هەڵبژاردنێك بۆ ئەوەی گەلی كوردستان تێیدا براوە بێت نەك لایەنێك یان دوو لایەنی سیاسیی
January 15, 2018
راپۆرتەکان
ئەو حزبە سیاسیانەی وەك (بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی) شكستیان هێنا لەوەی بە بیانووی هەڵوەشانەوەی حكوومەت و دامەزراندنەوەی حكومەتی كاتی یان رزگاریی نیشتمانی، بەشی دووەمی پیلانەكەی 16ی ئۆكتۆبەر دژی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەن، ئێستا دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لەپەرلەمان كردووە كە رۆژێك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بكات، كەوتوونەتە دۆزینەوەی چەندین بڕو بیانوو و پروپاگەندە بۆ درووستكردنی ئاستەنگ لەبەردەمی ئەم هەڵبژاردنە و، باس لەوە دەكەن لیستی تۆماری دەنگدەران خاوێن نییە و ئەوانەی مردوون ناویان رەش نەكراوەتەوە، بۆیە دەبێت ئەم هەڵبژاردنە دوا بخرێت، ئەوان دەیانەوێت بەو جۆرە خۆڵ بكەنە چاوی خەڵك، بەوەی گوایە ئەم هەڵبژاردنە ئامانجی پارتی دیموكراتی كوردستانە و پارتی دەیەوێت بە رێگەی ئەم هەڵبژاردنە دەسەڵات لە كوردستاندا قۆرخ بكات، بەڵام خۆشبەختانە رۆژ لە دوای رۆژ ئەم درۆ و پروپاگەندانە بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرا دەبن كە ئامانج لە هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ ئەوە نییە لایەنێكی سیاسی دەنگ زیاتر یان كەمتر بهێنێت، بەڵكو بۆ ئەوەیە پرۆسەی سیاسی كوردستان، لەم ئاژاوەو ناسەقامگیرییە دەربازی بێت و چیدیكە حزبی پۆپۆلیستی لە ژینگەی ئاڵۆزی سیاسیدا خەڵكی كوردستان چەواشە نەكات، ئەم قەناعەتەش خۆشبەختانە لە ئێستادا تەنها داواكاری پارتی دیموكراتی كوردستان نیە بەڵكو هەموو ئەو هێز و لایەنە سیاسیە نیشتمانیانەی دەیانەوێت كوردستان ئەم قۆناخە سەختە تێپەڕێنێت، هەموویان هەڵبژاردن و گێرانەوەی دەسەڵات بۆ گەلی كوردستان بە باشترین میكانیزم و دەروازە دەزانن.
لێرەدا گرنگە، چاوێك بە مێژووی هەڵبژاردنەكانی كوردستان و ئاكامەكانی هەڵبژاردن و هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر تێكرای هەڵبژاردنەكانی كوردستان بخشێنێتەوە، ئەو پرسیارە لە مێژووی 25 ساڵی رابردووی ئەزموونی هەڵبژاردنەكان بكەین بەوەی ئایا لە چ پرۆسەیەكی هەڵبژارندا، پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەموو جارێك دەنگی یەكەمی هێناوە، لەسەر ئیستحقاقی هەڵبژاردن پێداگیری كردووە یان مەبەستی ئەوە بووە كە دەسەڵاتی سیاسی لە كوردستاندا قۆرخ بكات؟ یان ئامانجی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوە بووە، هەر پرۆسەیەكی هەڵبژاردن كە لە كوردستان ئەنجامدەدرێت، ببێتە وێستگەیەكی دیكە بۆ وەرچەرخانی كوردستان بەرەو قۆناخێكی پێشكەوتووتر، لێرەدا بەچەند خاڵێك زیاتر هەڵوەستە لەسەر ئەم لایەنە دەكەین:
1. لەساڵی 1992، پارتی دیموكراتی كوردستان رێژەی 50+1% دەنگی خەڵكی بەدەست هێنا، هەروەها سەرۆك مسعود بارزانی دەنگی یەكەمی رێبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی بەدەست هێنا، بەڵام لەبەر ئەوەی ئامانجەكە ئەوەبوو پرۆسەی هەڵبژاردنەكە سەركەوتوو بێت و كوردستان بتوانێت دامەزراوە شەرعییەكانی خۆی دابمەزرێنێت، پارتی بە سیستمی (پەنجا بە پەنجا) رازی بوو، هیچ پێداگیری لە ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆی نەكرد. بەڵام بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان دوای دامەزراندنی دامەزراوە شەرعییەكانی فێری پرۆسەی دەستاو دەست كردنی دەسەڵات بێت، پارتی جەختی لەوە كردەوە دوای ماوەیەك، دەبێت هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە، بەڵام بەداخەوە لەبری هەڵبژاردنێكی ئاشتیانە، شەڕی ناوخۆی لێكەوتەوە، هەموو لایەك لەسەر ئەوە كۆك بوون كە ئەوە شەڕی هەڵبژاردن و شەڕی دەسەڵاتە.
