سوپای پاسداران بۆتە فاكتەری ناسەقامگیری و بە زمانی دیپلۆماتی ناتوانرێت مامەڵەی لەگەڵ بكرێت
December 3, 2017
راپۆرتەکان
دەوڵەت بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكانی كۆمەڵەی گەلان و ئێستای نەتەوە یەكگرتووەكان پێناسەیەكی تایبەتی هەیە و دەبێت رێز لە سەروەریی دەوڵەتانی دیكە بگرێت، بەڵام خەلافەت یان سیستمی ویلایەتی فەقیهـ، یەكەمیان بەبیانووی پاراستنی ئوممەی ئیسلامی و دووەمیان بە بیانووی پاراستنی شیعە لە هەر شوێنێكی دنیا بێت، بڕوای بە رێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتی دیكە نییە، هەر بۆیە كاتێك دەوڵەتێك دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی خەلافەت، یان كۆماری ئیسلامی، یاسا نێودەوڵەتییەكان دەكەونە حاڵەتێكی ئیحراجییەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵیاندا.
كێشەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ دەوڵەتی ئێران لەدوای دامەزراندنیەوە لە ساڵی 1979وە، ئەوەیە كە كۆماری ئیسلامی ئێران، پێناسەی دەوڵەتی لەنێوان دەوڵەتی هاوچەرخ و سیستمی ویلایەتی فەقیهـ تێكەڵ كردووە، راشكاوانەتر دەیەوێت لەیەك كاتدا خۆی وەك دەوڵەتێكی هاوچەرخ لەبەر چاوی جیهان نمایش بكات، لەلایەكی دیكەش پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان و سەروەریی دەوڵەت لە چوارچێوەی هەناردەكردن و بڵاوكردنەوەی ئایدیۆلۆژیەتی ویلایەتی فەقیهـ لە هەموو دەوڵەتانی ئیسلامی و جیهاندا پەردەپۆش بكات، ئەمەش واتە دوو دەوڵەتی لەناو یەك دەوڵەتدا دروست كردووە، لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەك دەوڵەتێكی هاوچەرخ مامەڵە دەكات و بۆ بڵاوكردنەوەی ئایدیۆلۆژیەتەكەشی وەك دەوڵەتێكی ئیسلامی رەفتار دەكات و هەموو دەسەڵاتەكانی ئەو دەوڵەتانە بە كافر دەزانێت و فتوحات و غەزوكردنیان بە ئەركێكی پیرۆز (الجهاد المقدس) لە قەڵەم دەدات.
ئێران لەماوەی نزیكەی 40 ساڵی رابردوو لەدوای دامەزراندنییەوە، هەوڵیداوە دوو ستراتیژیەتی جیاواز بۆ پاراستنی ئاسایشی وەك دەوڵەتێكی هاوچەرخ و دەوڵەتێكی ئیسلامی دابڕێژێت، بۆ ئەمەش دەبینین ئێران بۆ ئەوەی ببێتە دەوڵەتێكی بەهێزی هاوچەرخ پەرەی بە پرۆگرامی ئەتۆمی داوە، بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و پارسەنگ و نفووزی خۆی بە سوپا و رۆكێت و چەكی ئەتۆمی بپارێزێت، بەڵام وەك دەوڵەتێكی ئیسلامی، (سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی - Islamic Revolutionary Guard Corps)، هەیكەل و رێكخستنی ئەم سوپایە بە هەموو شێوەیەك لە هەیكەڵ و رێكخستنی هەموو سوپاكانی هەر 193 دەوڵەتەكەی ئێستای جیهان جیاوازە و رەچاوی هیچ پرەنسیپێكی سوپاكانی جیهانی ناكات و ناشتوانرێت لەگەڵ هیچ سوپایەكی دیكەی دەوڵەتانی جیهان بەراورد بكرێت، وەك لەناوەكەشیدا راشكاوانە هاتووە، ئەم سوپایە پارێزەری شۆڕشی ئیسلامی شیعەیە، نەك دەوڵەتی ئێران، بۆیە لەهەر شوێنێك شیعە هەبێت، ئەم سوپایە نەك هەر خۆی بە بەشێك لەپارێزەری ئەو شیعانە دەزانێت، بەڵكو شیعەی شوێنە جیاوازەكان دەكاتە بەشێك لەم سوپایە.
