هەڵبژاردنی پێشوەختە.. میكانیزمێكی گونجاو بۆ تێپەڕاندنی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر و رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسیی لە كوردستاندا

هەڵبژاردنی پێشوەختە.. میكانیزمێكی گونجاو بۆ تێپەڕاندنی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر و رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسیی لە كوردستاندا
((داواكاری ئەمجارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان بۆ بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە لە هەرێمی كوردستاندا، لە هەمان داواكاری بەرەی كوردستانی ساڵی 1991 دەچێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئیداری و سیاسییەی كە حكومەتی بەعس بەمەبەست لە كوردستان دروستی كردبوو، ئەوكات ئامانجی بەرەی كوردستانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بۆ ئەوە نەبوو كام لایەنی سیاسی دەنگی زیاتر دێنێت، بەڵكو لە ئامانجی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە بۆ ئەوەبوو، كوردستان تواناو ئیرادەی خۆی پیشانی جیهان بدات بەوەی دەتوانێت دامەزراوە شەرعییەكانی خۆی (پەرلەمان و حكومەت) بە شێوازێكی دیموكراتییانە لە بنەڕەتەوە بونیاد بنێت و، پاشانیش ئەو دامەزراوە شەرعییانە (پەرلەمان و حكومەت) لەبری حزبە سیاسییەكان لەو ناوچەیەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایش ناویان لێ نابوو (ناوچەی ئارام یان دژە فڕین) نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دەوروبەر بكات.

بۆ ئێستای پەرلەمان و حكومەتی كوردستانیش، بێگومان ئاشكرایە كە ئامانجی سەرەكی پەنابردنی حكومەتی حەیدەر عەبادییە بۆ دووبارە داگیركردنەوەی بەشێكی زۆری كوردستان بەزەبری هێز و حەشدی شەعبی لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، دووبارە هەمان ئامانج و مەبەستی حكومەتی بەعس و سەدامی هەبوو بۆ ئەوەی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە شەرعیەكانی لەبەریەك هەڵبوەشێنێت.
حكومەتی بەعس و سەدام، دوای ئەوەی لەشەڕی دەربەندی كۆڕێ تیكشكان و چەند دەبابەیەكی T62ی بە تێكشاوی بەجێهێشت و، پاشتریش كە دانوستاندنەكانی بەرەی كوردستانی لەگەڵ بەعس شكستیان هێنا، راستەوخۆ دامەزراوەكانی لە كوردستان پاشەكشە پێكرد، ئەمەش بەو هیوایەی كوردستان نەتوانێت رێگە چارەیەك بدۆزێتەوە و خۆی خۆی بەڕێوە بەرێت، بەڵام حكومەتەكەی عەبادی پەندی لە رژێمی بەعس و سەدام وەرنەگرت و، دوای ئەوەی هێزەكانی عێراق و حەشدی لە هەردوو بەرەی شەڕی پردێ و سحێلا لەسەر دەستی پێشمەرگە تێكشكان و چەندین دەبابەی ئابرامز (Abrams Tank) و هامەر و هامفیان بە تێكشكاوی بەجێهێشت و، دوای ئەوەیش ئامادەنەبوون كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەدیالۆگ و دانوستاندن لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا چارەسەربكەن، هەوڵێكی دیكەیان خستە گەڕ بۆ سڕینەوەی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان، ئەویش بەكار هێنانی هەندێك لایەنی سیاسی ناوخۆی كوردستان بوو بۆ ئەوەی بانگەشە بۆ (حكومەتی كاتی یان حكومەتی رزگاریی نیشتمانی بكەن)، پاش ئەوەی ئەم هەوڵەشیان شكستی هێنا، بە هەماهەنگی و رێككەوتن لەگەڵ عەبادیدا هەردوو حزبی (گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی) وەزیرەكانیان لەحكومەت دەستیان لەكار كێشایەوە و، وەك پاداشتێكیش بۆ ئەم كارەیان لە چەند رۆژی رابردوو بە شاندێكی حزبی سەردانی بەغدایان كردو لەلایەن حەیدەر عەبادیشەوە پێشوازیان لێكرا. بەڵام لەمەشیاندا، چۆن پیلانە سەربازییەكەی عەبادی بۆ رووخاندنی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان لەسەردەستی پێشمەرگە لە پردێ و سحێلا تیكشكێنرا، بە هەمان شێوە پیلانە سیاسییەكەشی كە بەوەكالەت (گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی) بەنیازن بۆی جێبەجێ بكەن، ئەمەشیان بە داواكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دیسان شكستی هێناو، لەمەش زیاتر پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژ لەدوای رۆژ لە زیادبووندایە و پشتگیریی هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن كە داوای كردووە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە كوردستان ئەنجامبدرێت.


