عەبادی ئەسپە دۆڕاوەكەی ناو نەخشەی هاوپەیمانییە سیاسییەكانی عێراق

عەبادی ئەسپە دۆڕاوەكەی ناو نەخشەی هاوپەیمانییە سیاسییەكانی عێراق
خەلەف عەبدولسەمەد پەرلەمانتاری عێراقی لە لیستی دەوڵەتی یاسا و پارێزگاری پێشووی بەسرە، لەگەڵ ئەوەی ئەمیش تا سەر ئێسقان دژی هەرێمی كوردستان و مافە دەستووریەكانییەتی، بەڵام لە دیمانەیەكدا سەبارەت بە كەسایەتیی حەیدەر عەبادی و ماستاوكردنی بۆ نوری مالیكی دەڵێت: ئەو حەیدەر عەبادیەی كە باس لە بەهەدەردانی سامانی عێراق لەسەر دەستی مالیكی دەكات، هەر ئەو كەسەیە كاتێك سەرۆكی لیژنەی دارایی بوو لەپەرلەمانی عێراق ، زەمینەسازیی بۆ نوری مالیكی دەكرد و ماستاوی بۆ دەكرد و مەدح و سەنای دەكرد. ئەمە وەسفی یەكێك لە هاوڕێكانی خۆیەتی لەناو حزبی دەعوەی عێراقی و هەر وەك كاندیدی حزبی دەعوەش پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرتووە.
ئەم وەسفەی خەلەفی هاوڕی و هاوحزبی عەبادی، ئەوەمان پێدەڵێت، حەیدەر عەبادی ئەو جوامێرە نییە لە كایەی سیاسی و حوكمڕانیدا بەو ئاستە موجازەفە و موغامەرە بكات كە ئێستا لە رەفتارەكانی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان دەیبینین، بەڵكو بەپێچەوانەوە جۆرێكە لە ماستاوكردن بۆ حزبی دەعوە( لەگەڵ ئەوەی بە لیستێكی جیاواز بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات) بۆ ئەوەی بەشێك لە حزبی دەعوە لەمیانەی دژایەتیكردنی بۆ هەرێمی كوردستان دەنگی پێبدەن و جارێكی دیكە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەربگرێتەوە، بەڵام وەك ئەزموونی رابردووی حزبی دەعوە لە جیابوونەوەی د.ئیبراهیم جەعفەری ( سەرۆك وەزیرانی پێشتری عێراق و وەزیری دەرەوەی ئێستای عێراق) پێمان دەڵێت، هەر كەسێك لە حزبی دەعوە جیابێتەوە، لەدەرەوەی حزبەكە بچووك دەبێتەوە نەك گەورەتر، ئەمەش بەو مانایەی كاتێك مەكتەبی سیاسیی حزبی دەعوە رازی نەبێت عەبادی سەرۆكی لیستی حزبەكە بێت و دوای ئەوانیش مەجلیسی ئەعلا و بەدر و عەسائیب و حزبوڵا، قبوڵیان نەبێت سەرۆكی لیستی ( فتح مبین) بێت، ئەمە مانای ئەوەیە ، حەیدەر عەبادی لەناو شەقامی سیاسیی شیعەی عێراقدا نابێتە ئەو لایەنەی كە دەنگی یەكەم بێنێت، یان هەتا ئەگەر دەنگیش بێنێت، نابێتە ئەو كەسایەتییەی هاوپەیمانییەك پێكبهێنێت بۆ ئەوەی سەرۆكایەتیی هاوپەیمانییەكە بكات و بۆ جارێكی دیكە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەربگرێتەوە، بۆیە تاكە كارتێك كە بەدەستییەوە مابێتەوە ئەوەیە كە چەندی بۆی دەكرێت دژایەتیی كوردستان بكات، لەمەش زیاتر ئەگەر بۆی بكرێت و بۆی بچێتە سەر لەوانەیە بیر لە جووڵاندنی هێزی سەربازیش بۆ سەر كوردستان بكاتەوە بۆ ئەوەی هەستی عەرەبی شۆڤێنی سوننە و شیعە بجووڵێنێت و باری لاسەنگیی خۆی پێ راست بكاتەوە.
