ماكگۆرگ ویستی بە دژایەتی ریفراندۆم شكستی ئیدارەی ئۆباما بشارێتەوە، بەڵام عێراقێكی فاشیل لە جانتاكەی كەوتە خوارەوە
February 14, 2018
راپۆرتەکان
ئەوجا بۆ ئەوەی باشتر لە شكستی ئەمجارەی دیموكراتییەكان تێبگەین و بزانین لە چ روویەكەوە لە شكستی ساڵی 1981ی جیمی كارتەر دەچێت، ئەوا دەبێت بەراوردی ئەوە بكەین، جیمی كارتەر لە 1977 چ ئیدارەیەكی لە كۆمارییەكان وەرگرت و لە 1981 چ ئیدارەیەكی تەسلیم كردنەوە، هەروەها باراك ئۆباما لە 2009 چ ئیدارەیەكی وەرگرت و لە 2017 چ ئیدارەیەكی تەسلیم كردەوە.
1- لە 20ی 1ی 1977، كاتێك جیراڵد فورد ئیدارەی ئەمریكی تەسلیمی جیمی كارتەر كرد، ئەمریكا بەشی هەرە زۆری كێشەكانی خۆی چارەسەر كردبوو و هەنگاوی بۆ (سەركەوتن بەبێ شەڕ)ی بۆ تێكشكاندنی یەكێتیی سۆڤیەت هەڵدەگرت، بەڵام كاتێك جیمی كارتەر لە 20ی 1ی 1981 ئیدارەی ئەمریكی تەسلیمی رۆناڵد ریگان كرد، ئەمریكا كێشەكانی زۆر لە كێشەكانی شەڕی ڤێتنام زیاتر بوو، لەلایەك كۆماری ئیسلامیی ئێران ببووە ئەو هێزەی كە توانیبووی هێرشەكانی رژێمی سەدام حوسێن رابگرێت و خۆی ئامادەكردبوو بۆ ئەوەی هێرشی پێچەوانە دەست پێبكاتەوە، كە نەك هەر خاكە داگیركراوەكەی خۆی ئازاد بكاتەوە، بەڵكو عێراقیش داگیربكات، یەكێتیی سۆڤیەت لە ئەفغانستان خۆی قای مكردبوو و حكومەتێكی كۆمونیستی راگەیاندبوو، شانەكانی حزبوڵای ئیسلامی لە باشووری لوبنان بە تەواوەتی خۆیان رێكخستبوو، بە پشتگیری كۆماری ئیسلامیی ئێران زەمینە بۆ راگەیاندنی حزبوڵای ئیسلامی دروست دەكرا، ئەمەش مانای بێ ئاكام بوونی رێككەوتنی كامپ دیڤید بوو، كە ئەمریكا وەك شانازییەكی گەورە بۆ پرۆسەی ئاشتیی نێوان عەرەب و ئیسرائیل سەیری دەكرد، لەمەش خراپتر هەژموونی سۆڤیەت گەیشتبووە ئاستێك كە دەستتێوەردانی لە سیاسەتی ناوخۆی ئەمریكا دەكردو مانگرتنی سەرتاسەری لەناو كرێكارانی كۆنتڕۆڵی ئاسمانیی ئەمریكا دروست دەكرد.
