د. فــرسەت ســـــۆفی: ئەم پرۆژەی چاكسازییە دەبێتە هۆكارێك بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ئەمەش گرنگترین هۆكارە كە پێویستە پەرلەمان پشتگیری لێ بكات
February 4, 2018
راپۆرتەکان
«گرنگترین هۆكار كە وادەكات ئێمە پەرلەمانتارانی كوردستان پشتگیریی ئەم پرۆژە چاكسازییە بكەین، ئەوەیە ئەم پرۆژەیە یەكەكانی 70 و 80ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكاتە یەكەی ژمێریاری، ئەمەش چارەسەری ئامانجێكی گەورەی سیاسیی ئێمە دەكات، كە ئەویش یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر توانیمان هێزەكانی پێشمەرگە لە رووی داراییەوە یەك بخەینەوە، دەرگایەكی زۆر گەورە بەرەو یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی یەك یەكەی ژمێریاری لەناو وەزارەتی پێشمەرگە بە رووماندا دەكرێتەوە.
لایەنێكی دیكە كە زۆر گرنگە پشتگیریی ئەم پرۆژەیە بكەین، مەسەلەی پاسەوانانی دامەزراوەكانی كوردستانە، ئێستا زیاتر لە 30 هەزار پاسەوانمان هەیە كە هەر بەشێكیان سەر بە شوێنێكە، لەم پرۆژەیەدا هەموو ئەو پاسەوانانە لە چوارچێوەیەی یەك یەكە بەناوی یەكەی پاسەوانی ناوخۆ كۆدەكرێتەوە و هەمووشیان بە یەك لیست رێكدەخرێن بۆ پاسەوانی دامەزراوەكانی حكومەت.
خاڵێكی دیكە مەسەلەی پێدانی دەرماڵەكانە، بێگومان دەرماڵەكان شایستەی ئەو كەسانەن كە لە بواری تایبەتمەندیی خۆیان و بۆ كاركردن لە پیشەكەی خۆیاندا دەرماڵەی مەترسی وەردەگرن، بەڵام كەسێك بۆ نموونە بەدەرچووی بەشی كیماش بێت، ئەگەر لەبواری كارەكەی خۆی كارنەكات، بۆ دەرماڵەی مەترسی كیمایی پێ بدرێت؟ ئەم پرۆژەیە ئەو دەرماڵانەش رێكدەخات، خاڵێكی دیكە هەژماركردنی ساڵانی خزمەتە كە زۆر كەس بە هەژماركردنی خزمەت پلەی وەزیفی لە پلەی هەشتەوە تاچۆتە پلەی یەك، ئەم پرۆژەیە ئەو بوارەش رێكدەخاتەوە.
لایەنێكی دیكەی گرنگ مەسەلەی میلاكاتە، هەر بۆ نموونە لە كتێبەكەی بریمەر باس لەوە دەكات كە لەناو سوپای ئەمریكادا 500-800 پلەی سەربازی لە نێوان پلەی عەمید هەتا فەریق هەیە، بەڵام لە وەزارتی پێشمەرگەم پرسی ئێمە چەندمان هەیە، پێیان راگەیاندین لە پلەی عەمید تا فەریق 10هەزار كەسمان هەیە، هەر بۆیە ئێمەش پێویستمان بەوەیە بە پێی میلاكات پلەی سەربازی بەرز بكەینەوە، ئەگەر میلاك نەبوو، نابێت پلە بەرز بكرێتەوە، ئەمەش خاڵێكی دیكەی ئەم پرۆژەی چاكسازییە دەبێت.
كێشەیەكی دیكە كە ئەم پرۆژەی چاكسازییە چارەسەری دەكات، كێشەی بەرپرسە موعەوەمەكانە، چەندین كەسمان هەیە پشتر قائیمقام بووە، یان بەڕێوەبەری گشتی بووە، ئێستا بێكارە، بەڵام هەمان ئیمتیازاتی پێشانی هەیە، بۆ ئەم پرۆژەیە ئەم كێشەیە چارەسەر دەكات، یان ئەوەیە رەوانەی خانەنشینیان دەكات، یان بەپێی بوار كاری دیكەیان پێ دەسپێرێت. ئەمانەش ژمارەیان 400-500 كەس دەبێت.
