بەشداری ئەمساڵی حكومەتی كوردستان لە كۆربەندی داڤۆس .. مانایەكی جیاوازی هەبوو
January 28, 2018
راپۆرتەکان
ئەمە جاری یەكەم نییە، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە جیاو هاوتا و هاوشانی شاندی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق بەشداری كۆڕو كۆڕبەندە نێودەوڵەتییەكانی هاوشێوەی كۆڕبەندی ساڵانەی (داڤۆس)ی جیهانی دەكات، پێشتریش شاندی هەرێمی كوردستان ساڵانە بەشداری كۆڕبەندی داڤۆس و كۆنفڕانسی میونشنی بۆ ئاسایشی جیهان كردووەو بە هەمان شێوەی كۆبوونەوە و دیدارەكانی ئەمساڵی شاندی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، دیدار و كۆبوونەوەی هەمەلایەنەی لەگەڵ سەرۆك و سەرۆك وەزیران و وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی وڵاتانی جیهان ئەنجامداوە، بەڵام جیاوازیی بەشداری ئەمساڵی كوردستان بۆ كۆڕبەندی جیهانی داڤۆس لە چاو ساڵانی پێشوو، لەوەدایە كە هەرێمی كوردستان، پێش كەمتر لە 100 رۆژ لە كردنەوەی ئەم كۆڕبەندە جیهانییە، رووبەڕووی پیلانێكی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بووەوە و هەڕەشەیەكی زۆر ترسناك و جددی كەوتە سەر وجوودی كیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدڕاڵی لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا، لە هەمانكاتدا كەوتە ژێر چەندین گەمارۆی ئابوری و سیاسی و ئاسمانی لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵی عێراقەوە، كە هەتا ئێستاش ئەو گەمارۆیانە بەردەوامن و، پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغداش وەك ئەوەی پێویستە لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا رێكبخرێت، لەبەریەك هەڵوەشاوە و حكومەتی فیدڕاڵی بەغدا بە كردەیی رێز لەو ماف و دەسەڵاتانەی هەرێمی كوردستان ناگرێت كە دەستووری عێراق دیاریكردووە. هەربۆیە كاتێك لەمیانەی ئەو سێ رۆژەی كوڕبەندی جیهانی داڤۆس، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستانمان دەبینی بەو ئاستە لەلایەن پادشا و سەرۆك وەزیران و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری وڵاتانی جیهانەوە پێشوازییان لێدەكراو دیدار و كۆبوونەوەی تایبەتیان ئەنجامدەدا، ئەوا هەموو دیدار و كۆبوونەوەكان یەك پەیامیان ئاراستەی كوردستان و عێراق و جیهان دەكرد، ئەو پەیامەش ئەوە بوو كە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ئەو سیاسەت و ستراتیژەی لەماوەی كەمتر لە 100 رۆژی رابردوو بۆ بەڕێوەبردن و وەرچەرخانی ئەو پیلانە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییە پیادەی كردووە، نەك هەر سەركەوتوو بووە، بەڵكو تەواوی ئەو پیلانەی پێچەوانە كردۆتەوە و هەڕەشەی وجودی لەسەر كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدڕاڵی لەچوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراقدا، لەسەر نەماوە و جیهانیش وەك كیانێكی سیاسی رێز لەو ماف و دەسەڵاتانەی هەرێمی كوردستان دەگرێت كە لە دەستووری عێراقدا دیاریكراون.
چوونی شاندی حكومەتی كوردستان بە جیا و هاوشانی شاندی حكومەتی فیدڕاڵی بۆ داڤۆس، ئاماژەیەكی ئەرێنی نییە بۆ نییەتی حكومەتی بەغدا، بەو مانایەی رێز لە شەرعییەتی هەرێمی كوردستان وەك كیانێكی سیاسی دەستووری دەگرێت، بەڵكو ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە چیدیكە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتیش رۆژئاوا لە حكومەتی بەغدای قبووڵ ناكەن كە رێز لە دەستووری عێراق نەگرێت و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان پێشێل بكات، بێگومان پێشتریش دەوڵەتانی ئەوروپا لەسەر پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و رێگرتنی حكومەتی بەغدا لەسەردانی وەزیران و نوێنەرانی دەوڵەتانی ئەوروپی بۆ هەرێمی كوردستان بێدەنگ نەبوون و هەڵوێستی دیپلۆماتی و پڕۆتۆكۆڵیی زۆر توندیان بەرامبەر حكومەتی بەغدا پیشانداوە، تا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی وەزیران و نوێنەرانی هەندێك دەوڵەتی ئەوروپی سەردانەكەیان بۆ عێراق هەڵوەشاندۆتەوە. هەر بۆیە كە لەمیانەی دیدار و كۆبوونەوەكانی شاندی حكومەتی كوردستان دەبینین، دیدارێكی تایبەت لە نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و د.حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق بەڕێوە دەچێت، ئەمە پیشانی دەدات كە حەیدەر عەبادی گەیشتۆتە ئەو راستییەی كە دەبێت ئەمری واقیعی جێبەجێكردنی دەستووری عێراق وەك یەك سەفقە پێكەوە جێبەجێ بكات، بە جێبەجێكردنی ماددەی 140یشەوە تایبەت بە چارەسەركردنی كێشەی یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، هەروەها پیشانی دەدات كە عەبادی و تا رادەیەكی زۆر لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراقیش كە بەنیازن بۆ 100 ساڵی دیكەش حوكمڕانیی عێراق بكەن، بێگومان بەشێوازەی خۆیان دەیانەوێت و مەبەستیانە، ئەوا لەم رووەشەوە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە ئەگەر نەتوانن لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا رێز لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بگرن، ئەوا ئەو خەون و خەیاڵەی بۆ حوكمڕانیی داهاتووی عێراق هەیانە، دەبێتە خەونی حوشتر و بارودۆخەكەیان بە جۆرێك لێ تێكدەچێت كە ئاوات بۆ رابردوو بخوازن.