2- كاتێك جۆرج دەبلیو بوش لە 20ی 1ی 2009 ئیدارەی ئەمریكی تەسلیمی باراك ئۆباما كرد، شەڕی تیرۆریستانی قاعیدە لە عێراق كۆتایی هاتبوو، عەرەبی سوننە لەچوارچێوەی هێزەكانی سەحوە رێكخرابوون و متمانەیان بۆ گەڕابووەوە بۆ ئەوەی بەشداری پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بكەن، ئەمەش وایكرد لە هەڵبژاردنەكانی2010 عەرەبی سوننەی عێراق ببنە لیستی یەكەم و پاڵێوراو بوون بۆ ئەوەی حكومەتی داهاتووی عێراق پێكبهێنن، بەڵام بە گوشاری ئیدارەی ئۆباما، لیستی براوەی یەكەم گۆڕا بۆ هاوپەیمانیی گەورە، بەمەش زەمینەیەك دروست بوو كە نفووزی ئێرانی لە عێراقدا باڵادەست بێت و سیاسەتی حوكمڕانیی دەوڵەتێكی فیدڕاڵی بگۆڕێت بۆ سیاسەتی مەزهەبگەرایی شیعە، پاشانیش ئەم سیاسەتە بووە هۆی سەرهەڵدانی گرووپی تیرۆریستیی داعش كە زۆر لە رێكخراوی تیرۆریستیی قاعیدە ترسناكتر بوون و توانییان خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا رابگەیەنن، بەمەش ئەو عێراقەی ئۆباما لە 20ی 1ی 2017 تەسلیمی ترەمپی كردەوە، عێراقێك بوو، هێشتا خەلافەتی ئیسلامیی داعش نەڕووخابوو، زیاتر لە 30-40% خاكی عێراق كە بریتی بوون لە پارێزگا سوننەنشینەكانی وەك (ئەنبار، تكریت، موسڵ و دیالە) ببوونە وێرانە. هەروەها كاتێك ئۆباما ئیدارەی ئەمریكای وەرگرت، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قورسایی پێگەو نفووزی ئەمریكا بوو، ئێران تا راددەیەكی زۆر ئیحتوا كرابوو، حزبوڵا لە شەڕدا تێك شكێندرابوو، لەسەر ئاستی جیهانیش، هەڕەشەی چەكە نیوكلیارییەكانی كۆریای باكوور سنووردار كرابوو، رووسیا بە قەوارەی راستەقینەی خۆی رەفتاری دەكرد و تەنانەت ئەمریكا چاودێریی هەڵبژاردنەكانی دەكرد، یەكێتی ئەوروپا لەوپەڕی بەهێزیدا بوو، ناتۆ جڵەوی ئاسایشی جیهانی كۆنتڕۆڵ كردبوو، چینیش لە ئاستی شكۆی ئەمریكادا بێدەنگی لە پرسە جیهانییەكاندا هەڵبژاردبوو، بەڵام كاتێك ئۆباما لە 2017 ئیدارەی ئەمریكی تەسلیمی ترەمپ كردەوە، جیا لەوەی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببووە ناوچەیەكی فاشیلی قۆناخی پۆست ئەمریكا و رۆژئاوا، لە هەمانكاتدا رووسیا هێزی گەیشتبووە ئەو ئاستەی كریما لە ئۆكرانیا داگیربكات و بە هاوشێوەی یەكێتیی سۆڤیەتی پێشان گەڕابووەوە بۆ ناوچەكە، بەڵام ئەمجارەیان بۆ سووریا و توانی بارودۆخی سووریا كۆنتڕۆڵ بكات و نەهێڵێت رژێمی بەشار ئەسەد بكەوێت، لەمەش زیاتر وەك دیموكراتەكان خۆیان بانگەشەی بۆ دەكەن، رووسیا وەك یەكێتی سۆڤیەتی پێشان دەستتێوەردانی لە سیاسەتی ناوخۆی ئەمریكا كرد، بەڵام ئەمجارەیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكان، هەروەها توانای نیوكلیاری كۆریای باكوور گەیشتبووە ئەو ئاستەی كە هەڕەشەی داگرتنی دوگمەی نیوكلیاری لە ئەمریكا و جیهان بكات، لە هەموو ئەمانەش خراپتر ئەو سیستمە جیهانییەی كە ئەمریكا وەك (سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی) شانازی پێدەكات و خۆی بە دامەزرێنەری دەزانێت، ئەو سیستمەشی لەبەر یەك هەڵوەشان و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، وەك سیستمێك لەسەر لێواری هەڵدێر پێناسە دەكرێت.
ئەم باكگراوەندە گرنگ بوو بۆ ئەوەی لە ئاستی شكستە گەورەكەی دیموكراتەكانی ئەمریكا تێبگەین كە ئێستا گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی تاچەند خولێكی دیكەش نابنەوە میوانی كۆشكی سپی، بۆیە هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەیە ئەوەی بۆیان رزگار دەكرێت لە سیاسەتی شكستخواردووی هەردوو ئیدارەی ئۆباما، رزگاری بكەن، گرنگترین فاكتەریش كە بەشێكی كەمی سیاسەتی شكستخواردووی دیموكراتیەكانی پێ بشارنەوە، هێشتنەوەی یەكپارچەیی عێراقە بەهەر نرخێك بێت.
