بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەك چەترێك بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق

بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەك چەترێك بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق
بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە لەساڵی 1991 بۆ دامەزراندنی نەوای ئارام و ناوچەی دژەفڕین لەسەرووی هێڵی 36 بۆ كوردستان دەرچوو، وەڵامدانەوەی ئەو ئیرادەیە بوو كە خەڵكی كوردستان لە كۆڕەوی دوای راپەڕینی بەهاری 1991 پیشانیدا، ئەوكات كۆڕەو وەك ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلوولی 2017 بە جیهانی راگەیاند، مردن هەڵدەبژێرێن و هەموو پێكەوە وڵات بەجێ دەهێڵن، بەڵام ناگەڕێنەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی دیكتاتۆری، ئەوكاتیش لەگەڵ ئەوەی بڕیارەكەی ئەنجومەنی ئاسایش دەرچووبوو، بەڵام رۆڵی داواكاری ئەمریكا بەو جۆرە بوو كە بەرەی كوردستانی بە دانوستاندن لەگەڵ رژێمی بەعس و سەدام حوسێن كێشەكانی نێوان كوردستان و عێراق لەچوارچێوەی رێككەوتننامەی ئادار بۆ ناوچەی ئۆتۆنومی چارەسەر بكەن، ئەوە بوو سەركردایەتی بەرەی كوردستانی ئەم رێگەیەشی تاقی كردەوە، بەڵام هیچ ئاكامێكی نەبوو، بۆیە رژێمی بەعس و سەدام حوسێن لەبەر ئەوەی نەیاندەتوانی هێرش بكەنەوە سەر كوردستان، یان بە فڕۆكە بۆردومانی بكەن، بەناچاری ئیدارەیان لە كوردستان كشاندەوە، بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان لەژێر گەمارۆی حكومەتی ناوەندو بەعسدا تەسلیم بێت و دەستبەرداری مافەكانی بێت. ئەزموونی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایش وانەیەكی باش بوو بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی لە نییەت و ئامانجی خەباتی رزگاریخوازیی كوردستان تێبگات، ئەو وانەیەش ئەوە بوو ئەگەر كوردستان بپارێزرێت، ئەوا سەركردایەتی سیاسیی كوردستان و خەڵكی كوردستان ئەو توانایەیان هەیە كە بتوانن حوكمڕانیی خۆیان بكەن و نەبنە هەڕەشەش بۆ سەر دەوڵەتانی دراوسێ.
ئەمجارەیان دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم لە 25ی ئەیلوولی 2017، كوردستان دیسان كۆڕەوی لەسەر سندوقی دەنگدان ئەنجامدایەوە و بە جیهانی راگەیاند، جارێكی دیكە نابینەوە بە بەشێك لە رژێمێكی دیكتاتۆری، بەداخەوە جیهان بە هەڵە لەم پەیامەی گەلی كوردستان تێگەیشت كە بە رێگەی سندوقەكانی دەنگدان ئاراستەی هەموو جیهانی كرد. ئەم هەڵە تێگەیشتنەی جیهان بواری بۆ ئەوە رەخساند كە حكومەتی ئێستای عێراق بە هاوشێوەی رژێمی سەدام و بەعس، هێزی سەربازی بەكاربهێنێت بۆ وەڵامدانەوەی رەتكردنەوەی دیكتاتۆریەت لەلایەن بەغداوە، لە ئێستا بەشێكی زۆری دەوڵەتانی جیهان گەیشتوونەتە ئەو راستییەی كە هەڵەیان كردووەو نەدەبوو رێگە بە حكومەتی عەبادی بدرێت بۆ ئەوەی هێرش بكاتەوە سەر كوردستان، بۆیە جارێكی دیكە وەك دووبارەكردنەوەی دوای كۆڕەوی بەهاری 1991 داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكەن.
لە ساڵی 1991 جیهان گەیشتە قەناعەت كە هۆكاری جێبەجێنەكردنی یاسای ئۆتۆنومی لەبەر رۆشنای رێككەوتنی 11ی ئاداری 1970 هۆكارەكەی لایەنی كوردستانی نییە، بەڵكو دڕندەیی سەدام و حزبی بەعسە كە هیچ مافێك بە كوردستان رەوا نابینن، بۆیە دوای ئەوەی لە ئایاری 1992 هەڵبژاردن ئەنجامدرا بۆ پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەتی كوردستان، دژایەتییان نەكرد. بەڵام بۆ ئێستا جارێ ماویەتی لەوە تێبگەن، كە حكومەتی ناوەندی (بەغدا) سەدام حوسێن سەرۆكی بێت، یان حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی بێت، ئامادە نین هیچ مافێك بە كوردستان رەوا ببینن، بەتایبەتی ئەو مافە دەستوورییانەی كە لە دەستووری عێراقدا بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستنیشان كراون، هەر بۆیە زۆر گوشار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن كە بە دەستوورەوە پابەند بێت.
