حزب و دیاردەی پۆپۆلیستی تەنیا بە هێزی یاسا و دامەزراوەی بەهێز سنووری بۆ دادەنرێت
January 22, 2018
راپۆرتەکان
یۆرگن هابرماس فەیلەسوفی هاوچەرخی ئەڵمانی و تەواوی مرۆڤایەتی، بۆ راستكردنەوەی دەرهاویشتە نەرێنییەكانی حزبە سیاسییەكانی ناو پرۆسەی دیموكراتی و، بۆ ئەوەی حزبی سیاسی لەژێر پەردەی دیموكراتیدا یاری بە بەهاكانی دیموكراتی نەكات، تیۆری فەزای گشتی داناوە بۆ ئەوەی دیموكراتی لیبڕاڵی ببێتە دیموكراتیەتێكی راوێژكاریكاری، گرنگترین خاڵ و كۆڵەگەی ناو ئەم تیۆرەی هابرماس بۆ كاریگەریی فەزای گشتی، بوونی (زمانێكی هاوبەشی بەرژەوەندییەكانی كۆمەڵگەیە) بۆ ئەوەی خەڵك لە روانگەی قسەكردن بە زمانی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان، رێگە و چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكانی خۆیان بدۆزنەوە، لە چوارچێوەی ئەم راوێژكردنەی خەڵك لە ناو فەزای گشتیدا، رایەڵەیەك لە نێوان وەزارەتەكانی حكومەت و خەڵك دروست دەبێت و بڕیارەكانی حكومەت وەڵامدەرەوەی خواست و داواكاری گشتی دەبێت، ئەوجا بۆ ئەوەی گوتاری ناو فەزای گشتی، هاوكار و یارمەتیدەر بێ بۆ راستكردنەوەی دیموكراتی و هاوئاهەنگیی بڕیارەكانی حكومەت لەگەڵ رای گشتی، مەرجێكی بنەڕەتی بۆ گوتاری فەزای گشتی داناوە بەوەی دەبێت (گوتارێكی نموونەیی) بێت، مەبەستیشی لە گوتاری نموونەیی ئەوەیە كە ئەو گوتارە توانای ئەوەی هەبێت (وشە بگۆڕێت بۆ كردار)، بەڵام ئەم گوتارە كاتێك ئەو توانایەی دەبێت كە رەچاوی چەند بنەمایەكی ئەخلاقی بكات، كە گرنگترینیان ئەوەیە دەبێت گوتاربێژ بزانێت بۆ كێ قسە دەكات و كێ گوێی لێدەگرێت، چۆن ئەویش گوێ لە بۆچوونە جیاوازەكانی خەڵكەكانی ناو فەزای گشتی دەگرێت.
ئەگەر لەسەر بنەمای ئەو چوارچێوەیەی هابرماس بۆ فەزای گشتی دایناوە، هەڵسەنگاندێك بۆ شێوازی سیاسەتكردن و گوتاری حزبە سیاسییەكانی كوردستان بكەین، ئەوا وەك ئێستا بە كردەیی لە كوردستان دەبینین، ئامانجی حزبە سیاسییەكان ئەوەیە ئەو فەزا گشتییە بكەنە هۆكارێك بۆ سیاسەتی دژە حوكمڕانی و سەرلێ تێكدانی حكومەت بۆ ئەوەی نەتوانێت بڕیار بدات، یان نەتوانێت بە هەماهەنگی و هاوكاری خەڵك بڕیارێك بدات كە بڕیارەكەی وەڵامدانەوەی خواستی خەڵكی ناو فەزای گشتی بێت. ئەوجا ئەگەر لێرەوە قووڵتر و وردتر لەسەر ئەو چوارچێوەیە هەڵوەستە بكەین كە هابرماس بۆ فەزای گشتی دایناوە و ئەو پرسیارە بورووژێنین، ئەگەر بنەما ئەخلاقییەكانی گوتاری فەزای گشتی لەلایەن حزبە پۆپۆلیستییەكانەوە پێشێل كران، یان نەهێڵدران، ئایا ئاراستەی سیاسەتی حوكمڕانی و بیركردنەوەی كۆمەڵگە بەرەو كوێ دەچێت؟ بێگومان پێش هەموو شت زمانی هاوبەشی بەرژەوەندی گشتی خەڵك بوونی نامێنێت، كەس لەكەس تێناگات و كەس گوێ بۆ ئەوی دیكە ناگرێت، بەمەش گوتاری نموونەیی ناو فەزای گشتی دەبێتە چەنەبازی و بێجگە لە ئاژاوە شتێكی دیكە بەرهەم ناهێنێت، لەمەش خراپتر، لەبەر ئەوەی لەكاتی تێكدانی فەزای گشتی بۆ فەزای تێكدان و گوێ لەیەك نەگرتن، ئەوا قسە و وتی وتی جێگەی زانیاری پێویست بۆ هاووڵاتیان دەگرێتەوە، كاتێكیش هاووڵاتی لەسەرچاوەكانی زانیاری بێبەش بوو، ئەوا ناتوانێت بەشداری پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا بكات، لەم حاڵەتەدا بۆ ئەوەی هاووڵاتی لەناو فەزای تێكدان و ئاژاوە بمێنێتەوە، حزبە پۆپۆلیستییەكان دەبنە سەرچاوەی قسە و قسەلۆك لەبری زانیاریدان بە هاووڵاتی و بە رێگەی هۆیەكانی راگەیاندن ئەم قسە و قسەلۆكانە دەكرێتە شمەك و بە هاووڵاتی دەفرۆشرێنەوە، ئەمەش مەترسییەكی هێجگار گەورەیە و دەبێتە هۆكاری ئەوەی پرۆسە سیاسییەكە و حوكمڕانی هیچ مانایەكی بۆ نەمێنێتەوە، بەمەش ئامانجی سەرەكیی حزبە پۆپۆلیسستەكان دێتەدی.
هابرماس بۆ سنووردانان بۆ ئەم حاڵەتە، باس لەوە دەكات، ئەگەر ساڵێك زستانەكەی سەخت بێت و خەڵك وەك پێویست نەتوانن وزە بۆ خۆگەرمكردنەوە دابین بكەن، ئەوا حكومەت ناچار دەبێت بێتە ناو كێشەكە و هاوكاری هاووڵاتیان بكات بۆ ئەوەی وزەی پێویست بۆ خۆگەرمكردنەوەیان هەبێت، بەڵام لای هابرماس سەیرە كاتێك حزبە سیاسییەكان دەبنە هۆكاری ئەوەی هاووڵاتی زانیاری پێویستیان بۆ بەشداری لە پرۆسەی سیاسی نەبێت، بەڵام حكومەت و دەسەڵات بێدەنگ بن و تەماشاچی بن، ئەمە لەكاتێكدا چەند دابینكردنی وزە بۆ سەرمای زستان بۆ هاووڵاتی گرنگە، دە هێندە دابینكردنی زانیاری بۆ بەشداریكردنی هاووڵاتی لە پرۆسەی سیاسی گرنگە، بۆیە لە حاڵەتی لەمجۆرەدا كە ژینگەیەك دروست دەبێت كە ئامانجی حزبە پۆپۆلیستییەكان ئەوەیە كە سیاسەتی حوكمڕانی پەك بخرێت و هاووڵاتی بەشداری پرۆسەی سیاسی نەكات، ئەوا هەر حكومەتێك رووبەڕووی پەتای لەمجۆرە بووە، دەبێت وەك حكومەتی ئەڵمانیا بە زەبری هێزی یاسا، ئەو جۆرە حزبانە لە پرۆسەی سیاسی رابگرێت و رێگە نەدات درێژە بە تێكدانی فەزای گشتی و پەكخستنی سیاسەتی حوكمڕانی بدەن.
