بەرهەمهێنانی جەهلی سیاسی و پیرۆزكردنی
December 30, 2017
راپۆرتەکان
گرفت و كێشەی سەرەكیی بەرهەمهێنانی جەهلی سیاسی، لە قۆناخی ئاشتی و سەقامگیری لەگەڵ قۆناخی ناسەقامگیری و كارەساتدا لێكجیاوازە، هەر بۆ نموونە دەشێت لە كاتی ئاشتی و سەقامگیریدا جەهلی سیاسی بەردەوام بەرهەم بهێنرێت و هەڵبگیرێت و كاری پێ نەكرێت، بەڵام لەقۆناخی كارەسات و ناسەقامگیریدا، ئەو گەنجینەیەی بە بەرهەمی جەهلی سیاسی سیغناغ كراوە، نابێت هەمووی هەڵبڕێژرێت و وڵاتی پێ كاول بكەن، هەروەك چۆن ئێستا لەدوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر، چەند لایەنێكی سیاسی دەرگای گەنجینەی جەهلی سیاسییان واڵاكردووەو لەسەر شاشەی تیڤییەكان پیرۆزی دەكەن و دەیانەوێت كوردستانی پێ كاول بكەن.
بێگومان كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر هەرچۆنێك روویدابێت و هۆكار و پاڵنەری ئەو تاقمە هەرچییەك بووبێت كە ببنە پێش لەشكری داگیركەری بێگانە بۆ ئەوەی كەركووك و ناوچە دابڕاوەكانی دیكەی كوردستان داگیربكاتەوە، بێجگە لە بەرهەمهێنانی بەردەوامی جەهلی سیاسی، شتێكی دیكە نییە، هەر بۆیە كاتێك ویستیان گەنجینەی جەهلی سیاسی بخەنە سەرپشت و بیكەن بە چەكێك دژی لایەنێكی دیكەی سیاسی كە ئەو تاقمە بە دوژمنی خۆیانی دەزانن، ئەوا ئەو چەكە لە بری ئەوەی تەنیا دوژمنی ئەو تاقمە تێكبشكێنێت، كۆی ئەزموون و كیانی سیاسیی كوردستانی خستۆتە دووڕیانی مان و نەمانەوە. لەبەرامبەریشدا هەندێك لەو حزبە سیاسییانەش كە بە حیساب خۆیان وا پیشاندەدەن لەگەڵ ئەو تاقمە نین كە كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەریان بەسەر نەتەوەكەمان هێناوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوانیش جەهلی سیاسییان بەرهەم هێناوە و كۆیانكردۆتەوە بۆ كاتی پێویست، ئەوا لەبری ئەوەی ببنە هۆكار و هاوكارێك بۆ ئەوەی میللەتەكەمان ئەم نەهامەتیە تێپەڕێنێت، ئەوا ئەوانیش بە رێگای بەكارهێنانی جەهلی سیاسیی بەرهەمهاتوو وەك چەكێك بۆ رووخاندنی حكومەتەكەی خۆیان بەكاردەهێنن، ئەوا وەك لەچەند رۆژی رابردوو بینیمان، جەهلی سیاسی بۆتە هۆكاری سەرلێتێكچوونی خەڵكی كوردستان و بەدەستی خۆیان دامەزراوەكانی حكومەت و بارەگای حزبە سیاسییەكان دەسووتێنن، بەمەش زەمینەیەكی زۆر لەباریان بۆ دوژمنانی كوردستان دروستكردووە كە بە بیانووی بوونی ئاژاوەو ناسەقامگیری لەكوردستاندا دەستتێوەردان بكەن و حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕووخێنن. بەڵام ئەوەی بارودۆخەكەی ترسناكتر كردووە، ئەوەیە كە ئەو حزبە سیاسییانەی وەك (بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی) بە جەهلی سیاسی سەریان لەو خەڵكە شێواندووە و بە رێگەی تەلەفزیۆن و میدیاكانیان ئەم جەهلە پیرۆز دەكەن و زیاتر خەڵكی پێ هان دەدەن بۆ ئەوەی حكومەتەكەی خۆیان بڕووخێنن. ئێستا ئەوەی لە تەلەفزیۆنەكانی كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕانەوە پەخش دەكرێت و ئەوەی لە شەقامەكانی رانیە و چوارقوڕنە و چەمچەماڵ وەك دروشم دەگوترێتەوە، بەهەمان شێوە لە تەلەفزیۆنەكانی شیعە و شەقامەكانی كەربەلا و نەجەف و لەسەر زاری قەیس غەزعەلی فەرماندەی میلیشیای حەشدی شەعبی عەسائیبی ئەهلی حەق، دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دووبارە دەكرێتەوە بۆ ئەوەی بە بیانووی پشتگیریكردن لە خۆپیشاندانی سلێمانی و دەوربەری داوادەكەن، هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، سلێمانییش وەك كەركووك داگیربكەنەوەو پاش ئەویش هێرش بكەنە سەر هەولێر و حكومەت بڕووخێنن و كۆتایی بە كیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان بهێنرێت.
