د. محەمەد رێكانی نوێنەری داواكاریی گشتی لە هەرێمی كوردستان: ژمارەی زۆری یاسا و رێنماییەكانی تایبەت بە خانەنشین و پلەتایبەتەكان جۆرێك لە فەوزای دروستكردووە
January 31, 2018
راپۆرتەکان
«پێش ئەوەی بێمە سەر قسەكردن لەسەر پرۆژەی چاكسازییەكە، دەمەوێت بە كورتی باس لەو یاساو رێنماییانە بكەم كە پەیوەستن بە پرسی خانەنشینی و مووچە لەكوردستاندا، ئاشكرایە تەنیا لەم بوارەدا بێجگە لە رێنماییەكان زیاتر لە 14 یاسا كاریان پێدەكرێت، كە دەتوانین بڵێین ئەم ژمارە زۆرەی یاسا و رێنماییەكان جۆرێك لە فەوزای یاسایی و رێنماییەكانی وەزارەتی دارایی دروستكردووە. هەر بۆ نموونە ئەو یاسایانەی لە هەرێمی كوردستان سەبارەت بە خانەنشینی دەرچوون:
1- یاسای ژمارە 12 و 13 ساڵی 1999 تایبەت بە خانەنشینكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان.
2- یاسای ژمارە 18 تایبەت بە سندوقی خانەنشینیی پارێزەرانی كوردستان.
3- یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2000 تایبەت بە خانەنشینیی پێشمەرگەی كەمئەندام.
4- یاسای ژمارە 36ی ساڵی 2007 تایبەت بە خانەنشینیی پلە كارگێڕییە باڵاكان.
5- یاسای ژمارە 34 ساڵی 2007 تایبەت بە خانەنشینیی زێرەڤانی.
6- یاسای ژمارە 38ی ساڵی 2007 تایبەت بە خانەنشینیی پێشمەرگە.
7- یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2010 تایبەت بە مووچە و دەرماڵەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
8- یاسای ژمارە 23ی ساڵی 2007 تایبەت بە خانەنشینكردنی دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی.
9- هەروەها یاسای ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسیی كوردستان لە ساڵی 2010، پاشان هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینیی بیمەی كۆمەڵایەتی لە 2012.
ئەگەر سەرنج بدەین، دەبینین زیاتر لە 15 یاسا لە هەرێمی كوردستان تایبەت بە خانەنشینی و مووچە دەركراون، ئەو یاسایەشی كە ئێستا لە هەموویان گرنگتر كاری پێدەكرێت یاسای ژمارە 27ی ساڵی 2006 خانەنشینانی یەكگرتووی عێراقییە، ئیشكالیەت لەگەڵ ئەم یاسایە ئەوەیە كە هیچ یاسایەكی بەركاری لە پەرلەمانی كوردستان بۆ دەرنەچووە، تەنیا بەپێی بریاری ژمارە 6943 ی كە لە 24/6/2008 دەرچووە لەبەر رۆشنایی ئەم بڕیارە وەزارەتی دارایی رێنمایی ژمارە 37ی لە 2008 دەركردووە و یاساكەی حكومەتی عێراقی جێبەجێ كردووە و تەمەنی خانەنشینانی بە 63 ساڵ دیاری كردووە، پاشانیش ئەوەی داوای خانەنشینی دەكات تەمەنی لە 50 ساڵ كەمتر نەبێت.
ئیشكالیەتی كاركردن بەم یاسایە ئەوەیە، بەپێی بڕیاری ژمارە 11ی ساڵی 1992 ی پەرلەمانی كوردستان، كار بە هیچ یاسایەكی حكومەتی عێراق ناكات، هەتا پەرلەمانی كوردستان بڕیاری مەشروعیەتی بۆ دەردەكات. بەڵام حكومەت بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان ئەم یاسایەی جێبەجێ كردووە، سەبارەت بەم حاڵەتە پرسیار لە ئەنجومەنی شورای كوردستان كراوە، ئەویش لە دوو حاڵەتدا بەدوو رای جیاواز وەڵامی داوەتەوە:
1- سەبارەت بە یاسای ژمارە 27ی ساڵی 2006ی یاسای خانەنشینانی یەكگرتووی عێراقی، لە ساڵی 2011 پرسیار لە ئەنجومەنی شورا كراوە و لەوەڵامدا، دەڵێت: لەبەر ئەوەی ئێستا ئەو رێگرەی پێشتر هەبووە لابراوە، واتە ئەو كات دەمانگوت رژێمی بەعس شەرعیەتی نییە، بەڵام ئێستا كورد هاوبەشە لە حكومەتی عێراق، ئەوا دەكرێت ئەو یاسایە جێبەجێ بكرێت.
