هەڕەشەكانی حزبوڵڵا و میلیشیا وەكیلەكانی سوپای پاسداران لە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بۆ قودسی رۆژئاوا ترسناكترە
December 11, 2017
راپۆرتەکان
ئەگەر لەم بازنەیەدا، بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس بخوێنینەوە، لە هەمانكاتدا بەراوردێك لە نێوان كاردانەوەكانی دەسەڵاتی نیشتمانیی فەڵەستین و بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەزە بكەین، بەتەواوەتی هەڵوێستی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی لەگەڵ هەڵوێستی كۆماری ئیسلامی و میلیشیا شیعەكانی ناوچەكەمان بۆ دەردەكەوێت. هەر بۆ نموونە دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین رایگەیاندووە كە ئەم بڕیارەی ترەمپ كۆتایی هێنانە بە رۆڵی ئەمریكا لە پرۆسەی ئاشتیی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلدا، هەروەها خالید ماجیدی راوێژكاری دیپلۆماتی سەرۆكی فەلەستین رایگەیاندووە كە سەرۆكی فەلەستین ئامادە نابێت پێشوازی لە جێگری سەرۆكی ئەمریكا بكات، لەبەرامبەردا دەوڵەتانی ئیسلامی و عەرەبی بە ئەزهەریشەوە هەمان هەڵوێستی دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستنیان هەیە كە هەندێكیان لەم هەڵوێستەش نەرمترە.
بەڵام ئەگەر سەرنج لە كاردانەوەكانی بزووتنەوەی حەماس و كەتائیبی قەسامی باڵی سەربازیی حەماس بدەین كە داوادەكات لەسەر ئاستی سیاسی راپەڕینێكی گەورە لە فەلەستین دەستپێبكات و لەسەر ئاستی سەربازییش شەڕ لە دژی ئیسرائیل رابگەیەندرێت، دەبینین هەڵوێستی كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەموو میلیشیا شیعەكانی عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن بە هەمان شێوەیە. لەمەش زیاتر ئەو میلیشیا شیعانەشی هاوشێوەی سەرایای سەلامی موقتەدا سەدر كە خۆیان بە پاشكۆی سوپای پاسداران نازانن، هەردوای بڕیارەكەی ترەمپ دەرگایان بۆ دامەزراندنی لیوای قودس كردەوە و لە یەكەم كاردانەوەشدا، موقتەدا سەدر رایگەیاند ئەو خۆی بە یەكێك لە چەكدارانی لیوای قودس دەزانێت.
هەڵوێستی دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین و بزووتنەوەی حەماس، دوو رووی راستەقینەی كاردانەوەكانمان دژی بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا پیشاندەدات، رووی یەكەمیان كە هەڵوێستی دەسەڵاتی نیشتمانییە لەگەڵ هەڵوێستی دەوڵەتانی ئیسلامی و عەرەبی و تەنانەت تەواوی دەوڵەتانی جیهان بە فەرەنسا و رووسیا و بەریتانیا و چینیشەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەم لایەنانە لەگەڵ چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینن لەچوارچێوەی دوو دەوڵەتدا كە قودسی رۆژئاوا پایتەختی ئیسرائیل بێت و قودسی رۆژهەڵات پایتەختی دەوڵەتی فەلەستین بێت، هەر بۆیە بڕیارەكەی ترەمپ بە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس بە پێشێلكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش و رێككەوتنەكانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین لە قەڵەم دەدەن و، پێداگری لەسەر ئەوە دەكەن، پرۆسەی ئاشتی دەستپێبكاتەوە و كێشەكانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین و پرسی دابەشكردنی قودس لە چوارچێوەی دوو دەوڵەتدا چارەسەر بكرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی پرۆسەی ئاشتی تووشی شەلەل بووەو چەندین ساڵە هیچ بەرەو پێشەوەچوونێكی بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەوا بڕیارەكەی ترەمپ بە لایەنگرییەكی تەواو بۆ ئیسرائیل و دژایەتییەكی تەواو بۆ دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین دەخوێننەوە، كەواتە لەم گۆشە نیگایەوە، هەڵوێستی دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین و تەواوی دەوڵەتانی عەرەبی و نێودەوڵەتی و جیهان لەسەر هەقە و، دەبێت ئیدارەی سەرۆك ترەمپ ئەو نیگەرانییە بۆ دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین و تەواوی دەوڵەتانی جیهان روون بكاتەوە كە ئیدارەی ترەمپ تەنیا مەبەستی قودسی رۆژئاوایە، نەك تەواوی قودس بە رۆژهەڵاتیشەوە. بەڵام تۆزێك پەلەكردنی تێدایە كە دەبوو دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لەچوارچێوەی دوو دەوڵەتدا (ئیسرائیل و فەلەستین) پێش ئەم بڕیارە بكەوتایە، ئەمەش واتە دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین و تەواوی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی و جیهان، ئامادەن بەفەرمی مامەڵە لەگەڵ هەردوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل بكەن و داوای سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر نەخشە ناكەن.
لەبەرامبەردا، هەڵوێستی كۆماری ئیسلامی ئێران و میلیشیا شیعەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵوێستێكی جیاوازە و داوای سڕینەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر نەخشەی سیاسی دەكەن و، پێش 35 ساڵ سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، بزووتنەوەی بەرگریی داگیركاری ئیسرائیلی (حزبوڵڵای ئێستا)ی لە باشووری لوبنان و لەسەر سنووری ئیسرائیل دامەزراندووە، لە سەروبەندی كۆتاییهاتنی شەڕی دژی داعشیشدا، دیسان ئێران میلیشیا شیعە پرۆئێرانییەكانی لە نزیك بەرزاییەكانی جۆلان لەناو سووریاوە لە سنووری ئیسرائیل جێگیر كردووە و دەیەوێت شەڕێكی گەورە لەو ناوچەیە بەرپا بكات. بەمەش كۆماری ئیسلامی ئێران بە رێگەی سوپای پاسداران و میلیشیا شیعە وەكیلەكانی لە هەوڵی ئەوەدایە، لەژێر ناوی ئازادكردنەوەی قودس سۆزی شەقامی سیاسیی هاووڵاتیانی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی رابكێشێت. بەڵام بڕیارەكەی ترەمپ بە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بۆ قودسی رۆژئاوا بە ئامانجی ئەوەیە، ئەو تیكەڵكردنەی ئێران بەرامبەر وجوودی دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر ئاستی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی و جیهانی لێكجیابكاتەوە، بەوەی ئایا جیهانی ئیسلامی و عەرەبی بە پشتگیری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەگەڵ چارەسەری ئاشتییانەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلە لە چوارچێوەی دوو دەوڵەتدا، یاخود پشتگیری لە هەڵوێستی كۆماری ئیسلامیی ئێران و میلیشیاكانی هاوشێوەی حزبوڵڵای لوبنانی دەكەن، كە داوادەكەن دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر نەخشەی سیاسی بسڕێتەوە.