ئەو ژینگە ئاڵۆزەی حەیدەر عەبادی بەهۆی غرورو و لەخۆبایوونی سەربازی دژی كوردستان دروستی كردووە، بەشێكی بە هاندانی ئەو میلیشیا وەكیلانەی ئێران بوو لەناو حەشدی شەعبی وەك ( بەدر و عەسائیب و حزبوڵای عێراق و مەجلیسی ئەعلا) بووە، كە ئێستا دوای ئەوەی بە هەڵەیاندا برد ، خۆیان لیستێكی تایبەتیان دروستكردووە و رازیش نەبوون پشتگیریی عەبادی بكەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكان بباتەوە، حزبی دەعوەش كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات و لەناو لیستی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ چەندین لایەنی دیكە كۆبۆتەوە، ئەوانیش ئامادەنین پشتگیری لێ بكەن، لەمەش زیاتر لەگەڵ دەستپێكردنی فەرمیی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن لە عێراقدا، ئەو كارتەش لەدەستی عەبادی دەسووتێنن كە ئێستا وەك سەركەوتن بەسەر داعش و سەركەوتن لە داگیركردنەوەی كەركوك و كوردستان بە شەقامی سیاسی عەرەبی عێراقی دەفرۆشێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەو میلیشیایانەی راستەوخۆ بە فەرمانی قاسمی سولەیمانی هێرشیان كردە سەر كەركوك و داگیریان كردەوە، پێشتر و لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر هەندێكیان وەك كازم سەیادی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا ئاشكرای كردووە، ئەو هێزەی كەركوكی داگیركردووە فەرمانی لە قاسم سولەیمانی وەرگرتووە نەك حەیدەر عەبادی، هەروەها سەبارەت بە سەركەوتنەكانیش بەسەر داعشدا، بێگومان دیارە كاتێك عەبادی بووە سەرۆك وەزیرانی عێراق ، پێش چەند مانگێك ئایەتوڵا سیستانی داوای حەشدی شەعبی شیعەی كردبوو دژی داعش، هەروەها هادی عامری و مەهدی موهەندیس و قەیس خەزعەلی و چەندی دیكەش بە هاوكاری و هەماهەنگیی قاسمی سولەیمانی ، میلیشیاكانی حەشدی شەعبییان بۆ شەڕی دژی داعش دروستكردبوو، بۆیە ئەوەی ئێستا عەبادی وەك سەركەوتن شانازی پێوە دەكات و بەنیازە بە لیستی ( نصر عابر الطوائف) پێی بچێتە ناو هەڵبژاردنەكان، ئەوا كارتەشی لە دەست دەسوتێنن و بەڵگە و دیكۆمێنیتی بەردەستی هادی عامری و مەهدی موهەندیس و قەیس خەزعەلی و ئەوانی دیكەش بۆ ئەوەی بیسەلمێنن، رۆڵیان لە شەڕی دژی داعش ئەوەندە زۆرە كە عەبادی نەتوانێت لە ناو شیعەی عێراق پێچەوانەی بكاتەوە، ئەو لایەنانەشی كە ئێستا دوای جیابوونەوەیان لە حزبی دەعوە، ئامادەباشی خۆیان دەربڕیوە كە ببنە هاوپەیمانی حەیدەر عەبادی، بە پلەی یەكەم تەیاری سەدرە بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر و بە پلەی دووەم رەوتی حیكمەیە بە سەرۆكایەتیی عەمار حەكیم، بێگومان لایەنی سەرەكی و بەهێز لەم هاوپەیمانییە تەیاری سەدرە كە پێناچێت لە 30-35 كورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت، بۆیە ئەگەر عەبادی و حەكیمیش بە هەردووكیان هێندەی سەدر بەدەست بهێێنن، ئەوا هێشتا دوورە كە عەبادی شانسی ئەوەی بێت ببێتە سەرۆكی هاوپەیمانییەكی زیاتر لە 160 كورسی بۆ ئەوەی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران، ئەمەش لەبەر ئەوەی قورسایی گەورەی دەنگی شیعە دەكەوێتە لای لیستی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتیی نوری مالیكی و لیستی ( فتح المبین) بەسەرۆكایەتیی هادی عامری.
