جێبەجێكردنی دەستووری ساڵی 2005 كۆتایی عێراقی شیعەگەرایە
December 4, 2017
راپۆرتەکان
لایەنێكی دیكەی تێگەیشتنی هەڵەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ واقیعی عێراق و دەستووری ساڵی 2005ی عێراق ئەوەیە، ئەوان هەتا ئێستاش بەوجۆرە تێگەیشتوون كە حكومەتی بەغدا بەتایبەتی هێز و لایەنە شیعەكان ئامادەباشییان هەیە بۆ ئەوەی تەواوی ماددەكانی دەستووری عێراق جێبەجێ بكەن و ئەوە لایەنی كوردستانە كە لەو مافە دەستوورییانە زیاتر دەخوازێت و نایەوێت ئەو دەستوورە جێبەجێ بكرێت. ئەوانەی بە وردی لە نییەت و مەبەستەكانی حكومەتی عێراق و بۆچوونی هیز و لایەنە شیعەكانی عێراق بۆ حوكمڕانی لە عێراقدا تێدەگەن، بەداخەوە ئەو خەڵكانەن كە لەدەرەوەی دەسەڵاتی فەرمیی وڵاتانی ئەمریكاو فەرەنساو دەوڵەتانی دیكەی یەكێتی ئەوروپان، لەبەر ئەوەی لای هێز و لایەنە سیاسیەكانی شیعەی عێراق ئەوەی جێگەی بایەخ نەبێت، ئەو دەستوورەیە كە لەساڵی 2005 بۆ عێراق نووسراوەتەوە، ئەوەی جێگەی رێزگرتن نەبێت، چەمكی فیدڕاڵیەت، یان دووبارە رێكخستنەوەی عێراقە وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی و پەرلەمانی، بەڵكو كێشەی سەرەكیی هێز و لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق كە ئێستا بوونەتە زۆرینە لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، ئەوەیە كام لایەنیان زیاتر دژی كوردستان و مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بێت، ئەو لایەنە زیاتر پێگەی بەهێز دەبێت و هەڵبژاردنەكان دەباتەوە، هەر لایەنێكی سیاسیش باس لەوە بكات كە پێویستە ئەو دەستوورە جێبەجێ بكرێت و هەموو عێراقییەكان بەجیاوازی ئایین و نەتەوەوە بە خۆشگوزەرانی و یەكسانی بژین، ئەوا لەناو جەماوەری شیعەی عێراقدا ئەو لایەنە سیاسییە لەناو پرۆسەی سیاسیدا بوونی نابێت و لە هەڵبژاردنەكاندا دەپووكێتەوە. لەمەش زیاتر ئێستا لەناو لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراقدا پرسی گرنگ و جێگەی بایەخ ئەوەیە كە چۆن فەرماندەكانی حەشدی شەعبی ببنە پەرلەمانتاری عێراق و لەوناو تەلاری پەرلەمانەوە دەستووری عێراق هەموار بكەنەوە و بیكەنە كۆپی دەستووری كۆماری ئیسلامیی ئێران و دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق بگۆڕن بۆ كۆماری ئیسلامی لە عێراقدا.
