كۆڕبەندی داڤۆس 2018 وەك عێراقێكی دیكە. پێشوازی لە كوردستان كرد
February 4, 2018
راپۆرتەکان
بەكارهێنانی چەمكی «عێراقەكەی دیكە» بۆ كوردستان، چەمێكی تازە نییە و دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای بونیادنەوەی عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵی لە ساڵانی (2005- 2009). لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا شەڕی خوێناوی لە نێوان شیعەو سوننە گەیشتە ئەو ئاستەی كە دەوڵەتان و ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان، ناچاربوون لە سەرەتاوە نوێنەرایەتییەكانی خۆیان لە بەغدای پایتەخت بگوازنەوە بۆ عەمانی پایتەختی ئوردن، بەڵام پاشان كە بینیان لە كوردستان ئاسایش و سەقامگیری بوونی هەیە و كوردستان پرۆسەیەكی پەرەپێدانی سەركەوتوو بەڕێوە دەبات، بەشێك لە ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و نووسینگەی رێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان هاتنە كوردستان، ئەوجا ئەوكات خۆیان بەو جۆرە پێناسەی خۆیان دەكرد، بەوەی نووسینگەكانیان لە عێراقە، بەڵام ئەو عێراقە ناسەقامگیر و پڕئاژاوەیە نە، بەڵكو عێراقە ئارام و سەقامگیرەكە كە مەبەستیان هەرێمی كوردستان بوو. ئەمساڵیش لە كۆڕبەندی جیهانی دافۆس، دەتوانین بڵێین كۆڕبەندەكە و دەوڵەتانی ئامادەبووش، بەهەمان شێوە مامەڵەیان لەگەڵ دوو عێراق كرد، یەكەمیان ئەو عێراقەی كە عەبادی نوێنەرایەتی دەكرد، دووەمیان عێراقەكەی دیكە كە نێچیرڤان بارزانی نوێنەرایەتی دەكرد، لە هەمانكاتدا هەردوو عێراقەكەش لە میانەی ئەم كۆڕبەندە پێكەوە كۆبوونەوە و باسیان لە چارەسەركردنی كێشەی نێوان هەردوو عێراقە دەكرد.
لایەنێكی دیكەی گرنگ كە تایبەتە بە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر عێراق كە هەتا ئێستاش لەژێر ناوی (یەك عێراق و یەك سیاسەت) ئاماژە بۆ سیاسەتی خۆی بەرامبەر عێراق دەكات، كەچی وەك بینیمان ریكس تیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی عێراقەكەی دیكە ئەنجامداو پاشان لەگەڵ حەیدەر عەبادی دیداری ئەنجامدا، دیارە ئامانجی ریكس تیلرسۆن لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی تەوەری سەرەكی و گرنگ هەرباسی چۆنیەتی جێبەجیكردنی دەستووری عێراق بووە لە نێوان هەرێم و عێراقدا، لەگەڵ حەیدەر عەبادییش بێگومان هەر تەوەری سەرەكی جێبەجێكردنی دەستوور بووە بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و كوردستان، بەڵام لێرەدا سەرنجە رۆژنامەنووسییەكە ئەوەیە، بۆچی لەگەڵ هەردوو سەرۆك وەزیرەكە (عەبادی و بارزانی) پێكەوە كۆنەبووەوە؟ بێگومان وەڵامە رۆژنامەنووسییەكە ئەوەیە، لەدیدی تیلرسۆندا ئەو عێراقەی عەبادی نوێنەرایەتی دەكات پێویستی بە جۆرە مامەڵەیەكە و ئەوەی نێچیرڤان بارزانی نوێنەرایەتی دەكات، پێویستی بە جۆرە مامەڵەیەكی دیكە هەیە.
هەروەها لە كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ژان ئیف لۆردیان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، دیسان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، ئەمجارە كە سەردانی بەغدای كرد، سەردانی هەولێریش دەكات، ئەمەش مانای ئەوەیە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە شێوەی پڕۆتۆكۆلی سەردانی عێراق دەكات، بەڵام لەناو عێراقدا عێراقێكی دیكە هەیە كە پایتەختەكەی هەولێرە نەك بەغدا، بۆیە كە دەڵێت سەردانی هەولێریش دەكەم، مانای ئەوەیە سەردانی عێراقەكەی دیكە دەكەم.
