حزبی سیاسیی نابەرپرسیار و بەرهەمهێنانی سیاسەتی دژە حوكمڕانی
February 11, 2018
راپۆرتەکان
كێشەی سەرەكیی هەموو سیستمێكی حوكمڕانی لە جیهاندا، كێشەی حزبی سیاسیی نابەرپرسیارە، ئەمەش واتە لە ئاستی شكۆی نەتەوە و دەوڵەتدا خۆی بە بەرپرسیار نازانێت و بێجگە لە دروستكردنی ژینگەیەكی ئاڵۆز بۆ تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگە بیر لە شتێكی دیكە ناكاتەوە، لەسەرانسەری جیهاندا ئەو حزبانەی هەست بەو بەرپرسیاریەتییانە ناكەن، نەك هەر بڕوایان بە سیستمی دیموكراتی نییە، بەڵكو بڕوایان بە هیچ دامەزراوەیەكی دەوڵەتیش نییە، بەڵام هەموویان یاساكان و دامەزراوەكانی دەوڵەت بەكاردەهێنن وەك چەكێك بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییە پۆخڵەكانی خۆیان، هەر بۆ نموونە، بزووتنەوەی گۆڕان كە بە حیساب حكومەتی هەرێمی كوردستان بە شەرعی نازانێت و مەرجی سەرەكی بۆ مانەوەی لە حكومەت ئەوە بوو كە ئەم حكومەتە هەڵبوەشێتەوە و حكومەتی رزگاریی نیشتمانی پێكبهێنرێت، كەچی هەفتەی رابردوو پەرلەمانتارەكانیان بایكۆتی دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستانیان كرد لەسەر ئەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دانیشتنەكەی نەكردووە بە عەفرین و نەیهێشتووە حكومەتی هەرێم پابەند بكەن بەچەند مەرجێكەوە بەرامبەر بە عەفرین، سەیر و سەمەرەی حزبی نابەرپرسیار ئەوەیە قسە و هەڵوێستەكانی یەكناگرنەوە، ئەمە ئێستا بە واقیعی لە كوردستاندا بوونی هەیە.
لایەنێكی دیكە كە حزبی نابەرپرسیار دەیكاتە هەوێنی سیاسەتە پۆخڵەكەی، باسكردنی گەندەڵی و نادادپەروەری و نایەكسانییە، بەڵام پرسیاری سەرەكی لەبەر رۆشنایی ئەزموونە سەركەوتووەكانی حوكمڕانیی هەموو جیهان ئەوەیە، ئایا ئەو وڵاتانە كامانەن كە دیاردەی گەندەڵی و نادادپەروەری و نایەكسانی تیا بەربڵاوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەزموونی پراكتیكی حوكمڕانیی سەركەوتوو دەیداتەوە، كە تەنیا لەو وڵاتانە گەندەڵی و نادادپەروەری و نایەكسانی هەیە، كە حزبی نابەرپرسیاری تێدا زۆرە و سیاسەتی پۆخڵی دژە حوكمڕانی بەرهەم دەهێنێن، ئەم وەڵامە چۆن بۆ وڵاتێكی وەك پیرۆی هەژار لە ئەمریكای لاتینی راستە، بۆ ئەمریكای سەردەمی ئیدارەی ئۆباما و فەرەنسای كۆماری چوارەم و توركیای پێش ساڵی 2002ش راستە، هەروەها لەو وڵاتانەی حزبی نابەرپرسیار بوونی نییە، یان بوونیان هەیە و لەچوارچێوەی یاسا لغاوكراون، ئەوا دەبینین ئەگەر وڵاتەكەشیان وڵاتی دوای شەڕ و خاوەنی هیچ سەرچاوەیەكی سروشتییش نەبێت، ئەوا ئێستا لە رێزی وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهانن و نموونەیەكی جیاوازی حوكمڕانیی ئەوتۆیان داهێناوە، كە وەك تۆنی بلێری سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا دەڵێت، سنگافورە سیستمێكی حوكمڕانی سەركەوتووی ئەوتۆی داهێناوە كە ئێمە لە رۆژئاوا ناچارین سوودی لێوەربگرین.
