وەرزی دروێنەی دەستكەوتەكانی ریفراندۆم دەست پێ دەكات

وەرزی دروێنەی دەستكەوتەكانی ریفراندۆم دەست پێ دەكات
كاتێك رژێمی سەدام حوسێن لە 2ی ئابی 1990 كوێتی داگیركرد، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە درێژای شەش مانگ داوایان لە سەدام حوسێن كرد، بۆ ئەوەی شەڕ و شۆڕی زیاتر روونەدات، باشترە بە شێوەیەكی ئاشتییانە لە كوێت بكشێتەوە، بەڵام سەدام حوسێن بە جۆرێك پشتگیریی نێودەوڵەتی لەشەڕی عێراق- ئێران غرووری كردبوو، دەیویست بە جیهان بڵێت من ئەو سەدام حوسێنەم ئێرانم ناچاركرد، شەڕ رابگرێت، ئێستا ئێوە دەتانەوێت هەروا بە ئاسانی لە كوێت بكشێمەوە؟ ئەم عینادی و لە خۆباییبوونەی سەدام حوسێن، نەك هەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەیاندە ئەو قەناعەتەی كە چیدیكە عێراقی ژێر دەسەڵاتی سەدام حوسێن بە كەڵكی ئەوە نەماوە وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بەڵكو بۆ یەكەمین جار لەدوای شەڕی دووەمی جیهانییەوە، یەكێتیی سۆڤیەتی پێشان و ئەمریكای لە هاوپەیمانییەكی نێودەوەڵەتی بۆ دەركردنی عێراق لە كوێت كۆكردەوە.

ئێستا حەیدەر عەبادی-یش تووشی هەمان غرووری و لوتبەرزیی سەدام حوسێن بووە و لە گوتارەكانیشدا ئەوەی نەشاردۆتەوە، وەك چۆن سەدام حوسێن خۆی لێ ببووە پاڵەوانی شەڕی عێراق دژی ئێران و حیسابی بۆ هاوپەیمانی ئەمریكا و دەوڵەتانی عەرەبی نەدەكرد، ئەویش بەهەمان شێوە بەتەنیا خۆی لێ بۆتە پاڵەوانی شەڕی دژی داعش و دەیەوێت درێژە بە داگیركردنی كوردستان بدات و بەهیچ شێوەیەك مل بۆ گوشارە نێودەوڵەتییەكان نادات و چۆن سەدام یاری بە هەست و نەست و كەرامەتی كوێتییەكان دەكرد، بەهەمان شێوە حەیدەر عەبادییش هەڵیداوە یاری بە هەست و نەست و كەرامەتی خەڵكی كوردستان بكات.

ئەگەر ئەم بەراوردكردنەی عەبادی بە سەدام حوسێن بكەینە بنەما بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كشانەوەی هێزەكانی عەبادی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، ئاوا نابێ پشوومان تەنگ بێت و پێدەچێت سەبری سەرۆك بارزانی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش دوو تا سێ مانگێكی دیكەی بوێت، هەتا هەموو دەگەنە ئەو قەناعەتەی كە بڕیاری ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان بڕیارێكی دروست بووەو ئەو عێراقەی كەسێكی وەك حەیدەر عەبادی بیەوێت حوكمڕانیی بكات، نەك هەر شایەنی ئەوە نییە كوردستان بەشێك بێت لێی، بەڵكو شایەنی ئەوەش نییە كە وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی و ئەندامی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، لەمەش زیاتر لەوانەیە جارێكی دیكە مێژوو خۆی دووبارە بكاتەوەو ئەمجارەیان كوردستان لە بری كوێت، جارێكی دیكە رووسیا و ئەمریكا پێكەوە لەیەك هاوپەیمانی كۆبكاتەوە و كۆتایی بە داگیركاریی عێراق بۆ كوردستان بهێنرێت.
دوای داگیركردنی كوێت لەلایەن هێزەكانی سەدام حوسێنەوە، شێخ جابر ئەحمەد سەباح ئەمیری دەوڵەتی كوێت بێدەنگیی هەڵبژارد، كۆدی بێدەنگی شێخ جابر پەیامێك بوو بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەوەی ئەگەر ئەمە لەسەدام حوسێن قبووڵ بكرێت، ئایا چارەنووسی كۆی سیستمی جیهانی بەرەو كوێ دەچێت؟ هەروەها كۆدی بێدەنگییەكەی پەیامێكی دیكەی بۆ كوێتییەكان تێدابوو، كە ئەو بە كەمتر بە گێڕانەوەی سەربەخۆیی بۆ كوێت و گەرەنتی سەلامەتی كوێت بە هیچی دیكە رازی نابێت، بۆیە كاتێك كوێت ئازادكرایەوە، كۆدی بێدەنگییەكەی شێخ جابر-یش كرایەوە.



لەدوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەریشەوە، دیسان سەرۆك بارزانی وەك سەرۆكێك كە وڵاتەكەی داگیركراوە، بێدەنگی هەڵبژاردووە، بەڵام كۆدی بێدەنگییەكەی سەرۆك بارزانی پەیامێك ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی هاوپەیمانیی دژی داعش دەكات و لێیان دەپرسێت: ئەگەر ئەمە لە حەیدەر عەبادی قبووڵ بكرێت، ئایا دەستكەوتەكانی شەڕی دژی داعش و ئایندەی سیستمی جیهانی چی بەسەر دێت؟ لە هەمانكاتدا كۆدی بێدەنگییەكەی بۆ خەڵكی كوردستانیش پەیامێكی دیكەیە، بەو مانایەی جارێكی دیكە گەلی كوردستان بە كەمتر لە سەربەخۆیی رازی نابێت و دەبێت بە ئاشتی بێت، یان بە شەڕ، هێزەكانی حەیدەر عەبادی لەناوچە داگیركراوەكانی كوردستان بكشێنەوە.
جیمس بیكەر كە وەزیری دەرەوەی سەردەمی ئیدارەی جۆرج بوشی باوك بووە، لەسەر داوای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بۆ ئەوەی شەڕی یەكەمی كەنداو روونەدات، لەگەڵ تاریق عەزیز (وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی رژێمی سەدام حوسێن) كۆبۆەوە، كاتێك لەو كۆبوونەوەیە جیمیس بیكەر بە تاریق عەزیزی وت: باشترە لە كوێت بكشێنەوە، ئەگینا ئەم ئەم شەڕەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی سوپای عێراق بەرپای دەكات، عێراق دەگێڕێتەوە بۆ چەرخی كشتوكاڵ، بەڵام تاریق عەزیز لەسەر نەزمی هەمان غروور و لوتبەرزیی سەدام حوسێن بە پێكەنینەوە بە جیمس بیكەری راگەیاند، لە گۆڕەپانی شەڕ وەڵامتان دەدەینەوە. لەدوای 16ی ئۆكتۆبەریشەوە بەشێكی زۆر لە سەرۆك و سەرۆك وەزیران و وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی دەوڵەتانی هاوپەیمان، پەیامی لەم شێوەیەیان بە حەیدەر عەبادی راگەیاندووە، بەڵام عەبادی هەروەك تاریق عەزیز وەڵامی داونەتەوە، ئەوجا چۆن وەڵامەكانی سەدام و تاریق عەزیز بوونە هۆكاری ئەوەی كە عێراق بە شێوەیەك كاول بێت، كە هەستانەوەی ئاسان نەبێت، ئەم رەفتار و سیاسەتانەی عەبادییش هەر بەرەو ئەوە دەچێت، وڵاتەكە كاول بێت و خۆری دەسەڵاتی شیعە لە عێراقدا ئاوا بێت .


