خوێندنەوەیەكی رەخنەگرانە بۆ چەمكی حزب لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستاندا
December 27, 2017
راپۆرتەکان
رێگەنادات بیر لە كوردبوون و
كوردستانیبوونمان بكەینەوە
فرانسیس فۆكۆیاما دەڵێت: «لە وڵاتێكدا جیاوازی لە نێوان بەرژەوەندیی گشتی و بەرژەوەندیی تایبەتی بەرپرسەكان بوونی نەبێت، ئەوا ناتوانین پێناسەی گەندەڵی بكەین و كەسیش بە گەندەڵ تۆمەتبار بكەین، هەر بۆیە ئەگەر بمانەوێت گەندەڵی دەستنیشان بكەین، ئەوا پێش هەموو شت دەبێت بەرژەوەندیی گشتی و بەرژەوەندیی تایبەتی بەرپرسەكان لەیەكتری جیا بكەینەوە و هەر كاتێك بەرژەوەندیی گشتی كرا بە قوربانیی بەرژەوەندیی تایبەتی، ئەوا ئەو كاتە دەتوانین گەندەڵی دەستنیشان بكەین.»
هەر لەسەر ئەم بنەمایە، ئەگەر لە وڵاتێكدا جیاوازی لە نێوان بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و بیركردنەوەی تەسكی حزبایەتی نەبێت، ئەوا ناتوانین پێناسەی رەفتاری نانیشتمانی، یان (خیانەت) بكەین، بۆیە ئەگەر بمانەوێت رەفتاری نانیشتمانی دەستنیشان بكەین، ئەوا دەبێت پێش هەموو شت، بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و بیركردنەوەی تەسكی حزبایەتی لێك جیابكەینەوە، لەم حاڵەتەشدا ئەگەر بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی كرا بە قوربانیی بیركردنەوەی تەسكی حزبایەتی، ئەو كات دەتوانین رەفتاری نانیشتمانی، یان خیانەت دەستنیشان بكەین.
محەمەد ئەرەگۆن بیرمەندی گەورەی فەرەنسی و بە رەچەڵەك جەزائیری لە كتێبی (فیكری ئیسلامی و خوێندنەوەیەكی زانستییانە) جەخت لەسەر ئەقڵی عەقیدی دەكاتەوە كە چۆن ئەم ئەقڵە هەندێك بواری خستۆتە دەرەوەی بیركردنەوە(اللامفكر فیە)، قەدەغەی كردووە كە موسڵمانان بیریان لێ بكاتەوە، هەربۆیە دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی عەرەبی و ئیسلامی لەبری ئەوەی مەعریفە بەرهەم بهێنن بۆ خۆشگوزەرانی گەلەكانیان، ئەوا بەشێوەیەكی دامەزراوەیی جەهل بەرهەم دەهێنن و ئەو جەهلەش لەلایەن دەسەڵات و كۆمەڵگەوە پیرۆز دەكرێت، ئەمەش بۆتە گەورەترین بەبەربەست كە دەستپێكردنی قۆناخی رۆشنگەری لە كۆمەڵگەی عەرەبی و ئیسلامی جۆرێك لە مەحاڵبوون بە خۆیەوە ببینێت.
