لە چی پەشێمان بین؟ لە ئەنجامدانی ریفراندۆم؟!! هەر دەوڵەتێك پشتگیریی دیكتاتۆرەكان بكات سەرەنجام باجەكەشی دەدات

لە چی پەشێمان بین؟  لە ئەنجامدانی ریفراندۆم؟!!  هەر دەوڵەتێك پشتگیریی دیكتاتۆرەكان بكات  سەرەنجام باجەكەشی دەدات
پەیامنێری كەناڵی BBC لەدیمانەیەكیدا لەگەڵ سەرۆك بارزانی كە چەند رۆژێك لەمەوبەر پەخشی كرد، ئەو پرسیارەی لێدەكات: ئایا لە ئەنجامدانی ریفراندۆم پەشێمان نین؟ بێگومان سەرۆك بارزانی چ وەك شەخس كە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئەنجامدانی ریفراندۆم بووە و چ وەك بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم كە بڕیارێكی دەستەجەمعیی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بووە و ئەویش بەشدار بووە، چ وەك هاووڵاتییەكی كوردستانیش كە چۆتە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بە بەڵێ دەنگی بۆ سەربەخۆیی كوردستان داوە، هەرگیز لە بڕیارێك پەشێمان نییە كە لە پێناویدا نزیكەی 60 ساڵ چەكی پێشمەرگایەتی كوردستانی كردبێتەشان و بەپشت بەستن بە دۆستە دێرینەكەی كوردستان كە (چیاكانمانە) خەباتی بۆ كردبێت. لەمەش زیاتر لە بڕیارێك پەشێمان نابێت كە خزمەتی دیالۆگ و برایەتیی نێوان نەتەوە جیاوازەكانی ناوچەكە بكات .
ئەوجا با لێرەوە لە هەڵوێستی پێشمەرگانە و نیشتمانییانەی سەرۆك بارزانی گەڕێین كە هەڵوێستێكی نەگۆڕە و هیچ هێزێك نییە بتوانێت لەمافی مەدەنی و ئازادیخوازانەی نەتەوەكەی بە شێوازی ئاشتییانە، پاشگەزی بكاتەوە، دێینە سەر ئەو وڵاتەی كە خاوەنی كەناڵی BBC و پێشكەشكاری كەناڵەكەش خۆی باش ئاگادارە كە لەماوەی یەك دوو ساڵی رابردوو، دوو پرۆسەی ریفراندۆمی گرنگ لە بەریتانیا بەڕێوەچوو، یەكەمیان بۆ جیابوونەوەی سكۆتلەندا لە شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا بوو، دووەمیان بۆ جیابوونەوەی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا بوو لە یەكێتی ئەوروپا، هەردوو ریفراندۆمەكەش بۆ جیابوونەوە بووە لە دوو سیستمی فیدڕاڵی. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ جیابوونەوە، یان بوونە بەشێك لە سیستمێكی فیدڕاڵی تاوانە؟ ئەگەر تاوانە چۆن بەریتانیای خاوەنی یاسای مەكنەگارتا رێگە دەدات تاوانی لەوجۆرە لە وڵاتەكەی ئەنجام بدرێت؟ یان ئەگەر تاوانە چۆن كەناڵی BBC لە هەردوو پرۆسەی ریفراندۆمەكەدا، تەواوی پەخشی ئاسایی خۆی رادەگرێت و راستەوخۆ رووماڵی جۆش و خرۆشی جەماوەرەكە دەكات لە پرۆسەی دەنگدان بە ( بەڵێ یان نەخێر)دا؟