لایەنێكی دیكە كە حزب و بزووتنەوە و گرووپی پۆپۆلیستی ئامانجیەتی لە سیستمی دیموكراتی بەدەستی بهێنێت، تێكدانی هاوسەنگیی سیستمە دیموكراتییەكەیە، بێگومان هاوسەنگیی سیستمی دیموكراتی بەندە بە دامەزراوەكانی حكومەت و رێزگرتن لە سەروەریی یاسا، ئەوجا پۆپۆلیستەكان بۆ ئەوەی ئەم هاوسەنگییە بشێوێنن، كاری سەرەكییان ئەوەیە شكۆ و بەهای دامەزراوەكان بشكێنن، یان سووكی بكەن، هەر بۆ نموونە، گرنگترین دامەزراوەی شەرعی هەر دەوڵەتێك، پەرلەمانە هەڵبژێردراوەكەیەتی، بەڵام حزبە پۆپۆلیستییەكانی كوردستان، بەتایبەتی (بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و بەشێك لە پەرلەمانتارەكانی یەكگرتووی ئیسلامی) لە 19ی ئابی 2015 بە پێشێلكردنی رێككەوتنی نێوان حزبە سیاسییەكان پەرلەمانیان پەكخست، وایان كرد لەدوای 19ی ئابی 2015 پەرلەمان نەتوانێت كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بكات و بڕیار و یاسا دەربكات، ئەوجا بۆ ئەوەی ئەم هەڵەیە بە هەڵەیەكی دیكە چارەسەر بكەن، هەر حزبە پۆپۆلیستییەكان لەسەرەتای ئۆكتۆبەری 2015 كۆتاییان بە كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان هێناو زەمینەیان بۆ هەڵكووتانە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان دروست كرد، لەمەش زیاتر بەنیاز بوون ئەم كارە ئاژاوەگێڕییە بە رێگەی پەرلەمان بیخەنە چوارچێوەی ئازادی رادەربڕین و خۆپیشاندانی مەدەنییانە، كە بەم رێگەیە نەیانتوانی فێڵ لەپارتی دیموكراتی كوردستان بكەن و پارتی رێگەی نەدا كە دامەزراوەكە بكرێتە سەكۆی شەرعییەتدان بە ئاژاوەگێڕی و پەردەپۆشكردنی بەناوی ئازادی رادەربڕین و دیموكراتییەوە، ئیدی بە تەواوەتی هەوڵیاندا كە تەواوی ئەزموونەكە لەبەریەك هەڵبوەشێنن. دیارە لەماوەی ئۆكتۆبەری 2015 هەتا ئۆكتۆبەری 2017 ئەو هەلەیان بۆ نەڕەخسا بە ئاشكرا بانگەشەی هەڵوەشانەوەی دامەزراوەكانی حكومەت و پەرلەمان بكەن، بەڵام لەدوای خەیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، بە ئاشكرا كەوتنە داواكردنی هەڵوەشانەوەی حكومەت و پەرلەمان، لەمەش خراپتر كاتێك حكومەتی كوردستان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بكرێت و حكومەتێكی تازە پێك بهێنرێت، ئەوا وەك بینیمان لەگەڵ ئەوەی ئامادەباشییان بۆ هەڵبژاردن نییە، كە چی لە هەمانكاتدا سەردانی بەغدا دەكەن بۆ ئەوەی بەو رێگەیە شەرعییەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بخەنە ژێر پرسیارەوە.
دیارە حكومەتی هەرێمی كوردستان، تەنیا حكومەت نییە كە رووبەڕووی دیاردەیەكی پۆپۆلیسیتیی لەمجۆرە دەبێتەوە، بەڵام گرنگە ئەو راستییە بزانین، كە حزبە پۆپۆلیستەكان (ئەوجا هەر ئایدیۆلۆژیەتێكیان هەبێت) بە رێگەی دیالۆگ و دانوستاندن ناتوانرێت كێشەكانیان لەگەڵدا چارەسەر بكرێت، ئەو جۆرە حزبانە نە مەبەستیانە خەڵك گوێیان بۆ بگرێت، نە مەبەستیانە گوێ لە بەرامبەرەكەیان بگرن، نە مەبەستیانە هەنگاو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەڵبگرن، نە دەشیانەوێت هۆكارێكی لەبار بن بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ كێشەكانی كۆمەڵگە و حوكمڕان، ئەوەی ئەو حزبە پۆپۆلیستانە مەبەستیانە یاریكردنە بە شكۆی دامەزراوەكانی دەوڵەت، بەكارهێنانی خەڵك و فریودانیانە بۆ ئەوەی بە كۆكتێلە سیاسییەكان مانۆڕی جۆراوجۆریان بۆ بكەن، بۆیە لەم حاڵەتەدا بۆ حكومەتی كوردستان، یان هەر حكومەتێكی دیكە، تەنیا رێگەچارە ئەوەیە دامەزراوە شەرعییەكانی دەوڵەت و دامەزراوەكانی حكومەت بەهێز بكات و بە زەبری یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو حزبە سیاسییە پۆپۆلیستیانە بكات، ئەگەر دەستبەرداری ئەم ریگە چارەیە بوو، ئەوا جیا لەوەی ناتوانێت حوكمڕانی بكات، لە هەمانكاتدا ئایندەی وڵاتەكەشی دەكەوێتە مەترسییەوە.