2. دوای تەواو بوونی شەڕی ناوخۆ و بۆ ئەوەی جارێكی دیكە شەڕی دەسەڵات روونەداتەوە و كوردستان بەرەو ئەزموونێكی دیموكراتی و چەسپاندنی كەلتوری دیموكراتی هەنگاو هەڵبگرێت، پارتی و یەكێتی رێككەوتن كە بە یەك لیستی هاوبەش دابەزن و پێكەوە حكومەت و پەرلەمان پێكبهێنن، بۆ ئەمەش لە ساڵی 2005 پارتی و یەكێتی بە یەك لیست بەشداریان كرد، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەو كاتیش لەگەڵ ئەوەی كێشەی ململانێی پارتی و یەكێتی بەدابەزینی یەك لیست چارەسەركرابوو، بەڵام خەڵكانێك كە فرچكیان بە ئاژاوە نانەوە گرتبوو، بانگێشەیان بۆ ئەوە دەكرد، لە هەڵبژاردنی پارێزگاكاندا یەكێتی زۆرینەی دەنگەكانی هێناوە، ئەمەش بەو مانایەی یەكێتی هەڵبژاردنەكانی بردۆتەوە، بەڵام كاتێك كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق روونكردنەوەی خۆیدا، دەركەوت پارتی دەنگی زیاتری بەدەست هێناوە، ئەمەش دەریخست كە ئامانجی پارتی لە هەڵبژاردنەكان، پاراستنی دەستكەوتەكانی كوردستانە نەك بردنەوەی پارتی لە هەڵبژاردنەكاندا.
3. هەر ئەو خەڵكانەی كە چاویان بە سەقامگیری و دەستكەوتەكانی كوردستان هەڵنەدەهات، بۆ هەڵبژاردنەكانی تەمموزی 2009، لە یەكێتی جیابوونەوەو یەكێتیان كەرت كرد، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بە هیچ جۆرێك حسابی ئەوەی نەكرد كە یەكێتی دەنگی كەمتر دەهێنێت، لەمەش زیاتر سەرۆكی لیستی هاوبەشی پارتی و یەكێتی كە بەناوی (هاوپەیمانی كوردستانی) بوو، سەرۆكەكەی درایە یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە ئەوكات د.بەرهەم ساڵح بوو، دوای هەڵبژاردنەكانیش هەر د.بەرهەم راسپێرا بۆ ئەوەی كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنێت، ئەمە لە كاتیكدا بوو هەموو كەسێك دەیزانی، ئەو 59 كورسیەی لیستی (هاوپەیمانی كوردستانی) بەدەستی هێناوە، بەشی هەرە زۆری دەنگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
4. لە ساڵی 2013 و دوای نەخۆشكەوتنی خوالێخۆشبوو مام جەلال، یەكێتیی نیشتمانی كەوتە ژێر كاریگەریی ئەو ئیرهابە فیكریەی لە سلێمانی دژ بە سەقامگیری كوردستان داڕێژرابوو، بۆیە لەگەڵ ئەوەی پارتی پێداگیری دەكرد، كە دیسان پارتی و یەكێتی بە یەك لیست دابەزن، بەڵام یەكێتی پێداگیری كرد كە خۆی بە لیستی جیاواز دادەبەزێت، ئەم هەنگاوەی یەكێتی خۆی لە خۆیدا دژی رێككەوتنی ستراتیژیی پارتی و یەكێتی بوو، بەڵام دوای هەڵبژاردن لەگەڵ ئەوەی یەكێتی 18 كورسی پەرلەمانی بەدەست هێنابوو، پارتی دیموكراتی كوردستان 38 كورسی، بەڵام پارتی لەگەڵ هەر سێ حزبەكەی دیكە (گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو) لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن حكومەتی پێكهێنا و لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی لەسەر بنەمای ریككەوتنی ستراتیژی واتە پۆستەكانی پارتی و یەكێتی بەقەدەر یەك بن، تائێستاش هەر بەو جۆرەیە.