ئاشكرایە بۆ گرێدانی هاوپەیمانی لەنێوان لیستەكەی نوری مالیكی و هادی عامری، كۆماری ئیسلامی ئێران میانگیرێكی باش دەبێت و بە ئاسانی هەر دەتوانێت هاوپەیمانی لەنێوانیاندا دروست بكات، ئەوجا بۆ ئەوەی كوتلەی زۆرینە لەناو ماڵی شیعە دەرنەچێت یان شیعە ناچار نەبێت بۆ پێكهێنانی كوتلەی زۆرینە پەنا بۆ پێكهاتەی كورد یان سوننە بەرێت، ئێران گوشار دەخاتە سەر تەیاری سەدر هەروەك چۆن لە ساڵی 2010 بە گوشاری ئێران هاوپەیمانی لەنێوان سەدر و دەوڵەتی یاسا دروستكرد، ئەمجارەش بە هەمان شێوە ، تەیاری سەدر لە عەبادی جیادەكاتەوە و ئەوكات ، عەمار حەكیمیش ناچار دەبێت دوای سەدر بكەوێت و كوتلەیەكی گەورە لەگەڵ لیستی دەوڵەتی یاسا و فەتحی موبین و سەدر دروست بكات، بەمەش عەبادی یەك رێگا چارەی لەبەردەمدا دەمێنێتەوە یان ئەوەیە بەوە رازی دەبێت وەك لیستی ( نەسر) مل بۆ داخوازیەكەی كۆماری ئیسلامی ئێران بدات، یان ئەوەیە لەناو پرۆسەی سیاسی شیعەی عێراقدا دەكەوێتە پەراوێز و دووردەكەوێتەوە.
سیستمی هەڵبژاردن لە عێراق و سروشتی دەنگدانی پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق ( كورد و شیعە و سوننە) بەو جۆرەیە ، كە هەم پارێزگاكان كورسییەكانیان دیاریكراوە و هەمیش پێكهاتە سەرەكییەكان دەنگ لە دەرەوەی پێكهاتەی خۆیان بە پێكهاتەیەكی دیكە نادەن، بۆیە شانسی عەبادی بۆ بردنەوەی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقدا، تەنیا و تەنیا بەندە بەدەنگدەرانی شیعەی عێراقەوە، ئەوجا كە لەناو شیعەی عێراقدا، لیست و كاندیدی زۆر بەهێزتر لە حەیدەر عەبادی بوونیان هەبێت، ئەوا پێناچێت لەدەرەوەی حزبێكی گەورەی وەك حزبی دەعوە، شتێكی ئەوتۆ دەنگی زیاتر لە دەنگەكانی د.ئیبراهیم جەعفەری لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2010 بەدەست بهێنێت.
هاوپەیمانیی نێوان كوردستان و حكومەتەكەی عەبادی لە ماوەی شەڕی دژی داعشدا، زەمنیەیەكی لەباری بۆ حەیدەر عەبادی دروستكردبوو كە حەیدەر عەبادی وەك ئەو دەوڵەتمەدارە سەیر بكرێت كە ئێستا و ئایندەی عێراق پێویستییەتی، بۆ ئەمەش ئەمریكا و تەواوی دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش و دەوڵەتانی عەرەبی بەتایبەتی سعودیە و كەنداو گەیشتبوونە ئەو قەناعەتەی ئەگەر عەبادی بەو ئاراستەیە هەوڵبدات عێراق بەڕێوە بەرێت، ئەوا ئەوانیش پشتگیری لێدەكەن، بەڵام ساویلكەیی و كەم ئەزموونی حەیدەر عەبادی لە سیاسەت و حوكمڕانی لەوەدابوو كەوتە ژێر كاریگەریی لێدوانە توندەكانی قەیس خەزعەلی و هادی عامری و چەند سەركردەیەكی دیكەی حەشدی شەعبی دژی كوردستان، ئەو بەوجۆرە هەڵخەڵەتابوو ئەگەر بە ئاوازی ئەوان هەڵپەڕێت، ئەوا حەشدی شەعبی دەیكاتە برا گەورە، ئەوەی لەبیرچووبوو، حەشدی شەعبی بۆ مەرامەكانی خۆیان سوودیان لە پۆستەكەی ئەو وەرگرت و بەناوی ئەوەوە ئەوەی ویستیان كردیان و لەناو شەقامی شیعەی عێراقیشدا سەلماندیان ئەوەی كراوە، خۆیان كردوویانە و عەبادی هیچ رۆڵێكی نەبووە.
