كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر .. خیانەتە دژی نیشتمان و نەتەوە بە دژایەتی كردنی پارتی دیموكراتی كوردستان پەردەپۆش ناكرێت

كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر .. خیانەتە دژی نیشتمان و نەتەوە بە دژایەتی كردنی پارتی دیموكراتی كوردستان پەردەپۆش ناكرێت
كورد یەكەم نەتەوە نییە كە نەیتوانیبێت بەشێوەیەكی دروست مامەڵە لەگەڵ هەڵە و تاوانی ناو مێژووی خۆی بكات، بەڵكو بەشی هەرە زۆری گەلان و نەتەوەكانی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی لە پرۆسەی راستكردنەوەی هەڵەكانی مێژووی دەوڵەت و نەتەوەكانیان شكستیان هێناوە، ئەو هەموو كارەساتەش كە ساڵ لەدوای ساڵ و دەیە لەدوای دەیە بەسەر دەوڵەت و نەتەوەكانیان دووبارە و سێ بارە دەبێتەوە، هۆكارەكەی ئەوەیە كە نەیانتوانیوە هەڵە و تاوانی ناو مێژووی خۆیان راست بكەنەوە.
دیارە ئێمەی كوردیش وەك تەواوی نەتەوەكانی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی، بە هەمان شێوە لە راستكردنەوەی هەڵە و تاوانی ناو مێژووی خۆمان شكستمان هێناوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هێندەی هەوڵمانداوە ئەو هەڵە و تاوانانە پەردەپۆش بكەین، هەوڵمان نەداوە كە هەڵە و تاوانەكان وەك نەخۆشی دەستنیشان بكەین و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزینەوە.
ئەوجا ئەگەر لێرەوە راشكاوانە دەست بخەینە سەر برینەكان و ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین، ئایا هەڵە و تاوانی خۆمان وەك كورد لە ماوەی 60 ساڵی رابردوو لە ناو مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستاندا چییە؟ بێگومان وەڵامی راستگۆ و راشكاوانەی ئەم پرسیارە تەنیا لایەنێك تۆمەتبار ناكات و لایەنەكەی دیكە سەرفراز ناكات، بەڵكو كۆی شێواز و سیستمی حزبایەتی لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و بەدەنگی بەرز دەڵێت: لەناو ئەو شێواز و سیستمە حزبایەتییەی بە درێژایی 60 ساڵی رابردوو لە كوردستاندا كاری حزبایەتی پێكراوە، ئەو توانایەی نییە نەك هەر هەڵە و تاوانەكانی ناو مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان راستبكاتەوە، بەڵكو ژینگەی سیستمی حزبایەتی هەتا ئێستاش لە كوردستاندا ئەو بوارەی نەرەخساندووە هەڵە و تاوانەكانی ناو مێژووی خۆمان دەست نیشان بكەین.
دیارە مەبەست لە هەڵە و تاوان، هاوتاكردنی نییە بەرامبەر بە خیانەت، یان پڕوپاگەندەی حزبی بۆ شاردنەوەی هەڵەی لایەك دژی لایەكی دیكە، بەڵكو مەبەست لە هەڵە و تاوان ئەوەیە كە كۆی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان لەماوەی 60 ساڵی رابردوو بەرپرسیاریەتی دەكەوێتە سەرشانی.

لەم بازنەیەدا هەڵەی كۆی بزووتنەوەی رزگاریخوازیمان دەكەوێتە چوارچێوەی بیركردنەوەی هەڵەی هەموومان لە قۆناخی رزگاری نیشتمانی و تاوانەكەشمان ئەوەیە پێناسەی نەتەوە و وڵاتمان لەگەڵ حزب تێكەڵ كردووە، هەر بۆیەشە هەڵە و تاوانی ناو مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستان، وەك جیاوازی ئایدیۆلۆژیەتی لایەنێكی سیاسی بەرامبەر ئایدیۆلۆژیەتی لایەنێكی دیكەی سیاسی بەرجەستە بووە، ئەمە لەكاتێكدا هەڵە و تاوانی ناو ئەو مێژووە، بەرپرسیاریەتییەكەی دەكەوێتە سەرشانی كۆی بزووتنەوەی رزگاریخوازیمان و ئەم هەڵە و تاوانە لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت، كە بیركردنەوەی حزبی لە خوێندنەوەی قۆناخی رزگاری نیشتمانی هەڵەی كردووە و بەرژەوەندی حزبی خستووەتە سەرووی بەرژەوەندی نەتەوە و نیشتمان، ئەمەش تاوانێكە لە دژی ئایندەی نەتەوەو نیشتمان.
لەوانەیە ئەمە دەروازیەكی باش بێت بۆ ئەوەی ئەو پرسیارە بورووژێین و بپرسین: ئەو هۆكارانە چی بوون كە لە ساڵی 1964 بوونە هۆكاری لێكترازان لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستاندا؟ بەداخەوە لەبەر ئەوەی مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ ئەم كارەساتە مێژووییەی نەتەوە و نیشتمان نەكراوە، ئەوا ئێستا هەرچۆنێك بگەڕێینەوە سەری وەك جیاوازی نێوان دوو ئایدیۆلۆژیەتی سیاسی خۆی بەرجەستە دەكات و لە ئامانجە سەرەكییەكە دوور دەكەویەوە كە جارێكی دیكە لێكترازان لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی دروست نەبێتەوە و هەل و دەرفەتەكان لەدەست كوردستان نەچن. بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بیركردنەوەی مستەفا بارزانی بۆ شۆڕش و حزبایەتی و پاشانیش دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوا ئەو مێژووە پێمان دەڵێت:


1. مستەفا بارزانی پێش ئەوەی حزب دروست بكات، شۆڕشی بەرپا كردووە.
2. پێش ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دابمەزرێنێت، لە شۆڕشی دووەمی بارزاندا لیژنەی ئازادی دامەزراندووە.
ئەم دوو خەسەڵەتەی بیركردنەوەی مستەفا بارزانی چەند خاڵێكمان پێدەڵێت، لەوانە:
1. لەبیركردنەوەی مستەفا بارزانی-دا، حزب شۆڕش ناكات، بەڵكو ئیرادەی نەتەوە شۆڕش دەكات و، دەبێت هەموو حزبە سیاسییەكانیش بە جیاوازی ئایدیۆلۆژیەتی سیاسییان لەناو چوارچێوەی ئێرادەی نەتەوەدا كۆببنەوە، بارزانی مستەفا لە شۆڕشی دووەمی بارزاندا بە كردەوە ئەمەی دروستكرد و هەموو حزبەكان و ئەفسەرانی رزگاریخواز و كەسایەتییەكانی ناو شۆڕشەكەی لەناو لیژنەی ئازادی بۆ سەركردایەتی شۆڕش كۆكردەوە، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت، لە بیركردنەوەی مستەفا بارزانی-دا، قۆناخی رزگاری نیشتمانی بریتییە لەو قۆناخەی كە دەبێت هەموو حزبە سیاسییەكان و خەڵكانی شۆڕشگێر و كەسایەتییەكان كە دێنە ناو شۆڕشەكە، ملكەچی ئیرادەی نەتەوە بن كە خاوەنی شۆڕشەكەیە.
2. لە دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1946، مستەفا بارزانی پارتی وەك حزبێكی رۆژهەڵاتی، یان جیهانی عەرەبی و ئیسلامی لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیەتێكی قەومی، یان ئایینی، یان كۆمونیستی دانەمەزراند، بەڵكو پارتی كردە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكانی تەواوی حزبە سیاسییەكان بۆ ئەوەی بیرنەتەوەی كورد و كوردستانی تێدا لەدایك بێت، بەڵام لەدوای رووخانی كۆماری كوردستان لە ساڵی 1946، راستەوخۆ مستەفا بارزانی رووی كردە یەكێتی سۆڤیەتی پێشان و ماوەی 12 ساڵ لەوێ بە پەنابەری مایەوە، ئەمەش واتە ماوەی 12 ساڵ مستەفا بارزانی لە پارتی دوور كەوتەوە، ئەم دووركەوتنەوەیە دوو وەرچەرخانی دروست كرد، یەكەمیان وەرچەرخانێكی گرنگ و ئەرێنی بوو لە بیركردنەوەی بۆ قۆناخی رزگاری نیشتمانی و حزب لەو قۆناخەدا، دووەمیان وەرچەرخانێكی نەرێنی بوو پارتی گەڕایەوە بۆ سیستمە كۆنەكەی حزبایەتی ئەو سەردەمە واتە وەك حزبێكی ئایدیۆلۆژی دیاریكراو.
3. بە گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە 6ی ئۆكتۆبەری 1958 بۆ عێراق، جارێكی دیكە بووەوە بە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی تەواوی بیروبۆچوونە جیاوازەكانی خەڵكی كوردستان، بەڵام خودی مستەفا بارزانی لەناو پارتی رووبەڕووی كۆمەڵێك دیاردە بووەوە كە لەگەڵ بیركردنەوەی ئەو نەدەگونجان، هەر بۆیە لە ساڵی 1959 یەكەمین كۆنگرەی پارتی كە كۆنگرەی چوارم بوو لە بەغدا بە سەرپەرشتی مستەفا بارزانی گرێدرا و كۆمەڵێك گۆڕانكاریی گرنگ لە سیاسەت و سەركردایەتی پارتی ئەنجامدرا، بەمەش جارێكی دیكە پارتی بووەوە بە هەمان ئەو پارتەی كە مستەفا بارزانی بیری لیكردبووەوە. لە ئەیلوولی ساڵی 1961 كاتێك خەڵكی كوردستان شۆڕشی بەرپاكرد، پارتی بووە بزوێنەری شۆڕشەكە و جارێكی دیكە هەموو كوردستانی پێكەوە كۆكردەوە.


