی و بازرگانی دەینووسی، باری دارایی و داهاتە نایاساییەكان و چۆنیەتی قۆرخكردنی هەلە بازرگانییەكانی كۆمپانیای رۆكەفێلەری ئاشكرا كرد. ئیمپراتۆریەتە مەزنەكەی رۆكەفێلەر كە لە هەموو جیهان كار و پڕۆژەی هەبوو، نەیدەتوانی خۆی لەو تۆمەتانە بدزێتەوە. سەرئەنجام لە ساڵی١٩١١ ئێدوارد وایتبڕیاریدای سەرۆك دادگا بڕیاری دا بە كۆتاییهێنان و توانەوەی كۆمپانیاكە.

لە كۆتاییدا، كەمێ شت گۆڕا لە پێكهاتەی كۆمپانیاكە؛ بەشی جیاواز هەبوون، كە بوون بە كۆمپانیای سەربەخۆ. بۆ نمونە: ستاندارد ئۆیلی نیوجێرسی ناوی لێنرا ئێگزۆن، كە كۆمپانیایەكی بازرگانیی ناسراوە لە جیهان. ئەوانی دیكەش ناویان گۆڕدرا و چەندین نازناوی كەیان لێنرا كە لە ئیستادا لە هەموو جیهان بەناوبانگن، وەك: مۆبیل، شێفڕۆن، بی پی، ئامۆكۆ، ئاڕكۆ و سەنكۆ.

6

گەران بەدوای دۆزینەوەی سەرچاوەی زیاتری نەوتدا

پڕۆژەی گواستنەوەی نەوتی تایبەت بە ماركس ساموێل كە دواتر بە كۆمپانیای بازرگانی و گواستنەوەی «شێڵ» ناونرا، زۆر ناڕێك بوو، لە شێوەی كەسایەتی دامەزرێنەرەكەی بوو. ماركس زۆر بێباك بوو، هەروەها رێگای هەڕەمەكی و خۆپێدادانی زۆر پێ رێگایەكی باش بوو. لە پەرتووكی «دەستكەوت»دا بەراورد دەكرێت لە نێوان ئەم دوو دژ بەیەكە، لە رووی كەسەیاتییەوە، شێوازی كاركردن، كۆكردنەوەی داهات، رێكخستن، هەروەها بەراوردی دەكا لەگەڵ زیرەكی و لێهاتوویی رۆكەفێلەر. هەرچەندە ماركس رێككەوتنی هەبوو لەگەڵ رۆسچیلد، بەڵام رێككەوتنەكە لە ١٩٠٠ كۆتایی پێهات، بۆیە ساموێل دەستیكرد بە گەڕان بەدوای نەوتدا بۆ ئەوەی گەرەنتیی بازرگانییەكەی مسۆگەر بكا.

رووسیا تائێستاش شوێنێكی جێگر نەبووە، بۆ نموونە لەگەڵ بەرپابوونی شۆڕشی لینین، شۆڕشگێڕەكان بارەگا سەرەكییەكانیان لە نزیك بەرهەمهێنەرە نەوتییەكان دادەنا، كە زۆربەیان لە نزیك كێلگە نەوتییەكانی باكۆ بوون. لەگەڵ ئەوەی كە بازرگانییەكە زۆر گەورە ببوو، كە توانای دەبەخشی بە رۆیال دەتچ/ شێڵ كە شان لەشانی ستاندارد ئۆیل بدا، هەروەها توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە رووسیا، خزمەتێكی باشی دەكردن بۆ راستكردنەوەی تەرازووی دژ بە ستاندارد ئۆیل. شۆڕشە لە ناكاوەكەی ساڵی ١٩٠٥، جیهانی بەرەو پێشبردن و ئاوەدانكردنەوەی باكۆ هاندا، وەك شوێنێكی جێگیركراو بۆ بازاڕی نەوت بۆ ماوەی بیست ساڵ، كە وەك سەرچاوەیەكی گرینگی نەوت دەماوە.