2- بەڵام هەمان ئەنجومەنی شورا، لە ساڵی 2013 سەبارەت بە یاسای حكومەتی عێراق، تایبەت بە بەكرێدانی موڵك پرسیاری لێكراوە، لەوەڵامدا ئاماژەی بە بڕیاری ژمارە 11ی ساڵی 1992ی پەرلەمانی كوردستان كردووە، بەمەش واتە دەبێت جارێكی دیكە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە یاسای بۆ دەربچێتەوە.
سەبارەت بە پرۆسەی چاكسازییەكەی حكومەت كە رەوانەی پەرلەمانی كردووە كە لە 8 بەش پێكهاتووە و 20 ماددەی لە خۆی گرتووە، لەبەشی یەكەمدا باس لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ئەم یاسایە دەكات، بەوەی چ كەسێك دەگرێتەوە و لە چ بوارێك جێبەجێ دەكرێت، بەشی دووەمی باس لە خانەنشینەكان دەكات، بەشی سێیەم باس لە رێكخستنەوەی دەرماڵە و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان دەكاتەوە، بەشی چوارەم باس لە قەدەغەكردنی یەكجار سوودمەندبوون زیاتر دەكات، بەشی پێنجەم باس لەبواری سەربازی و هێزەكانی ئاسایش و ناوخۆ دەكات، بەشی شەشەم باس لە دەرماڵەكان و پلە تایبەتەكان دەكات، بەشی حەوتەمیش باس لە هەژماركردنی خزمەت دەكات و بەشی هەشتەمیش باس لە بڕیاری كۆتایی دەكات.
هەندێك تێبینی لەسەر ئەم پرۆژە چاكسازییە هەیە، ئەویش ئەوەیە ئەم پرۆژە یاسایە زیاتر لە شەش یاسا لەخۆی دەگرێت، وەك (خانەنشینی، مووچە، دەرماڵە، بەخشینی ئیمتیازات،) ئەمانە هەر یەكەیان یاسای خۆی هەیە، بۆیە دەبێت ناوێكی هەبێت كە توانای ئەوەی هەبێت هەموو ئەم یاسایانە كۆبكاتەوە، خاڵێكی دیكە پێناسەكردنەوەی زاراوەكانە، لەم پرۆژەیەدا پێناسەكان دیاری نەكراون، هەر بۆ نموونە لە شوێنێك داوای چالاككردنی سندوقی خانەنشین دەكات و لە شوێنێكی دیكە باس لە كاراكردنی دەكات، دەبێت ئەم زاراوانە یەكبخرێن. سەبارەت بە بەشی پێنجەم كە باس لە پلەتایبەتەكان دەكات، ئاماژە بەوە دەكات دەبێت خانەنشینان گرێبدرێنەوە بە ماددەكانی 37 و 38ی یاسای ژمارە 9 ساڵی 2014 خانەنشینی یەكگرتوویی عێراق، بەڵام دادگای فیدڕاڵی هەردوو ماددەكەی بە بیانووی نادەستووری بوون رەتكردۆتەوە، لە هەمانكاتدا پەرلەمانی عێراق یاساكەی هەموار نەكردۆتەوە. سەبارەت بەم تێبینیە، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران روونكردنەوەی داوە، دوایین خاڵ كە دەمەوێت ئاماژەی پێبكەم، مەسەلەی تانەدانە لە حوكمی یاساكە. پرسیار ئەوەیە ئەم تانەدانە لەلایەن چ دەستە و دادگایەكەوە دەبێت؟ هەر بۆ نموونە كەسێك مووچەكەی دەبڕێت، دەبێت لە دەزگایەك تانە لەو حوكمە بدات.»