لەوانەیە پرسیارێك لێرەدا سەرهەڵبدات، ئەویش ئەوەیە، ئایا بۆچی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستی بەوە هەیە، بە دوو زمانی جیاواز قسە لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان بكات؟ لەوانەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستمان بە نموونەیەكی دەرەوەی كۆڕبەندی جیهانی داڤۆسی 2018 بێت و ناچار بین پەنا بۆ ئەو قسانە بەرین كە پاپای ڤاتیكان لە میانەی سەردانی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ڤاتیكان پێی راگەیاندووە. ئاشكرایە پاپای ڤاتیكان لە رێگەی سەرۆك وەزیرانی كوردستانەوە، سوپاسی حكومەت و گەلی كوردستانی كردووە، كە توانیویانە ببنە لانە و پەناگەی ئارام بۆ هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەكان لە عێراقدا و لە سەرووی هەمووشیانەوە تەواوی برا كریستیانەكان كە لە بەشەكانی دیكەی عێراق نەیانتوانیوە بژین و بە ناچاری روویانكردۆتە كوردستان. با لەسەر ئەم پرسیارە هەڵوەستەیەك بكەین و گریمانەی ئەوە بكەین، پاپای ڤاتیكان دیدارێك لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەیرانی عێراق ئەنجامدات، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا بەو زمانەی سوپاسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان دەكات، دەتوانێت بەهەمان شێوە سوپاسی سەرۆك وەزیرانی عێراق بكات؟ بێگومان واقیعی بەشە عەرەبییەكەی عێراق كە عەبادی نوێنەرایەتی دەكات، رێگە نادات كەسێكی وەك قەداسەتی پاپا ستایشی بكات، بەڵكو ئەگەر دیدارێكی لەو جۆرە رووبدات، قەداسەتی پاپا ناچار دەبێت، رێنمایی عەبادی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق بكات و داوای لێ بكات چیتر رێگە نەدات، كەنیسەی برا كریستیانەكان لەبەغداو شوێنەكانی دیكەی عێراق بتەقێندرێنەوە و رێگە نەدرێت كە كریستیانەكان لە ژێر گوشاردا ناچاربن ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن، بۆیە لە حاڵەتی لەمجۆرەدا، ئەگەر حەیدەر عەبادی نوێنەرایەتی هەموو عێراق بكات، ئەوا دەبێت هەموو عێراق وەك كوردستان لانەی پێكەوەژیان و لێبووردەیی بێت، بەڵام واقیعی حاڵ ئەوەیە كوردستان بارودۆخێكە و عێراق بارودۆخێكی دیكە، بۆیە ئەگەر ناچاریش بن، مامەڵە لەگەڵ كوردستان وەك بەشێك لە عێراق بكەن، ئەوا دەبێت وەك عێراقێكی دیكە مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكەن.
لایەنێكی دیكە جیاوازییە لەنێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و میلیشیا مەزهەبگەرایەكەی حەشدی شەعبی. بێگومان سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی وەك (ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئەمریكا) كە سێ لایەنی سەرەكین لەشەڕی دژی داعش و بە یەك بەرنامە هاوكاری هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق دەكەن، كاتێك لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی كۆدەبنەوە كە لە رووی سەربازییەوە لە ئێستادا نوێنەرایەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكات، كاتێكیش كە لە گەڵ عەبادی كۆدەبنەوە كە نوێنەرایەتی حەشدی شەعبی و سوپا دەكات، جیاوازییان هەیە، بۆیە پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا دەتوانن وەك یەك و بە یەك زمان مامەڵە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بكەن؟ بێگومان لێدوانە رۆژنامەوانییەكانی دوای دیدارەكانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە، لەگەڵ لێدوانە رۆژنامەنووسییەكانی دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ حەیدەر عەبادی زۆر لێك جیاوازن، هەر بۆ نموونە كاتێك تیلرسۆن یان ئەمانوئیل ماكرۆن، یان ئۆرسۆلا ڤۆندەرین، لەگەڵ حەیدەر عەبادی كۆدەبنەوە، كە كۆبوونەوەكە تەواو دەبێت، دەڵێن: باسی ئەوەمان كردووە كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێتەوە، یان وەك تیلرسۆن رایگەیاند، داوامان كردووە میلیشیا وەكیلەكانی ئێران عێراق بەجێ بهێڵن، بەڵام ئایا كاتێك كە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی كۆدەبنەوە، لە لێدوانە رۆژنامەنووسییەكان چی دەڵێن؟ بێگومان سوپاسی پێشمەرگە دەكەن و سووربوونی خۆیان لەسەر یارمەتیدانی پێشمەرگە دووبارە دەكەنەوە، ئەمە راستییەكمان بۆ ئاشكرا دەكات، ئەویش ئەوەیە كە ئەو سوپایەی عێراقەكەی دیكە كە پێشمەرگەیە، جێگەی رێزی هەموو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، بەڵام ئەو هێزەی حەشدی شەعبییە و نوێنەرایەتی عێراقەكەی عەبادی دەكات، هەموو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەك هەڕەشە بۆسەر خۆیان سەیری دەكەین.