ئەگەر لەسەر ئەم میتۆدەی ئەرەگۆن، خوێندنەوەیەكی زانستی بۆ فیكری كوردبوون و كوردستانیبوون لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بكەین، ئەوا ئێمەش هەمان گرفت رووبەڕوومان دەبێتەوە و دەبینین كە ئەقڵی حزبی بە هەمان شێوەی ئەقڵی عەقیدی ئیسلامی، كۆمەڵێك بواری گرنگی بۆ تێگەیشتن لە كوردبوون و كوردستانیبوون، خستۆتە دەرەوەی بیركردنەوە، یاخود بە ئایدیۆلۆژیایەكی حزبی دایپۆشیوە و ناتوانرێت ئازادانە بیری لی بكرێتەوە و خوێندنەوەی رەخنەگرانەی زانستی لەسەر بكرێت. ئەمەش راشكاوانە ئەو مانایەی هەیە كە چەمكی كوردبوون و كوردستانیبوون بۆتە ئەو چەمكانەی كە نەتوانراوە وەك خۆی بیریان لێ بكرێتەوە. بەمەش چەمكی حزب لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستاندا ئەقڵی كورد و كوردستانییەكانی كردووە بە ئەقڵێكی بەردین (العقل المتحجر)، ئەم ئەقڵە بەردینەش وەك میلتۆن روكێش زانای بەناوبانگی سۆسیۆلوژی و سایكۆلۆژی پۆلەندی و ئەمریكی پێناسەی كردووە، بریتییە لەو حاڵەتەی كە (مرۆڤ توانای ئەوەی نامێنێت ئامێری فیكری و ئەقڵی خۆی بگۆڕێت، كاتێك مەرجە بابەتییەكان داوای لێدەكەن، هەروەها توانای ئەوەی نامێنێت كە بتوانێت سەرلەنوێ لە بازنەیەكدا خۆی رێكبخاتەوە كە بتوانێت چەندین چارەسەر بۆ كێشەیەك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەكی چالاكانە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات). بێگومان لای رۆكێش ناوەڕۆكی ئایدیۆلۆژیاكە گرنگ نییە بەوەی ئایا ئایدیۆلۆژیایەكی ئایینییە، یان فەلسەفی، یاخود ئایدیۆلۆژیای هاوچەرخە، بەڵكو ئەوەی گرنگە گرێدانەوەی كردەیی ئەقڵییەتی دۆگماییە بە ئایدیۆلۆژیەتێكی دیاریكراوەوە. هەر بۆیە ئەگەر بە میتۆدی رۆكێش خوێندنەوەیەك بۆ چەمكی حزبی سیاسی لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بكەین، ئەوا دەبینین حزبە سیاسییەكان بە جیاوازی ئایدیۆلۆژیەتی سیاسییان بەشێوەیەكی زۆر توند بە ئەقڵییەتی دۆگمایی حزبی گرێدراون و توانای ئەوەیان نەماوە كە شێوازی بیركردنەوە و ئەقڵییەتی سیاسییان بگۆڕن لەو كاتەی كە مەرجە بابەتییەكانی بارودۆخی كوردستان داوایان لێدەكات.
لەئێستادا كە بەهۆی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، كوردبوون و كوردستانیبوونمان كەوتۆتە بەردەم هەڕەشەیەكی جددی، ئەوا لەبری ئەوەی ئەم كارەساتە گەورەیە (حزبیبوون) بگۆڕێت بۆ كوردبوون و كوردستانیبوون، بەداخەوە وەك دەبینین كوردبوون و كوردستانیبوون كەوتۆتە ژێر چەمك و ئەقڵییەتی حزبایەتی و بیری لێ ناكرێتەوە، ئەم حاڵەتە كە بەرهەمهێنانی جەهلی سیاسییە لەلایەن حزبەكانەوە، رۆژانە ئەو جەهلە سیاسییە لە میدیاكان و كەناڵە ئاسمانییەكانەوە پیرۆز دەكرێت و هەوڵدەدەن یەكتری پێ ناشیرین بكەن، لەمەش خراپتر ئیرادەی خەڵكی كوردستانیان بەجۆرێك شەكەت و ماندوو كردووە كە نەتوانێت بیر لەو كارەساتە گەورەیە بكاتەوە و رێگە چارەیەك بۆ تێپەڕاندنی بدۆزرێتەوە.
ئیشكالیەتی چەمكی (حزب)
لەناو مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستاندا
جوانترین پێناسە لای بەڕێز مسعود بارزانی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیە كە (پارتی نائومێدی گۆڕی بۆ ئومێدو هەستانەوە)، بەڵام لەمە گرنگتر و جوانتر ئەوەیە لە ئێستای دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر كە خەریكە جۆرێك لە نائومێدی دووبارە دروست دەبێتەوە، ئەو پێناسە رووبەڕووی پرسیارێكی جددی بكەینەوە و بپرسین: ئایا چۆن بە دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، نائومێدی گۆڕا بە ئومێدو هەستانەوە؟ ئایا ئەگەر لە ئێستادا بەهەمان شێوەی مستەفا بارزانی لەساڵی 1946 بیر بكەینەوە، دەتوانین نائومێدی بگۆڕین بۆ ئومێدو هەستانەوەو كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر تێپەڕێنین؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بە خوێندنەوەیەكی سۆسیۆلۆژییانەی مێژوو هەیە، ئەمەش بەو مانایەی چۆن بەدامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان گرێی دۆگمایی ئەقڵی بەردینی حزبی كرایەوەو چۆن ئەو توانایە دروست بووەوە كە خەڵكی كوردستان بەتەواوی بیروبۆچوون و ئایدیۆلۆژیەتی سیاسی جیاوازیانەوە لە بازنەیەكی نیشتمانیدا دووبارە پێناسەی كوردبوون و كوردستانیبوونی كردۆتەوە.
