چۆن لەگەڵ هەڵە و تاوانی 16ی ئۆكتۆبەر مامەڵە بكەین؟

چۆن لەگەڵ هەڵە و تاوانی 16ی ئۆكتۆبەر مامەڵە بكەین؟
كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو، دەرهاویشتەیەكی دیكەی خراپی هەڵەو تاوانی ناو مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستانە كە نزیكەی شەش دەیەیە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، هەر بۆیە چۆن لێكترازان و شەڕی نێوان كورد و كورد هەڵە و تاوانە، بەهەمان شێوە مامەڵەكردنی هەڵەش لەگەڵ ئەم دیاردەیە بە هەمان شێوە هەڵە و تاوانێكی دیكەیە. راشكاوانەتر چۆن هەڵە و تاوانی ساڵی 1964، هەڵە، یان تاوان نەبووە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵكو هەڵە و تاوان بووە دژی خواست و ئیرادەی خەڵكی كوردستان، بەهەمان شێوە كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەریش دژی پارتی دیموكراتی كوردستان نییە، بەڵكو دژی هەموو خەڵكی كوردستانە بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانیشەوە. كەواتە ئەوە مافی پارتی دیموكراتی كوردستان نییە كە كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر وەك خیانەت دژی خۆی لە قەڵەم بدات، یان پەردەپۆشی بكات بە بیانووی ئەوەی خزمەتی یەكڕیزی نێوماڵی كوردستان دەكات، بەڵكو هەنگاوی راست بەپێی ئەزموونی هەموو نەتەوەكانی جیهان ئەوەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە هاوكاری حزبە هاوپەیمانەكانی و ئیرادەی خەڵكی كوردستان، هەنگاوی تازە هەڵبگرێت و بە بۆچوونێكی تازەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم كارەساتە بكات لەوانە:
1. لەبەر ئەوەی هێشتا كوردستان دەوڵەت نییە، كەواتە قۆناخی رزگاری نیشتمانی بەردەوامەو لەدوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەریشەوە، گەڕاوینەتەوە بۆ قۆناخی (كوردستان یان نەمان) بۆیە بەو سیستمە كۆنەی حزبایەتی كە هەتا ئێستا لە كوردستان كاری حزبایەتی پێكراوە، چیتر حزبایەتی ناكرێت و دەبێت بیر لە دامەزراندنی سیتمێكی نوێی حزبایەتی بكرێتەوە، ئەمەش بەو مانایەی ئەوە گرنگ نییە حزبی سیاسی چ ئایدیۆلۆژیەتێكی سیاسی هەیە، بەڵكو ئەوەی گرنگە ئەوەیە لەم سیستمە نوێیەدا، هەموو حزبەكان لەسەر هەڵە و تاوانەكانی ناو مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بگەنە پێناسەیەكی هاوبەش، ئەو پێناسەی كە خەڵكی كوردستان چوارچێوەكەی دیاری دەكات.
2. ئەوەی جێگەی گەشبینی و دڵخۆشییە بۆ خەڵكی كوردستان، ئەوەیە لەناو سەركردایەتی هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستاندا، خەڵكانێك هەن كە لە بازنەی نیشتمانی و نەتەوەیی سەیری كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر دەكەن، بۆیە گرنگە ئەنجومەنێكی باڵای هاوبەش لە سەركردەی هەموو حزبەكان بۆ دەربڕینی هەڵوێستێكی هاوبەش بەرامبەر كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر پێكبهێنرێت و ئەوانەی كە دەبنە لایەنگری كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر لە هێڵە نیشتمانییەكە جیابكرێنەوە و رێگە نەدرێت تێكەڵاوی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان لەهەر سێ دەسەڵاتی راپەڕاندن و یاسادانان و دادوەری ببنەوە.
3. دوژمنانی كوردستان بە رێگەی بەكارهێنان و هاندانی بوغز و كینەی هەڵە و تاوانی ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان، توانیان كارەساتێكی دیكە بەسەر كوردستاندا بهێنن، بەڵام بۆ ئێستا زۆر گرنگە ئەو فاكتەرەی بەردەستی دوژمنانی كوردستان پووچەڵ بكرێتەوە، ئەمەش پێویستی بەوە هەیە كە رێگە نەدرێت بە رێگەی دژایەتیكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم بوغز و كینەیەی هەڵە و تاوانی مێژوو بشارنەوە، هەر بۆیە پارتی ئەركی گەورەی لەسەرشانە بەوەی بۆ خەڵكی كوردستانی بسەلمێنێت، ئەو بوغز و كینەیەی تاقمێك بە ناوی دژایەتی پارتی دەیشارنەوە، بوغز و كینەی هەڵە و تاوانی مێژووە و دژی هەموو خەڵك و ئامانجەكانی كوردستانە، بۆ ئەمەش دەبێت بە هاوپەیمانی لەگەڵ هەموو حزبەكان و بە بەشداری خەڵكی كوردستان رووی راستەقینەی بوغز و كینەی هەڵە و تاوانی مێژووی ئەو تاقمە بخرێتەڕوو بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان بڕیاری لەسەر بدات.