ئامانجی ئەم سوپایە لەگەڵ ئەوەی بە پلەی یەكەم بڵاوكردنەوەی ئایدیۆلۆژیەتی ویلایەتی فەقیهـ شیعەیە، بەڵام لە هەمانكاتدا لەگەڵ هەموو ئەو بیروبۆچوونە جیاوازانەش یەك دەگرێتەوە كە لەیەك خاڵدا لەگەڵ ئەو لایەن و دەوڵەتانە دەبنە دوژمن كە دژایەتی شۆڕشی ئسلامی شیعەی ئێران دەكەن، بۆیە زۆر ئاساییە لە یەك كاتدا سوپای پاسداران پشتگیری میلیشیاكانی شیعەی عێراق و هەروەها میلیشیاكانی رێكخراوی قاعیدەی تیرۆریست هەر لە عێراقدا بكات، هەروەها زۆر ئاساییە پشتگیری لە حزبێكی عەلمانی و سۆشیال دیموكرات و ئیسلامی سەلەفی لە هەرێمی كوردستاندا بكات، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەوانیش دژایەتی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن.
سوپای پاسداران نموونەیەكی دیاردەی پۆپۆلیستییە لە فیكری مەرجەعی شیعەگەرایی قوم لە ئێراندا و جیاوازە لە فیكری مەرجەعی شیعەگەرایی نەجەف لە عێراقدا، ئەمەش بەو مانایەی مەرجەعییەتی شیعەگەرایی قوم، بڕوای بەوەیە كە دەبێت ئیسلامی شیعەش خاوەنی دەوڵەتی ئیسلامی بێت، هەروەك ئیسلامی سوننە دەیەوێت خاوەنی خەلافەتی ئیسلامی بێت، ئەوجا چۆن ئیسلامی سوننە بۆ دامەزراندنی خەلافەت هەموو شتێكی حەڵاڵ كردووە و بە هەمان شێوە سوپای پاسدارانیش بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی هەموو شتێكی پیرۆز كردووە، ئەم جۆرە سوپایە، ئەوجا سوپای خەلافەت، بێت یان سوپای پاسداران، كاری بە یاسای نێودەوڵەتی بۆ سوپای دەوڵەتی هاوچەرخ نییە، بەڵكو ئەو وەك سوپایەكی ئیسلامی بەپێی تێگەیشتنی مەزهەبەكەی بۆ شەریعەتی ئیسلامی كاری خۆی بەڕێوە دەبات، ئەوجا كە لە شەریعەتی ئیسلامیدا( سوننە بێت، یان شیعە) هیچ سنوورێك بۆ دەوڵەت، یان خەلافەتی ئیسلامی بوونی نەبێت، ئەوا بۆ ئەو سوپا ئیسلامییانەش هیچ سنوورێك بوونی نییە.
لەم چوارچێوەیەدا كێشەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێراندا ئەوە بووە كە تا ئێستا وەك دەوڵەتێكی هاوچەرخ مامەڵەی لەگەڵ ئێراندا كردووەو ئیعتوباری بۆ دەوڵەتە ئیسلامییەكە لەناو دەوڵەتە هاوچەرخەكە دانەناوە، بۆیە سوپای پاسداران لەماوەی نزیكەی 40 ساڵی رابردوودا ئەوەی مەبەستی بووە بە سەركەوتوویی ئەنجامیداوە و لەمیانەی شەڕی دژی داعشیشدا، توانیویەتی بەتەواوەتی عێراق و سووریا بكاتە ناوچەی باڵادەستی نفووزی خۆی و هەموو دەستكەوتەكانی شەڕی دژی داعش بۆ خۆی كۆبكاتەوە.