كەواتە ئەگەر لەناو ئەو ژینگەی سۆسیۆلۆژی چلەكانی سەدەی رابردوو پێناسەی پارتی وەك حزب بكەین، ئەوا خۆمان تووشی ئیشكالیەتێكی گەورە لەگەڵ چەمكی حزب دەكەین، هەر بۆیە لەناو سۆسیۆلۆژیای كۆمەڵگەی كوردستاندا، لەسەرەتای دامەزراندی پارتییەوە هەتا ئێستا، چەمكی پارتی نەبۆتە مورادیف بۆ چەمكی حزب، بەڵكو چەمكی پارتی هەموو كات وەك بازنەیەكی نیشتمانی بۆ ئاشتكردنەوەی دژ و جیاوازییە سیاسییەكان و دووبارە پێناسەكردنەوەی كوردبوون و كوردستانیبوون بەكارهاتووە، تەنانەت لە زمانی عەرەبیشدا كە دەنووسرێت: (البارتی) ئیدی پێویست نییە بنووسرێت: (الحزب الدیمقراطي الكردستاني). ئەمەش مانای ئەوەیە چەمكی (پارتی) پێناسەیەكی گەورەتری لەو حزبانە هەبووە كە لە چلەكانی سەدەی رابردوو و ئەوانەشی ئێستا بوونیان هەیە، دیارە بۆ تێگەیشتنیش لەو جیاوازییەی نێوان چەمكی پارتی و چەمكی حزبی سیاسی، پێویستمان بەوەیە چەمكەكان لەسێبەری بیرلێنەكردنەوە بگوازینەوە بۆ بەردەم رووناكیی دووبارە بیركردنەوە، لەمەش زیاتر دەبێت چەمكی (پارتی) ئامێرێك بێت بۆ نەشتەرگەری لە سۆسیۆلۆژیای مێژوودا، بۆ ئەوەی مانا و ئامانجی چەمكی (پارتی) وەك خۆی دووبارە پێناسە بكاتەوەو، ئەو پرسیارە لە مێژوو بكەین، ئایا مستەفا بارزانی (پارتی) دامەزراند بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆك حزب و ناو و ناوبانگ دەربكات و ببێتە سەرۆك و سەركردە، یان مستەفا بارزانی پێش ئەوەی پارتی دابمەزرێنێت نەك هەر سەرۆك، بەڵكو رێبەری بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستان بووە بۆ پێناسەكردنەوەی كوردبوون و كوردستانیبوون و هەنگاوهەڵگرتن بۆ شۆڕش و سەربەخۆیی كوردستان؟ بێگومان لەناو فەزای سۆسیۆلۆژی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستان راشكاوانە ئەو راستییانە دەردەكەون كە بیركردنەوەی مستەفا بارزانی چەمكی (پارتی) بەو ئاستە گەورە كرد كە نوێنەرایەتی نەتەوەو نیشتمانێك بكات، نەك بەپێچەوانەوە.
ئەم باكگراوەندە مێژووییە، یاخود گەڕانەوە بۆ ناو سۆسیۆلۆژیای مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستان، بۆ پیاهەڵدانی حزبێك، یان تانەدان لە حزبێكی دیكە نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە فیكری مستەفا بارزانی-دا رەشماڵی پارتی نەك لە حزبێك گەورەترە، بەڵكو خودی چەمكی پارتی، بازنەیەكی نیشتمانییەو هەموو حزب و بیروبۆچوونە جیاوازەكان كۆدەكاتەوە، هەتا هەموو حزبەكان و خەڵكانی بێلایەن و كەسایەتییە نیشتمانیەكان پێكەوە پێناسەی كوردبوون و كوردستانیبوون بكەنەوە، راشكاوانەتر لەم چوارچێوەیەدا مانای چەمكی (پارتی) بۆ ئێستا، واتە دووبارە دروستكردنەوەی بازنەیەكی نیشتمانی، فراوانتر لەبەرەی كوردستانی لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو، بێجگە لە حزبە سیاسییەكان خەڵكی بێلایەن و كەسایەتییە دیار و ئەكادیمی و پیاوانی ئایینیش كۆبكاتەوە و سەرلەنوێ پێناسەی كوردبوون و كوردستانیبوون بكاتەوە، جیاواز لەبەرەی كوردستانی كە حزبەكان خاوەنی مافی ڤیتۆ بوون، ئەوا دەبێت ئەمجارەیان خودی ئەو بازنە نیشتمانییە ڤیتۆ دیاری بكات بۆ هەموو حزب و تاقم و گروپ و تەنانەت كەسێكیش كە نەتوانێت لە ترسی ئەو ڤیتۆ نیشتمانییە، رەفتاری نانیشتمانی، یان خیانەتی نیشتمانی ئەنجام بداتەوە.