ئەقڵییەتی حوكمڕانیی عەرەبی شیعەی عێراق كە لەماوەی نزیكەی 15 ساڵی رابردوو بۆ حوكمڕانیی عێراق پیشانیانداوە، ئەو ئەقڵییەتە نییە كە بڕوایان بەوە بێت، دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور و پێكەوەژیانی ئارەزوومەندانە بونیاد بنێنەوە، یان ئەو ئەقڵییەتە نییە كە هەوڵیان بۆ ئەوە بێت، ئەو زوڵمانەی پێشتر لە عەرەبی شیعە كراوە، ئێستا ئەوان لە پێكهاتەكانی دیكەی عێراقی نەكەنەوە، بەپێچەوانەوە، عەرەبی شیعەی عێراق لەسەر بنەمای ئەو ئەقڵییەتە مەزهەبگەراییە حوكمڕانی دەكات كە لەسەر حیسابی پێشێلكردنی مافی پێكهاتەكانی دیكە بەتایبەتی (كورد و عەرەبی سوننە)، گەرەنتی مانەوەی خۆی لە حوكمڕانیدا مسۆگەر بكات، بۆیە لە خوێندنەوەی ئەم ئەقڵیەتە مەزهەبگەراییە و بە گەڕانەوە بۆ ئەزموونی رابردوو شاندە هاوبەشەكانی كوردستان و عێراق بۆ بەشداربوون لە كۆبوونەوەكانی دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش، كە ئەوكات بە بیانووی جۆراوجۆر رێگرییان دەكرد لەوەی كوردستان بە هاوبەشیش لەگەڵ شاندی عێراق بەشداری ئەو كۆبوونەوانە بێت، ئەوا ئەگەر ئێستاش بە خواستی خۆیان بوایە، نەك هەر رێگرییان لەوە دەكرد كە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە جیا و هاوشانی حكومەتی بەغدا بەشداری كۆڕبەندی جیهانی داڤۆس بكەن، بەڵكو هێندە غروور بووبن كە رێگەیان نەدەدا لە چوارچێوەی شاندێكی هاوبەشی حكومەتی عێراقیشدا كورد بەشداری ئەو كۆڕ و كۆڕبەندە نێودەوڵەتییانە بكات.
لایەنێكی دیكەی گرنگیی پێشوازیكردن لە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەشداربووانی كۆڕبەندی جیهانی داڤۆسەوە، ئەوەیە كە وەك ئەو رۆژنامەنووسانەی رۆماڵی ئەم رووداوە جیهانییەیان كردووە و باس لەوە دەكەن كە جیا لەوەی دیدار و كۆبوونەوەكانی شاندی حكومەتی كوردستان و شاندی حكومەتی بەغدا، دیدارو كۆبوونەوەی جیاواز بوون، بەڵام لە هەمانكاتدا پێشوازی پادشا و سەرۆك وەزیران و وەزیرانی وڵاتانی بەشداربوو لەگەڵ شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی زیاتر پڕۆتۆكۆڵی و گەرموگوڕتر بووە بە بەرارود لە پێشوازی و دیدارەكانی شاندی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی د.حەیدەر عەبادی.
ئەم تێبینییە كە جێگەی هەڵوەستە لەسەر كردنە و ناكرێت تەنیا وەك تێڕوانینێكی زیرەكانەی رۆژنامەنووسانە بەسەرماندا تێپەڕ بێت، ئاماژەیەكی ورد و گرنگە بۆ سەرسامیی وڵاتانی بەشداربووی ئەو كۆڕبەندە جیهانییە، بە سیاسەت و ستراتیژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوەی چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەو بارودۆخە ئاڵۆز و ترسناكە كردووە و چۆن سەركەوتووانە ئەو پیلانە گەورەیەی هەڵوەشاندۆتەوە، هەروەها ئاماژەیەكی ورد و گرنگیشە دیسان بۆ بێزاریی وڵاتانی بەشداربووی ئەو كۆڕبەندە جیهانییە لە سیاسەت و ستراتیژیەتی حكومەتەكەی عەبادی و شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و سەپاندنی ئەو هەموو گەمارۆ نامرۆییەی كە لەسەر گەلی كوردستانی سەپاندووە، تەنیا لەبەر ئەوەی گەلی كوردستان، پێكەوەژیانی زۆرەملێی لەگەڵ عێراق رەتكردۆتەوە و داوای پێكەوەژیانی ئارەزوومەندانەی لەچوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراقدا كردووە.