دەوڵەتانی هاوپەیمانی شەڕی دژی داعش بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی كە لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا هەموو ئەولەویەتێكیان كردبووە تێكشكاندنی داعش، ئێستا كە داعش بەرەو كۆتایی دەچێت، ئێران نەك هەر خۆی بە براوەی شەڕەكە دەزانێت، بەڵكو دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش و لەسەرووی هەمووشیانەوە هەڕەشە لە ئەمریكا دەكات كە دەبێت عێراق و سووریا بەجێبهێڵێت.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونیەوە هەوڵیداوە كە ستراتیژیەتێك پیادە بكات كە سنوورێك بۆ هەڕەشەكانی سوپای پاسداران دابنێت، بەڵام چۆن ئێران پێناسەی دەوڵەتی لەنێوان دەوڵەتی هاوچەرخ و دەوڵەتی ئیسلامی تێكەڵ كردووە، بە هەمان شێوە ئیدارەی ترەمپیش زیانەكانی رێككەوتنی پرۆگرامە ئەتۆمییەكە و مەترسیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی تێكەڵ كرد، كەوتە هەڕەشەكردن لە هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی ( 5+1)ی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا، بەمەش پێگەی ئێرانی لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بەهێز كردو ستراتیژەكەشی بۆ ئیحتواكردنی سوپای پاسداران و میلیشیا وەكیلەكانی خاوكردەوە. بەتایبەتیش كە شەوی 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو، قاسم سولەیمانی و سوپای پاسداران بە هێرشكردنە سەر كوردستان وەڵامی ستراتیژەكەی رۆژی 13ی ئۆكتۆبەری ترامپیان دایەوە.
لەدوای 13ی ئۆكتۆبەری رابردووەوە هەتا ئێستا كە 45 رۆژی بەسەردا تێپەڕیوە، لیژنە پەیوەندیدارەكانی كۆنگرێس و ناوەندەكانی فیكر و لێكۆڵینەوە لە ئەمریكا و جیهان، سەرقاڵی ئەوەن چۆن زیانەكانی رێككەوتنی ( 5+1) ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، لە مەترسییەكانی رەفتارە تیرۆریستییەكانی سوپای پاسداران و میلیشیا وەكیلەكانی لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیابكەنەوە، یان بەواتایەكی دیكە دەڵێن، رێككەوتنی ( 5+1) چەكی ئەتۆمی لەگەڵ حكومەتی ئێران سەركەوتنی بەدەستهێناوە و ئێران تا راددەیەكی زۆر پێوەی پابەند بووە و مەترسیی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە لانیكەم بۆ دەیەیەكی دیكە دوورخراوەتەوە، لە هەمانكاتدا هەر پێنج دەوڵەتەكەی دیكە بێجگە لە ئەمریكا، لەبەر رۆشنایی راپۆرتەكانی ئاژانسی وزەی جیهانی و زانیارییە هەواڵگرییەكان، هیچ گازندەیەكیان لەسەر پابەندبوونی ئێران بە رێككەوتنەكەوە نییە، بۆیە دەكرێت ئەمریكاش وەك پێنج دەوڵەتەكەی دیكە پابەند بێت بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ حكومەتی ئێران و لەبەرامبەریشدا هەوڵەكانی لەدژی رەفتارە تیرۆریستییەكانی سوپای پاسداران و وەكیلەكانی توندتر بكات، بە پەنابردنە بەر بژارەی سەربازیشەوە.