بەڕێز مسعود بارزانی، پێش هەموو شت بە سیفەتی ئەوەی قوتابی و پەروەردەی فیكری مستەفا بارزانی-یە و هەروەها بە سیفەتی ئەوەی ئێستا رەمز و كارێزمای ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانە و تەنیا ئامانجیشی ئەوەیە كە (نائومێدی بگۆڕێت بۆ ئومێد و هەستانەوە و تێپەڕاندنی كارەساتەكان) ئەوا دەبێت لە ئێستادا (مستەفا بارزانی)ی سەدەی بیست و یەكەم بێت و بە هەمان میتۆدی مستەفا بارزانی بازنەیەكی نیشتمانیی گەورە و فراوان لە كۆی حزبە سیاسییەكان و نوێنەرانی خەڵكی كوردستان دروست بكاتەوە بۆ ئەوەی لەدوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر، جارێكی دیكە لەناو شەوەزەنگی نائومێدیدا رێگەی رووناكیی ئومێد و تێپەڕاندنی ئەو كارەساتە بكاتەوە.
وەرچەرخان لە كارەسات و نائومێدییەوە
بەرەو ئومێد و هەستانەوە
ئەگەر ددان بەو راستییەدا بنێین كە لە ناو كۆی ئەو سیستمەی لە كوردستاندا كاری حزبایەتی پێدەكرێت، چەمكی كوردبوون و كوردستانیبوونمان لێ ون بووە و بیری لێ ناكرێتەوە، ئەوا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە بە دیالۆگ و وتووێژ و رێككەوتنی نێوان حزبە سیاسییەكان نەك هەر ناتوانین كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر تێپەڕێنین، بەڵكو ئەگەر ئەو سیستمەی هەتا ئێستا لەناو پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا كاری حزبایەتی پێكراوە، بەردەوام بێت، ئەوا هیچ دوور نییە ئێستا و ئایندەی كوردستان زیاتر بخاتە مەترسییەوە، ئەزموونی بیركردنەوە و زەمینە رەخساندن بۆ وەرچەرخان لە فیكری مستەفا بارزانی-دا ئەوەی وەك توراس بۆ بەجێهێشتووین، هەنگاوی یەكەم بۆ بیركردنەوەی تاكەكانی نەتەوەی ئازاد لەو خاڵەوە دەست پێدەگات كە بیركردنەوەی تاكەكان لە هەژموون و تەوقی ئایدیۆلۆژیەتی دۆگمایی حزبەكان رزگار بكرێت و لەبەر رۆشنایی كوردبوون و كوردستانیبووندا بیربكاتەوە، هەروەها هەموو فەلسەفەی چەمكی (پارتی)یش لە بیركردنەوەی مستەفا بارزانی-دا ئەوەیە كە تاكەكانی نەتەوە ئازادانە لەچوارچێوەی بازنەیەكی نیشتمانیدا بە جیاوازی بیروبۆچوون و ئایدیۆلۆژیەتی سیاسییانەوە، پێناسەی كوردبوون و كوردستانیبوون بكەنەوە، ئەمەش بەو مانایەی ئەوە (پارتی) نییە لە فیكری مستەفا بارزانی-دا پێناسەی كوردبوون و كوردستانیبوون دەكاتەوە، بەڵكو ئەوا تەواوی خەڵكی كوردستانە لە چوارچێوەی ئەو بازنە نیشتمانییەی پێی دەگوترێت (پارتی) خۆیان پێناسەی مان و نەمانی خۆیان لەچوارچێوەی كوردبوون و كوردستانیبووندا دەكەنەوە.