حزبی نابەرپرسیار هەر ئایدیۆلۆژیەتێكی هەبێت (چەپ، راست، ئیسلامی، كریستیان و...هتد)، هیچ شوێنێك بە نیشتمانی خۆی نازانێت كە شانازی پێوە بكات، هەر بۆ نموونە حزبە سەلەفییەكانی لیبیا، لیبیا بە نیشتمانی خۆیان نازانن، بۆیە كاولی دەكەن، ئیخوانەكانی میسر، میسر بە نیشتمانی خۆیان نازانن بۆیە پەیمانگای ئۆپێراو بالیەیان دەتەقاندەوە و بەنیازبوون ئەهرامەكانیش هەمان چارەنووسیان هەبێت، حەرەكەی مقاوەمەی ئیسلامی (حەماس لە فەڵەستین)، فەڵەستین بە نیشتمانی خۆی نازانێت و ئامانجیشی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین نییە، هەردوو حزبی كۆماری و دیموكراتی ئەمریكا لەدوای رووخانی دیواری بەرلینەوە هەتا سەرەتای 2017، ئەمریكایان بە نیشتمانی خۆیان نەدەزانی، ئەمە ببووە هۆكاری ئەوەی كە هاووڵاتیانی ئەمریكاش ئەمریكا بە وڵاتی خۆیان نەزانن و گاڵتە بە شكۆی وڵاتی خۆیان بكەن، تەنانەت ساموئیل هنتنگتۆن لە 2005 كتێبێكی بە ناونیشانی (ئێمە كێین؟.... Who are we?) بڵاوكردەوە، لەم كتێبەدا هەوڵدەدات ئەمریكییەكان بە هۆش خۆیان بێنێتەوە و پێیان دەڵێت: (ئایا دەزانن ئاڵای ئەمریكاتان فەرامۆش كردبوو، كارەساتی 11ی سیپتەمبەر بە بیری هێنانەوە؟) لەمەش خراپتر لە 2008 كار گەیشتە ئەوەی خەڵك بچێت وۆڵ سترید بسووتێنێت.
دیاردەیەكی دیكەی حزبی نابەرپرسیار لەبەرهەمهێنانی سیاسەتی پۆخڵ، داهێنانی شێوازێكی تایبەتیی قسەكردنە كە بێجگە لە ئەندامانی حزبە نابەرپرسیارەكە كەسی دیكە تێی ناگا، فرانسیس فۆكۆیاما سەبارەت بەم دیاردەیە ئاماژە بەوە دەكات، پاش ئەوەی بەریتانیا لە هەردوو دورگەی سلێمان و گینیا لە ئۆقیانووسی ئارام كشایەوە، هەوڵیدا نموونەی دیموكراتیەتی بەریتانیا لەو دوو دورگەیە دووبارە بكاتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو دوو دوورگەیە كە ژمارەی دانیشتووانیان تەنیا 5-6 ملیۆن كەسە، بەڵام 900-950 شێوە قسەكردنی جیاواز (بێگومان ئەمە نە زمانێكی سەربەخۆیە نە شێوەزارە) بوونی هەیە، هەر گرووپێكی چەند هەزار كەسی بە جۆرێك قسە دەكات، بێجگە لە خۆیان كەسی دیكە تێیان ناگات، هەروەها هەر یەك لەم چەند هەزار كەسە سەرۆكیان هەیە، بێجگە لەو كەسە كەسی دیكە ناناسن، ئەمەش وایكرد كە هەوڵەكانی بەریتانیا بۆ بونیادنانی دیموكراتی فەشەل بهێنێت، لەم نموونەیەوە ئەگەر سەیری حزبە نابەرپرسیارەكانی كوردستان بكەین، دەبینین هەر یەكەیان بە جۆرێك قسە دەكات، بێجگە لە خۆیان كەسی دیكە تێیان ناگات، بە جۆرێك دژایەتی حوكمڕانیی وڵاتی خۆیان دەكەن، كە بەس خۆیان دەزانن بۆ چ ئامانجێك ئەمە دەكەن، بۆیە ئەگەر بەهێوای ئەوە بین لە سایەی حزبی نابەرپرسیارەوە پرۆسەی سیاسی رێكبخەینەوە و سیاسەتێكی سەركەوتووی حوكمڕانی پیادە بكەین، ئەوا بەریتانیا چەند سەركەوتوو بوو لە دورگەی گینییا و سلێمان، ئێمەش لە كوردستاندا هەر ئەوەندە سەركەوتوو دەبین.
كەواتە كۆی ئەم ئاراستەیە بەرەو ئەوەمان دەبات، كە ئەوە تەنیا وڵاتی ئێمە نییە، رووبەڕووی كێشە و نەهامەتییەكانی حزبی نابەرپرسیار بووەتەوە و خەریكە شكۆی خاك و نیشتمانمان دەكەن بە قوربانی سیاسەتی پۆخڵی خۆیان، بەڵام زۆر نەتەوەش لەم جیهانە بە سیاسەتی راست و دروست توانیویانە خۆیان لە ئافەتی ئەو حزبە نابەرپرسیارانە رزگار بكەن، (هەریەكەیان بەشێوازی تایبەتی خۆی)، بەڵام هیچ نەتەوەیەك بە یاسا و دامەزراوەكانی ناو سیستمی دیموكراتی لە حزبی نابەرپرسیار و سیاسەتی پۆخڵیان رزگاریان نەبووە و كوردستانیش ئەگەر بیەوێت، سیاسەتی دژە حوكمڕانیی ئەو حزبە نابەرپرسیارانە بگۆڕێت بۆ سیاسەتی حوكمڕانیی سەركەوتوو، ئەوا دەبێت بیر لە شێوازی تایبەتی خۆی بكاتەوە، نەك پەنا بۆ یاسا و میكانیزمی دیموكراتییانە بەرێت كە هیچ ئاكامێكی لێ نادروێتەوە.