دیدار و كۆبوونەوەكانی كوردستان لە داڤۆس پیشاندانی پشتگیرییەكی گەورە بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە میانەی ئەو وتارەی لە داڤۆس پێشكەشی كرد، تەوەری باسەكەی ئەوە بوو، بۆچی دروشمی (ئەمریكا یەكەم)ی بەرزكردۆتەوە، بۆ ئەمەش ئەوەی بە جیهان راگەیاند، لەبەر ئەوەی لای ئەو بەرژەوەندی ئەمریكا لەسەرووی هەموو شتێكی دیكەیەو بۆیە بەرژەوەندی ئەمریكا پێش هەر شتێكی دیكەش دەكەوێت و هەر لەم چوارچێوەیەشدا پێشنیاری بۆ هەموو وڵاتانی بەشداربووی ئەو كۆڕبەندە كرد، كە لەپێشاندا بایەخ بە بەرژەوەندیی وڵاتی خۆتان بدەن، ئینجا هاوكار و هەماهەنگی دروشمی كۆڕبەندەكەی داڤۆس بن كە دەڵێت: (بونیادنانی ئایندەیەكی هاوبەش لە جیهانێكی لەبەریەك هەڵوەشاودا).
وتارەكەی ئەمانوئێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنساش ئەگەرچی لە دەربڕیندا جیاوازی لەگەڵ وتارەكەی دۆناڵد ترەمپ هەبوو، بەڵام لە ناوەڕۆكدا ئەویش بەرژەوەندییەكانی فەرەنسا و بایەخدان بە خۆشگوزەرانی گەلەكەی و دۆزینەوەی هەلی كاری زیاتر بۆ وڵاتەكەی بوو، ئەم دوو وتارە كە وتاری دوو سەرۆكی تازە هەڵبژێردراو بوون و بۆ یەكەمجاریش بوو بەشداری ئەم كۆڕبەندە جیهانییە بكەن، جیا لەوەی پیشاندانی دوو تێڕوانینی جیاواز بوو بۆ بەڕێوەبردنی دوو وڵاتی گەورە، لە هەمانكاتدا پیشاندانی دوو رێگەی جیاوازیش بوو بۆ بەشداریكردنیان لە رێكخستنەوەی ئەم جیهانە هەڵوەشاوەدا، هەروەها پەیامێك بوو بۆ سەركردە بەشداربووەكانی دیكەش بەوەی هەوڵدان بۆ ئایندەیەكی هاوبەش لە جیهانێكی لەبەریەك هەڵوەشاودا، لە رێكخستنەوەی وڵاتەكەی خۆتەوە دەست پێدەكات و دەبێت لە رێكخستنەوەی وڵاتەكەی خۆت سەركەوتوو بیت، ئەوجا دەتوانیت لەبەشداریكردنت لە ئایندەیەكی هاوبەش بۆ جیهان بەشدار بیت.
ئەگەر ئاماژەی نێو هەردوو وتاری (ترەمپ و ماكرۆن) بكەین بەو بازنەیە بۆ خویندنەوەی كۆی دیدار و كۆبوونەوەكانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، ئەوا لەكۆی هەموو ئەو قسەو باسانەی لەو هەموو دیدارە جیاوازانە كراون، پەیامی نێچیرڤان بارزانی-یش بۆ هەموو بەشداربووانی كۆنگرەی داڤۆس ئەوە بووە كە بەرژەوەندیی كوردستان لای نێچیرڤان بارزانی لە سەرووی هەموو شتێكی دیكەیەو لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەكانی كوردستانیش ئەوا كوردستان ئەو ئیرادەو توانایەی هەیە كە بەشدار بێت لە عێراقێكی سەركەوتووی دیموكراتی و فیدڕاڵی، هۆكارێكی ئەرێنییش بێت بۆ ئاشتی و سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی، هەروەها كاراكتەرێكی چالاكیش دەبێت بۆ بەشداربوون لە بونیادی ئایندەیەكی هاوبەشدا بۆ گشت مرۆڤایەتی.