توراسی فیكری مستەفا بارزانی بۆتە توراسی تەواوی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بۆ تێگەیشتن لەچەمكی حزب، هەربۆیە كاتێك بمانەوێت لە چەمكی (پارتی یان حزب) تێبگەین وەك ئامراز، نەك ئامانج، ئەوا ئەگەر حزبی سیاسی وەك دامەزراوەیەك بیەوێت ئامراز بێت، نەك ئامانج، ئەوا هەردەبێت بگەڕێتەوە سەر ئەم توراسە و لەسەر ژێرخانی ئەم توراسەوە هەنگاو بۆ تازەكردنەوە و داهێنانی تازە هەڵبگرێت، ئەوجا ئەو حزبە سیاسییە هەر ئایدیۆلۆژیەتێكی سیاسی هەبێت (ئایینی، یان نەتەوەیی، یان عەلمانی) ئەوە گرنگ نییە، بەڵكو گرنگ ئەوەیە ئازادیی بیركردنەوەی ئەندامەكانی لەژێر ڤیتۆی بازنەی نیشتمانی كوردبوون و كوردستانیبووندا بێت، نەك ئایدیۆلۆژیای سیاسیی حزبەكە كوردبوون و كوردستانیبوون ون بكات و رێگە نەدات بیری لێ بكرێتەوە.
لەسەر بنەمای ئەم میتۆدە، ئەگەر حزب ئامراز بێت و وەرچەرخان لە نائومێدییەوە بۆ ئومێد ئامانج بێت، ئەوا كۆی حزبە سیاسییەكانی ناو پرۆسەی سیاسیی كوردستان رووبەڕووی بەرپرسیاریەتییەكی مێژوویی دەكاتەوە و دەبێت حزبە سیاسییەكان ئەو ئامرازە جیاوازە بن كە ئامانجەكە پێویستیەتی، ئەویش وەرچەرخانە لە نائومێدییەوە بەرەو ئومێدو هەستانەوە.
بەڕێز مسعود بارزانی دەمێكە خەڵكی كوردستان ئەو متمانەیان پێداوە كە رەشماڵی ئەو وەك كارێزمای نەتەوە نەك تەنیا لە پارتی دیموكراتی كوردستان گەورەترە، بەڵكو جێگەی حزبەكانی هەر چوارپارچەی كوردستانی تێدا دەبێتەوە، لەمەش زیاتر فەزای بیركردنەوەی مسعود بارزانی وەك فەزای بیركردنەوەی مستەفا بارزانی، هەمان ئەو توانایەی هەیە كە بیروبۆچوونی دژ و جیاواز پێكەوە كۆبكاتەوە و ئاشتیان بكاتەوە، لەمەش زیاتر توانای ئەوەشی هەیە كە عینادیی سیاسی و ئەقڵییەتی بەردینی حزبایەتی لەچوارچێوەی بازنەی نیشتمانی بكاتە دەرەوە، بەمەش بەرەی نیشتمانی و نانیشتمانی لە یەكتری جیا دەكرێتەوە.
لەوانەیە خوێنەری ئەم دێڕانە ئەو پرسیارەی لا دروست بێت، بەوەی گوایە ئەم باسە داوا دەكات، جارێكی دیكە وەك چلەكانی سەدەی رابردوو هەموو حزبەكانی كوردستان لەناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا بتوێنەوە؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێین: مەبەستی ئەم باسە تەواو تەواو پێچەوانەی ئەو ئامانجەیە، بەڵكو مەبەستمان ئەوەیە چەمكی پارتی لە بیركردنەوەی مستەفا بارزانی-دا، بۆتە توراسی هەموو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان و كاتێك بمانەوێت بەتەواوەتی لەمانای چەمكی حزب تێبگەین، ئەوا هەر دەبێت بگەڕێینەوە سەر ئەو توراسەی كە موڵكی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانە و تەنیا ئامانج لە گەڕانەوە بۆ ئەم توراسە، ئەوەیە كە چەمكی حزب راست بكرێتەوە بەوەی (حزب ئامرازە، نەك ئامانج)، ئەوجا حزب وەك ئامراز لە ئامرازێكی دیكە جیاوازە، ئەوەیان مەسەلەیەك نییە، بەڵكو ئەوەی گرنگە ئەوەیە هەموو ئامرازەكان بۆ خزمەتی یەك ئامانج بەكاربهێنرێت كە ئەویش كوردبوون و كوردستانیبوونی هەموومانە.
لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر سەرنج لە تێڕوانینی خەڵكی كوردستان بۆ شەخسی مسعود بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بدەین، دەبینین لە هەڵبژاردنەكانی تەموزی ساڵی 2009، خەڵكی كوردستان بە رێژەی 59% دەنگی بە هەردوو لایەنی پارتی و یەكێتی داوە، بەڵام بە رێژەی سەرووی 70% دەنگی خۆی بە مسعود بارزانی داوە، ئەمەش مانای ئەوەیە زۆرینەی رەهای خەڵكی كوردستان راشكاوانە بە مسعود بارزانی گوتووە: (ئێمە رازین چەتری تۆ هەموومان كۆبكاتەوە)، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا هەمان ئەو خەڵكە رازی و ئامادەیە چەتری پارتی و یەكێتی پێكەوە هەموویان كۆبكاتەوە؟ بێگومان ئاكامی هەڵبژاردنەكان پێمان دەڵێت: نەخێر، بۆیە گرنگە لەم (نەخێر)ـەی خەڵكی كوردستانەوە لە گرنگیی ئەو بازنە نیشتمانییە تێبگەین كە چەتری كارێزمای بارزانی دەتوانێت دروستی بكاتەوە.
كێشەی سەرەكی لەناو مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان كە لەدوای ساڵی 1975ـەوە تائێستا نەیتوانیوە ئیشكالیەتی چەمكی حزب چارەسەر بكات، لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت كە لەتوراسی فیكری مستەفا بارزانی بۆ تێگەیشتن لە چەمكی (حزب یان پارتی) دوور كەوتووینەتەوە، ئەم دووركەوتنەوەیە بەو مانایەی لەبری ئەوەی لەسەر توراسی بزووتنەوەی زرگاریخوازیی كوردستان حزبی تازە وەك پێداویستی قۆناخی رزگاری نیشتمانی لەدایك بێت، هاتوون گەڕاونەتەوە بۆ توراسی ماركسی لینینی، یاخود بۆ توراسی ئیسلامی، ئەمەش وایكردووە كە ئەو حزبە سیاسییانە ببنە هۆكارێك بۆ شاردنەوەی چەمكی كوردبوون و كوردستانیبوون و بیرلێ نەكردنەوەی، ئەوەی بیری لیكراوەتەوە بریتی بووە لەشۆڕشی كریكاری و ئومەمییەتی ماركسی لینینی، یاخود بۆتە تەیارێكی ئیسلامی و پێناسەكردنەوەی كوردبوون و كوردستایبوون لە چوارچێوەی ئوممەی ئیسلامیدا كراوە، بەمەش ئەو توراسەی خۆمان ون كردووە و نەمانتوانیوە بیری لێ بكەینەوە. كەواتە هەڵەی سیستمی حزبایەتی لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا، فرەحزبی نییە وەك فرەئامراز، بەڵكو فرەئامرازە بۆ فرەئامانج، ئەمەش پاشاگەردانییەكی سیاسی دروستكردووە كە توانای ئەوەی نەهێشتووە، حزبەكان وەك ئامرازە جیاوازەكان، چەندین چارەسەر بۆ كێشەیەك بدۆزنەوە، بەپێچەوانەوە فرەئامانجیی حزبەكان، ئامانجە سەرەكییەكەی شاردۆتەوە كە ئەویش كوردبوون و كوردستانیبوونە.
راستكردنەوەی ئەم ئاراستە چەوتە و دووبارە گەڕانەوە بۆ بیركردنەوە لە كوردبوون و كوردستانیبوون، بە تەنیا حزبێكی سیاسی، یان یەك دوو حزب لێی بەرپرسیار نین، بەڵكو كۆی حزبە سیاسییەكانی كوردستان دەبێت شانی بدەنە بەر و هەر یەكەیان بەپێی قەوارەی خۆی بەرپرسیاریەتی ئەم هەڵەیە بگرێتە ئەستۆ و پاشانیش دەبێت پێكەوە شانی بدەنە بەر بۆ ئەوەی هەموو پێكەوە ئەم هەڵەیە راست بكەنەوە، هەنگاوی یەكەمیش بۆ راستكردنەوەی ئەم هەڵە مێژووییە لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت كە حزب ئامرازە نەك ئامانج، فرەحزبی، فرە ئامرازییە بۆ خزمەتی یەك ئامانج، نەك بەپێچەوانەوە.