ئەگەر لێرەدا گریمانەی ئەوە بكەین، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێتە پاڵپشت و بەرگریكار بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق، پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئایا حكومەتی عێراق ئەو توانایەی هەیە كە نوێنەرایەتی هەموو هێز و لایەنە سیاسییە شیعەكانی عێراق بكات بۆ ئەوەی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكەوە دەستوورەكە جێبەجێ بكەن؟ ئایا شەخسی حەیدەر عەبادی كە ئێستا سەرۆك وەزیرانی عێراقە توانای ئەوەی هەیە بەرامبەر یەكێك لەفەرماندەكانی حەشدی شەعبی رابوەستێت كە لە نیویاندا 17 پەرلەمانتاری شیعەی عێراق ئێستا بە كردەیی لەناو هێزەكانی حەشدی شەعبین و تەفەرغویان پێكراوە بۆ سەرپەرشتی هێزەكانی حەشدی شەعبی؟ ئایا هەموو فەرماندە و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بڕوایان بە دەستوورەكە هەیە، هەتا بتوانرێت وتووێژ و دیالۆگیان لەسەر جێبەجێكردنی ئەو دەستوورە لەگەڵ بكرێت؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە نەك هەر كارێكی ئاسان نییە، بەڵكو هەوڵدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر یەكێكیان كۆمەڵێك ئاستەنگ و كێشەی جیاواز بەدوای خۆیدا دەهێنێت كە چارەسەركردنیان نەك هەر ئاسان نییە، بەڵكو شێوە مەحاڵێكە. لەمەش خراپتر بڕیاردان بۆ جێبەجێكردنی دەستوورەكە هێندەی فەرماندەكانی سوپای پاسداران و هێزی قودس تیایدا باڵادەستن، هیندە حەیدەر عەبادی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق تیایدا باڵادەست و یەكلاكەرەوە نابێت، ئەمەش مانای ئەوەیە كاتێك كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای ئەو وەهمە سیناریۆكانی خۆی بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق و بوونی عێراق بە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی داڕشتووە، كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانێكی بەهێزە و توانای جێبەجێكردنی دەستووری عێراقی هەیە و دەبێت پشتگیری لێ بكرێت، بەڵام لە باری واقیعدا، د.حەیدەر عەبادی نەك هەر سەرۆك وەزیرانێكی بەهێز نییە، بەڵكو خاوەنی هێزێكی سیاسی ئەوتۆ و هێزێكی سەربازی و جەماوەریی ئەوتۆش نییە كە بتوانێت تەحەددای فەرماندەی میلیشیایەكی حەشدی شەعبی بكات، نەك تەحەددای فەرماندەكانی سوپای پاسداران و قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسداران بكات.
ئەوانەی كار لەسەر سیاسەت و ستراتیژیەتی ئاسایشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكەن، گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە ستراتیژیەتی سوپای پاسداران بۆ داڕشتنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت كە ئاسایشی نەتەوەیی لەو دیوی سنوورەكانی ئێرانەوە دەست پێدەكات و لە ئێستادا سوپای پاسداران 4 پایتەختی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داگیركردووە كە بریتین لە (بەغدا، دیمەشق، بەیروت و سەنعا)، هەر بۆیە كاتێك كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێداگری لەسەر جێبەجێكردنی دەستووری عێراق دەكات، ئەمە رێك وەك ئەوەیە كە شەڕێكی راستەوخۆ دژی سوپای پاسداران رابگەیەندرێت، ئەوجا لەبەر ئەوەی ئێستا وەكیلەكانی سوپای پاسداران لەم چوار پایتەختەدا كاریگەری تەواویان لەسەر پرۆسەی سیاسی ئەو وڵاتانە هەیە، ئەوا بەهیچ شێوەیەك سوپای پاسداران رێگە نادات كە هێز و لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق ئامادەباشی بۆ جێبەجێكردنی ئەو دەستوورە پیشان بدەن، لەم حاڵەتەدا كە ئێستا واقیعی حاڵی پرۆسەی سیاسییە لە عێراقدا، ئەوا دەبێت ئەو دەستوورەی كە كراوە بە پەردەیەك بۆ دیكتاتۆریەتی شیعەگەرا لە عێراقدا، دەبێت ئەو پەرەدەیە هەڵمباڵدرێت و هەموو جیهان لەو راستییە تێبگات كە حكومەتی عێراق ناتوانێت دەستووری دەوڵەتەكەی خۆی جێبەجێ بكات و، ئیدی عێراق كۆتایی هاتووە، یان ئەوەتا دەبێت سیاسەتی شیعەگەرایی لە عێراقدا لغاوگیر بكرێت و كۆتایی پێبهێنرێت، یان دەبێت رێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگیرێت و كۆتایی بە عێراق بهێنرێت.