لە بارودۆخی ئێستای كوردستاندا كە باروودۆخێكی سەخت وئاڵۆز و قەیراناوی سیاسی و ئابورییە، خەریكە رۆژ لەدوای رۆژ بەشێوەیەكی خۆرسكانە، جەمسەری نیشتمانی بۆ پشتگیری لە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان روو لەزیادبوونێكی بەرچاو دەكات و، لەبەرامبەردا جەمسەری دژ بە كیانی سیاسیی كوردستان و هاوپەیمان لەگەڵ حكومەتی عەبادی، زیاتر بەرەو گۆشەگیری دەچن و خەڵكی كوردستان وەك پێشان بە قسە باق و بریقەكانیان فریو ناخۆن، لەمەش زیاتر لەناو پرۆسەی سیاسی كوردستانیشدا، بەتایبەتی لە ناو پەرلەمانی كوردستاندا، ئەو ژینگە لەبارەی ئاژاوە و تێكدانی كۆبوونەوەكان بەرەو كۆتایی دەچێت و فراكسیۆنەكان رێگە نادەن چەند پەرلەمانتارێكی هەرزەكار لەم بارودۆخە قورسەدا یاری بە چارەنووسی گەلی كوردستان بكەن، هەروەها خەریكە بە تەواوەتی هەڵوێستی جەمسەری نیشمانی بۆ خەڵكی كوردستان روون دەبێتەوە و لەوە تێدەگەن كە داواكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردنەوەی پێشوەختە، بۆ گێرانەوەی دەسەڵاتە بۆ گەلی كوردستان، نەك وەك جەمسەری نانیشتمانی دەیانەوێت لەمیانەی چەند سەفقەیەكەوە ئیرادەی گەلی كوردستان تەسلیمی بەغدا و حكومەتی عەبادی بكەنەوە.
لە ئێستاوە ئاراستەی رووداوەكان بەرەو ئەوە دەچن، ئەوانەشی كە خۆیان بەشێك بوون لە خیانەتی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەرو، لەسەرەتاوە بە شان و باڵی حەشدی شەعبیاندا هەڵدەگوت و، خەڵكیان فریودەدا بەوەی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانی دیكەی كوردستان ئارامەو بگەڕێنەوە، بەڵام ئێستا دوای ئەوەی گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە حكومەتی عەبادی هیچ حسابێكیان بۆ ناكات و، لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستانیش بەرەو ریسوابوونی تەواو دەچن، بۆیە قسەكانیان 180 پلە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و، بەشێكیان هەڕەشە لە حكومەتی عەبادی دەكەن بەوەی گوایە دەتوانن كەركوك بەزەبری هێز ئازاد بكەنەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی حكومەتی عەبادی دەزانێت، خەڵكانێك خۆیان بفرۆشن بۆ ئەوەی كەركوكێكی ئازاد كراو دووبارە داگیربكرێتەوە، ئەوا ئەو جوامێرە نابن بتوانن جارێكی دیكە رووبەرووی ئەو میلیشیایانەی حەشدی شیعە ببنەوە كە خۆیان چاوساغی و پێش لەشكرییان بۆ كردوون، هەروەها بەشێكی دیكەیان كە رۆژانە دەیانگوت : (كەركوك ئارامە و هیچ پێشێلكارییەك نییە)، ئەوا ئەم بەشەشیان جارێكی دیكە هەر خۆیان بانگێشە بۆ ئەوە دەكەن كە حكومەتی عەبادی دووبارە دەستی كردۆتەوە بە تەعریبكردنی كەركوك و داوا دەكەن خەڵكی كەركوك خۆپیشاندان بكەن، بەڵام ئەوان خۆشیان باش دەزانن كە خەڵكی كەركوك نەك هەر وەڵامی ئەو خۆفرۆشانە ناداتەوە بەڵكو ئەوانە لە دیدی كەركوكیاندا هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ ئەو چەكدارانەی حەشدی شەعبی نییە كە رۆژانە كەرامەتی خەڵكی كەركوك دەشكێنن و برینداری دەكەن. بۆیە كەوتوونە ئەوەی جارێكی دیكە حزبە سیاسییەكانی كوردستان وەڵامیان بدەنەوە، بەڵام وەك بەڕێزان مسرور بارزانی راوێژكاری ئاسایشی هەرێمی كوردستان و د.نەجمەدین كەریم پارێزگاری هەڵبژێردراو و دوورخراوەی كەركوك، لە دوو دیمانەی تەلەفزیۆنی جیاوازدا جەختیان لەسەر كردەوە، كەركوك بە شارێكی داگیركراو دەزانن و ئەمری واقیعی سەپاندنی هێزی سەربازی رەتدەكەنەوە و ئەوانەشی كە بوونە هۆكاری كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر و خیانەتی نیشتمانیان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی كەركوك و تەواوی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئەو باروودۆخەی بەسەردا بێت، دەبێت لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە دادگایی بكرێن و ئەو خیانەتە پەردەپۆش نەكرێت.


لەم واقیعە سیاسیەی ئێستای كوردستاندا، راستە بارودۆخەكە لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری لە قەیرانێكی گەورەدایە، بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێت، كە نەتەوە ئازادەكان لەناو شەوەزەنگی قەیران و نائومێدیدا، پەنجەرەی ئومێد دەكەنەوە و ئیرادەی خێر دژی ئیرادەی شەڕ بەرهەم دەهێنێت، مێژووی كارەسات و ئەو قەیرانانەی بە دریژای سەد ساڵی رابردوو بەسەر گەلی كوردستان هاتوون، بەردەوام لەناو قۆناخە سەخت و قەیراناوییەكاندا توانای ئەوەی هەبووە، پەنجەرەی ئومێد بەڕووی نەتەوەكەیدا بكاتەوە، ئێستاش كە حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە پەرلەمانی كوردستان كردووە، رۆژی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بكات، ئامانج لێی ئەوەیە كە پەنجەرەیەكی ئومێد بەڕووی كوردستاندا بكرێتەوە و جارێكی دیكە سەرلەنوێ دامەزراوە شەرعییەكانی كوردستان لە چوارچێوەی سیاسەت و ستراتیژیەتێكی نیشتمانی خۆی پێناسە بكاتەوە و بە پشتیوانییەكی بەهێزی ناوخۆییەوە، نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكات و، بۆ هەموو جیهانی بسەلمێنتەوە كە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بە حكومەتەكانی عێراق(ئەوجا ئەو حكومەتە حكومەتی بەعس سەدام بێت یان شیعەی عەبادی) تێكناشكێنرێت و ئەوانەشی خۆیان كردۆتە پاشكۆی عەبادی، چارەنووسیان لە پاشكۆكانی سەدام و بەعس باشتر نابێت.
Top