برێت ماكگۆرگ كە نوێنەری ئۆباما بوو بۆ شەڕی دژی داعش، لەبەر گرنگیی شەڕی دژی داعش، لە ئیدارەی ترەمپیشدا ئەم پۆستەی لێ وەرنەگیراوە، بۆیە دەیویست سەركەوتنی شەڕی دژی داعش و هێشتنەوەی عێراق بە یەكپارچەیی بكاتە دیارییەك بۆ رای گشتیی ئەمریكا و پێیان بڵێت، ئەوە سیاسەت و ستراتیژیەتی ئیدارەی دیموكراتەكان بوو كە توانی سەرەنجام خەلافەتی ئیسلامی داعش بڕووخێنێت و یەكپارچەیی عێراقیش بپارێزێت. ئەم ئامانجە حزبییەی ماكگۆرگ لەگەڵ خەتی گشتی سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ یەكی دەگرتەوە، بەوەی هەرێمی كوردستان وەك ئەوەی هەیە، وەك خۆی بمێنێتەوە و تێكەڵی عێراق نەكرێتەوە، هەتا بەشە عەرەبییەكەی عێراق رێكدەخرێتەوە، هەروەها لەگەڵ ئامانجی ئێرانیش یەكی دەگرتەوە، لەبەر ئەوەی ئەگەر كوردستان سەربەخۆ ببوایە، ئەوا ئێران لە بەشە عەرەبییەكەی عێراقدا رۆڵی سنووردار دەكرا، هەروەها لەگەڵ ئامانجی توركیاش یەكی دەگرتەوە، كە توركیا بە بیانووی ئەوەی دژی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە، كێشە ناوخۆییەكانی خۆی هەناردەی دەرەوە بكات و پاشانیش زەمینەی بۆ خۆش بێت بۆ ئەوەی پەلاماری رۆژئاوای كوردستان بدات، هەروەك ئەوە ماوەی زیاتر لە 20رۆژە هێرشی بۆ سەر عەفرین دەست پێكردووە.
سەرۆك مسعود بارزانی هەر زوو لە چۆنیەتی چنینی ئەم پیلانە تێگەیشتبوو، هەروەها دەشیزانی ئەم پیلانەی ماكگۆرك چەند زیانی بە كوردستان گەیاندووە، چەند هێندە زیان بە شكۆی ئەمریكا و رۆژئاوا دەگەیەنێت لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە، بۆیە بێدەنگی هەڵبژارد و لەژێر سێبەری ئەم بێدەنگییەشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان سیاسەتی وەڵامدانەوەی ئەرێنی بۆ خواستە نێودەوڵەتییەكان پیشان دایەوە و بە زمانی دیپلۆماتی پێی راگەیاندن، ئەگەر بەرژەوەندیی ئیقلیمی و تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوەدا بێت كە عێراقێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی بپارێزرێت، ئەوا بەرژەوەندیی كورستانیش پارێزراو دەبێت، بەڵام لەماوەی كەمتر لە چوار مانگدا ئەوە بۆ هەموو لایەك ئاشكرا بوو كە لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق بەگشتی و شەخسی د.حەیدەر عەبادی، عێراقێكی دیموكراتی و فیدڕاڵیان ناوێت و ئامانجیانە دیكتاتۆریەتێكی تیوكراتی لە ژێر پەردەی سیستمی ویلایەتی فەقیهی دابمەزرێنن. ئەمەش ئەو زۆنگاوەیە كە هەڵەیەكی ماكگۆرك بۆ ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشی دروستكردووە و، گەیشتوونەتە ئەو ئاكامەی نە شەڕی دژی داعش كۆتایی هاتووە، نە عێراقیش دەبێتە ئەو دەوڵەتە فیدڕاڵییەی كە ئەوان ئاواتی بۆ دەخوازن، دیارە پێشتر چەندین جار بارزانی ئەم راستییانەی بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریكا راگەیاندبوو كە عێراق نە دەبێتە دیموكراتی و نە دەبێتە فیدڕاڵی، بۆیە ناچارین پەنا بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی ببەین، بەڵام ئەوان گوێیان بۆ پەیامەكانی بارزانی نەگرت و خۆیان خستە ناو پیلانەكەی ماكگۆرگ-ـەوە، بۆیە ئێستا بە بێدەنگییەكەی وەڵامیان دەداتەوە، ئەوانیش خەریكە لە كۆدی بێدەنگییەكەی بارزانی تێدەگەن.