4. لەساڵی 1964 دوای 3 ساڵ مقاوەمەتی شۆڕش، حكومەتی عێراقی ناچار كرد داوای ئاگربەست و دانوستاندن بكات، بۆ ئەمەش مستەفا بارزانی گەڕایەوە بۆ رای خەڵكی كوردستان و لە شاری كۆیە كۆنفرانسێكی بۆ پیاوماقووڵ و كەسایەتییەكانی كوردستان گرێدا بۆ ئەوەی بزانرێت، ئایا ئەم ئاگربەستە لەگەڵ حكومەت بكرێت، یان نا، ئەوە بوو رای خەڵكی كوردستان ئەوە بوو ئەو ئاگربەستە بكرێت، لەبەر ئەوەی خەڵكی كوردستان بۆ كۆكردنەوەی بەروبوومەكانیان پێویستیان پێیەتی، لەسەر ئەم بنەمایە مستەفا بارزانی لایەنگری رای خەڵكی كوردستان بوو، بەڵام بەشی هەرە زۆری ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی بەوجۆرە بیریان دەكردەوە، چۆن دەبێت حزب بەو گەورەییەی خۆی ملكەچی رای خەڵكی جووتیار و رەش و رووتی كوردستان بێت، بەپێچەوانەوە دەبێت ئەو خەڵكە ملكەچی فەرمانەكانی حزب بێت، لەم دووڕیانەدا مستەفا بارزانی پابەندبوونی خۆی بە بڕیاری خەڵك سەلماندو ئاگربەستی راگەیاند، بەڵام مەكتەبی سیاسی دژایەتی خۆی بۆ بارزانی راگەیاند و كەوتە پڕوپاگەندەكردن بەوەی گوایە مستەفا بارزانی كوردستانی بە (سێو و پرتەقاڵ) فرۆشتووە، ئەمەش بووە هۆی لێكترازان لەناو پارتی و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستاندا.
5. مستەفا بارزانی لەماوەی ساڵانی 1964-1966 زۆر بە لۆژیكانە مامەڵەی لەگەڵ ئەم لێكترازانە كرد و داواشی لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی كرد كە كۆنگرە گرێ بدرێت و لەكۆنگرە ئەم پرسە چارەسەر بكرێت، بەڵام ئەوە بوو بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی خۆیان یاخیكرد و لەساڵی 1966 ئەم ناكۆكییە سیاسییەیان كرد بە شەڕی چەكداری دژی شۆڕشی كوردستان.


6. جێگەی ئاماژە پێكردنە لە هەردوو قۆناخی 1964-1966، هەروەها لە 1966-1970، مستەفا بارزانی و سەركردایەتی پارتی زۆر لۆژیكانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم لێكترازانە كرد و بە تەواوەتی بەرەی شۆڕش و دژە شۆڕشیان بۆ خەڵكی كوردستان لێك جیاكردەوە، بەڵام لە ساڵی 1970 و دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنی ئادار، سۆزی كوردایەتی بۆ یەكڕیزی نێوماڵی كوردستان بە هەر نرخ و رێگەیەك بێت، زاڵ بوو بە سەر چارەسەری راستەقینەو بەبێ ئەوەی كۆنگرەیەكی میللی بۆ دەستنیشانكردنی هەڵە و تاوانەكان، (وەك ئەوەی لە باشووری ئەفریقیا بۆ لە ریشەهەڵكێشانی فیكری ئەپارتاید گرێدرا)، لە كوردستانیش گرێ بدرێت بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی پرۆسەی (دانپێدانان بە راستییەكان) سەرلەنوێ پێناسەی حزب و قۆناحی رزگاری نیشتمانی بكرێتەوە، بە بڕیارێك حزبەكەی باڵی مەكتەبی سیاسی هەڵوەشێندرایەوە و تێكەڵاوی پارتی كرایەوە، بەمەش نەتوانرا نە هەڵە و تاوانی ناو مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان دەستنیشان بكرێت و پاشان چارەسەر بكرێت، نە توانراش سیستمی كۆنی حزبایەتی لە كوردستان بگۆڕێت بە سیستمێكی نوێ كە جارێكی دیكە ئەو هەڵە و تاوانەی تێدا روو نەداتەوە.
ئەم پاشخانە مێژووییە بریتی نییە لە گێڕانەوەی مێژوو، بەڵكو هێنانەگۆی ئەو هەڵە و تاوانەیە كە لەناو ئەو مێژووە هەیە و راستیەكانمان وەك خۆی بۆ باس دەكات و پێمان دەڵێت، ئەگەر ئەم هەڵە و تاوانە راست نەكرێتەوە، چەندین جاری دیكەش دووبارە دەبنەوە، هەروەك چۆن لە 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو بە شێوەیەكی زۆر ترسناك دووبارە بووەوە و ناو و كەرامەتی كوردستان و پێشمەرگەی لە بەردەم رای گشتی جیهاندا بە شێوەیەكی ناشیرین پێناسە كردەوە.
Top