كەواتە لەم راستەوە دەكرێت بڵێین: لەگەڵ ئەوەی لەدوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، هەموو هەوڵی حكومەتەكەی عەبادی بۆ ئەوە بووە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەچوارچێوەی عێراقەكەی عەبادی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن و بەشێوازی جیاواز بە هاوتای سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێشوازی لەسەرۆك وەزیرانی كوردستان نەكرێت، بەڵام سەردانە سەركەوتووەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ پاریس و بەرلین و ڤاتیكان و تەنانەت تاران و ئەمجارەش لە كۆڕبەندی جیهانی داڤۆس، ئەو راستییەیان دەرخست كە نەك تەنیا دەوڵەتانی ئەوروپی بە بەرژەوەندی نازانن لە چوارچێوەی عێراقەكەی عەبادی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن، بەڵكو سەرۆك كۆماری ئێرانیش بە پێشوازیكردنی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، ئەو راستییەی نەشاردەوە، كە بەرژەوەندیی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەوەدایە پەیوەندییەكی راستەوخۆ لەنێوان تاران و هەولێر هەبێت، نەك هەر تەنیا لە نێوان تاران و بەغدا، یان تاران بە رێگەی بەغدا تەنیا مامەڵە لەگەڵ كوردستاندا بكات. ئەوجا ئەگەر تاران كە لە رووی سیاسییەوە خۆی بە سپۆنسەری پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەزانێت، گەیشتبێتە ئەو قەناعەتەی پەیوەندی راستەوخۆی نێوان هەولێر و تاران گرنگە و ناتوانێت دەستبەرداری بێت، ئەوا بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر گرنگە كە بەو ئاراستەیە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان زیاتر بكەن.
هەوڵە دیپلۆماتییەكانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەدوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر ئەوجا چ سەردانە تایبەتییەكانی بۆ پایتەختەكانی جیهان، چ ئەو هەوڵانەی لەچەند رۆژی رابردوو لەمیانەی كۆڕبەندی جیهانی داڤۆس 2018 بینیمان، هەوڵێكی سەركەوتوو بوون، بۆ ئەوەی جیهان و دەوڵەتانی ناوچەكەش جارێكی دیكە بگەنەوە ئەو قەناعەتەی كە دەشێت لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، كوردستان وەك بەشێك، یان هەرێمێكی فیدڕاڵی لە چوارچێوەی ئەو دەستوورە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بەڵام ئەگەر بوار بدەن بە خواست و تێڕوانینی عێراق، كە كوردستان بەو جۆرە بەشێك بێت لە عێراق و تایبەتمەندی عێراقەكەی دیكەی نەمێنێت، ئەوا راستە بەرژەوەندییەكانی كوردستان زیانی پێدەكەوێت، بەڵام بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتانی دیكەش لە عێراقدا تا ئەو ئاستە زیانی پێدەكەوێت، كە نەتوانن دواتر درێژە بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ عێراق بدەن.
لایەنی سەركەوتوو لە دیدار و كۆبوونەوەكانی نێچیرڤان بارزانی لە كۆی هەوڵە دیپلۆماتییەكان بەگشتی و لە كۆڕبەندی جیهانیی داڤۆس-ی 2018 ئەوەی بۆ پشتڕاست كردینەوە كە بەرژەوەندیی عێراق و ناوچەكە و جیهانیش لەوەدایە كە هەرێمی كوردستان بەهێز بێت و پشتگیری حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت، بۆ ئەوەی گیانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان لانیكەم لە بەشێكی عێراق كە هەرێمی كوردستانە بەردەوام بێت.