4. مێژووی نەتەوەكانی جیهان بۆ راستكردنەوەی هەڵە و تاوانی ناو مێژوو، پێمان دەڵێت، هیچ نەتەوەیەك نەیتوانیوە بە دیالۆگ و وتووێژ و رێگەچارەی ئاشتییانە هەڵە و تاوانی ناو مێژووی خۆی راست بكاتەوە، هەر نەتەوەیەكیش بەپێچەوانەی ئەمە هەوڵی دابێت، هەڵە و تاوانی ناو مێژوو راست بكاتەوە، ئەوا وەك مەهاتما گاندی باوكی رۆحی هیندستان، سەری خۆی لەسەر داناوەو پاشانیش نەیانتوانیوە رێگە بە توندوتیژیی سەرتاسەری بگرن، بۆیە ئێمەش ئەگەر پێمانوابێت بە باس نەكردنی ئەم كارەساتە و تاقمە ئەنجامدەرەكەی دەتوانین ئەم هەڵە و تاوانە راست بكەینەوە، ئەوا پێش هەمووان خۆمان بە هەڵەدا دەبەین، بەڵام گرنگە هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان رێگە نەدەن، ئەم هەڵە و تاوانە لە ژێر پەردەی دژایەتی لایەنێكی سیاسی پەردەپۆش بكرێت و ئەو رێوشوێنەی كە پێویستە هەموو لایەك بۆ راستكردنەوەی ئەو هەڵە و تاوانە، لایەنێكی سیاسی تێوەنەگلێت و پەلكێش نەبێت بۆ ناو شەڕێكی ناوخۆی خوێناوی، وەك ئەوەی ئێستا چەند هەرزەیەكی ئەنجامدەری كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر دەهۆڵی شەڕی ناوخۆی بۆ دەكوتن.
5. ئەوانەی دەكەونە ناو بازنەی ئەنجامدەرانی 16ی ئۆكتۆبەر و هەموو ئەو خەڵكانەشی لەناو بەشێك لە حزبەكان پشتگیرییان دەكەن، كەمینەیەكی زۆر كەمی ناو هێزە سیاسییەكانی كوردستانن، ئەگەر بە راست و دروستی مامەڵە لەگەڵ كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر بكرێت، ئەوا بۆغز و كینەی ئەو تاقمە و ئەوانەشی پشتگیرییان لێدەكەن، نابنە ئەو هێزەی كە بتوانن ئەو هەڵە و تاوانە بكەنە دڕندەیەكی دیكە و بە ئارەزووی خۆیان ئەو دڕندەیە بكەن بە گژی خەڵكی كوردستاندا، بەپێچەوانەوە ماهیەتی ئەمانە بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرا دەبێت و لەناوكۆمەڵگەی كوردستاندا جێگەیان نابێتەوە.
6. لە قۆناخی رزگاری نیشتمانیدا، سەروەریی یاسا پێش ئەوەی جێبەجێكردنی یاسای دانراوی پەرلەمانی كوردستان بێت، بریتییە لەو ئەخلاقە شۆڕشگێڕییەی كە دەبێتە پێناسە بۆ ئازادی و شكۆ و بەرژەوەندییەكانی كوردستان، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئازادی و شكۆ و بەرژەوەندییەكانی كوردستان، بە ئیرادەی شۆڕشگێری خەڵكی كوردستان دەپارێزرێت، نەك دەستووری عێراق، یان یاسا نێودەوڵەتییەكان، بۆیە گرنگە رێگە نەدرێت بە فێڵكردن لە یاساكان، بەتایبەتی یاسای رۆژنامەگەری و چاپەمەنی و بەناوی بیروڕای ئازادەوە، دژایەتی ئازادی و شكۆ و بەرژەوەندییەكانی كوردستان بكرێت. ئێستا لە جیهاندا تەواوی تیرۆریستان لەژیر چەندین ناوی جیاوازدا فێڵ لەیاساكانی دیموكراتی دەكەن و، وەك چەكێك دژی سیستمە دیموكراتییەكان بەكاری دەهێنن، لە كوردستانیشدا ئەوانەی خۆیان بە لایەنگر و پشتگیری ئەنجامدەرانی 16ی ئۆكتۆبەر دەزانن، یان لەگەڵ ئەو دوژمنانە یەك دەگرنەوە كە دژی هەرێمی كوردستانن، بەهەمان شێوە یاساكانی كوردستان وەك چەكێك دژی ئازادی و شكۆ و بەرژەوەندییەكانی كوردستان بەكار دەهێنن، ئەوجا لەبەر ئەوەی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر كوردستانی بریندار كردووە و خستوویەتە بارێكی نائاساییەوە، ئەوە گرنگە هەموو حزبەكان و پەرلەمان و حكومەتیش، بە ئێرادەی شۆڕشگێڕانە وەك بارێكی نائاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەو دەنگە دژانە بكات و رێگە نەدات كوردستان هێندەی دیكە بریندار بكەن.
Top