حەیدەر عەبادی كە ئێستا لەناو ژینگەی هاوپەیمانییە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق ، تووشی هیستریای سیاسی بووە و نەدەتوانێت شەقامی شیعە رازی بكات و نەدەتوانێت هەنگاو بۆ سەقامگیری و گێرانەوەی ئاوارەكانی عەرەبی سوننە هەڵبگرێت و نەدەشتوانێت هەرێمی كوردستان وەك ئەوەی خواستی بوو داگیری بكات و لەناویبەرێت، ئەوا ئێستا جیا لەوەی لە ناو شیعەی عێراقدا راشكاوانە پێیان راگەیاند تۆ ئەو كەسە نیت شیعە وەك رابەر و سەرۆكی خۆی دەنگی بۆ بدات، ئەوا لەناو سوننە و كوردیشدا، نەك هەر هیچ ئیعتوبارێكی نییە، بەڵكو لەوانەیە سوننە و كوردیش جۆرە نەرمییەك بەرامبەر هاوپەیمانییەكانی دیكەی شیعە دژی عەبادی بنوێنن.
سەبارەت بە تێروانینی ئەمریكا بۆهەڵبژاردنەكانی عێراق كە تا ئەوپەڕی ئەمریكا مەبەستی بوو گرەو لەسەر هەڵبژاردنەوەی عەبادی بكات بۆ ئەوەی بە هاوپەیمانی لەگەڵ كوردستان زەمینەیەكی باشی بۆ دروست بكات، ئەوا لە ئێستادا كە ئەمریكا چاوەڕێی ئەوەی لە عەبادی دەكرد بە خواستی ئەو دیالۆگ لە چوارچێوەی دەستوور لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەست پێبكات و زەمینە بۆ سەقامگیرییەكی زیاتر لە عێراقدا خۆش بكات، بەڵام بە پێچەوانەوە، عەبادی تەواو پێچەوانەی مەزندەكانی ئەمریكا هەنگاو هەڵدەگرێت و رۆژ لەدوای رۆژ خۆی لە دیالۆگ و دانوستاندن لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدزێتەوە، ئەمەش تێبینیی گرنگی لای ئیدارەی ئەمریكا درووستكردووە و خەریكە دەگەنە ئەو قەناعەتەی ئەو سەركەوتنەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەشەڕی دژی داعش بەدەستی هێناوە، حەیدەر عەبادی بە غروری سیاسی و سەربازی لەدەستی دەدات، بەمەش جیا لەوەی جارێكی دیكە عێراق پێشكەشی ئێران دەكرێتەوە، لەهەمانكاتدا لە عێراقیشدا سەقامگیری درووست نابێت كە ئەمریكا وەك ئامانجی سەرەكیی خۆی سەیری دەكات.
ئەم بارودۆخە وایكردووە كە عەبادی نە ئەو كاندیدە بێت كە جێگەی رەزامەندی ئێران بێت و پاشان بە گوشاری ئێران هاوپەیمانی بۆ دروست بكرێت و ببێتەوە بەسەرۆك وەزیرانی عێراق، لە هەمانكاتدا نە ئەو كاندیدەشە كە جێگەی رەزامەندیی ئەمریكا بێت بەو ئاستەی ئەمریكا هەوڵبدات كوردستان پشتیوانی بكات و زەمینەیەك دروست بێت بۆ ئەوەی ببێتەوە بەسەرۆك وەزیران عێراق، هەر بۆیە لە ئێستا بەدواوە حەیدەر عەبادی زیاتر لە ئەسپێكی دۆڕاو دەچێت و پێناچێت نە ئەمریكا و نە ئێران گرەوی خۆیان لەسەر بكەن.
Top