7

دۆزینەوەی نەوت ئێرانی گۆڕی بۆ دەوڵەتێكی بەهێز

ئێران بەدوای كەسانێكدا دەگەڕا بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە بواری نەوتدا بكەن، هەندێك كەسیان نارد بۆ پاریس بۆ ئەوەی كەسێك ببینەوە كە رازی ببێ و بێتەپێش بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئەنتۆنی كیتابگی. دەرئەنجامی ئەو هەوڵانەی ژەنەڕاڵ كیتابگی بوو، كە بووە هۆی بازرگانییەكی گەورەی فرۆشتنی نەوت لە مێژوودا. لەگەڵ ئەوەی كە بە چەندین مەترسیدا تێپەڕی، بەڵام ئەم رێككەوتنە دەستپێكی چاخێكی گەورەی نەوتە لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا. ئێران لە ١٩٣٥ ـەوە بەرەوژوور دەبێتە وڵاتێكی زۆر بەهێز لە جیهاندا كە لە زەمانی كۆندا و ئیمپڕاتۆڕیەتی پارسیانەوە ئاوا بەهێز نەبووە.

ئەو وەبەرهێنەرەی كە كیتابی دیتیەوە، ویلیام نۆكس دئارسی بوو. ئەو كەسێك بوو كە هەمیشە بەداوی وەبەرهێناندا دەگەڕا. بەهۆی كانە زێڕینەكانی كە لە ئوسترالیا سەرچاوەی گرتبوو دەوڵەمەند ببوو. دوای چەندین دانوستان و یاریی سیاسیی بەریتانیا و رووسیا، دئاڕسی رێككەوتنەكەی لەگەڵ شا موزەفەری ئێران واژۆ كرد كە تیایدا ٢٠،٠٠٠ پاوند بە كاش، ٢٠،٠٠٠ بەش، و ١٦ لە سەدای قازانجی بەردەكەوت، دئاڕسی رێككەوتننامەیەكی بەدەست كەوت كە ٧٥ لە سەدای بۆ خۆی بوو، كە ماوەی شەست ساڵی خایاند.

دئاڕسی چەندین ساڵی بەسەربرد بە لێدانی بیر لە ئێران بۆ دیتنەوەی نەوت، بەڵام وای لێهات كە ئەو پارەیەی هەیبوو بەرەو نەمان دەڕۆیشت. بۆیە داوای قەرزیكرد لە حكومەتی بەریتانیا. ئەو تەنیا یەك بۆ دوو بیری دیتەوە كە نەوتێكی كەمیان بەرهەم دەهێنا. بەڵام لە بەر هۆكاری جیۆپۆلیتیكی (بەریتانیا دەیویست بیسەلمێنێ هێشتا رێككەوتنە بە بەهاكەی لەژێر چنگی خۆیەتی). دئاڕسی چەند ئاگادارییەكی سووكی پێگەیشت لە لایەن بەریتانیاوە، لەگەڵ ئەوەی كە رێككەوتنیش كرا لەگەڵ كۆمپانیای سكۆتیش بوڕما ئۆیل بۆ چڕكردنەوەی كارەكانیان و دیتنەوەی نەوت، لە كۆتاییدا حەوت ساڵی پێچوو تا نەوتیان دۆزییەوە.

8

نەوت رۆڵێكی بەرچاوی لە یەكلاكردنەوەی شەڕەكاندا گێڕاوە

جەنگی یەكەمی جیهان، جەنگێكی پێشكەوتوو و پێگەیشتوو بوو لە رووی میكانیكی و داهێنانە میكانیكییەكانەوە، وەك تانك و فڕۆكە كە یەكەم جار بوو دەبینرا. لە دەستپێكی ململانێكان، نەوت رۆڵێكی بەرچاوی هەبوو لە شەڕە دەریاییەكان، ستافی ژەنەڕاڵە ئەڵمانییەكان، بە هەبوونی نەخشەپلانێكی تۆكمە، پێیانوابوو كە هەڵمەتی گرتنی رۆژئاوا زۆر خێرا و تەواوكەر دەبێت. لە دەستپێكی دوژمنكارییەكان، سوپای ئەڵمانیا بە پێی نەخشەپلانەكە پاڵەپەستۆیەكی زۆریان خستەسەر فەڕەنسا، لە سەرەتای سێپتەمبەری ١٩١٤، بەشی راستی سوپای ئەڵمانیا تەنیا ٤٠كم لە پاریس دوور بوون.