لە رۆژی 26ی ئۆكتۆبەری رابردوو وەك هەوڵێك بۆ داڕشتنی بەرنامەیەك بۆ ستراتیژیەتی ئەمریكا بەرامبەر پرۆگرامە نیوكلیارییەكە و هەڕەشە ئیقلیمییەكانی سوپای پاسداران، هەر دوو سەنتەری كارینگی و ئاسایشی نوێ بۆ ئەمریكا بە هاوبەشی گەورە توێژەرانی هەر دوو سەنتەرەكە دیراسەتێكیان بە ناونیشانی (ستراتیژیەتێكی ئەمریكای گشتگیر بۆ دەستنیشانكردنی تەحەددییەكانی پرۆگرامی ئەتۆمی و هەڕەشە ئیقلیمییەكانی ئێران) بڵاو كردۆتەوە، لەم راپۆرتە جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە پێویستە ئەمریكا لەم ستراتیژە تازەیەدا بە دوو شێوە (بەشداری پێكردن و توندكردن) مامەڵە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بكات، ئەمەش بەو مانایەی پێویستە ئەمریكا پابەند بێت بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە و لەگەڵ ئێراندا بەشداری بكات بۆ جێبەجێكردنی، هەروەها پێویستە لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانەشی سوپای پاسداران و میلیشیا وەكیلەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستیان كردووە، دەبێت سیاسەتێكی توند بگرێتە بەر و جیا لەوەی دەبێت نفووزێكی كاریگەری سەربازی لە ناوچەكەدا بوونی هەبێت، لە هەمانكاتدا دەبێت بژارەی سەربازیش بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەكانی سوپای پاسداران و وەكیلەكانیشی، یەكێك بێت لەو بژارانەی هەمیشە لەبەردەست بێت و هەر كاتێك پێویست بوو پەنای بۆ ببردرێت، بۆ ئەمەش ئەم دیراسەتە ئەم خاڵانە بە پێویست دەزانێت بۆ ئەوەی ستراتیژیەتی تازەی ئەمریكا بەرامبەر بە ئێران سەركەوتوو بێت:
1. گرنگە ئەمریكا بەردەوام وجوودێكی كاریگەری سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت.
2. دەبێت هەموو رەفتارێكی ناجۆر و ناسەقامگیری سوپای پاسداران و وەكیلەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پۆچەڵ بكرێتەوە و ریسوا بكرێن و بە ئاشكرا و بە رێگەی میدیا بخرێنەڕوو بۆ ئەوەی ئێران لەسەر ئاستی جیهان گۆشەگیر و ئیحراج بكرێت.
3. دەبێت تواناو سەرچاوەی زیاتر بخرێتە بەردەست، بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ سەرچاوە ئابوورییەكانی سوپای پاسداران لە ناوەوەو دەرەوەی ئێران دروست بكرێت.
4. دەبێت پەنا بۆ بژارەی سەربازی ببردرێت بۆ ئەوەی هەموو لایەك لەوە دڵنیا ببنەوە كە میلیشیاچەكدارە پرۆئێرانییەكان و میلیشیاكانی حزبوڵلا لە ناو سووریادا لەبەرزاییەكانی جۆلان دووركەوتوونەتەوە.
5. دەبێت توانای زیاتر بخرێتەگەڕ، بۆ ئەوەی بتوانرێت سەركردەی میلیشیاكان، كارە بازرگانییەكانیان و كاروبارە بانكییەكانیان هەروەها ئەوانەی ئاسانكاریان بۆ دەكەن، دیاری بكرێن و رێوشوێنی پێویستیان لەبەرابەردا بگیرێتەبەر.
6. ئێران ئێستا خەریكە بەتەواوەتی پردی زەمینی لە ئێرانەوە بۆ گەیشتن بە دەریای سپی ناوەڕاست تەواو دەكات، بۆیە دەبێت سنوورێك بۆ ئەم پرۆژە ترسناكە دابنرێت، بۆ ئەمەش دەبێت ئەمریكا ئەو هێزانەی كە خۆی پشتگیرییان دەكات لە رۆژهەڵاتی سووریا لەسەر ئەو خاكەی پێشتر بەدەست داعشەوە بووە، جێگریان بكات.