ئەوجا ئەگەر لێرەوە بگەڕێینەوە بۆ دروشمە سەرەكییەكەی كۆڕبەندی جیهانی داڤۆس كە دەڵێت: (بونیادنانی ئایندەیەكی هاوبەش لە جیهانێكی لەبەریەك هەڵوەشاودا) و لەچوارچێوەی ئەم دروشمە، پێگەی جیۆپۆلیتیكی ئێستای عێراق لەناو نەخشەی هەموو تەنگژەكانی جیهاندا بخوێنینەوە، ئەوا هیچ یەكێك لەم جیهانە گومانی لەسەر ئەوە نییە كە پێگەی جیۆپۆلیتیكی عێراق لەسەر نەخشەی تەنگژەكانی تەواوی جیهان، وەك پێگەی سێ گۆشەی بەرمۆدا وایە كە زۆر جار پێی دەڵێن (سێ گۆشەی شەیتان) لە ئۆقیانووسی ئەتڵەسیدا. ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر لەناو نەخشەی تەنگژەكانی جیهاندا، كێشەی عێراق بە تەنیا بە هاوتای هەموو تەنگژەكانی دیكە حیسابی بۆ نەكرێت، ئەوا نەك هەر ناتوانرێت ئایندەیەكی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی بونیاد بنرێت، بگرە تەواوی ئاسایش و سەقامگیری مرۆڤایەتی و جیهانیش دەكەوێتە مەترسییەوە. بۆ پشتڕاستكردنەوەی مەزندەكردنی ئەم مەترسییەش، دروستبوونی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە عێراقدا باشترین بەڵگەیە و بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییش بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، دیسان ئاماژەیە بۆ دروستكردنی مەترسیی ترسناكتر بە هۆی عێراقەوە، ئەگەر بەشێوەیەكی لۆژیكانە و بە هاوكاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كێشەكانی عێراق چارەسەر نەكرێن و سەرلەنوێ بەپێی دەستووری عێراق، دەوڵەتی عێراق بونیاد نەنرێتەوە.
ئاشكرایە نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و دەوڵەتانی ناتۆ و تەواوی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش، هەموو پێكەوە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە تەنیا عێراق شوێنی سەرهەڵدانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعشە، نەك سووریا، هەروەها سەرۆكی ئەم رێكخراوە تیرۆریستییەش كە (ئەبوبەكر بەغدادی) بووە، عێراقییە نەك سووری، لەمەش بەڵگەی زیاتر ئەگەر رێكخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە بەگشتی و لقی عێراق، وەك دەرهاویشتەی جیهاد دژی رۆژئاوا سەیر بكرێت و شرۆڤەی بۆ بكرێت، ئەوا رێكخراوی داعش دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا (بە گوتەی عەرەبی سوننە و شیعە دوای كۆتاییهاتن بە داگیركاری ئەمریكا) لە عێراقدا سەریهەڵدا، ئەمەش بەو مانایەی داعش بۆ جیهاد دژی رۆژئاوا، یان ئەمریكا دانەمەزراوە، بەڵكو بۆ جیهاد دژی سیاسەتی مەزهەبگەرایی شیعە لە عێراقدا دامەزراوە، جیهانیش زۆر باش لەم راستیە تێگەیشتووە، ئەگەر سەرهەڵدانی مەزهەبگەرایی شیعە لە حوكمڕانی سەریهەڵنەدابایە و حكومەتی عێراق لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا حوكمڕانی بكردایە و رێزی مافە دەستوورییەكانی بگرتایە، ئەوا رێكخراوی داعش نەدەبوو، هەربۆیە كە ئێستا هەموو جیهان شانازی بەوە دەكات كە شەڕی سەربازی دژی داعش بەرەو كۆتایی دەچێت، ئەوا ئەم سەركەوتنە دەبێت هاوكاتیش بێت لە رێگرتن لە درێژەدان بە سیاسەتی مەزهەبگەرایی شیعە و گوشار خستنە سەر حكومەتی عێراق بۆ ئەوەی دەستووری عێراق جێبەجێ بكات و لە سیاسەتی مەزهەبگەرایی دوور بكەوێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر سەرنجی كۆی وتووێژەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بدەین، لە تەواوی دیدار و كۆبوونەوەكانی بەگشتی و لەگەڵ (جیفری فێڵتمان جێگری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی و ریكس تیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و شەخسی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەروەها شا عەبدوڵای پادشای ئەردەن) بەتایبەتی، ئەوا بۆمان دەردەكەوێت، كە تەوەری سەرەكیی قسەكانی نێچیرڤان بارزانی جەختكردنەوە بووە لەسەر تەواوی ماددەكانی ناو دەستووری عێراق، ئەم جەختكردنەوەیەی لە پێناوی ئەم ئامانجانە بووە:
1- نێچیرڤان بارزانی بە حوكمی ئەوەی سەرۆك وەزیرانی كوردستانە، ئەوا بەرژەوەندیی كوردستان لەسەرووی هەموو شتێكی دیكەوە سەیردەكات، بێگومان دەستووری عێراقیش كە خودی دەستوورەكە خۆی پابەند كردووە كە رێز لەو دەسەڵات و مافانە بگرێت، كە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە چ وەك یاسا و چ وەك بڕیار لەماوەی ساڵانی 1992 تا مانگی ئایاری 2005 كە دەستووری عێراق كاری پێدەكرێت. هەربۆیە جەختكردنەوە لەسەر جێبەجێكردنی دەستووری عێراق و داكۆكیكردنە لەسەر بەرژەوەندییەكانی كوردستان، ئەو بەرژەوەندییانەی كەوای لە كوردستان كردووە لە چوارچێوەی ئەو دەستوورە پێكەوەژیانی ئارەزوومەندانە لە چوارچێوەی عێراقدا هەڵبژێرێت. هەروەها لەلایەكی دیكە جەختكردنەوەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەسەر جێبەجێكردنی دەستووری عێراق، گەیاندنی پەیامێكی دیكەیە بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەوەی ئەگەر ئەو دەستوورە پێشێل نەكرابایە و عێراق دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی بوایە، كوردستان پەنای بۆ ریفراندۆم نەدەبرد، لەمەش زیاتر، هەتا عێراق ئەو دەستوورە وەك خۆی تەواوی ماددەكانی جێبەجێ نەكات، ئەوا نەك یەكپارچەیی عێراق، بەڵكو سیستمی جیهانیش لەمەترسیدا دەبێت.