سوپای ئەڵمانیا زۆر بە خێرایی بەرەو پاریس دەڕۆیشت. گرووپێكی بچووكی فەڕەنسی توانی ئەوان رابگرێت. هیچ رێگایەك نەبوو بۆ ئەوەی هێڵی ئاسنین بەكار بینن. بە پێ رۆیشتن كاتێكی زۆری دەویست. ژەنەڕاڵ جۆزڤ گالیێنی رێگایەكی بۆ گواستنەوەی بە كۆمەڵی ٣٠٠٠ سەرباز بە تاكسییەكانی پاریس بۆ بەرەكانی پێشەوە دانا. هێزی پشتیوانی توانای بە فەڕەنسییەكان بەخشی كە بتوانن ئەڵمانەكان را بگرن.

لە كۆتاییدا، نەخشەپلانەكانی چەرچل بۆ هێزی شانشینی دەریایی زۆر بە باشی كاری كرد، بەوەی كە توانی كەشتییەكانی ئەڵمانەكان كە بە خەڵو،ز كاریان دەكرد، لە زۆربەی شەڕەكاندا تێكبشكێنێ.

9

ململانێی زلهێزەكان لەسەر نەوتی رۆژهەڵات

پێش جەنگی یەكەمی جیهان، زلهێزەكانی ئەوروپا (فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بەڕیتانیا) ململانێیان دەكرد لەسەر كێڵگە نەوتییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە ناوچەی میزۆپۆتامیا، دەستپێكی ململانێیەكە لە لایەن هاوبیرە ئەڵمانییەكان دەستیپێكرد كە یەكیان گرتبوو، دژ بە ویلیام كنۆكس د ئاڕسی كۆمپانیای نەوتی ئەنگلۆ- پێرژن (كە قازانجێكی زۆری هەبوو بۆ بەڕیتانیا) بەڵام یاریكەری سێیەم، كە ناسرابوو بە كۆمپانیای نەوتی توركی پلانەكانیانی تێكدا، بۆ دژایەتیكردنی كالۆست گولبێنكاین، چونكە كاریگەرییەكی زۆری هەبوو لەم ناوچەدا، كە لەسەدا ١٥ی پشكەكانی كۆمپانیای نەوتی توركی هەبوو، هەروەها یێرگن نازناوی «كاكی پێنج لە سەدا» لێنرابوو.

گولبێنكن ئەو پێنج لە سەدا پشكەی كە هەیبوو بۆ فشاركردن بەكارهێنا لەكاتی دانوستاندن بۆ كڕینی پشكەكانی. توانی رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیای نەوتی توركی دوابخات، تاوەكو دۆزینەوەی نەوت لە عێراق كە جۆش و خرۆشێكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.

كۆڵۆست هەر لەو هاوینەدا بەلەمێكی بەكرێ گرتبوو لە ناو دەریای ناوەڕاستدا، بە مەبەستی گەشتكردن لەگەڵ ریتای كچی لە كەناراوەكانی وڵاتی مەغریب، چاوی بە جۆرە كەشتییەك كەوت كە تا ئەو كاتە نەیدیبوو، دووكەڵكێشێكی زۆر گەورە و زەبەلاحی هەبوو، لەگەڵ لاشەی گەورەی كەشتییەكە كە زۆر سەیر بوو بە لایەوە. پرسیاری كرد: ئەوە چی بوو؟ ریتا وەڵامی دایەوە: ئەوە كەشتیی بارهەڵگری نەوتە و ئەو یەك لە گەورەترین مامەڵە بازرگانییەكانی نەوتی لە سەدەدا ئەنجام دابوو.



وەگێران و ئامادەكردنی. لاوین حەوێزی

Top