بێگومان چۆن لە ئابی 1990 هەتا شەوی 17ی كانوونی دووەمی 1991، هەموو خەڵكی كوێت و جیهان چاوەڕێی ئەوە بوون گوێیان لە وەڵامی سەدام حوسێن بێت، بۆ ئەوەی بزانن چۆن رێز لە پاكتی نەتەوە یەكگرتووەكان و بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش دەگرێت، ئێستاش بەهەمان شێوە هەموو خەڵكی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش چاوەڕێی ئەوەن، گوێیان لێ بێت و ببینن، چۆن حەیدەر عەبادی رێز لە دەستووری عێراق و داوكارییەكانی ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەی و هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژی داعش دەگرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە چۆن لە نێوان كوێت و عێراقی سەدام حوسێن، دیالۆگ بریتی بووە لەوەی سەدام حوسێن پیشانی بدات چۆن رێز لە پاكتی نەتەوە یەكگرتووەكان و بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش دەگرێت، ئێستاش بە هەمان شێوە دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا بریتییە لەوەی عەبادی پیشانی بدات، چۆن رێز لە دەستوور و بڕیارەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەگرێت، ئەوجا ئەگەر عەبادییش هەمان رێگەی سەدامی تاقیكردەوە و رێزی لە دەستوور نەگرت و وەڵامی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەدایەوە، ئەوا ئیدی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچار دەبێت، گوێ لە دەنگی خەڵكی كوردستان بگرێت، خەڵكی كوردستانیش لە 25ی ئەیلوولی 2017 بە جیهانی راگەیاندووە كە بە رێژەی 93% سەربەخۆیی دەوێت.


كاتێك ئەو پرسیارە لە مێژوو دەكرێت و دەپرسین، بۆ سەدام حوسێن لە كوێت نەكشایەوە؟ ئایا نەیدەزانی لە ئاكامی عینادی ئاوای بەسەر دێت؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارە مێژوو پێمان دەڵێت، سەدام حوسێن باش دەیزانی لە كوێت بكشێتەوە، یان نە، چیدیكە نە عێراق وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی و ئەندامی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، نە خۆیشی وەك سەرۆكی دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، بۆیە موجازەفەی كردو رێگەی دووەمی هەڵبژارد، لەم راستەوە پێدەچێت هەمان هەستی نائومێدی ناخی عەبادییشی گرتبێتەوە و گەیشتبێتە ئەو قەناعەتەی، ئەگەر دەستوور جێبەجێ بكات و هێزەكانی لە ناوچە داگیركراوەكانی كوردستان بكشێنێتەوە، یان نە، ئەو جارێكی دیكە هەر سەرۆك وەزیرانی عێراق نابێت و كوردستانیش بەشێك نابێت لەو عێراقە دیكتاتۆرەی كە ئەو خەونی پێوە دەبینێت و دەیەوێت بە داگیركردنی كوردستان هەڵبژاردنی دووەم بباتەوە، بۆیە لەوە دەچێت عەبادییش وەك سەدام حوسێن موجازەفە بكات و رێگەی دووەم تاقی بكاتەوە، بەڵام چۆن داگیركردنی كوێت وەك تەحەددایەك بۆ پاكتی نەتەوە یەكگرتووەكان و شكۆی سیستمی جیهانی خوێندرایەوە و قبووڵ نەكرا و سەدام حوسێن تەمبێ كرا، پێدەچێت لە ئێستا بەدواوە داگیركردنەوەی كوردستان وەك سووتاندنی دەستووری عێراق و بێ ماناكردنی دەستكەوتەكانی شەڕی دژی داعش سەیر بكرێت و بوار بەحەیدەر عەبادی نەدرێت و ئەویش تەمبێ بكرێت. بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا چۆن رێگە نەدرا كوێت ببێتە پارێزگای 19 هەمی عێراق، ئەوا جارێكی دیكە بوار بە حەیدەر عەبادی نادرێت هەرێمی كوردستان وەك پارێزگاكانی باكووری عێراق ناوزەد بكات، ئەمەش سەرەتای وەرزی دروێنەی دەسكەوتەكانی ریفراندۆمە كە پێدەچێت بەهاری سروشتی كوردستان بگۆڕێت بۆ بەهاری سیاسی و سەربەخۆیی یەكجارەكی كوردستان.
Top