2- جەختكردنەوەی نێچیرڤان بارزانی لەسەر جێبەجێكردنی دەستووری عێراق، پەیامێكی راستەوخۆیە بۆ حكومەتی حەیدەر عەبادی و ناڕاستەوخۆ بۆ تەواوی جیهان، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر حكومەتی حەیدەر عەبادی هەر وەك ئێستا رەفتار بكات و درێژە بە سیاسەتی مەزهەبگەرایی بدات، ئەوا هەمان ئەو ژینگەیە دووبارە دروست دەبێتەوە كە كابینەكەی نوری مالیكی بۆ سەرهەڵدانی داعش دروستی كرد، بۆیە دەبێت عەبادی ئەمجارە هۆشیار بێت و كۆمەڵگەی نیودەوڵەتیش بە هەستیاری مامەڵە لەگەڵ سیاسەتە حەرباییە بكەن كە هەر ساتەی بە رەنگێك خۆی پیشاندەدات، ئەو سیاسەتەی ئێستا حەیدەر عەبادی بۆ مامەڵەكردنی لەگەڵ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق و هەرێمی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پیادەی دەكات، سیاسەت و ستراتیژیەتێكی فێڵاوییانەیە بۆ هەڵخەڵەتاندنی هەموو لایەك، بۆیە ئەگەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوپۆشی لەم شێوازەی سیاسەتەی حەیدەر عەبادی بكات، ئەوا عێراق جارێكی دیكە دەبێتە پەناگەیەكی ئارام و لەبار بۆ سەرهەڵدانەوەی رێكخراوێكی ترسناكتر لە تیرۆریستانی داعش.
3- لایەنێكی دیكەی قسەكانی نێچیرڤان بارزانی بە جەختكردنەوەی لەسەر جێبەجێكردنی دەستووری عێراق، كۆكردنەوەی بەرژەوەندییە هاوبەش و جیاوازەكانی (كوردستان و عێراق و كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی)یە، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر بەرژەوەندیی كوردستان بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە جێبەجێكردنی دەستووری عێراقدا بێت، ئەوا بەهەمان شێوە بەرژەوەندیی عێراقیش بۆ ئاشتی و سەقامگیری و كۆتاییهێنان بە سیاسەتی مەزهەبگەرایی، تەنیا و تەنیا بە جێبەجێكردنی دەستووری عێراقی دێتەدی، بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش كە پێشتر عێراق بەهۆی سیاسەتی مەزهەبگەرایی و سەرهەڵدانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، ببووە سێ گۆشەی شەیتان لەناو دڵی جیهاندا، ئەوا بە جێبەجێكردنی دەستووری عێراق ئەم سێ گۆشە شەیتانە دەگۆڕێت بۆ سێ گۆشەی خێر و دوورگەیەكی ئاشتی و سەقامگیری، ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی ئەگەر پێشتر عێراق سەرچاوەی هەناردەكردنی هەموو مەترسییەكانی تیرۆریستی بووبێت لەسەر هەموو جیهان، ئەوا دوای جێبەجێكردنی دەستووری عێراق، عێراق دەبێتە ئەو دەوڵەتەی كە دەتوانێت هاوكار و هەماهەنگ بێت لە بونیادنانی ئایندەی هاوبەش لەم جیهانە لەبەر یەك هەڵوەشاوەیەدا.
لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەو تێبینییە رۆژنامەنووسییانەی كە ئاماژە بەوە دەكەن، ئامادەبووانی كۆڕبەندی جیهانی داڤۆس بەپەرۆشتر پێشوازییان لە دیدار و كۆبوونەوەكانی نێچیرڤان بارزانی دەكرد، تا لە حەیدەر عەبادی، هۆكاری ئەم پەرۆشییە بۆ دیدارەكانی شاندی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە سەرۆك وەزیرانی كوردستان زۆر بە جددی و حەماسەوە هەوڵیداوە پێ لەسەر بەرژەوەندییە راستەقینەكانی كوردستان و گەلی كوردستان دابگرێت، ئەمەش بەشێوەیەك بەرژەوەندییەكانی كوردستان و گەلی كوردستان ببنە هاوكار و فاكتەری خێر بۆ بەرژەوەندیەكانی عێراق و گەلی عەرەب لە عێراقدا، بەڵام سەرۆك وەزیرانی عێراق كە نەیتوانیوە بە جددی و حەماسەوە پێداگیری لەسەر ئەو بەرژەوەندییانەی مەبەستێتی (بەرژەوەندی مەزهەبی و شیعەگەرایی) بكات، ئەوا زۆر بە گومان و بڕوا بەخۆنەبوونەوە باسی بەرژەوەندییەكانی عێراقی كردووە و نەیتوانیوە بە جۆرێك نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەكانی عێراق بكات كە ببێتە هۆكار و فاكتەری خێر بۆ پێكەوەژیانی ئارەزوومەندانەی پێكهاتە جیاوازەكان لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا، بۆیە هەوڵەكانی بە گومانەوە سەیركراون و جێگەی بایەخ نەبوون، ئەمەش مانای ئەوەیە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەنتەری تەركیزی خۆی بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق لە بەغداوە دەگوازێتەوە بۆ هەولێر، ئەگەر بەغدا هەر بەمجۆرە مل بداتە جێبەجێكردنی دەستوور، ئەو نمایشەی عەبادی لەسەر شانۆكەی داڤۆس پیشانی جیهانی دا، دەبێتە هۆكاری ئەوەی چاوخشاندنەوەیەك بە پەیوەندیی نێودەوڵەتی لەگەڵ بەغدا بێتەئاراوە.
كۆڕبەندی داڤۆس 2018
وەك عێراقێكی دیكە. پێشوازی لە كوردستان كرد
لە كۆڕبەندی جیهانی داڤۆس بۆ ساڵی 2018 كە زیاتر لە 340 كەسایەتی دیار لەسەر ئاستی جیهان بەشداریان تێدا كردبوو، 70 كەسایەتیان سەرۆكی دەوڵەت، یان حكومەت بوون، لەناو ئەو 70 سەرۆك و سەرۆك حكومەتەدا، عێراق تەنیا دەوڵەت بوو كە دوو سەرۆك وەزیران (حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی) بەشدارییان تێدا كردبوو، هەر بۆیە ئەگەر د.حەیدەر عەبادی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆڕبەندەكە بەشداری كردبێت، ئەوا نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆك وەزیرانی «عێراقەكەی دیكە– The Other Iraq). كە كوردستانە بەشداری كردووە.
بەكارهێنانی چەمكی «عێراقەكەی دیكە» بۆ كوردستان، چەمێكی تازە نییە و دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای بونیادنەوەی عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵی لە ساڵانی (2005- 2009). لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا شەڕی خوێناوی لە نێوان شیعەو سوننە گەیشتە ئەو ئاستەی كە دەوڵەتان و ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان، ناچاربوون لە سەرەتاوە نوێنەرایەتییەكانی خۆیان لە بەغدای پایتەخت بگوازنەوە بۆ عەمانی پایتەختی ئوردن، بەڵام پاشان كە بینیان لە كوردستان ئاسایش و سەقامگیری بوونی هەیە و كوردستان پرۆسەیەكی پەرەپێدانی سەركەوتوو بەڕێوە دەبات، بەشێك لە ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و نووسینگەی رێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان هاتنە كوردستان، ئەوجا ئەوكات خۆیان بەو جۆرە پێناسەی خۆیان دەكرد، بەوەی نووسینگەكانیان لە عێراقە، بەڵام ئەو عێراقە ناسەقامگیر و پڕئاژاوەیە نە، بەڵكو عێراقە ئارام و سەقامگیرەكە كە مەبەستیان هەرێمی كوردستان بوو. ئەمساڵیش لە كۆڕبەندی جیهانی دافۆس، دەتوانین بڵێین كۆڕبەندەكە و دەوڵەتانی ئامادەبووش، بەهەمان شێوە مامەڵەیان لەگەڵ دوو عێراق كرد، یەكەمیان ئەو عێراقەی كە عەبادی نوێنەرایەتی دەكرد، دووەمیان عێراقەكەی دیكە كە نێچیرڤان بارزانی نوێنەرایەتی دەكرد، لە هەمانكاتدا هەردوو عێراقەكەش لە میانەی ئەم كۆڕبەندە پێكەوە كۆبوونەوە و باسیان لە چارەسەركردنی كێشەی نێوان هەردوو عێراقە دەكرد.
لایەنێكی دیكەی گرنگ كە تایبەتە بە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر عێراق كە هەتا ئێستاش لەژێر ناوی (یەك عێراق و یەك سیاسەت) ئاماژە بۆ سیاسەتی خۆی بەرامبەر عێراق دەكات، كەچی وەك بینیمان ریكس تیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی عێراقەكەی دیكە ئەنجامداو پاشان لەگەڵ حەیدەر عەبادی دیداری ئەنجامدا، دیارە ئامانجی ریكس تیلرسۆن لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی تەوەری سەرەكی و گرنگ هەرباسی چۆنیەتی جێبەجیكردنی دەستووری عێراق بووە لە نێوان هەرێم و عێراقدا، لەگەڵ حەیدەر عەبادییش بێگومان هەر تەوەری سەرەكی جێبەجێكردنی دەستوور بووە بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و كوردستان، بەڵام لێرەدا سەرنجە رۆژنامەنووسییەكە ئەوەیە، بۆچی لەگەڵ هەردوو سەرۆك وەزیرەكە (عەبادی و بارزانی) پێكەوە كۆنەبووەوە؟ بێگومان وەڵامە رۆژنامەنووسییەكە ئەوەیە، لەدیدی تیلرسۆندا ئەو عێراقەی عەبادی نوێنەرایەتی دەكات پێویستی بە جۆرە مامەڵەیەكە و ئەوەی نێچیرڤان بارزانی نوێنەرایەتی دەكات، پێویستی بە جۆرە مامەڵەیەكی دیكە هەیە.