حكومەتی عەبادی و لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق و سوپای پاسدارانیش، لەوە دڵنیابوون كە ئاستەنگی سەرەكی لەبەردەم جێبەجێكردنی پیلانەكانیان بەتەواوەتی هەولێر و پارتی و سەرۆك بارزانی-یە، بۆیە كاتێك بە هاندانی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و بەشێك لە یەكێتی نیشتمانی، رق و كینەی دەیان ساڵەی جەهلی سیاسی دژی هەولێر و پارتی و سەرۆك بارزانی هەڵدەڕێژن و پاشانیش لەلای هەوادارەكانیان و بە رێگەی كەناڵەكانی میدیا دەیانەوێت ئەم جەهلە سیاسییە پیرۆز بكەن، ئەوا حكومەتی عەبادی و لایەنەكانی دیكەی شیعەی عێراق و سوپای قودسی سوپای پاسداران، خۆیان كردۆتە داكۆكیكار لە ناڕەزایی خەڵك و جەهلی سیاسیی (گۆڕان و كۆمەڵ)یان كردۆتە پەردەیەك و ئامانجی داگیركردنی كوردستانی پێ دەشارنەوە.
ئاشكرایە بەهۆی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، تەواوی خەڵكی كوردستان دوچاری نەهامەتی و بێ مووچەیی بوونەتەوە و گوزەرانیان سەخت بووە، بەڵام ئەم قەیران و بارە سەختەی كەوتۆتە سەرشانی خەڵك، بەوە چارەسەر ناكرێت، نەهامەتی و خراپی گوزەرانی خەڵك بكرێتە چەك و حكومەتەكەی خۆتی پێ بڕووخێنیت، بەڵكو بەوە چارەسەر دەبێت كە هەموو حزبە سیاسییەكان پێكەوە شانی بەرپرسیاریەتی بدەنەبەر و رێگەیەك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی قەیران و نەهامەتییەكە تێپەڕێنن، بەڵام وەك ئێستا دەبینین، بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بە بڕیاری كشانەوەیان لە حكومەت، نەك هەر دەیانەوێت لە بەرپرسیاریەتی هەڵبێن، بەڵكو دەیانەوێت ئەم بارودۆخە بە فرسەت وەربگرن و ببنە هۆكاریكی یارمەتیدەر بۆ ئەوەی خزمەتێكی بەلاش پێشكەشی داگیركارانی كوردستان بكەن و حكومەتی خۆیان بڕووخێنن.
ئەم جۆرە رەفتارەی حزبی سیاسی لە قۆناخێكی سەختی وەك ئەو قوناخەی ئێستا كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، لەبری ئەوەی زەمینە دروست بكات بۆ ئەوەی خەڵك و حكومەت پێكەوە هاوكاربن بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكەن، هەوڵدانە بۆ ئەوەی ئاشتیی كۆمەڵایەتی تێكبدەن و زەمینە بۆ شەڕێكی ناوخۆی نەخوازراو دروست بكەن، هەروەها كوردستان بكەنە گۆمێكی ڵێل بۆ ئەوەی دوژمنانی كوردستان بەئاسانی راوی خۆیانی تێدا بكەن.