دروستكردنی سندوقی خانەشینی بۆ یەكخستنەوەی هەموو خانەنشینان، یەكێكە لە دەستكەوتەكانی ئەم پرۆژە یاسایە.
پێدانی رۆڵێكی كاریگەر لە هەر سێ لایەنی (دەستەی دەستپاكی، دیوانی چاودێریی دارایی، داواكاری گشتی) بۆ وردبینیكردن و جێبەجێكردنی یاساكە، دیاریكردنی ماوەیەكی دیاریكراو كە 90 رۆژە بۆ ئەوەی هەموو لایەك خۆی لەگەڵ ئەم یاسایە بگونجێنێت.
لایەنێكی دیكە كە دەمەوێت هەڵوەستەی لەسەر بكەم، پرسی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە كە رۆژانە خۆمان لە هۆیەكانی راگەیاندنەوە ریكلامی بۆ دەكەین و دەڵێین زیاتر لە 1.2 ملیۆن فەرمانبەرانمان هەیە، بەڵام ئەم قسەیە راست نییە و ئێمە لە هەرێمی كوردستان تەنیا 697 هەزار فەرمانبەرمان هەیە، ئەمەش دابەشبووە بەسەر هەردوو كەرتی سەربازی و پۆلیس و ئاسایش كە ژمارەیان 247 هەزار كارمەندە، هەروەها كەرتی مەدەنی كە ژمارەیان 450 هەزار فەرمانبەرە، ئەوەی دیكە كە دەكاتە 520 هەزار مووچەخۆر ئەمانە بریتین لە بوارەكانی خانەنشینی و چاودێری كۆمەڵایەتی و كەسوكاری شەهیدو ئەنفالكراوەكان، بۆیە كاتێك حكومەتی عێراق دەڵێت، ئێمە 2.2 ملێون مووچەخۆرمان هەیە، چۆن دەبێت كوردستان 1.2 ملیۆن مووچەخۆری هەبێت، پرسەكە بەو جۆرە نییە، لە عێراقدا 9 ملێۆن مووچەخۆر هەیە كە 600 هەزاریان مووچەی لە كاركەوتن وەردەگرن وەك فەرمانبەرانی كارگە داخراوەكان، ئەمانە لەگەڵ ئەوەی هیچ كارێك ناكەن، بەڵام هەموو ئیمتیازاتێكیش وەردەگرن.
لایەنێكی دیكەی گرنگ كە كارێكی زۆر باشی لەسەر كراوەو سەركەوتنی بەدەست هێناوە، سیستمی بایۆمەترییە، ئەم سیستمە بۆخۆی بانكێكی گەورەی زانیارییە، تەنیا بە یەك كلیك دەتوانێت هەموو داتاكانی چاكسازی بخاتە بەردەستمان و لەبەر رۆشنایی ئەو داتایانە دەتوانین ئەو چاكسازییەی پێویستە ئەنجامی بدەین، بەڵام لەبەر ئەوەی وەك پێویست نەمانتوانیوە سوود لەم سیستمە وەربگرین، دەبینین كاریگەرییەكەی وەك خۆی دەرنەكەوتووە. گرنگیی ئەم یاسایەش بۆ پرۆژەی چاكسازی ئەوەیە كە یاساكە جێبەجێ بكرێت، ئەگەر تەنیا یاساكە دەربچێت و پاشان جێبەجێ نەكرێت، هیچ سوودیكی نابێت، هەر بۆ بیرهێنانەوە، پێشتریش بڕیاری زۆر گرنگ دەركراون، وەك بڕیاری بڕینی كارەبای تەجاوز لە ساڵی 2016، هەروەها بڕیاری گێڕانەوەی 725 ملیۆن دۆلار قەرزی حكومەت لای دەوڵەمەندەكان لە ماوەی 30 رۆژدا، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئەو بڕیارانە جێبەجێ نەكراون، بۆیە دەبێت بە هەموو توانای خۆمانەوە پشتگیریی ئەم یاسایەی چاكسازی بكەین بۆ ئەوەی بتوانرێت جێبەجێ بكرێت.