هەروەها لە كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ژان ئیف لۆردیان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، دیسان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، ئەمجارە كە سەردانی بەغدای كرد، سەردانی هەولێریش دەكات، ئەمەش مانای ئەوەیە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە شێوەی پڕۆتۆكۆلی سەردانی عێراق دەكات، بەڵام لەناو عێراقدا عێراقێكی دیكە هەیە كە پایتەختەكەی هەولێرە نەك بەغدا، بۆیە كە دەڵێت سەردانی هەولێریش دەكەم، مانای ئەوەیە سەردانی عێراقەكەی دیكە دەكەم.
لەوانەیە پرسیارێك لێرەدا سەرهەڵبدات، ئەویش ئەوەیە، ئایا بۆچی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستی بەوە هەیە، بە دوو زمانی جیاواز قسە لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان بكات؟ لەوانەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستمان بە نموونەیەكی دەرەوەی كۆڕبەندی جیهانی داڤۆسی 2018 بێت و ناچار بین پەنا بۆ ئەو قسانە بەرین كە پاپای ڤاتیكان لە میانەی سەردانی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ڤاتیكان پێی راگەیاندووە. ئاشكرایە پاپای ڤاتیكان لە رێگەی سەرۆك وەزیرانی كوردستانەوە، سوپاسی حكومەت و گەلی كوردستانی كردووە، كە توانیویانە ببنە لانە و پەناگەی ئارام بۆ هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەكان لە عێراقدا و لە سەرووی هەمووشیانەوە تەواوی برا كریستیانەكان كە لە بەشەكانی دیكەی عێراق نەیانتوانیوە بژین و بە ناچاری روویانكردۆتە كوردستان. با لەسەر ئەم پرسیارە هەڵوەستەیەك بكەین و گریمانەی ئەوە بكەین، پاپای ڤاتیكان دیدارێك لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەیرانی عێراق ئەنجامدات، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا بەو زمانەی سوپاسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان دەكات، دەتوانێت بەهەمان شێوە سوپاسی سەرۆك وەزیرانی عێراق بكات؟ بێگومان واقیعی بەشە عەرەبییەكەی عێراق كە عەبادی نوێنەرایەتی دەكات، رێگە نادات كەسێكی وەك قەداسەتی پاپا ستایشی بكات، بەڵكو ئەگەر دیدارێكی لەو جۆرە رووبدات، قەداسەتی پاپا ناچار دەبێت، رێنمایی عەبادی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق بكات و داوای لێ بكات چیتر رێگە نەدات، كەنیسەی برا كریستیانەكان لەبەغداو شوێنەكانی دیكەی عێراق بتەقێندرێنەوە و رێگە نەدرێت كە كریستیانەكان لە ژێر گوشاردا ناچاربن ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن، بۆیە لە حاڵەتی لەمجۆرەدا، ئەگەر حەیدەر عەبادی نوێنەرایەتی هەموو عێراق بكات، ئەوا دەبێت هەموو عێراق وەك كوردستان لانەی پێكەوەژیان و لێبووردەیی بێت، بەڵام واقیعی حاڵ ئەوەیە كوردستان بارودۆخێكە و عێراق بارودۆخێكی دیكە، بۆیە ئەگەر ناچاریش بن، مامەڵە لەگەڵ كوردستان وەك بەشێك لە عێراق بكەن، ئەوا دەبێت وەك عێراقێكی دیكە مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكەن.