دیارە شەرعییەتی ریفراندۆم لە ئیرادەی راستەوخۆی گەلەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە هەڵوێستی سیاسیی حكومەت، یان پەرلەمان بەرامبەر ئەو ریفراندۆمە پشتگیریكردن بێت، یان رەتكردنەوە، هیچ لە شەرعییەت و رەوایەتی ئەو ئیرادەیە ناگۆڕێت و ئەگەر ئەو دەوڵەتە كەمێك رێز لە ئیرادەی گەلەكەی و یاسا و دەستووری وڵاتەكەی بگرێت، ئەوا دەبێت هەڵوێستی سیاسیی حكومەت، یان پەرلەمان، تەنانەت سەرۆك وەزیرانیش، ملكەچی ئیرادەی گەلەكەی خۆی بێت. ئەوجا ئەگەر پەرلەمان، یان حكومەت، یان سەرۆك وەزیران ئیرادەی گەلەكەی خۆی كردە تاوان و لەسەر ئەوەی گەلەكەی بە ئازادانە رای خۆی دەربڕیوە، بە هێزی سەربازی پەلاماری بدات و چەندین جۆر گەمارۆی وەك سزای بەكۆمەڵ بەسەر گەلەكەی خۆیدا بسەپێنێت، ئەوا نەك هەرپێی ناگوترێت سیستمی فیدڕاڵی و دیموكراتی، بەڵكو ئەوە زیندووكردنەوەی دیكتاتۆریەتێكی هاوشێوەی رژێمی سەدام حوسێنە كە بەریتانیای سەردەمی تۆنی بلێر بەبێ ئەوەی چەترێكی نێودەوڵەتیش بۆ رووخاندنی ئەو رژێمە بوونی هەبێت، بەشداری كردو رژێمەكەی رووخاند.
لایەنێكی دیكەی ئەو پرسیارەی كەناڵی BBC لە سەرۆك بارزانی كرد، بێگومان لانیكەم بەشێكی هاووڵاتیانی بەریتانیا دەیبینن، پرسیاری ئێمە لەو كەناڵە ئەوەیە، ئایا شاژنی بەریتانیا دەتوانێت ئەو مافە بەخۆی بدات بە هاووڵاتیەكی بەریتانی لە لەندەن بڵێت: ئایا پەشێمانیت دەنگت بۆ جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا دا؟ بێگومان هەموو جیهان هەڵوێستی دیڤید كامیرۆنی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیای بەرامبەر ریفراندۆمەكەی سكۆتلەندا بۆ جیابوونەوە لەبەریتانیا و ریفراندۆمەكەی بەریتانیا بۆ جیابوونەوە لەیەكێتی ئەوروپا بینی، لەمەش راشكاوانەتر هەموو جیهان بینی كە دیڤید كامیرون دژی هەردوو ریفراندۆمەكە بوو، واتە هەم جیابوونەوەی سكۆتلەندا لەبەریتانیا و هەروەها بەریتانیاش لە یەكێتی ئەوروپا، بۆیە هەموو هەوڵی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی دەنگی نەخێر لە دەنگی بەڵێ زیاتر بێت، لە یەكەمیاندا، توانی سكۆتلەندییەكان بگەیەنێتە قەناعەت بۆ ئەوەی دەنگی نەخێر لە دەنگی بەڵێ زیاتر بێت، بەڵام لە دووەمیاندا نەیتوانی گەلی بەریتانیا بگەیەنێتە قەناعەت بۆ ئەوەی بە نەخێر دەنگ بۆ جیابوونەوە لە یەكێتی ئەوروپا بدەن، لەمەش زیاتر كامیرۆن سەدان بەڵگەی لەبەر دەستدا بوو كە جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، زیان لە بەرژەوەندییەكانی بەریتانیا دەدات، بەڵام لەبەر ئەوەی ئیرادەو دەنگی گەلی بەریتانیا لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە، دیڤید كامیرۆن بێجگە لەدەست كاركێشانەوە، رێگەی دیكەی لەبەردەمدا نەبوو، نەیتوانی رێگە لە جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا بگرێت.