بەرهەمهێنانی جەهلی سیاسی و پیرۆزكردنی
ئەگەر دامەزراوەكانی دەوڵەت لەتەواوی وڵاتانی عەرەبی ئیسلامی بەردەوام و بەشێوەیەكی دامەزراوەیی جەهل بەرهەم بهێنێت و پاشان پیرۆزی بكات و نەوە لەدوای نەوەی لەسەر پەروەردە بكات، ئەوا بۆ ئێمەی گەلێكی بێ دەوڵەت كە گرنگترین دامەزراوەمان حزبی سیاسییە، ئەوا بە درێژایی زیاتر لە 40 ساڵی رابردوو، ئەركی حزبی سیاسی لە ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستاندا ئەوە بووە بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو جەهلی سیاسی بەرهەم بهێنێت و ئەم جەهلەشی پیرۆز كردووەو وەك چەكێك بۆ لەناوبردنی حزبەكەی بەرامبەری بەكاریهێناوە. ئەوجا لەبەر ئەوەی حزبەكان جەهلی بەرهەمهێنراو بە ئاستی هەقیقەت پیرۆز دەكەن، ئەوا هەر وتووێژ و موناقەشەیەك لەناو فەزای ئەم جەهلە سیاسییە بەڕێوە بچێت، وەك ئەوەیە دوو هەقیقەت پێكەوە شەڕ بكەن و هیچ لایەكیان ددان بەوی دیكەیاندا نەنێت.
گرفت و كێشەی سەرەكیی بەرهەمهێنانی جەهلی سیاسی، لە قۆناخی ئاشتی و سەقامگیری لەگەڵ قۆناخی ناسەقامگیری و كارەساتدا لێكجیاوازە، هەر بۆ نموونە دەشێت لە كاتی ئاشتی و سەقامگیریدا جەهلی سیاسی بەردەوام بەرهەم بهێنرێت و هەڵبگیرێت و كاری پێ نەكرێت، بەڵام لەقۆناخی كارەسات و ناسەقامگیریدا، ئەو گەنجینەیەی بە بەرهەمی جەهلی سیاسی سیغناغ كراوە، نابێت هەمووی هەڵبڕێژرێت و وڵاتی پێ كاول بكەن، هەروەك چۆن ئێستا لەدوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر، چەند لایەنێكی سیاسی دەرگای گەنجینەی جەهلی سیاسییان واڵاكردووەو لەسەر شاشەی تیڤییەكان پیرۆزی دەكەن و دەیانەوێت كوردستانی پێ كاول بكەن.
بێگومان كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر هەرچۆنێك روویدابێت و هۆكار و پاڵنەری ئەو تاقمە هەرچییەك بووبێت كە ببنە پێش لەشكری داگیركەری بێگانە بۆ ئەوەی كەركووك و ناوچە دابڕاوەكانی دیكەی كوردستان داگیربكاتەوە، بێجگە لە بەرهەمهێنانی بەردەوامی جەهلی سیاسی، شتێكی دیكە نییە، هەر بۆیە كاتێك ویستیان گەنجینەی جەهلی سیاسی بخەنە سەرپشت و بیكەن بە چەكێك دژی لایەنێكی دیكەی سیاسی كە ئەو تاقمە بە دوژمنی خۆیانی دەزانن، ئەوا ئەو چەكە لە بری ئەوەی تەنیا دوژمنی ئەو تاقمە تێكبشكێنێت، كۆی ئەزموون و كیانی سیاسیی كوردستانی خستۆتە دووڕیانی مان و نەمانەوە. لەبەرامبەریشدا هەندێك لەو حزبە سیاسییانەش كە بە حیساب خۆیان وا پیشاندەدەن لەگەڵ ئەو تاقمە نین كە كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەریان بەسەر نەتەوەكەمان هێناوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوانیش جەهلی سیاسییان بەرهەم هێناوە و كۆیانكردۆتەوە بۆ كاتی پێویست، ئەوا لەبری ئەوەی ببنە هۆكار و هاوكارێك بۆ ئەوەی میللەتەكەمان ئەم نەهامەتیە تێپەڕێنێت، ئەوا ئەوانیش بە رێگای بەكارهێنانی جەهلی سیاسیی بەرهەمهاتوو وەك چەكێك بۆ رووخاندنی حكومەتەكەی خۆیان بەكاردەهێنن، ئەوا وەك لەچەند رۆژی رابردوو بینیمان، جەهلی سیاسی بۆتە هۆكاری سەرلێتێكچوونی خەڵكی كوردستان و بەدەستی خۆیان دامەزراوەكانی حكومەت و بارەگای حزبە سیاسییەكان دەسووتێنن، بەمەش زەمینەیەكی زۆر لەباریان بۆ دوژمنانی كوردستان دروستكردووە كە بە بیانووی بوونی ئاژاوەو ناسەقامگیری لەكوردستاندا دەستتێوەردان بكەن و حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕووخێنن. بەڵام ئەوەی بارودۆخەكەی ترسناكتر كردووە، ئەوەیە كە ئەو حزبە سیاسییانەی وەك (بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی) بە جەهلی سیاسی سەریان لەو خەڵكە شێواندووە و بە رێگەی تەلەفزیۆن و میدیاكانیان ئەم جەهلە پیرۆز دەكەن و زیاتر خەڵكی پێ هان دەدەن بۆ ئەوەی حكومەتەكەی خۆیان بڕووخێنن. ئێستا ئەوەی لە تەلەفزیۆنەكانی كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕانەوە پەخش دەكرێت و ئەوەی لە شەقامەكانی رانیە و چوارقوڕنە و چەمچەماڵ وەك دروشم دەگوترێتەوە، بەهەمان شێوە لە تەلەفزیۆنەكانی شیعە و شەقامەكانی كەربەلا و نەجەف و لەسەر زاری قەیس غەزعەلی فەرماندەی میلیشیای حەشدی شەعبی عەسائیبی ئەهلی حەق، دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دووبارە دەكرێتەوە بۆ ئەوەی بە بیانووی پشتگیریكردن لە خۆپیشاندانی سلێمانی و دەوربەری داوادەكەن، هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، سلێمانییش وەك كەركووك داگیربكەنەوەو پاش ئەویش هێرش بكەنە سەر هەولێر و حكومەت بڕووخێنن و كۆتایی بە كیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان بهێنرێت.