لایەنێكی دیكە جیاوازییە لەنێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و میلیشیا مەزهەبگەرایەكەی حەشدی شەعبی. بێگومان سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی وەك (ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئەمریكا) كە سێ لایەنی سەرەكین لەشەڕی دژی داعش و بە یەك بەرنامە هاوكاری هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق دەكەن، كاتێك لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی كۆدەبنەوە كە لە رووی سەربازییەوە لە ئێستادا نوێنەرایەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكات، كاتێكیش كە لە گەڵ عەبادی كۆدەبنەوە كە نوێنەرایەتی حەشدی شەعبی و سوپا دەكات، جیاوازییان هەیە، بۆیە پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا دەتوانن وەك یەك و بە یەك زمان مامەڵە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بكەن؟ بێگومان لێدوانە رۆژنامەوانییەكانی دوای دیدارەكانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە، لەگەڵ لێدوانە رۆژنامەنووسییەكانی دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ حەیدەر عەبادی زۆر لێك جیاوازن، هەر بۆ نموونە كاتێك تیلرسۆن یان ئەمانوئیل ماكرۆن، یان ئۆرسۆلا ڤۆندەرین، لەگەڵ حەیدەر عەبادی كۆدەبنەوە، كە كۆبوونەوەكە تەواو دەبێت، دەڵێن: باسی ئەوەمان كردووە كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێتەوە، یان وەك تیلرسۆن رایگەیاند، داوامان كردووە میلیشیا وەكیلەكانی ئێران عێراق بەجێ بهێڵن، بەڵام ئایا كاتێك كە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی كۆدەبنەوە، لە لێدوانە رۆژنامەنووسییەكان چی دەڵێن؟ بێگومان سوپاسی پێشمەرگە دەكەن و سووربوونی خۆیان لەسەر یارمەتیدانی پێشمەرگە دووبارە دەكەنەوە، ئەمە راستییەكمان بۆ ئاشكرا دەكات، ئەویش ئەوەیە كە ئەو سوپایەی عێراقەكەی دیكە كە پێشمەرگەیە، جێگەی رێزی هەموو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، بەڵام ئەو هێزەی حەشدی شەعبییە و نوێنەرایەتی عێراقەكەی عەبادی دەكات، هەموو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەك هەڕەشە بۆسەر خۆیان سەیری دەكەین.
كەواتە لەم راستەوە دەكرێت بڵێین: لەگەڵ ئەوەی لەدوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، هەموو هەوڵی حكومەتەكەی عەبادی بۆ ئەوە بووە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەچوارچێوەی عێراقەكەی عەبادی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن و بەشێوازی جیاواز بە هاوتای سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێشوازی لەسەرۆك وەزیرانی كوردستان نەكرێت، بەڵام سەردانە سەركەوتووەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ پاریس و بەرلین و ڤاتیكان و تەنانەت تاران و ئەمجارەش لە كۆڕبەندی جیهانی داڤۆس، ئەو راستییەیان دەرخست كە نەك تەنیا دەوڵەتانی ئەوروپی بە بەرژەوەندی نازانن لە چوارچێوەی عێراقەكەی عەبادی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن، بەڵكو سەرۆك كۆماری ئێرانیش بە پێشوازیكردنی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، ئەو راستییەی نەشاردەوە، كە بەرژەوەندیی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەوەدایە پەیوەندییەكی راستەوخۆ لەنێوان تاران و هەولێر هەبێت، نەك هەر تەنیا لە نێوان تاران و بەغدا، یان تاران بە رێگەی بەغدا تەنیا مامەڵە لەگەڵ كوردستاندا بكات. ئەوجا ئەگەر تاران كە لە رووی سیاسییەوە خۆی بە سپۆنسەری پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەزانێت، گەیشتبێتە ئەو قەناعەتەی پەیوەندی راستەوخۆی نێوان هەولێر و تاران گرنگە و ناتوانێت دەستبەرداری بێت، ئەوا بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر گرنگە كە بەو ئاراستەیە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان زیاتر بكەن.
هەوڵە دیپلۆماتییەكانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەدوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر ئەوجا چ سەردانە تایبەتییەكانی بۆ پایتەختەكانی جیهان، چ ئەو هەوڵانەی لەچەند رۆژی رابردوو لەمیانەی كۆڕبەندی جیهانی داڤۆس 2018 بینیمان، هەوڵێكی سەركەوتوو بوون، بۆ ئەوەی جیهان و دەوڵەتانی ناوچەكەش جارێكی دیكە بگەنەوە ئەو قەناعەتەی كە دەشێت لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، كوردستان وەك بەشێك، یان هەرێمێكی فیدڕاڵی لە چوارچێوەی ئەو دەستوورە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بەڵام ئەگەر بوار بدەن بە خواست و تێڕوانینی عێراق، كە كوردستان بەو جۆرە بەشێك بێت لە عێراق و تایبەتمەندی عێراقەكەی دیكەی نەمێنێت، ئەوا راستە بەرژەوەندییەكانی كوردستان زیانی پێدەكەوێت، بەڵام بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتانی دیكەش لە عێراقدا تا ئەو ئاستە زیانی پێدەكەوێت، كە نەتوانن دواتر درێژە بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ عێراق بدەن.
لایەنی سەركەوتوو لە دیدار و كۆبوونەوەكانی نێچیرڤان بارزانی لە كۆی هەوڵە دیپلۆماتییەكان بەگشتی و لە كۆڕبەندی جیهانیی داڤۆس-ی 2018 ئەوەی بۆ پشتڕاست كردینەوە كە بەرژەوەندیی عێراق و ناوچەكە و جیهانیش لەوەدایە كە هەرێمی كوردستان بەهێز بێت و پشتگیری حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت، بۆ ئەوەی گیانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان لانیكەم لە بەشێكی عێراق كە هەرێمی كوردستانە بەردەوام بێت.