ئاماژەكردن بۆ ئەم باكگراوەندەی مێژووی ئەزموونەكانی هەڵبژاردن لە كوردستان، بۆ ئەوە نییە فەزڵی پارتی بەسەر لایەنەكانی دیكەدا پیشانبدەین، هەروەها ناشمانەوێت لایەنە سیاسییەكانی دیكەش ئەم باكگراوندە بەو مانایە تێبگەن، بەڵكو مەبەست لەم باكگراوندە ئەوەیە، كە پرۆسەی هەڵبژاردن لە سیاسەت و ستراتیژیەتی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، بریتی نییە لەوەی كە ستراتیژیەت و سیاسەتی پارتی تەنیا چاوی لەسەر سندوقەكانی دەنگدانە بۆ ئەوەی هەر خۆی حزبی فەرمانڕەوا بێت لە كوردستاندا، بەڵكو تێڕوانینی ستراتیژی و سیاسەتی پارتی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن لە كوردستاندا ئەوەیە، چۆن خەڵكی كوردستان دەتوانی ئیرادەی خۆی بۆ خۆبەڕێوەبردنێكی دیموكراتییانە پیشانی هەموو جیهان و دەوروبەری خۆی دەدات، چۆن ئەو ئیرادەیە دەیسەلمێنێت، گەلی كوردستان گەلێكی ئاشتیخوازە و ئامانجی ئەوەیە وڵاتەكەی خۆی و وڵاتانی دەوروبەری و هەموو جیهان لە ئاشتیدا بژی و بە شێوازی سەردەم و ئاشتیخوازانە كێشەكانی لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دەوروبەری چارەسەر دەكات.
لەم بازنەیەدا، زۆربەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە دەبێت ئامانجی هەموو لایەكیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەمان تێڕوانینی ستراتیژیی پارتی دیموكراتی كوردستان بێت و، ئامانج لە هەڵبژاردن ئەوە بێت سیاسەتێكی نیشتمانی بۆ حوكمڕانیی كوردستان دابڕیژرێت و هەموو پێكەوە شان بدەنە بەر ئەم بەر پرسیاریەتییە و ئەو قۆناخە سەختە تێپەڕێنن.
ئەم تێڕوانین و تێگەیشتنە كە لای خەڵكی كوردستان پەسندە و پێشوازی لێدەكرێت، رۆژ لەدوای رۆژ پشتیوانیی زیاتری لێدەكرێت و ئەوانەشی كە هەر سوورن لەسەر ئەوەی بە پشتیوانیی حكومەتی عەبادی و دەوروبەر، ژینگەی سیاسیی كوردستان ئاڵۆز بكەن و ئاژاوە دروست بكەن، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، گەلی كوردستان بەو جۆرە مامەڵەیان لەگەڵ دەكات كە شایستەی سیاسەت و رەفتارەكانی ئێستایان بێت.