حكومەتی عەبادی و لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق و سوپای پاسدارانیش، لەوە دڵنیابوون كە ئاستەنگی سەرەكی لەبەردەم جێبەجێكردنی پیلانەكانیان بەتەواوەتی هەولێر و پارتی و سەرۆك بارزانی-یە، بۆیە كاتێك بە هاندانی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و بەشێك لە یەكێتی نیشتمانی، رق و كینەی دەیان ساڵەی جەهلی سیاسی دژی هەولێر و پارتی و سەرۆك بارزانی هەڵدەڕێژن و پاشانیش لەلای هەوادارەكانیان و بە رێگەی كەناڵەكانی میدیا دەیانەوێت ئەم جەهلە سیاسییە پیرۆز بكەن، ئەوا حكومەتی عەبادی و لایەنەكانی دیكەی شیعەی عێراق و سوپای قودسی سوپای پاسداران، خۆیان كردۆتە داكۆكیكار لە ناڕەزایی خەڵك و جەهلی سیاسیی (گۆڕان و كۆمەڵ)یان كردۆتە پەردەیەك و ئامانجی داگیركردنی كوردستانی پێ دەشارنەوە.
ئاشكرایە بەهۆی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، تەواوی خەڵكی كوردستان دوچاری نەهامەتی و بێ مووچەیی بوونەتەوە و گوزەرانیان سەخت بووە، بەڵام ئەم قەیران و بارە سەختەی كەوتۆتە سەرشانی خەڵك، بەوە چارەسەر ناكرێت، نەهامەتی و خراپی گوزەرانی خەڵك بكرێتە چەك و حكومەتەكەی خۆتی پێ بڕووخێنیت، بەڵكو بەوە چارەسەر دەبێت كە هەموو حزبە سیاسییەكان پێكەوە شانی بەرپرسیاریەتی بدەنەبەر و رێگەیەك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی قەیران و نەهامەتییەكە تێپەڕێنن، بەڵام وەك ئێستا دەبینین، بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بە بڕیاری كشانەوەیان لە حكومەت، نەك هەر دەیانەوێت لە بەرپرسیاریەتی هەڵبێن، بەڵكو دەیانەوێت ئەم بارودۆخە بە فرسەت وەربگرن و ببنە هۆكاریكی یارمەتیدەر بۆ ئەوەی خزمەتێكی بەلاش پێشكەشی داگیركارانی كوردستان بكەن و حكومەتی خۆیان بڕووخێنن.
ئەم جۆرە رەفتارەی حزبی سیاسی لە قۆناخێكی سەختی وەك ئەو قوناخەی ئێستا كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، لەبری ئەوەی زەمینە دروست بكات بۆ ئەوەی خەڵك و حكومەت پێكەوە هاوكاربن بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكەن، هەوڵدانە بۆ ئەوەی ئاشتیی كۆمەڵایەتی تێكبدەن و زەمینە بۆ شەڕێكی ناوخۆی نەخوازراو دروست بكەن، هەروەها كوردستان بكەنە گۆمێكی ڵێل بۆ ئەوەی دوژمنانی كوردستان بەئاسانی راوی خۆیانی تێدا بكەن.