چارەسەركردنی كێشەكانی سووریا دوای نەمانی داعش بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆ

چارەسەركردنی كێشەكانی سووریا دوای نەمانی داعش بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆ
لەگەڵ ئەوەی بارودۆخی سووریای دوای شەڕی داعش زۆر لە عێراق ئاڵۆزترە و پێویستی بە كۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە هەیە كە ماوەی نزیكەی شەش ساڵە درێژەی هەیە، بەڵام دیسان لەم كێشەیەشدا تەفاهومێكی زۆر لە نێوان رووسیا و ئەمریكا دروست بووە، بەڵام فاكتەری سەرەكی بۆ ئاستەنگ خستە بەردەمی پرۆسەكە بە پلەی یەكەم ئێرانە كە دەیەوێت هەم میلیشیاكانی حزبوڵڵا و هەم میلیشیا شیعە پرۆئێرانییەكانی لەو وڵاتە بوونی هەبێت، هەمیش چەند بنكەیەكی سەربازی لەو وڵاتە دابمەزرێنێت، هەر بۆیە ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جەخت دەكەنەوە:
ئـ: هەردوو سەرۆك ترەمپ و پۆتین لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە چەند زۆنێكی ئارام دروست بكەن و كێشەكان سنووردار بكەن، بۆ ئەوەی ئاگربەس بەردەوام بێت و شەڕ لە سووریا دووربخرێتەوە.
ب: هەردوو سەرۆك ترەمپ و پۆتین رێككەوتوون بە هەموو شێوەیەك ئەمریكا و رووسیا لەسەر دۆسێی سووریا كێشەیان لەگەڵ یەكدا بۆ دروست نەبێت و خۆیان لە كێشە بەدوور بگرن.
ج: رێز لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش بگیرێت، كە تایبەت بە كێشەی سووریا دەركراون.
د: لەچوارچێوەی بەیاننامەی ژنێڤدا كار بۆ قۆناخی راگواستن بكرێت و زەمینە بۆ هەڵبژاردنێكی دادپەروەر و ئازاد دابین بكرێت و هەموو پێكهاتەكان و رەوەندی سووریا لەدەرەوە بەشداری تێدا بكەن و هەڵبژاردنەكە رەچاوی ستاندەر و شەفافییەتی نێودەوڵەتی بكات.
دیارە ئەم هەنگاوانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رژێمی ئەسەد لە قۆناخی ئینتیقالیدا دەهێڵێتەوە و گۆڕانكاری لە رژێمی سووریا دەكەوێتە چوارچێوەی رێككەوتنەكان بۆ كۆتاییهینان بە شەڕی ناوخۆ و پاشانیش دانانی سیستمێكی سیاسی كە گەلانی سووریا خۆیان لەسەری رێكدەكەون.
بەڵام لەبەرامبەر ئەم هەوڵانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە حوكمی ئەوەی ئێران نفووزێكی هێجگار گەورەشی لە سووریادا هەیە، بەتەنیا پرۆژەیەكی 4 خاڵی هەیە كە داوا دەكات:
1. دەستبەجێ ئاگربەس رابگەیەنرێت.
2. حكومەتێكی نیشتمانی و یەكگرتوو دابمەزرێت و رژێمی ئێستای ئەسەد بەهێز بكرێتەوە.
3. دەستور هەموار بكرێت.
4. هەڵبژاردن بكرێت .
ئەم پرۆژە چوار خاڵییەی ئێران، دیمەشق دەكاتە پاشكۆی تاران و هەرگیز سەقامگیری بۆ سووریا ناگەڕێتەوە و شەڕی ناوخۆش هەر بەردەوام دەبێت.
لوبنان و مەترسی هەڵگیرسانی شەڕ
لە نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیلدا
حزبوڵڵای لوبنانی كە لە بنەڕەتدا لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بەناوی بزووتنەوەی بەرگری لەدژی داگیركاری ئیسرائیلی دروستكراوە، ئێستا لە كارەكتەرێكی لۆكاڵەوە بۆتە كاراكتەرێكی ئیقلیمی و كاریگەری لەسەر هەریەك لە عێراق و سووریا و یەمەن هەیە، هەروەها لەهەردوو بەرەی باشووری لوبنان و سنووری بەرزاییەكانی جۆلانەوە هەڕەشەی لەسەر ئیسرائیل دروستكردووە، بە رێگەی ناردنی راوێژكار سەربازی بۆ تەقاندنی رۆكێت و مەشق پێدانی چەكدارەكانی ئەنساروڵای حوسی لە یەك كاتدا بەرەیەكی هاوشێوەی لە سنووری یەمەنەوە لەگەڵ سعودیە دروست كردووە و لە رێگەی رۆكێتەكانیشەوە، ریازی پایتەختی سعودیەی گرتۆتە ئامانج، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ رەوینەوەی ئەم مەترسییە وەك هەنگاوی یەكەم حزبوڵڵای لوبنانی وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی ناساندووە، لە هەنگاوی دووەمیشدا هەوڵدەدات هاوكاری حكومەتی لوبنانی بكات بۆ ئەوەی سوپای نیشتمانیی لوبنان بەهێز بێت و میلیشیاكانی حزبوڵڵا لە چەك دابماڵدرێن، بەڵام لەبەرامبەردا بەهۆی هاوكارییە داراییەكانی ئێران بە بڕی زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلار لە ساڵێكدا و دابینكردنی چەك و تەقەمەنی و رۆكێت لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ حزبوڵڵا، ئێستا حزبوڵڵا لە چەندین بەرەوە هەڕەشەی هەڵگیرساندنی شەڕێكی گەورە دەكات.
Top