رۆژی شەمەی رابردوو شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوئیل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا و دواتریش لە پریس كۆنفڕانسە هاوبەشەكەی نێوانیان، نەك هەر ئامادەباشیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە تەواوی ماددەكانی دەستووری عێراقەوە پیشانداو ئامادەباشی بۆ دەستپێكردنی دیالۆگ و وتووێژ راگەیاند، لەهەمانكاتدا پابەندبوونی حكومەتی كوردستانی بۆ رێزگرتن لە بڕیاری ئەو دادگا فیدڕاڵییەی عێراقیش پیشاندا كە خودی دادگاكە چەندین نیشانەی پرسیاری لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا لەسەرە.
لەوانەیە دوای هەوڵەكانی فەرەنسا بۆ ناوبژیوانی لەنێوان حكومەتی كوردستان و عێراق، حكومەتی حەیدەر عەبادی ناچار بێت كە ملبدات بۆ دیالۆگ و وتووێژ لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای دەستووری عێراق، بەڵام چۆن حزبی بەعس و سەدام ئامادە بوون لەسەر بنەمای رێككەوتنی ئاداری 1970 بكەونە وتووێژ و دانوستاندن، بەڵام سەرەنجام دەگەیشتنە ئەوەی كە بەعس و سەدام لە رێككەوتنەكە پەشیمان ببنەوە و بە زمانی هەڕەشە لەگەڵ كوردستان قسە بكەن، ئەوهاش حكومەتی ئێستای عێراق لەگەڵ كورد مامەڵە دەكات.
رێگەی دروست و سەركەوتوو بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی كوردستان لەگەڵ عێراق، تا رادەیەكی زۆر لەدوای 1991-2003 چەتری بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی بوو، ئەم بڕیارە لەگەڵ ئەوەی هیچ مافێكی بۆ كوردستان دیاری نەكردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی كوردستانی لە هێرشی زەمینی و ئاسمانی حكومەتی بەعس و سەدام پاراستبوو، ئەوا سەركردایەتی سیاسیی كوردستان توانی ئیدارەی خەڵكەكەی خۆی بدات و ئەزموونێكی دیموكراتی و سەركەوتوو بە ستاندەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشكەشی جیهان بكات، خۆ ئەگەر ئەو بڕیارە نەبوایە، ئەوا جارێكی دیكە سەدام و بەعس بە زمانی هێزی سەربازی مامەڵەیان لەگەڵ خەڵكی كوردستان دەكردەوە. بۆ ئەمجارەش كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوشار دەخاتە سەر كوردستان بۆ ئەوەی بە دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستوور كێشەكان چارەسەر بكرێت، بۆ حكومەتی كوردستان گرنگە بە كردەیی ئەوە پیشانی جیهان بدات، كە ئەوە حكومەتی كوردستان نییە نایەوێت ئەو دەستوورە جێبەجێ بكرێت، بەڵكو ئەوە حكومەتی بەغدایە كە نایەوێت ئەسڵەن عێراق ببێتە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و لەسەر بنەمای ئەو دەستوورە دەسەڵات و داهات دابەش بكرێت، بۆیە لەم حاڵەتەدا گرنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای جێبەجێكردنی دەستوور لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكات و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بۆ ئەوەی مافە دەستوورییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بپارێزێت، گرنگە كە بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایش دەربكات بۆ ئەوەی حكومەتی ئێستای عێراقیش وەك حكومەتی بەعس و سەدام لغاوگێر بكرێن و نەتوانن بە هێزی سەربازی هەڕەشە لە كوردستان بكەن.
ئامانجی حكومەت و خەڵكی كوردستان ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی ئەو جوگرافیایەی دەستووری عێراق دیاریكردووە و ئەو جوگرافیایەی ماددەی 140 چارەسەری دەكات، خاوەنی كیانێكی سیاسیی خۆی بێت، با ئەو كیانەش هەرێمێك بێت لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، بەڵام گرنگە ئەم كیانە بە بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایش بپارێزرێت، پاشان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چۆن مامەڵە لەگەڵ بەشەكەی دیكەی عێراق دەكات، ئەوا خۆیان بڕیاری لەسەر دەدەن، هەروەك چۆن لە 1991-2003 بە دووجۆر مامەڵەیان لەگەڵ كوردستان و رژێمی ناوەندی عێراق دەكرد، ئێستاش هەر دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو ئەزموونە لەبەر ئەوەی ئەزموونێكی سەركەوتوو بووە و كورد دەتوانێت لەگەڵ دراوسێكانی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئارامی بژی، بەڵام عێراقی عەرەبی لە سەرەتای دامەزراندنیەوە وەك دەوڵەت شكستی هێناوە و نە دەتوانێت لەگەڵ دەرودراوسێ و نە دەتوانێ لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئارامی بژی.
Top