لەسەر ئەم بنەمایە، گەلی كوردستان چاوەڕێی ئەوە نەبوو كە بەریتانیا، یان هەر دەوڵەتێكی دیكە پشتگیری لە پرۆسەی ریفراندۆمی گەلی كوردستان بكەن، بەڵكو داواكاری ئێمە ئەوە بوو دژی رانەوەستن و بوار نەدەن بە هێرشی سەربازی میلیشیای حەشدی شەعبی و چەكی بەریتانی و ئەمریكی مامەڵە لەگەڵ پرۆسەیەكی دیموكراتی و مرۆیی بكرێت، بەڵام بەداخەوە بەریتانیا بەرامبەر ریفراندۆمی گەلی كوردستان نەك هەر مافە گەردوونییەكانی مرۆڤی پێشێل كرد، بەڵكو بەرژەوەندییەكانی وای لێكرد رەفتارێك بكات كە شایستەی ئەو بەریتانیایە نەبێت كە خۆی بە خاوەنی یاسای مەكنەگارتا و شۆڕشی پیرۆز و شۆڕشی پیشەسازی بزانێت. ئەمە لەكاتێكدا دەبوو بەریتانیا رۆڵێكی شایستە بە رۆڵی مێژووی خۆی بگێڕێت، هەروەك دیڤید كامیرۆن لە ریفراندۆمی سكۆتلەندا گێڕای، گەلی سكۆتلەندا ریفراندۆمی خۆی ئەنجامدا، بەڵام سەرەنجام لە بەریتانیا جیا نەبووەوە.
ریفراندۆمی 25ی ئەیلوولی كوردستان، لەسەر بنەمای دەستووری عێراق ئەنجامدرا، لە دیباجەی دەستوورەكەدا هاتووە كە جێبەجێكردنی ئەو دەستوورە یەكێتی ئارەزوومەندانەی عێراق دەپارێزێت، بۆیە ریفراندۆم بۆ ئەوە بوو جیهان ئۆپشنێك بخاتە بەردەمی گەلی كوردستان، ئەویش یان ئەوە بێت گوشار بخەنە سەر حكومەتی عێراق بۆ ئەوەی دەستوورەكەی خۆی جێبەجێ بكات، یان ئیرادەی گەلی كوردستان ئازاد بكات بۆ ئەوەی لە بەندیخانەی عێراق بێتە دەرەوە، بەڵام كە بە هیچ جۆرێك هاوكاریی گەلی كوردستانیان نەكردو پاشانیش زۆر دڕندانە تیشكی سەوزیان دایە حكومەتی عێراق بۆ ئەوەی بە زەبری هێز كوردستان داگیربكاتەوە، ئەوا گەلی كوردستان لە بڕیاردان بۆ ئەوەی بە ئازادی بژی هەرگیز پەشیمان نابێتەوە. خۆ ئەگەر دەوڵەتانی لانكەی لیبڕاڵ دیموكراتی و مافی مرۆڤیش، هەر پشتگیری دیكتاتۆرەكان بكەن و هەوڵبدەن ئیرادەی گەلی كوردستان بشكێنن، ئەوا گەلی كوردستان دەمێكە بڕیاری خۆی داوە بە گەڕانەوە بۆ لای دۆستە دێرینەكەی كە چیاكانی كوردستانە، خەباتی سەرسەختانە بۆ داكۆكیكردن لە بڕیاردان بۆ ئازادی دەست پێدەكاتەوە كە ریفراندۆم و ئاكامی ریفراندۆم سەرتۆپی هەموو ئەو بڕیارانەیە كە بۆ گەیشتن بە ئازادی داومانە، ئێستا گەلی كوردستان چاوەڕێی ئەوەیە جیهان بە هەڵوێستی خۆیدا بچێتەوە و بەغدا ناچار بێت رێز لەدەستووری عێراق بگرێت و وەك خۆی جێبەجێی بكات، ئەگەر ئەمە نەبوو، سەرۆك وەڵامی تەواوی BBC و هەموو جیهانی دایەوە و ئەو كاتەش گەلی كوردستان بڕیارێك دەدات كە شایستەی وەڵامدانەوەی ئەو بارودۆخە بێت كە دەیانەوێت ئیرادەی گەلی كوردستانی تێدا بشكێنن.
Top