7. دەبێت رێگە نەدرێت هێزی تەقلیدی ئێرانی لە سووریا زیادبكرێت، هەروەها دەبێت ئەو دەستەو تاقمانە دیاری بكرێن و سزا بدرێت كە ئێران بۆ پشتگیری رژێمی ئەسەد بەكاریان دەهێنێت.
8. دەبێت ئەمریكا بۆ ماوەیەكی دوورمەودا هێزی خۆی لە عێراقدا بهێڵێتەوە، لانیكەم لەو هێزە كەمتر نەبێت كە ئێستا هەیەتی.
9. دەبێت سوپای ئەمریكا مەسجێكی زۆر راشكاوانە بداتە ئێران بەوەی هەر چالاكییەكی هێزەكانی ئێران ببێتە هۆكاری ئاستەنگ دروستكردن لە بەندەری بابولمەندەب لە یەمەن، راستەوخۆ رووبەڕووی بەرپەرچدانەوەی ئەمریكا دەبنەوە.
10. دەبێت هاریكاری و هەمانگییەكی هەواڵگری و سەربازی لەنێوان ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لەناوچەكەدا هەبێت، بۆ ئەوەی ببنە چاودێر و ئاشكراكردنی هەر لایەنێك كە لەلایەن ئێرانەوە بۆ دروستكردنی نائارامی لەناوچەكەدا كار دەكات.
11. دەبێت ئەمریكا پشتگیری لە ئۆپەراسیۆنە دەریاییەكان لە ئاوی كەنداو بكات، بۆ ئەوەی رێگری لە بە قاچاخبردنی چەك لەلایەن ئێرانەوە بە رێگەی ئاوی بكرێت، بۆ ئەوەش دەبێت پشتگیری زیاتری دەوڵەتانی كەنداو بكات.
لێرەوە ئەگەر سەرنج لەم خاڵانە بدەین، هەست دەكەین ئەو مەترسییانەی سوپای پاسداران و وەكیلەكانی لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستی دەكەن، هێندەی پەیوەندییان بە عەلی خامنەئی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامییەوە هەیە و هەر لەوێشەوە ئاراستە دەكرێن، هێندە پەیوەندی بە حكومەتی ئێرانەوە نییە، تەنانەت ئەو بۆچوونەشی پێچەوانە كردۆتەوە كە بەشێكی زۆر لە كۆنگرێسمان و سیناتۆرە كۆمارییەكان و ئیسرائیل سەبارەت بە رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران، پێیانوابوو، رێككەوتنەكە دەبێتە هۆكاری ئەوەی سزاكانی سەر ئێران لابچن و بەوەش پارەیەكی زۆر بۆ ئێران دەگەڕێتەوە و ئەو پارەیەش بۆ ئەو میلیشیایانە خەرج دەكرێت كە ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەكەن، بەڵام ئێستا دەركەوتووە كە سەرچاوەی سەرەكیی دارایی بۆ سوپای پاسداران و میلیشیا پرۆئێرانییەكان لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، رێژەیەكی زۆر كەمی دەكەوێتە سەر دەوڵەتی ئێران و ئەوی دیكە بە رێگەی جۆراوجۆر سوپای پاسداران دابینی دەكات، بۆیە جەخت لەوە دەكرێتەوە، لەبری ئەوەی ئیحتواكردنی هەڕەشەكانی سوپای پاسداران و وەكیلەكانی لەگەڵ حكومەتی ئێران یەكلایی بكرێتەوە، ئەوا دەكرێت لە چوارچێوەی یەك ستراتیژی گشتگیردا، بەشێوەی نەرم و دیالۆگ لەگەڵ حكومەتی ئێران قسە بكرێت، بە رێگەی سزا و رووبەڕووبوونەوەی سەربازیش مامەڵە لەگەڵ هەڕەشە و مەترسییەكانی سوپای پاسداران و وەكیلەكانی بكرێت.